ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

سێ‌ سەرۆكایەتییەكە و حزبە سیاسییەكان هەڵوێستێكی هاوبەشیان ڕاگەیاند

خەڵك- بەشی هەواڵ
سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و كەسی یەكەمی لایەنە سیاسییەكان بە ئامادەبوونی سەرۆك كۆماری عیراق، لە دوای كۆبوونەوەكەیان دوو بڕیاریاندا.

ئەمڕۆ سێ شەممە، سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و دواتر ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوەكەش، “هەموو كوردستانییان دڵنیا دەكەنەوە كە بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كار دەكەن و دەسكەوت و بەرژوەندییەكانی هەرێمی كوردستان دەپارێزن”.

بەپێی بڕیاری دووەمی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان لەبارەی دەستوری عیراقەوە”لە هەر هەموارێكی دەستووردا دەبێت سیستەمی فیدڕاڵی و ماف و ئازادییەكانی سەرجەم پێكهاتەكانی عيراق و ماف و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان و قەوارە دەستووریەكەی پارێزراو بن”.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
ئەمڕۆ سێشەممە 5/11/2019 بە ئامادەبوونی بەڕێزان د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراقی فیدرال، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، دەستەی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە هەولێر، كۆبوونەوەیەكی فراوان ئەنجام درا بۆ گفتوگۆكردن دەربارەی بارودۆخی عێراق و ئەگەر و پێشهاتەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی.

سەرجەم بەشدارانی كۆبوونەوە بە بایەخەوە سەیری ڕووداوەكانی عێراق دەكەن و پێیان وایە ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی و ئیداریی عێراقدا ڕوودەدات، دەرئەنجامی كەموكوڕیی كەڵەكەبووی چەندین ساڵەی حوكمڕانی و جێبەجێنەكردنی دەستوور بووە، بۆیە لەكۆبوونەوەكەدا بە نیگەرانییەوە ئەو بارودۆخە هەڵسەنگێندرا، هاوكات داكۆكی لە مافی ڕادەربڕین و ئازادیی هاووڵاتییان لە داواكردنی مافەكانیان كرایەوە، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بەرامبەر قوربانیانی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان.

بەشداربووانی كۆبوونەوە لەگەڵ داوا ڕەواكانی خەڵكی عێراقن و پشتیوانن كە حكوومەتی عێراق ڕێكارە پێویستەكان بۆ چاكسازی و بەدەنگەوەهاتنی داخوازییە ڕەواكانیان بگرێتە بەر.

لە كۆبوونەوەكەدا پاراستنی سەقامگیریی عێراق و دامەزراوە دەستووری و یاساییەكانی بە پێویست زانرا، لەگەڵ ڕەچاوكردنی بارودۆخی ناوچەكە و ئەگەر و هەڕەشەی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و هێزە توندڕەوەكان لەسەر عێراق، بەتایبەتی كاریگەرییان لەسەر‌ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوە تایبەت بوو بە هاوهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەشدارییەكی كاریگەر بۆ‌ چارەسەركردنی گرفتەكانی عێراق بەگشتی و داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و تەواوی پێكهاتەكان. لەمبارەیەوە جەخت لە هەوڵی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ هاوكاریكردنی عیراق لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانەكان و دەستەبەركردنی حوكمڕانییەكی دروست و هێنانەدی چاكسازی و رەچاوكردنی مافی هەموو پێكهاتەكان، كرایەوە.

بابەتی داواكاریی هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق، تەوەرێكی دیكەی گرنگی كۆبوونەوەكە بوو. لەمبارەیەوە بەشدابووانی كۆبوونەوەكە جەختیان‌ كردەوە كە لە هەر هەموارێكی دەستووردا دەبێت سیستەمی فیدراڵی و ماف و ئازادییەكانی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق و ماف و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان و قەوارە دەستووریەكەی پارێزراو بن.

بەشدارانی كۆبوونەوە جەختیان كردەوە كە ئەولەوییەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە و لایەنەكانی، پاراستنی سەقامگیری و دەستكەوت و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەردەوامیی پرۆسەی چاكسازی دەبێت و پشتیوانیی چاكسازییەكان لە عێراق دەكەن، لەو پێناوەشدا هەموو كوردستانییان دڵنیا دەكەنەوە كە بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كار دەكەن و دەسكەوت و بەرژوەندییەكانی هەرێمی كوردستان دەپارێزن.

ئابوری

نوێنەرێك سێ‌ پێشنیار بۆ حكومەتی هەرێم دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانى عيراق لە فڕاكسیۆنی یەكێتی دەڵێت:”مەلەفی نەوت زۆر هەڵدەگرێت و زۆریشی لەسەر نووسراوە، بەڵام دەرەنجام نەوت نەبووە بە مایەی خێر و خۆشی بۆ خەڵكی كوردستان”.

هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فڕاكسیۆنی یەكێتی لە نووسینێكدا ئاماژەی بەوەداوە:”بەداخەوە ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت بینیمان سەبارەت بە داهات و خەرجیيەكانی نەوت، مـرۆڤ تووشی شۆك دەبێت”.

ئەو نوێنەرە لە نووسینەكەشیدا سێ‌ پێشنیاری بۆ حكومەتی هەرێم كردووە بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی دارایی و ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران.

 

دەقی نووسینەكەی هەرێم كەمال ئاغا:

 

مەلەفی نــەوت زۆر هـــەڵدەگـرێت زۆریش لەسەری نوسراوە بەڵام دەرئــەنجــام نــەوت نەبوو بە ماییەی خێر و خۆشی بۆ خـــەڵكی كوردســتان .

لەســـەرەتادا كاتێـــك سەركردایـــەتی سیــاسی كوردستان لە حوزەیرانی ســـاڵی 2009 بـریاری رەوانەكردنی نەوتی دا بۆ دەرەوە ئـەمە هەنــگاوێكی گرنـگ بوو لەرووی ئابووریەوە بۆ هەرێمی كوردســتان ، چونكە نەوت بۆ ژێرخانی ئابووری هەر ولاتێك سێكتەرێكــی داهـــاتی بــەهێزە ، ئەو ولاتـانەی نەوت تیاندا بە درووستی بەكارهێنراوە هەمیــشە نەوت بۆیان بووە بە مایــیەی ئارامـــی و خۆشـــگوزەرانی و بـــەهێز بــوون و پاراســـتنی ئاســـایشی سیــادەی دەولەت .

یەكێتی نیشتیمانی كوردســـتان ســـەرباری كێــشمە كێشــمی زۆر و ئاڵنـــگاریـــەكان بـــەردەوام پشتــگیری بـــازاری ئـــازاد و هەناردەكـــردنی نـــەوت بـــووە ، بەشێـــوەیەكی شـــەفاف و تەندرووست ، چونكە یەكێـتی خۆیی بە خاوەنی بیرۆكەی دەرهێنانی نەوت دەزانێت لە پێناو دەستەبەركردنی ژێرخانی ئابـــوریەكی بەهێـز بۆ هەرێمـــی كوردســــتان.

بەڵام بەداخـــەوە ئەوەی لە چــەند رۆژی رابـردوو لە راپۆرتی كۆمــپانیایی دیــلۆیــت ـ مــان بــینی ســـەبارەت بە داهات و خەرجیـــەكانی نـــەوت ، مـرۆڤ توشی شۆك دەبـــێت، ئەگەر بێت و سەیری شــیكاری داهـــات و خـەرجیەكانی دەرهێنانی نەوت و جیـاوازی نێـــوان هـــەناردەكـــردن و بــەبازار كردنی نــەوت لەگـــەڵ عیراق بكەیـــن لەساڵـــی 2019 دەبینـــین:

[ كـــرێی بـــۆری نـــەوتی كـوردستــــان و تـــوركیــا ( 13%)

قـــەرزی تـــوركیاو كۆمپــــانیاكانی كـــریاری نـــەوت( 16%)

قــــەرزی كۆمپانیا ناوخۆییەكان كـــارەبا و پاڵاوگەكان(9% )

حەقدەستی كۆمپانــــیاكانی بەرهەمــهێنانی نـــەوت (30%)

خــــەرجـــی گــــۆریـــنــــەوەی دۆلار بــــۆ دیـــنــــار ( 2%)

پوختەی داهاتی ماوە بۆ مووچە وخەرجی حكومەت(30%)

كـــۆی گـــــشتـــی دەكـــات بــــە (100%) ]

ئەمـــە تـــەواو بـــە مـــانـایی بە هەدەردانی ئابووری هەرێمی كوردســـتانە ، بەتـــەواوی پێچەوانەی بەهێز بوونی ئابوریە ، دەتوانـــین بڵـــێن نـــەوت لە ئێســتادا بەم شێوەیە نە دەبێتە ماییەی خۆشگوزەرانی بۆ خـــەلكی كوردســـتان و نــە بۆ ژێر خـــانی ئابــــوریەكـــی بەهـــێز ، بەڵكـو سودی تەنها بۆ چەند كۆمپانیایەك و هەندێــــك وڵاتە ، دەرئـەنجام بـۆتە ماییەی سـزادانی خەلكی هەرێمی كوردستان بە هۆیی هەناردەكردنی نەوت وە رێك نەكـــەوتنی حكـومەتی هـەرێم لەگـەڵ بەغدا.

بۆیە پــێویستە لــە ئَێستـــادا ئەم خاڵانە تیشكی بخرێتە سەر

① ـ هەنـــاردەكــردنی نەوت بەم شێوەیە كۆمەڵێك رهەندی تری ترسنـــاك لەخۆیی دەگرت پێویســتە لە داهاتوودا لە گەڵ بەغـــدا لەســـەری رێكبـكەویــن .

②ـ كـــاركردن لــەســـەر پرۆژە یاسایی نەوت و گاز كە وەك نەخشە رێگایەكە بۆ چارەسەری بنەرەتی كێشەكان و دووبارە نەبوونەوەی كە بەردەوام بۆتە مایـــیەی ترس و دڵەراوكێ .

③ ـ پێـــویستە هەرێمــی كوردستان پابەندی رێكەوتنەكانی بێت لە گەڵ بەغدا هەروەكو لە رێكەوتنی ئۆكتۆبەری 2020 باسی لێوەكراوە ، ئەویش بە رادەست كردنی نەوت و نیوەیی داهاتە نا نــەوتیـــەكان ، بـــۆ وەرگرتنــی شایستــە دارایەكانی لە مانـــگی 1 ئەم ســـاڵ بۆ خۆشگوزەرانی هاولاتیان و دابین كـــردنی موچـــەی موچە خۆران .

لە كۆتاییـــدا دەتـــوانم بڵێـــم ، ئەگەر حكــــومــەتی هەرێمی كوردســـتان ســــیاســـەتێـــكی حەكیــمانەو ژیــرانە و تەواو زانستیـــیانە و شەفـــاف بگرێتـە بەر و نەوت رادەست بكات بەپێی رێـــكەوتــن و پشـــكی خـــۆیی بكـــات بــە داینەمۆی بــــوژانەوە‌ی هەرێمی كوردستان ئەوا ساڵێكی پر لە ئاسودەی و خۆشگوزەرانـــی بۆ هـــاولاتیان و موچـــە خۆران فـەراهەم دەكات ، لەهـــەمان كــاتدا حكومەتی فیدراڵ مولزەم دەكرێت بە دابـــین كـــردنی شایســـتە دارایەكـــانی حكومـەتی هەرێم و دانەوەی قەرزی جوتیاران و دابین كردنی موچـــەی مــوچە خـــۆران ، بـــە پـێچەوانەوە ئەگەر هەروەكو ئێستا بەردەوام بێت، ئـەوا بـەدڵنییایەوە ئەم نەوتە دەبێتە ماییەی زیاتر ئازار دان و سزادانــنێكی تــر بــۆ گـــەلەكـــەمان .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

گەرمیان.. هەوڵێكی سووتاندنی زیندانی گرتن و گواستنەوە شكستی پێهێنرا

خەڵك – بەشی هەواڵ

لەگرتن و گواستنەوەی گەرمیان ،ھەوڵی سوتاندنی زیندانەكەیاندا و پۆلیس كۆنتڕۆڵی زیندانەكەی كردووە.

ڕائید سلێمان عەزیز بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان بە كەناڵی فەڕمی یەكێتی ڕاگەیاند، گۆڕینی سیستمی پێدانی مۆبایل بەزیندانیەكانیانمان گۆڕیوە، بەشێك لە زیندانییەكان ئەمەیان پێ ناخۆش بووە، بەشێكی تری زیندانیەكان ئەمەیان بەھەل زانیوە، ھەوڵیانداوە چەند بەتانیەكی ناو ھۆڵی ژوورەكەیان بسوتێنن، ھەرزوو پۆلیسی زیندان چوونەتە ژورەوە و توانیویانە كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بكەن.

ڕائید سلێمان عەزیز ئاماژەی بەوەشدا، بیانووی ئەو ھەوڵەی زیندانییەكان بۆ ئەوەبووە كە داوادەكەن دادگایی بكرێن، چونكە پێیان واییە ماوەیەكی زۆرە لەزیندانن و دادگاییكردن و یەكلایكردنەوەی كەیسەكانیان دواكەوتووە.

بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان ڕوونیشی كردەوە، تەنھا لەیەك ھۆڵی زیندانەكە ئەم ھەوڵە دراوە لەلایەن چەند ئاژاوەگێڕێكەوە، بەلام ڕێگەنەدراوە بەتانی و كەلوپەلەكان بسوتێنرێن و ئەو زیندانیانەش لەلایەن دادوەرەوە كەیسی تریان بۆ كراوەتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ئەمریكا پێداویستی سەربازی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت: ئەمریكا پێداویستی سەربازی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاندووە، كاروانێكی نوێی هاوكاری لۆجستی و سەربازیی هێزەكانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە خاكی عیراقەوە بەرەو ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێكەوتوون.

ڕوانگەكە باسی لەوەش كردووە، كاروانەكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە 35 بارهەڵگری باركراو بە كەلوپەلی لۆجستی و سەربازیی و تانكەری سووتەمەنی پێكهاتوون و لە دەروازەی سنووری وەلیدی نێوان عیراق و سوریا و عیراق و ئوردنەوە بەرەو شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێكەوتوون، دواتر ڕوویان كردووەتە بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە حەسەكە و دێرەزوور.

جێی ئاماژەیە، ڕۆژی 10ی ئەم مانگەش كاروانێكی تری هێزەكانی سەربە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی كە لە 25 بارهەڵگر پێكهاتبوو و كەلوپەلی لۆجستی و چەكی قورسی وەك تۆپ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشیان پێبووە لە هەرێمی كوردستانەوە ڕوویان كردبووە بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانان لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان كرد، دواتر بەرەو كێڵگەی نەوتیی (عومەر و كۆنیكۆ) لە دێرەزوور بەڕێكەوتبوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان