ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ناوخۆیی

سه‌رۆکی یه‌کێتی تۆپی پێی کوردستان ئاماده‌ نییه‌ له‌گه‌ڵ شانده‌که‌ی یانه‌ی ڕیاڵمه‌درید دابنیشێت

خه‌ڵک سپۆرت

له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید که‌ له‌ سێ که‌س پێکهاتبوون گه‌یشتنه‌ شاری هه‌ولێر بۆ ده‌ستنیشانکردنی چه‌ند لاوێکی به‌هره‌مه‌ند.

به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌سه‌رچاوه‌کانه‌وه‌ ئاماژه‌ی پێکراوه‌، ئه‌م شانده‌ ئاماده‌ن منداڵانی کوردستان و خاوه‌ن به‌هره‌کان ئاڕاسته‌ی مه‌دریدی پایته‌ختی ئیسپانیا بکه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بڕێک پاره‌ له‌ که‌سوکاری ئه‌و منداڵانه‌ وه‌رده‌گرن و له‌کاتی گه‌یشتنیان بۆ ئه‌کادیمیای ڕیاڵ مه‌درید ته‌نها تێستی تواناکانیان ده‌کرێت، واتا مسۆگه‌ر نییه‌ له‌ یانه‌ زه‌به‌لاحه‌که‌ به‌رده‌وام ده‌بن یان نا.

ئه‌مه‌ش بێزاری لای کاربه‌ده‌ستانی وه‌رزشیی یه‌کێتی تۆپی پێی کوردستان دروست کردووه‌  و له‌م باره‌یه‌وه‌ سه‌فین کانه‌بی سه‌رۆکی یه‌کێتی تۆپی پێ له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌وه‌ ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی بڵاوکردۆته‌وه‌، تیایدا جه‌خت ده‌کاته‌وه‌، شێوه‌ کارکردنی ستافه‌که‌ی ڕیاڵ مه‌درید  گونجاو نییه‌ و به‌دووریشی ده‌زانێت هه‌ماهه‌نگیان له‌گه‌ڵدا بکات، ته‌نانه‌ت ئاماده‌ش نییه‌ له‌گه‌ڵیاندا دابنیشێت.

ئه‌مه‌ش به‌شێکه‌ له‌ڕوونکردنه‌وه‌که‌:

روونكردنه‌وه‌یه‌كی پێویست لە سه‌فین كانه‌بی سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان سەبارەت بە هاتنی شاندێکی یانەی ریال مه‌درید بۆ هەولێر …

چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ رێگه‌ ده‌زگه‌كانی راگه‌یاندن گوێیست بووم, كه‌ چه‌ند كه‌سانێك له‌ ئه‌كادیمییای یانه‌ی ریال مه‌دریدی ئیسپانی هاتوونه‌ته‌ هه‌ولێر، گوایه‌ منداڵان و به‌هره‌مه‌ندانی كوردستان بۆ ئیسپانیا و ئه‌كادیمیای ریال مه‌درید ده‌به‌ن، به‌نده‌ وه‌ك سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دوور و نزیك ئاگاداری هاتنی ئه‌م شانده‌ نییم و ئاماده‌ش نیم له‌گه‌ڵیان دانیشم و پرۆتۆكۆڵیان له‌گه‌ڵ واژوو بكه‌م، چونكه‌ هاتنی ئه‌م شانده‌ ته‌نیا بۆ مه‌به‌ستی بازرگانی كردنه‌ به‌ منداڵانی كوردستان.

ئه‌وه‌ی به‌نده‌ زانیاری دروستی هه‌بێت، ئه‌م شانده‌ ئیسپانییه‌ بۆ هه‌ر منداڵێك داوای (12000) دوازده‌ هه‌زار دۆلار واته‌ (سه‌د و بیست وه‌رقه‌) ده‌كه‌ن، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا منداڵه‌كه‌ ته‌نیا بۆ ماوه‌یه‌كی كورت و دیارییكراو ده‌چێته‌ ئیسپانیا و ته‌نیا بۆ تاقیكردنه‌وه‌یه‌ نه‌ك یاری كردن له‌ ئه‌كادیمییای ریال مه‌درید!
روون و ئاشكراشه‌ هاتنی ئه‌م شانده‌ ته‌نیا بۆ منداڵانی ده‌وڵه‌مه‌نده‌، چونكه‌ بڕی ئه‌م پاره‌یه‌ لای هه‌ژاره‌كان نییه‌.

بۆیه‌ من وه‌ك سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان به‌ شانازییه‌وه‌ دانیشتن له‌گه‌ڵ ئه‌م شانده‌ ره‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌كیش وه‌ك یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان هه‌ماهه‌نگیان نابین، چونكه‌ به‌ بڕوای ئێمه‌ منداڵه‌ لێهاتووه‌كان و به‌هره‌مه‌نده‌كانی تۆپی پێی كوردستان زیاتر له‌ گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژار نشینه‌كان و خێزانه‌ هه‌ژاره‌كان هه‌ن و دروست ده‌بن، ئێمه‌ به‌ شانازییه‌وه‌ له‌ رێگه‌ پاڵه‌وانیه‌تی ساڵانه‌ی فێرگه‌كانی تۆپی پێی هه‌موو كوردستان، خزمه‌ت به‌ منداڵه‌ به‌هره‌مه‌نده‌كانی خۆمان ده‌كه‌ین، له‌گه‌ڵ رێزم.

سه‌فین كانه‌بی
سه‌رۆكی یه‌كێتی تۆپی پێی كوردستان

ناوخۆیی

هەرێم.. قەدەغەیە هاندەران لە خولەكانی وەرزش ئامادەبن

خەڵك – بەشی هەواڵ

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایدەگەیەنێت، ئامادەبوونی هاندەران لەخولەكانی وەرزشی هەرێمی كوردستان قەدەغەیە.

د. ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند، ئامادەبوونی هاندەران بە هەر ڕێژەیەك لە خولەكانی كوردستان ڕێگەپێدراو نییە وەك هەموو ڕێوڕەسم و كۆبوونەوەكانی تر تا ئەو كاتەی بڕیاری لەسەر دەدرێت .

وتیشی: ڕاستە ڕێژەی تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تا ڕادەیەك كەمی كردووە بە بەراورد لەگەڵ چەند هەفتەیەك لەمەوبەر، بەڵام هێشتا مەترسییەكی جددیە لەسەر ژیانی هاووڵاتیان، بۆیە داوا لە هەموولایەك دەكەین بە بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە بكەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ناوخۆیی

یانەی شەتڕەنجی خانزاد یەکەمین چالاکی وەرزشیی خۆی ئەنجامدا

خەڵک – ئارام سەردار

پاش وەستانی چالاکیە وەرزشییەکان، بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ زیاتر لەسێ مانگ، یانەی شەتڕەنجی خانزاد یەکەمین چالاکی وەرزشیی خۆی ئەنجامدا، کە هاوکاتە لەگەڵ 17هەمین پاڵەوانیەتی rpd نێودەوڵەتی یانەکە.

ئەگەرچی شەتڕەنج جیاوازە لەیارییە وەرزشیەکانی تر زیاتر پێویستی بەلایەنی هزر و بیری یاریزان هەیە وەک لەتوانای جەستەیی، بەڵام دوورکەوتنەوە لەڕاهێنان و پاڵەوانیەتیەکان هاوشێوەی تەواوی یاریەکانی تر، کاریگەری لەسەر ئاستی یاریزانان دەبێت.

لەپاڵەوانیەتەکەدا 41 شەتڕەنجزانی کوڕو و کچ بەجیاوازی ئاست و تەمەن بەشداریان تێداکردوە، لەنێویاندا 35 شەتڕەنجزان خاوەنی ڕیزبەندی جیهانین.

ئەنجامەکانی ئەم پاڵەوانیەتیە کە لەیەکێتی شەتڕەنجی جیهانیەوە تۆماردەکرێت، ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر ڕیزبەندی یاریزانان و یاریەکانی پاڵەوانیەتیەکەش بە سیستەمی سویسری و بە ٩ گێم بەڕێوەدەچێت، هەر شەتڕەنجزانێک 15 خولەک و 10 چرکە بۆ هەر گێمێکی لەبەردەستە، ڕکابەریەتیەکانیش بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ناوخۆیی

خەڵاتێکی گرانبەهای گڵۆباڵی بۆ ڕۆژنامەنوسانی وەرزشی کوردستان

خەڵک سپۆرت – هەرێز جەمال

رێكخراوی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی جیهان بۆ ساڵی سێیه‌م پێشبركێی باشترین كاره‌ رۆژنامه‌نووسیه‌كان ئه‌نجام ده‌دات .

به‌ پێی بڵاوكراوه‌یه‌كی رێكخراوه‌كه‌ ، بۆ ته‌واوی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی له‌ وه‌رزی ئه‌مساڵ ده‌توانن له‌ پێشبركێی چه‌ندین بابه‌تی رۆژنامه‌وانی به‌شداری بكه‌ن و كاره‌كانیان بۆ رێكخراوه‌كه‌ بنێرن وەک ، ڕاپۆرت ، ستوون ، دیکومێتناری ، دەنگ ، مۆنتاژ، بیۆگرافیا ، وێنە.

لە ڕێگەی ئەم لینکەوە دەتوانن بەشدار ببن و زانیاری ریاتر وەبگرن: لێرەدا کلیک بکە

تاوەکو 7ی مانگی 10 کارەکان بنێرن بە ژێر نووسی زمانی ئینگلیزی.

به‌ پێی بڵاوكراوه‌كه‌ پاش شۆرلیست كردن و ته‌ماشاكردنی به‌رهه‌مه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان له‌ مانگی ١٠ی ئه‌مساڵ ناوی سێ یه‌كه‌می ته‌واوی به‌رهه‌مه‌كان ئاشكرا ده‌كرێت، كه‌ خه‌ڵاتی یه‌كه‌م له‌ ٨٠٠٠ دۆلار ده‌بێت و خه‌ڵاته‌كانی تریش له‌ ٣٠٠٠ دۆلار ده‌بێت و تەواوی بانگهێشتکردنی کەسی سەرکەتووی ئاستی لاوانیش و بەشداریکردنی لە مەراسیمێکی گەورەی جیهانی لە ئەستۆی رێکخراو دەبێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان