کوردستان
ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی لەسەر ناوچە دابڕێنراوەكان پەیامێك ئاڕاستەی حزبەكان دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی كۆتایی هات و سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە ناوچە دابڕێنراوەكان و سەرژمێری گشتی هۆشداری دەدات و جەختدەكاتەوە، كە یەكێتی هەمیشە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستانی خستۆتە پێش بەرژەوەندیە حزبیەكانی خۆی.
ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی لە ڕاگەیەنراوێكدا، كە وێنەی دراوە بە (خەڵك) ئاماژەی بەوەكردووە، ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە بڕیارێكی مێژوویی بەرپرسیارانەدا دڵی یەكێتیەكانی خۆش كرد و نەیارانی یەكێتی تووشی شۆك بوون، بۆیە دوای ئەو بڕیارە یەكێتی خۆی بۆ سێ گۆرانكاری و پرسی گرنگ ئامادە دەكات.
ڕاشیگەیاندووە، بەرژەوەندی گەلی كوردستان لە كەركوك وا دەخوازێت پەلە بكرێت لە جێبەجێ كردنی ڕێككەوتنامەی سیاسی لە نێوان یەكێتی و پارتی و دانانی پارێزگارێكی كورد بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان.
ئەنجوومەنی ناوەندی جەختیشی لەوەكردەوە، “لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بە ئیرادەیەكی هاوبەش وەكو یەك تیم هەموو تواناكانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی لە كاتی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیدا بەرژەوەندی گەلی كوردستان لەو ناوچانە پارێزراو بێت”.
دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
ئەنجومەنی ناوەندی (ی.ن.ك) لە كۆبونەوەی فراوانی خۆیدا بە میوانداری شاندێكی هاوبەشی مەڵبەندی كەركوك و خانەقین كە پێك هاتبوون لە هەڤاڵان ( ئاسۆ مامەند و خالید شوانی م. محسین عەلی ئەكبەر) دوای هەڵسەنگاندن و تاوتوێكردنی قۆناغی دوای بریاردان لەسەر دیاریكردنی رۆژی كۆنگرەو گرنگیو هەستیاری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و ئامادە كارییەكانی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە ناوچە دابڕێنراوەكان بەلاغێكی بڵاوكردۆتەوە ئەمە دەقەكەیەتی :-
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان
هەڤاڵانی (ی.ن.ك)
سڵاوێكی گەرم …..
لە ئەنجامی هەوڵ و كۆششێكی بەردەوامی ئەنجومەنی ناوەندیو بە پشتیوانی هەڤاڵانو دڵسۆزانی (ی.ن.ك) سەرئەنجام ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە بڕیارێكی مێژووی بەرپرسیارانە دا دڵی یەكێتیەكانی خۆش كردوو نەیارانی یەكێتی توشی شۆك بوون لە دوای ئەو بڕیارەی یەكێتی خۆی بۆ سێ گۆرانكاری و پرسی گرنگ ئامادە دەكات كە پەیوەستن بە ئایندەی یەكێتیو ئایندەی گەلی كوردستان بە گشتی ، ئەوانیش بریتین لە :-
1. خۆئامادە كردن بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی یەكێتیانەی سەركەوتوو كە ببێتە هەوێنی نوێبونەوەو كۆكردنەوەی یەكێتی .
2. خۆ ئامادە كردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوكو ناوچەدابڕێنراوەكانی دیكەی كوردستان .
3. پرسەی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی و كاریگەریەكانی لەسەر ئایندەو چارەنوسی گەلی كوردستان لە كەركوكو خانەقینو دووز خورماتوو و مەخمورو دەشتی نەینەواو شەنگال .ئەم سێ پرسە گرنگە ئەركێكی نوێ دەخاتە سەر شانی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان .
بۆیە داوادەكەین كە :-
• هەڤاڵانی سەركردایەتی بە گیانێكی هەڤاڵانەو بە ئیرادەیەكی هاوبەش هەموو هەوڵەكانی خۆیان بخەنە گەر بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە لە كاتی دیاری كراوی خۆیداو بۆ ئەو مەبەستە داوا لە لیژنەی باڵاو لیژنە فەرعیەكان دەكەین لە ماوەی دیاریكراوی خۆیدا ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن .
• ئەم قۆناغە زیاتر لە هەركاتێكی دیكە وادەخوازێت كە پێویستە یەكێتی ناویەكێتی پارێزراو بێتو سەرجەم ئۆرگانو هەڤاڵانی یەكێتی هاوكارو هەماهەنگی بكەن بۆ سەر خستنی هەنگاوەكانی ئەنجامدانی كۆنگرە .
• پەیامی فەرمی یەكێتی بۆلایەنە سیاسیەكانی كوردستان و پێكهێنانی لیستی هاوبەش لە كەركوكو ناوچەكانی دیكە سەلمێنەری ئەو راستیەیە كە یەكێتی لە پێناو بەرژەوەندی گشتیو یەك ریزیو تەبایی گەلی كوردستان هەمیشە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستانی خستۆتە پێش بەرژەوەندیە حزبیەكانی خۆی .
• بەرژەوەندی گەلی كوردستان لە كەركوك وا دەخوازێت پەلە بكرێت لە جێبەجێ كردنی رێككەوتنامەی سیاسی لە نێوان یەكێتیو پارتی و دانانی پارێزگارێكی كوردو بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان .
• پێویستە سەرجەم هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان لە كەركوكو ناوچە دابڕێنراوەكان بە ئیرادەیەكی هاوبەشو وەكو یەك تیم هەموو تواناكانیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی لە كاتی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دا بەرژەوەندی گەلی كوردستان لەو ناوچانە پارێزراو بێت و بۆ ئەو مەبەستە میدیای كوردی رۆڵێكی ئەرێنی بێتو هاوڵاتیانی رەسەنی ئەو ناوچانە هان بدەن كە لە رۆژی سەرژمێری دا لە كەركوكو ناوچەكانی دیكە ئامادە بن چونكە ئەم سەرژمێریە چارەنوسو ئایندەی ئەو ناوچانە دیاری دەكات.
لەكۆتایدا جارێكی دیكە ئەو راستیە دووپات دەكەینەوە كە ئەنجومەنی ناوەندی وەك هەمیشە پارێزەری یەك ڕیزیو تەبایی ناو یەكێتی دەبێتو هەموو هەوڵەكانی تەرخان دەكات لە پێناو سەرخستنی كۆنگرەیەكی سەركەوتوانەو یەكێتیانە ،لە كۆتایدا وەك سەرۆك (مام جەلال ) فەرمویەتی ( مانەوەمان ، گەشەكردنمان ، سەروەریمان ، بەندە بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە ) .
ئـــــــەنجــــــومەنــــــی نــــــاوەنــــــــدی (ی.ن.ك)
12/9/2019
ئابوری
نوێنەرێك سێ پێشنیار بۆ حكومەتی هەرێم دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانى عيراق لە فڕاكسیۆنی یەكێتی دەڵێت:”مەلەفی نەوت زۆر هەڵدەگرێت و زۆریشی لەسەر نووسراوە، بەڵام دەرەنجام نەوت نەبووە بە مایەی خێر و خۆشی بۆ خەڵكی كوردستان”.
هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فڕاكسیۆنی یەكێتی لە نووسینێكدا ئاماژەی بەوەداوە:”بەداخەوە ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت بینیمان سەبارەت بە داهات و خەرجیيەكانی نەوت، مـرۆڤ تووشی شۆك دەبێت”.
ئەو نوێنەرە لە نووسینەكەشیدا سێ پێشنیاری بۆ حكومەتی هەرێم كردووە بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی دارایی و ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران.
دەقی نووسینەكەی هەرێم كەمال ئاغا:
مەلەفی نــەوت زۆر هـــەڵدەگـرێت زۆریش لەسەری نوسراوە بەڵام دەرئــەنجــام نــەوت نەبوو بە ماییەی خێر و خۆشی بۆ خـــەڵكی كوردســتان .
لەســـەرەتادا كاتێـــك سەركردایـــەتی سیــاسی كوردستان لە حوزەیرانی ســـاڵی 2009 بـریاری رەوانەكردنی نەوتی دا بۆ دەرەوە ئـەمە هەنــگاوێكی گرنـگ بوو لەرووی ئابووریەوە بۆ هەرێمی كوردســتان ، چونكە نەوت بۆ ژێرخانی ئابووری هەر ولاتێك سێكتەرێكــی داهـــاتی بــەهێزە ، ئەو ولاتـانەی نەوت تیاندا بە درووستی بەكارهێنراوە هەمیــشە نەوت بۆیان بووە بە مایــیەی ئارامـــی و خۆشـــگوزەرانی و بـــەهێز بــوون و پاراســـتنی ئاســـایشی سیــادەی دەولەت .
یەكێتی نیشتیمانی كوردســـتان ســـەرباری كێــشمە كێشــمی زۆر و ئاڵنـــگاریـــەكان بـــەردەوام پشتــگیری بـــازاری ئـــازاد و هەناردەكـــردنی نـــەوت بـــووە ، بەشێـــوەیەكی شـــەفاف و تەندرووست ، چونكە یەكێـتی خۆیی بە خاوەنی بیرۆكەی دەرهێنانی نەوت دەزانێت لە پێناو دەستەبەركردنی ژێرخانی ئابـــوریەكی بەهێـز بۆ هەرێمـــی كوردســــتان.
بەڵام بەداخـــەوە ئەوەی لە چــەند رۆژی رابـردوو لە راپۆرتی كۆمــپانیایی دیــلۆیــت ـ مــان بــینی ســـەبارەت بە داهات و خەرجیـــەكانی نـــەوت ، مـرۆڤ توشی شۆك دەبـــێت، ئەگەر بێت و سەیری شــیكاری داهـــات و خـەرجیەكانی دەرهێنانی نەوت و جیـاوازی نێـــوان هـــەناردەكـــردن و بــەبازار كردنی نــەوت لەگـــەڵ عیراق بكەیـــن لەساڵـــی 2019 دەبینـــین:
[ كـــرێی بـــۆری نـــەوتی كـوردستــــان و تـــوركیــا ( 13%)
قـــەرزی تـــوركیاو كۆمپــــانیاكانی كـــریاری نـــەوت( 16%)
قــــەرزی كۆمپانیا ناوخۆییەكان كـــارەبا و پاڵاوگەكان(9% )
حەقدەستی كۆمپانــــیاكانی بەرهەمــهێنانی نـــەوت (30%)
خــــەرجـــی گــــۆریـــنــــەوەی دۆلار بــــۆ دیـــنــــار ( 2%)
پوختەی داهاتی ماوە بۆ مووچە وخەرجی حكومەت(30%)
كـــۆی گـــــشتـــی دەكـــات بــــە (100%) ]
ئەمـــە تـــەواو بـــە مـــانـایی بە هەدەردانی ئابووری هەرێمی كوردســـتانە ، بەتـــەواوی پێچەوانەی بەهێز بوونی ئابوریە ، دەتوانـــین بڵـــێن نـــەوت لە ئێســتادا بەم شێوەیە نە دەبێتە ماییەی خۆشگوزەرانی بۆ خـــەلكی كوردســـتان و نــە بۆ ژێر خـــانی ئابــــوریەكـــی بەهـــێز ، بەڵكـو سودی تەنها بۆ چەند كۆمپانیایەك و هەندێــــك وڵاتە ، دەرئـەنجام بـۆتە ماییەی سـزادانی خەلكی هەرێمی كوردستان بە هۆیی هەناردەكردنی نەوت وە رێك نەكـــەوتنی حكـومەتی هـەرێم لەگـەڵ بەغدا.
بۆیە پــێویستە لــە ئَێستـــادا ئەم خاڵانە تیشكی بخرێتە سەر
① ـ هەنـــاردەكــردنی نەوت بەم شێوەیە كۆمەڵێك رهەندی تری ترسنـــاك لەخۆیی دەگرت پێویســتە لە داهاتوودا لە گەڵ بەغـــدا لەســـەری رێكبـكەویــن .
②ـ كـــاركردن لــەســـەر پرۆژە یاسایی نەوت و گاز كە وەك نەخشە رێگایەكە بۆ چارەسەری بنەرەتی كێشەكان و دووبارە نەبوونەوەی كە بەردەوام بۆتە مایـــیەی ترس و دڵەراوكێ .
③ ـ پێـــویستە هەرێمــی كوردستان پابەندی رێكەوتنەكانی بێت لە گەڵ بەغدا هەروەكو لە رێكەوتنی ئۆكتۆبەری 2020 باسی لێوەكراوە ، ئەویش بە رادەست كردنی نەوت و نیوەیی داهاتە نا نــەوتیـــەكان ، بـــۆ وەرگرتنــی شایستــە دارایەكانی لە مانـــگی 1 ئەم ســـاڵ بۆ خۆشگوزەرانی هاولاتیان و دابین كـــردنی موچـــەی موچە خۆران .
لە كۆتاییـــدا دەتـــوانم بڵێـــم ، ئەگەر حكــــومــەتی هەرێمی كوردســـتان ســــیاســـەتێـــكی حەكیــمانەو ژیــرانە و تەواو زانستیـــیانە و شەفـــاف بگرێتـە بەر و نەوت رادەست بكات بەپێی رێـــكەوتــن و پشـــكی خـــۆیی بكـــات بــە داینەمۆی بــــوژانەوەی هەرێمی كوردستان ئەوا ساڵێكی پر لە ئاسودەی و خۆشگوزەرانـــی بۆ هـــاولاتیان و موچـــە خۆران فـەراهەم دەكات ، لەهـــەمان كــاتدا حكومەتی فیدراڵ مولزەم دەكرێت بە دابـــین كـــردنی شایســـتە دارایەكـــانی حكومـەتی هەرێم و دانەوەی قەرزی جوتیاران و دابین كردنی موچـــەی مــوچە خـــۆران ، بـــە پـێچەوانەوە ئەگەر هەروەكو ئێستا بەردەوام بێت، ئـەوا بـەدڵنییایەوە ئەم نەوتە دەبێتە ماییەی زیاتر ئازار دان و سزادانــنێكی تــر بــۆ گـــەلەكـــەمان .
کوردستان
گەرمیان.. هەوڵێكی سووتاندنی زیندانی گرتن و گواستنەوە شكستی پێهێنرا

خەڵك – بەشی هەواڵ
لەگرتن و گواستنەوەی گەرمیان ،ھەوڵی سوتاندنی زیندانەكەیاندا و پۆلیس كۆنتڕۆڵی زیندانەكەی كردووە.
ڕائید سلێمان عەزیز بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان بە كەناڵی فەڕمی یەكێتی ڕاگەیاند، گۆڕینی سیستمی پێدانی مۆبایل بەزیندانیەكانیانمان گۆڕیوە، بەشێك لە زیندانییەكان ئەمەیان پێ ناخۆش بووە، بەشێكی تری زیندانیەكان ئەمەیان بەھەل زانیوە، ھەوڵیانداوە چەند بەتانیەكی ناو ھۆڵی ژوورەكەیان بسوتێنن، ھەرزوو پۆلیسی زیندان چوونەتە ژورەوە و توانیویانە كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بكەن.
ڕائید سلێمان عەزیز ئاماژەی بەوەشدا، بیانووی ئەو ھەوڵەی زیندانییەكان بۆ ئەوەبووە كە داوادەكەن دادگایی بكرێن، چونكە پێیان واییە ماوەیەكی زۆرە لەزیندانن و دادگاییكردن و یەكلایكردنەوەی كەیسەكانیان دواكەوتووە.
بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان ڕوونیشی كردەوە، تەنھا لەیەك ھۆڵی زیندانەكە ئەم ھەوڵە دراوە لەلایەن چەند ئاژاوەگێڕێكەوە، بەلام ڕێگەنەدراوە بەتانی و كەلوپەلەكان بسوتێنرێن و ئەو زیندانیانەش لەلایەن دادوەرەوە كەیسی تریان بۆ كراوەتەوە.
کوردستان
ئەمریكا پێداویستی سەربازی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ
ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت: ئەمریكا پێداویستی سەربازی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاندووە، كاروانێكی نوێی هاوكاری لۆجستی و سەربازیی هێزەكانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە خاكی عیراقەوە بەرەو ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێكەوتوون.
ڕوانگەكە باسی لەوەش كردووە، كاروانەكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە 35 بارهەڵگری باركراو بە كەلوپەلی لۆجستی و سەربازیی و تانكەری سووتەمەنی پێكهاتوون و لە دەروازەی سنووری وەلیدی نێوان عیراق و سوریا و عیراق و ئوردنەوە بەرەو شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێكەوتوون، دواتر ڕوویان كردووەتە بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە حەسەكە و دێرەزوور.
جێی ئاماژەیە، ڕۆژی 10ی ئەم مانگەش كاروانێكی تری هێزەكانی سەربە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی كە لە 25 بارهەڵگر پێكهاتبوو و كەلوپەلی لۆجستی و چەكی قورسی وەك تۆپ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشیان پێبووە لە هەرێمی كوردستانەوە ڕوویان كردبووە بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانان لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان كرد، دواتر بەرەو كێڵگەی نەوتیی (عومەر و كۆنیكۆ) لە دێرەزوور بەڕێكەوتبوون.