ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

سریەی بەرگری كیمیاوی وەزارەتی پێشمەرگە: دەنگۆی بەكارھێنانی گازی سارین لە عیراق و كوردستان و ئێران درۆیەكی شاخدارە

خەڵك – بەشی هەواڵ

سریەی بەرگری كیمیاوی وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایدەگەیەنێت:”دەنگۆی بەكارھێنانی گازی سارین لە عیراق و كوردستان و ئێران لەلایەن وڵاتە زلهێزەكانەوە درۆیەكی شاخدارە”.

سریەی بەرگری كیمیاوی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت:”بەھیچ شێوەیەك گازی سارین توانای بڵاوبوونەوەی نییە لە مرۆڤێك بۆ مرۆڤێكی تر وەك ڤایرۆسی كۆرۆنا. ئەوەی كەمێك شارەزایی ھەبێت دەزانێت جیاوازی نێوان گازە كیمیاوییەكان و ڤایرۆس چییە، ئەگەر گازی سارین دژی شارێك بەكاربهێنرێت دەستبەجێ شارەكە ھەموی وێران دەبێت خەلكێكی زۆر دەمرێت، نەك لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر بگوازرێتەوە”.

هاوكات، سریەی بەرگری كیمیاوی وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونیشیدەكاتەوە: بەداخەوە، ھەندێك پەیچ و ئەكاونت بۆ دەستھێنانی لایك و كۆمێنت ئەم جۆرە پۆستە درۆیانە بڵاودەكەنەوە بۆ ترساندنی خەڵك و لێرەوە، داوا لە پێشمەرگە قارەمانەكان و برایانی پۆلیس و ئاسایش دەكەین بەردەوام بن لە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان ھیچ مەترسییەك لەسەرتان نییە، ئەو ھەواڵانەی بڵاودەكرێنەوە ڕاست نین و ھیچ بنەماییەكی زانستی نییە”.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

گازی سارین GB – Sarin و چەند زانیارییەك

دەنگۆی بەكارھێنانی گازی سارین لە عیراق و كوردستان و ئێران لە لایەن وڵاتە زڵھێزەكانەوە درۆیەكی شاخدارە، و ئەسل و ئەساسی نیە.

گازی سارین گازێكی كیمیاویە، بەشێوەی شل و غازیش ھەیە، كاریگەری لە سەر دەمار و مێشك (ئەعساب)ی مرۆڤ دەكات، ئەم گازە وەك چەكێكی كیمیاوی دادەندرێت لە بواری سەربازیدا، لەسەر ئاستی جیھان بە چەكێكی كۆمەڵكوژ دادەندرێت و قەدەغەیە بەكاربھێنرێت. لە ساڵی ١٩٣٨ لە ئەڵمانیا بۆ یەكەم جار دۆزرایەوە.

گازی سارین بێ بۆن و بێ تام و بێ رەنگە، لە ھەوا قورسترە و لە شوێنە نزمەكان دەمێنێتەوە، توانای بڵاوبوونەوەی زۆری نیە، بۆ خۆپاراستن لێی باشترە بچێتە شوێنە بەرزەكان نەك لە ژوورەوە خۆی حەشاربدەی.

ھەڵمژینی ئەم گازە یان بەر پیست كەوتنی دەبێتە ھۆی تێكدانی مێشكی مرۆڤ، و وەستانی دڵ و كۆئەندامی ھەناسە، نیو میلیگرام بەسە بۆ كوشتنی كەسێك.

نیشانەكانی بەركەوتووی گازی سارین:
شەلەل، گرژبوونی ماسولكە، ژانە سەرێكی زۆر، بچوك بونی بیلبیلەكانی چاو، ئارەقەكردن، تشنج، كۆكە و تەنگە نەفەسی، ئاوی لووت و فرمێسكی جاو، سوتانی پیست، مێزكردن و سكچوون و ڕشانەوە، خێرایی لێدانی دڵ … لە ئەنجامی ھەموو ئەم كاریگەریانە، دەبێتە ھۆی مردنی مرۆڤ و گیانلەبەران.

بۆیە، بەھیچ شێوەیەك گازی سارین توانای بلاوبوونەوەی نیە لە مرۆڤێك بۆ مرۆڤێكی تر وەك ڤایرۆسی كۆرۆنا. ئەوەی كەمێك شارەزایی ھەبێت دەزانێت جیاوازی نێوان گازە كیمیاوییەكان و ڤایرۆس چیە، ئەگەر گازی سارین دژی شارێك بەكاربھێنرێت دەستبەجێ شارەكە ھەموی وێران دەبێت خەلكێكی زۆر دەمریت، نەك لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر بگوازرێتەوە.

بەداخەوە، ھەندێك پەیچ و ئەكاونت بۆ دەستھێنانی لایك و كۆمێنت ئەم جۆرە پۆستە درۆیانە بڵاودەكەنەوە بۆ ترساندنی خەلك.

لێرەوە، داوا لە پیشمەرگە قارەمانەكان و برا پۆلیس و ئاسایش دەكەین بەردەوام بن لە جێبەجێكردنی رێنماییەكان ھیچ مەترسیەك لەسەرتان نیە، ئەو ھەواڵانەی بڵاودەكرێنەوە راست نین و ھیچ بنەماییەكی زانستی نیە.

شایەنی باسە، گازی سارین لە لایەن ڕژێمی سەدام حسین لە شاری ھەڵەبچەی شەھید بەكارھێنرا، ھەروەھا بەپێی زانیارییەكان ڕژێمی بەشار ئەسەد دژی خەلكەكەی خۆی بەكارھێنا.

تكایە پابەندبن بە ڕێنماییەكان

سریەی بەرگری كیمیاوی وەزارەتی پێشمەرگە
4 ی نیسان 2020

ئابوری

نوێنەرێك سێ‌ پێشنیار بۆ حكومەتی هەرێم دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانى عيراق لە فڕاكسیۆنی یەكێتی دەڵێت:”مەلەفی نەوت زۆر هەڵدەگرێت و زۆریشی لەسەر نووسراوە، بەڵام دەرەنجام نەوت نەبووە بە مایەی خێر و خۆشی بۆ خەڵكی كوردستان”.

هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فڕاكسیۆنی یەكێتی لە نووسینێكدا ئاماژەی بەوەداوە:”بەداخەوە ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت بینیمان سەبارەت بە داهات و خەرجیيەكانی نەوت، مـرۆڤ تووشی شۆك دەبێت”.

ئەو نوێنەرە لە نووسینەكەشیدا سێ‌ پێشنیاری بۆ حكومەتی هەرێم كردووە بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی دارایی و ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران.

 

دەقی نووسینەكەی هەرێم كەمال ئاغا:

 

مەلەفی نــەوت زۆر هـــەڵدەگـرێت زۆریش لەسەری نوسراوە بەڵام دەرئــەنجــام نــەوت نەبوو بە ماییەی خێر و خۆشی بۆ خـــەڵكی كوردســتان .

لەســـەرەتادا كاتێـــك سەركردایـــەتی سیــاسی كوردستان لە حوزەیرانی ســـاڵی 2009 بـریاری رەوانەكردنی نەوتی دا بۆ دەرەوە ئـەمە هەنــگاوێكی گرنـگ بوو لەرووی ئابووریەوە بۆ هەرێمی كوردســتان ، چونكە نەوت بۆ ژێرخانی ئابووری هەر ولاتێك سێكتەرێكــی داهـــاتی بــەهێزە ، ئەو ولاتـانەی نەوت تیاندا بە درووستی بەكارهێنراوە هەمیــشە نەوت بۆیان بووە بە مایــیەی ئارامـــی و خۆشـــگوزەرانی و بـــەهێز بــوون و پاراســـتنی ئاســـایشی سیــادەی دەولەت .

یەكێتی نیشتیمانی كوردســـتان ســـەرباری كێــشمە كێشــمی زۆر و ئاڵنـــگاریـــەكان بـــەردەوام پشتــگیری بـــازاری ئـــازاد و هەناردەكـــردنی نـــەوت بـــووە ، بەشێـــوەیەكی شـــەفاف و تەندرووست ، چونكە یەكێـتی خۆیی بە خاوەنی بیرۆكەی دەرهێنانی نەوت دەزانێت لە پێناو دەستەبەركردنی ژێرخانی ئابـــوریەكی بەهێـز بۆ هەرێمـــی كوردســــتان.

بەڵام بەداخـــەوە ئەوەی لە چــەند رۆژی رابـردوو لە راپۆرتی كۆمــپانیایی دیــلۆیــت ـ مــان بــینی ســـەبارەت بە داهات و خەرجیـــەكانی نـــەوت ، مـرۆڤ توشی شۆك دەبـــێت، ئەگەر بێت و سەیری شــیكاری داهـــات و خـەرجیەكانی دەرهێنانی نەوت و جیـاوازی نێـــوان هـــەناردەكـــردن و بــەبازار كردنی نــەوت لەگـــەڵ عیراق بكەیـــن لەساڵـــی 2019 دەبینـــین:

[ كـــرێی بـــۆری نـــەوتی كـوردستــــان و تـــوركیــا ( 13%)

قـــەرزی تـــوركیاو كۆمپــــانیاكانی كـــریاری نـــەوت( 16%)

قــــەرزی كۆمپانیا ناوخۆییەكان كـــارەبا و پاڵاوگەكان(9% )

حەقدەستی كۆمپانــــیاكانی بەرهەمــهێنانی نـــەوت (30%)

خــــەرجـــی گــــۆریـــنــــەوەی دۆلار بــــۆ دیـــنــــار ( 2%)

پوختەی داهاتی ماوە بۆ مووچە وخەرجی حكومەت(30%)

كـــۆی گـــــشتـــی دەكـــات بــــە (100%) ]

ئەمـــە تـــەواو بـــە مـــانـایی بە هەدەردانی ئابووری هەرێمی كوردســـتانە ، بەتـــەواوی پێچەوانەی بەهێز بوونی ئابوریە ، دەتوانـــین بڵـــێن نـــەوت لە ئێســتادا بەم شێوەیە نە دەبێتە ماییەی خۆشگوزەرانی بۆ خـــەلكی كوردســـتان و نــە بۆ ژێر خـــانی ئابــــوریەكـــی بەهـــێز ، بەڵكـو سودی تەنها بۆ چەند كۆمپانیایەك و هەندێــــك وڵاتە ، دەرئـەنجام بـۆتە ماییەی سـزادانی خەلكی هەرێمی كوردستان بە هۆیی هەناردەكردنی نەوت وە رێك نەكـــەوتنی حكـومەتی هـەرێم لەگـەڵ بەغدا.

بۆیە پــێویستە لــە ئَێستـــادا ئەم خاڵانە تیشكی بخرێتە سەر

① ـ هەنـــاردەكــردنی نەوت بەم شێوەیە كۆمەڵێك رهەندی تری ترسنـــاك لەخۆیی دەگرت پێویســتە لە داهاتوودا لە گەڵ بەغـــدا لەســـەری رێكبـكەویــن .

②ـ كـــاركردن لــەســـەر پرۆژە یاسایی نەوت و گاز كە وەك نەخشە رێگایەكە بۆ چارەسەری بنەرەتی كێشەكان و دووبارە نەبوونەوەی كە بەردەوام بۆتە مایـــیەی ترس و دڵەراوكێ .

③ ـ پێـــویستە هەرێمــی كوردستان پابەندی رێكەوتنەكانی بێت لە گەڵ بەغدا هەروەكو لە رێكەوتنی ئۆكتۆبەری 2020 باسی لێوەكراوە ، ئەویش بە رادەست كردنی نەوت و نیوەیی داهاتە نا نــەوتیـــەكان ، بـــۆ وەرگرتنــی شایستــە دارایەكانی لە مانـــگی 1 ئەم ســـاڵ بۆ خۆشگوزەرانی هاولاتیان و دابین كـــردنی موچـــەی موچە خۆران .

لە كۆتاییـــدا دەتـــوانم بڵێـــم ، ئەگەر حكــــومــەتی هەرێمی كوردســـتان ســــیاســـەتێـــكی حەكیــمانەو ژیــرانە و تەواو زانستیـــیانە و شەفـــاف بگرێتـە بەر و نەوت رادەست بكات بەپێی رێـــكەوتــن و پشـــكی خـــۆیی بكـــات بــە داینەمۆی بــــوژانەوە‌ی هەرێمی كوردستان ئەوا ساڵێكی پر لە ئاسودەی و خۆشگوزەرانـــی بۆ هـــاولاتیان و موچـــە خۆران فـەراهەم دەكات ، لەهـــەمان كــاتدا حكومەتی فیدراڵ مولزەم دەكرێت بە دابـــین كـــردنی شایســـتە دارایەكـــانی حكومـەتی هەرێم و دانەوەی قەرزی جوتیاران و دابین كردنی موچـــەی مــوچە خـــۆران ، بـــە پـێچەوانەوە ئەگەر هەروەكو ئێستا بەردەوام بێت، ئـەوا بـەدڵنییایەوە ئەم نەوتە دەبێتە ماییەی زیاتر ئازار دان و سزادانــنێكی تــر بــۆ گـــەلەكـــەمان .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

گەرمیان.. هەوڵێكی سووتاندنی زیندانی گرتن و گواستنەوە شكستی پێهێنرا

خەڵك – بەشی هەواڵ

لەگرتن و گواستنەوەی گەرمیان ،ھەوڵی سوتاندنی زیندانەكەیاندا و پۆلیس كۆنتڕۆڵی زیندانەكەی كردووە.

ڕائید سلێمان عەزیز بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان بە كەناڵی فەڕمی یەكێتی ڕاگەیاند، گۆڕینی سیستمی پێدانی مۆبایل بەزیندانیەكانیانمان گۆڕیوە، بەشێك لە زیندانییەكان ئەمەیان پێ ناخۆش بووە، بەشێكی تری زیندانیەكان ئەمەیان بەھەل زانیوە، ھەوڵیانداوە چەند بەتانیەكی ناو ھۆڵی ژوورەكەیان بسوتێنن، ھەرزوو پۆلیسی زیندان چوونەتە ژورەوە و توانیویانە كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بكەن.

ڕائید سلێمان عەزیز ئاماژەی بەوەشدا، بیانووی ئەو ھەوڵەی زیندانییەكان بۆ ئەوەبووە كە داوادەكەن دادگایی بكرێن، چونكە پێیان واییە ماوەیەكی زۆرە لەزیندانن و دادگاییكردن و یەكلایكردنەوەی كەیسەكانیان دواكەوتووە.

بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان ڕوونیشی كردەوە، تەنھا لەیەك ھۆڵی زیندانەكە ئەم ھەوڵە دراوە لەلایەن چەند ئاژاوەگێڕێكەوە، بەلام ڕێگەنەدراوە بەتانی و كەلوپەلەكان بسوتێنرێن و ئەو زیندانیانەش لەلایەن دادوەرەوە كەیسی تریان بۆ كراوەتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ئەمریكا پێداویستی سەربازی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت: ئەمریكا پێداویستی سەربازی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاندووە، كاروانێكی نوێی هاوكاری لۆجستی و سەربازیی هێزەكانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە خاكی عیراقەوە بەرەو ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێكەوتوون.

ڕوانگەكە باسی لەوەش كردووە، كاروانەكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە 35 بارهەڵگری باركراو بە كەلوپەلی لۆجستی و سەربازیی و تانكەری سووتەمەنی پێكهاتوون و لە دەروازەی سنووری وەلیدی نێوان عیراق و سوریا و عیراق و ئوردنەوە بەرەو شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێكەوتوون، دواتر ڕوویان كردووەتە بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە حەسەكە و دێرەزوور.

جێی ئاماژەیە، ڕۆژی 10ی ئەم مانگەش كاروانێكی تری هێزەكانی سەربە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی كە لە 25 بارهەڵگر پێكهاتبوو و كەلوپەلی لۆجستی و چەكی قورسی وەك تۆپ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشیان پێبووە لە هەرێمی كوردستانەوە ڕوویان كردبووە بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانان لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان كرد، دواتر بەرەو كێڵگەی نەوتیی (عومەر و كۆنیكۆ) لە دێرەزوور بەڕێكەوتبوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان