ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ڕاپۆرت و شیکاری

میركاتۆی زێدان و گرنگی پۆگبا بۆ ریاڵ

هه‌وراز كاوه‌
تا ئه‌مڕۆ زێدانی ڕاهێنه‌ری یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید نه‌یتوانیوه‌ پێكهاته‌كه‌ی له‌ بازاڕی میركاتۆدا ته‌واو بكات، كه‌ به‌ بڕوای زۆرمان هێشتا ڕیاڵ پێویستی به‌ ئه‌ستێره‌ی سۆپه‌ر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕكابه‌ری خوله‌كان بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا زێدان ئه‌ركێتی به‌ ته‌واوی نه‌خشه‌ی پلان و وێنه‌ی پێكهاته‌كه‌ی ئاشكرا بكات. هه‌موو ده‌پرسن ئه‌و كه‌چه‌ڵه‌ بێده‌نگه‌ بۆچی هیچ هه‌نگاوێكی ڕوونی نییه‌ له‌و بازاڕه‌ی به‌ ملیۆنان دۆلاری تێدا ڕۆكراوه‌؟.

له‌ ڕاستیدا ئه‌و چاوه‌ڕوانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی بۆندی هه‌ردوو یاریزان (برۆنۆ فێرناندیز و میلینكۆڤیچ ساڤیچ)ـی ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌ ئاسانی پۆڵ پۆگبا بگوازێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی خواستی زیزۆ ئه‌وه‌ سه‌رۆكی یانه‌كه‌ پێرێز به‌ هه‌ستكردن به‌ قورسی بۆندی فه‌ڕه‌نسییه‌كه‌ یاریزانی ئه‌جاكسی هۆڵندی ڤاندی بیكی گواسته‌وه‌ بۆ تیپه‌كه‌ی، كه‌ ئه‌مه‌ له‌ ئێستادا گرفتی بۆ ڕاهێنه‌ره‌كه‌ دروستكردووه‌، چونكه‌ ناوبراو هه‌مان پێگه‌ی پۆگبای هه‌یه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌م نزیكانه‌ ببێته‌ باشترینی یاریگاكانی ئه‌وروپا.

یه‌كێكی دیكه‌ له‌و خاڵانه‌ی ده‌ستی زێدانی گرتووه‌ گاریس بێڵه‌، كه‌ ئه‌و ڕاهێنه‌ره‌ به‌ هه‌ر جۆرێك بێت ده‌یه‌وێت له‌ كۆڵی بكاته‌وه‌ و به‌ بڕه‌ پاره‌كه‌ی سه‌رۆكی تیپه‌كه‌ی قایل بكات بۆ خواست چوونه‌ سه‌ر ئه‌سمه‌ره‌كه‌، كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌می دیكه‌دا بازاڕی میركاتۆی ئینگلته‌را ده‌رگای داده‌خرێت، كه‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات په‌له‌ بكه‌ن بۆ ڕازی بوون و ناردنی بێڵ بۆ یانه‌ی تۆتنهام، كه‌ یانه‌كانی پرێمه‌رلیگ ئاره‌زووی زۆریان بۆ ئه‌و یاریزانه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام یانه‌ی تۆتنهام ده‌یانه‌وێت مووچه‌ی ساڵانه‌ی ئه‌ستێره‌كه‌ له‌ (17) ملیۆنه‌وه‌ كه‌م بكه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ بریكاری یاریزانه‌كه‌ به‌وه‌ ڕازی نه‌بێت و جارێكی دیكه‌ دۆخی ماڵی مه‌دریدییه‌كان شێواوه‌.

گرفتی كۆتایی خامیس ڕۆدریگزه‌ و زێدان ده‌یه‌وێت بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام سه‌رۆكی یانه‌كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن یانه‌كانی دیكه‌وه‌ گرنگی زۆر پێده‌رێت ده‌یه‌وێت بیدات به‌ یه‌كێك له‌ یانه‌كانی ئه‌تله‌تیكۆ مه‌درید و مارسیلیا و ناپۆلی، به‌ڵام زیزۆ له‌مكاته‌دا ده‌یه‌وێت به‌ هێنانی پۆگبا به‌ ته‌واوی به‌رده‌می به‌رگری و ناوه‌ندی تیپه‌كه‌ی پته‌و بكات، ئه‌و پێی وایه‌ بوونی ئه‌و له‌گه‌ڵ كاسمیرۆ جوڵه‌ی زیاتر به‌ به‌رگری و لایه‌نی هێرشی تیپه‌كه‌ ده‌دات، به‌ تایبه‌ت كه‌ ڕۆدرگیز وه‌كو یاریزانی ژماره‌ ده‌ی تیپه‌كه‌ له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌و دووانه‌ یاریی بكات، یان به‌ ئاسانی ده‌توانێت پلانه‌كه‌ی بكات به‌ (4ـ4ـ2) له‌م دۆخه‌دا گۆڵچی كۆرتوا ده‌بێت چواره‌ی به‌رگری مارسیلۆ و میلیتاو و رامۆس و كارڤاخال پێكیده‌هێنن، به‌وه‌ش ڕۆڵی به‌رده‌مه‌كان كه‌متر ده‌بێت و هه‌رچی ڤینیسۆ و پۆگبا و مۆدریچ و هازارده‌ به‌ ته‌واوی له‌ سه‌نته‌ری یاریگا بڵاو ده‌بنه‌وه‌، دووانه‌ی پێشه‌وه‌ بنزیما و جۆڤیچ ده‌بن، كه‌ له‌كاتی یارییه‌كه‌دا ده‌گۆڕێت بۆ پلانی (4ـ2ـ3ـ1) و ئازادی زۆرتر بۆ مۆدریچ دێته‌ پێشه‌وه‌ و به‌ ئاسانی ده‌چێته‌ نیوه‌ یاریگای ركابه‌ر و كه‌مێك پۆگبا به‌ پشت به‌ستن به‌ خێراییه‌كه‌ی به‌رگری و ناوه‌ند پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش كێشه‌ی خاوی هه‌ڵگرتنی تۆپه‌كان له‌ یانه‌ی مێره‌نگی چاره‌سه‌ر ده‌كات و زێدانیش ده‌گات به‌ خه‌ونه‌كه‌ی.

سەرچاوەکان
یۆرۆ سپۆرت ئینگلیزی و دیارۆ گوڵ

ڕاپۆرت و شیکاری

باشترین ئەو ڕاهێنەرانەی بێکارن و چاوەڕێی ئۆفەری یانەیەکی گەورە دەکەن

خەڵک سپۆرت

قەیرانی کۆرۆنا بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی بواری تۆپی پێی لاوازکردووە، وایکردووە یانەکان زیاتر سەرقاڵبن بە کێشە داراییەکانەوە و گواستنەوەی یاریزانان و ڕاهێنەران لەبیربکەن.

هەندێک لە یانەکان بیر لە توندوتۆڵکردنەوەی پێکهاتەکانیان بە یاریزانی نوێ دەکەنەوە، هەندێکی تریشیان کێشەیان لە پڕۆژەی یانەدا بۆ دروستبووە و دەیانەوێت لەسەر ئاستی ڕاهێنەر گۆڕانکاری بکەن.

لێرەدا ناوی ئەو ڕاهێنەرانەمان بیردەکەوێتەوە، کە لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە و حاڵی حازر بێکارن و چاوەڕوانی ئۆفەر و داواکاری یانەیەک دەکەن تا دووبارە بگەڕێنەوە نێو یاریگاکان:

  • ماوریسیۆ پۆچتینۆ: دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی تۆتنهام پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی ترەوە نەکردووە، ناوبراو ڕاهێنەرێکی فەلسەفی بەتوانایە و پێکهاتەیەکی ئاگرینی بۆ یانە زەبەلاحەکەی لەندەن بونیادنا، دوو وەرز لەمەوبەر توانی بگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و نازناوەکەی بەرامبەر لیڤەرپوڵ لەدەستدا.

 

  • ماسیمیلیانۆ ئالێگری: دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی یوڤانتۆس، پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی ترەوە نەکردووە، لەماوەی کارکردنی لە ئیتاڵیا توانی لەگەڵ یوڤانتۆس کۆنتڕۆڵی تەواوی خولە ناوخۆییەکان بکات، بەڵام لە خولی یانە پاڵەوانەکان نەیتوانی ئامانجەکانی بپێکێت، دووجار گەیشتە یاریی کۆتایی لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٧ و لەهەردوو فاینەڵەکەدا بە بەرشلۆنە و ڕیاڵ مەدرید دۆڕا.

 

  • ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی: دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی بەرشلۆنە پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی ترەوە نەکردووە، لەماوەی ڕاهێنانی لە بارسا توانی کۆنتڕۆڵی خولە ناوخۆییەکان بکات، بەڵام بەهۆی شکستی لە خولی یانە پاڵەوانەکان لەژێر فشاری هاندەرانی یانەدا دوورخرایەوە، شێوازی ڕاهێنانی بۆ زۆرینەی یانەکانی ئیسپانیا گونجاوە.

 

  • ئارسین ڤینگەر: دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی ئارسیناڵ پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی ترەوە نەکردووە، یەکێکە لە ڕاهێنەرە مێژووییەکانی خولی ئینگلتەرا و یانەی ئارسیناڵ، زۆرترین ماوە لە پۆستی ڕاهێنانی تۆپچییەکانی لەندەن بەردەوامبووە، سەرباری تەمەنە زۆرەکەی، بەڵام دوو وەرز زیاترە چاوەروانی ئۆفەری یانەیەکی گەورەیە.

 

  • ئونای ئیمیری: دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی ئارسیناڵ پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی ترەوە نەکردووە، یەکێکە لە ڕاهێنەرە بەتواناکان و سەرباری شکستی لە یانەکانی پاریس سانت جێرمان و ئارسیناڵ، بەڵام لەگەڵ یانەکانی ڤالانسیا و سڤیلیە باشترین ئەنجامەکانی تۆمارکردووە، سێجار نازناوی یوروپالیگی لەسەریەک بەدەستهێناوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ڕاپۆرت و شیکاری

کریستیانۆ دەگەڕێتەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید؟ گواستنەوەکە مەحاڵ نییە و کێشە لەبیرکردنەوەی یاریزانەکەدایە

خەڵک سپۆرت

ماوەیەکە دەنگۆی گەڕانەوەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی لە یانەی یوڤانتۆسی ئیتاڵییەوە بۆ ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی بەهێزبووە، سەرچاوەکان پێیان وایە گەڕانەوەی ئەفسانە پرتوگالییەکە بۆ مەدرید جوڵەیەکی مەحاڵ نییە.

کریستیانۆ لە هاوینی ٢٠١٨وە یانەی ڕیاڵ مەدریدی بەجێهیشتووە و پاش چنینەوەی چەندین نازناو و دەستکەوتی بەکۆمەڵ و تاکە کەسی لەئێستادا خەون دەبینێت لە ئیتاڵیا هەمان ئەو دەستکەوتانە بچنێتەوە.

خواستی جەمسەرەکان

ڕۆژنامەی “کۆرێری دێلۆ سپۆرت”ی ئیتاڵی ئاشکرای کردووە، کە گواستنەوەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە یانەی یوڤانتۆسەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید مەحاڵ نییە.

چەندینجار ئادو ئاگێری ڕۆژنامەوانی مەدریدی و هاوڕێی نزیکی ئەفسانە پورتوگالییەکە ڕایگەیاندووە، کە کریس خەون دەبینێت دووبارە بگەڕێتەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید، هەروەها کات و وادەی گواستنەوەکانی هاوینەی ٢٠٢٠ی بە گونجاو وەسفکردووە بۆ کۆتاییهێنان بەم پڕۆسەیە.

ئاگێری ڕایگەیاندووە :” هیچ شتێک لەبواری تۆپی پێدا مەحاڵ نییە، بەڵکو کریستیانۆ لە کۆتا کلاسیکۆدا بەگەڕانەوەی بۆ مەدرید پەیامێکی ئاڕاستەی ئیدارەی ڕیاڵ و هاندەرانی کرد، خەون دەبینێت بگەڕێتەوە و دۆخەکەش لەبارە بۆ ئیمزاکردنی بۆندەکەی، بەو مەرجەی یاریزانەکە و ئیدارەی ڕیاڵ ئامادەبن بۆ ئەم جوڵە مێژووییە”.

ڕووە داراییەکان

لەڕووی داراییەوە کریستیانۆ بەتەنها لەم وەرزەدا بڕی (٥٨) ملیۆن یورۆ لەڕێگەی سپۆنسەرەکانی و سپۆنسەرەکانی یانەی یوڤانتۆسەوە داهاتی هەبووە.

ئەگەر ئەم ڕێژەیەش لەگەڵ بڕی (٣٢) ملیۆنی موچەکەیدا یەکبخرێت (٩٠) ملیۆن یورۆ دەکات، ئەوەش ئەو نرخەیە کە یانەی شاهانە دەبێت پێشکەشی یاریزانەکەی بکات، یاخود زیاتر پێشکەشبکات ئەگەر بیەوێت لە چنگی یانەی یوڤانتۆس دەریبکەن.

بیرکردنەوەی کریستیانۆ

ئادو ئاگێری هاوڕێی کریستیانۆ دەڵێت :” کریستیانۆ لەو یاریزانانەیە کە لە یانەی ڕیاڵ مەدرید سەدان دەستکەوت و نازناوی بەدەستهێناوە، ئێستا دەیەوێت هەمان شت لە یوڤانتۆس دووبارە بکاتەوە، کێشەکە ئەوەیە ئەم یاریزانە لە جۆرە یاریزانانەیە کە لە نیوە ڕێگادا دەستبەرداری خەونەکانی نابێت، بەڵكو دەیگەیەنێتە ئەنجام پاشان هەنگاو دەنێت”.

بەپێی ووتەکانی ئاگێری، کریستیانۆ خەونی چنینەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و خەڵاتە تاکە کەسییەکانی وەک زە بێست و بالۆن دۆرە بەدرێسی یانەی یوڤانتۆسەوە.

بۆیە قورسە بە ئاسانی و لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بگەڕێتەوە بۆ مەدرید و لە نیوە ڕێگا یانەی یوڤانتۆس بەجێبهێڵێت.

هەروەها یانەی یوڤانتۆسیش خواستی لەسەر گواستنەوەی نییە، چونکە بەهۆیەوە سەدان ملیۆن دۆلار سودی داراییان کردووە و مەحاڵە بتوانن یاریزانێک بەو کێشە وەرزشیی و داراییەوە دابین بکەن، بۆیە چاودیڕی دۆخەکە دەکەن و لەهەر ساتێکدابێت دەرگا بەڕووی یانەی ڕیاڵ مەدرید دادەخەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ڕاپۆرت و شیکاری

کێ توشی کۆرۆنا بووە؟ ئەو یاریزان و ڕاهێنەرانەی خراونەتە ژێر چاودێری پزیشکییەوە

خەڵک سپۆرت

ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوڵاتی چینەوە ڕووەو کیشوەری ئەوروپا جوڵەی کردووە و ماوەی مانگێکە وڵاتانی کیشوەری پیر بەدەست ڕێژەی توشبووانەوە دەناڵێنن.

بوارە وەرزشییەکان بەتایبەت تۆپی پێ یەکێکە لەو بوارانەی زیانی بازرگانی گەورەی بەرکەوتووە، بەوپێیەی چەندین خول و پاڵەوانێتی لەترسی تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگیراون و تەنانەت باس لە دواخستن و هەژمارنەکردنی ئەنجامەکانی ئەم وەرزە دەکرێت.

لەهەفتەی ڕابردوو بۆ کۆتاییەکانی ئەم هەفتەیە، چەندین یاریزان و ڕاهێنەر و کەسایەتی لە یانەکانی ئەوروپا توشی ڤایرۆسە کوشندەکە بوون و چەندین یانە و یاریزانیش خراونەتە کەرەنتینەوە.

کام خولانە ڕاگیراون؟

سەرجەم خولە ئەوروپییەکان لەنمونەی چامپیۆنزلیگ و یوروپا لیگ، هەروەها خولە ناوخۆییەکانی ئینگلتەرا، ئیسپانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا پەکیانکەوتووە و ڕاگیراون.

هەندێک لە خولەکان لەنمونەی بۆندزلیگی ئەڵمانیا ئاماژە بە دەستپێکردنەوەی یارییەکان دەکەن لەسەرەتای مانگی داهاتوو، لە خولی ئیسپانیاش ماوەی دوو هەفتە دیاریکراوە و لە خولەکانی دیکەش کاتێک دیارینەکراوە.

کام یاریزانانە توشبوون؟

دانێلی ڕوگانی بەرگریکاری یانەی یوڤانتۆس، مانۆلۆ گابیادینی یاریزانی یانەی سامپدۆریا و چوار یاریزانی دیکەی ئەو یانەیە کە پێکهاتوون لە: عومەر کولی، ئالبی ئاکدال، ئانتۆنیۆ لاگۆمینا، مۆرتن تۆرسبی  لە یانەی فیورنتیناش دوسان ڤلاهۆڤیچی سڕبی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

لە ئەڵمانیا سێ یاریزانی یانەی هانۆڤەر کە لە خولی پلە دوو یاریی دەکات، بەهەمان شێوە تێستەکانیان پۆزەتیڤ دەرچووە.

لە ئیسپانیا یاریزانێکی باسکەی یانەی ڕیاڵ مەدرید و مارتن ئۆرتیگای بەڕێوەبەری یانەی لیگانێس، بەڵام لە خولی ئینگلتەرا بارودۆخەکە هاوشێوەی ئیتاڵیا بەشێوەیەکی کتوپڕ قورسبوو.

مایکڵ ئارتێتا ڕاهێنەری ئارسیناڵ و هۆدسۆن ئۆدۆی یاریزانی چێڵسی و دەنگۆی توشبوونی چەندین یاریزانی دیکەش هەیە، کە لەچەند کاتژمێری داهاتوودا یەکلایی دەبێتەوە.

ئەو یانانەی چالاکییەکانیان وەستاندووە

یانەکانی لیڤەرپوڵ، ڕیاڵ مەدرید، بەرشلۆنە، فیۆرنتینا، سامپدۆریا، ئینتەرمیلان، یوڤانتۆس چالاکییەکانیان بەفەرمی وەستاندووە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و یوڤانتۆس و ئینتەرمیلان یاریزنانیان خستۆتە کەرەنتینەوە، یانەکانی (NBA) ئەمریکاش بەهەمان شێوە چالاکییەکانیان ڕاگرت بەتایبەت دوای توشبوونی گۆبێرتی یاریزانی فەرەنسی تیمی یوتاجاز.

وەرزشەکانی تر

هەردوو جەولەی یەکەمی پێشبڕکێی جیهانی فۆرمولا ١ دواخراون، خولی یانە پیشەگەرەکانی ئەمریکاش بەهەمان شێوە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ چالاکییەکانیان وەستاندووە.

خولەکانی تێنسی سەرزەوی ئیندیانا وێلس و مەیامی و چەندین خول و پاڵەوانێتی تر لەو بوارەشدا ڕاگیراون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان