ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

سەرۆك كۆماری عیراق: ڤایرۆسی كۆرۆنا پێویستی بە كاردانەوەی نێودەوڵەتی هەیە

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆك كۆماری عیراق بەشداریكرد لە كۆبوونەوەیەكی باڵا سەبارەت بە دابینكردنی بودجە بۆ بەگژداچوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

‏‎ د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٠/٥/٢٨ بەشداریكرد لە كۆبوونەوەی باڵا سەبارەت بەدابینكردنی بودجە بۆ بەگژداچوونەوەی پەتای كۆرۆنا، لەسەر بانگهێشتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و سەرۆك وەزیرانی كەنەدا و جامایكا.

‏‎سەرۆك كۆمار لە وتەكەیدا كە لەڕێگەی كۆڕبەندێكی تەلەڤیزیۆنییەوە پێشكەشیكرد ڕایگەیاند، گۆڕینەوەی بیروڕا و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پەرەپێدانی بەردەوام لەسەردەمی ڤایرۆسی كۆرۆنادا ئەركێكی گرنگ و هەنوكەییە بۆ جیهان.

لە میانی ئەو كۆڕبەندەدا كە هەر یەك لە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا و ئەنگێلا مێركڵ ڕاوێژكاری ئەڵمانیا و جوزیبی كۆنتی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا و دەیڤد مالباس سەرۆكی بانكی نێودەوڵەتی و ژمارەیەكی تر لە سەركردەی وڵاتانی جیهان بەشداربوون، سەرۆك كۆمار ئاماژەیكرد بۆ ئەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی كە وەك كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی دەبینەوە ئاڵنگارییەكی گەورە و كتوپڕن، بەڵام دەكرێت ئەم ئاڵنگاریانە كەم بكرێنەوە بەو هەوڵە یەكگرتوو و زۆرەی كە داومانە كە بەشێك پێیان وایە ئەمە بابەتێكی ناوخۆییە و لێگەڕێن هەر دەوڵەتێك چارەسەری كێشەی خۆی بكات سەرەڕای ئەوەی كە كاریگەری ڤایرۆسەكە ناخۆییە، بەڵام قەیرانەكە قەیرانێكی جیهانییە، بۆیە پێویستی بە كاردانەوەی نێودەوڵەتی هەیە.

سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە دەزانین كە ئەو ڕێگایە لە پێشمانە دوور و سەختە، بەڵام هیچ بژاردەیەكی تر جگە لە زاڵبوون و سەركەوتن لە بەردەممان نییە، بۆیە پێویستە بەوپەڕی گرنگی و تواناوە ئەو دەرەنجامانە بەدیبهێنین و ئەگەر واشنەكەین ئەوا لە بەردەم گەلەكەمان و بە تایبەتیش لاوەكانمان شەرمەزار دەبین.

 

دەقی وتەكەی سەرۆك كۆمار:

خوشك و برایانی ئازیز

بەڕێزان…

ئەمەوێت سوپاسگوزاری ستایشی قوڵی خۆم بگەیەنم بە سەرۆك وەزیرانی كەنەدا و جامایكا و سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕێكخستنی ئەم كۆبوونەوە گرنگە.

گۆرینەوەی بیروڕا و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پەرەپێدانی بەردەوام لەسەردەمی ڤایرۆسی كۆرۆنادا ئەركێكی گرنگ و هەنوكەییە بۆ جیهان لە كاتێكدا كە رووبەڕووی ئەم پەتاو بەڵایە دەبێتەوەو ئاستەنگی ئابووری و كۆمەڵایەتی لە دوای خۆی جێ دەهێڵێت، ئەو ئاڵنگارییانەی كە وەك كۆمەڵگای نێودەوڵەتی رووبەڕووی دەبینەوە ئاڵنگارییەكی گەورەو كتوپڕن بە تایبەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی تازە گەشەسەندوو كە كاریگەرییەكانی ڤایرۆسەكە چاوەڕوان دەكرێت بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ تر بەردەوام بێت و زەرەر و زیانی زیاتری لێبكەوێتەوە چونكە كاریگەریەكانی ژێرخانی تەندروستی دەخاتە بەر ئەركێكی قورس.

بەڵام دەكرێت ئەم ئاڵنگاریانە كەم بكرێنەوە بەو هەوڵە یەكگرتوو و زۆرەی كە داومانە كە بەشێك پێیان وایە ئەمە بابەتێكی ناوخۆییە و لێگەڕێن هەر دەوڵەتێك چارەسەری كێشەی خۆی بكات سەرەڕای ئەوەی كە كاریگەری ڤایرۆسەكە ناخۆییە، بەڵام قەیرانەكە قەیرانێكی جیهانییە بۆیە پێویستی بە كاردانەوەی نێودەوڵەتی هەیە، ئێمە پێویستمانە كۆدەنگ بین لە پابەندبوونمان لە بەگژداچوونەوەی Covid 19 بە دۆزینەوەی ڤاكسین بۆ ئەو پەتایە و چاككردنەوەی باری ئابووریمان هەنگاو بە هەنگاو، ھاوكات ئەو بابەتانەی كە باس دەكرێن لەم كۆڕبەندەدا بابەتی جەوهەرین بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە.

وڵاتەكەی ئێمە لە هەوڵدایە بە بەردەوامی شانبەشانی دەوڵەتانی دیكە لە تەواوی جیهان بە مەبەستی كێشانی كاروانی دەربازبوون لەم قەیرانەی ئێستا، ئەو ڕێوشوێنانەی كە گرتوومانەتە بەر بۆ سنورداركردنی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چوارچێوەی سنورەكانمان ئەگەر بەروارد بكرێت پرۆسەكە بە شێوەیەكی رێژەیی تا ئێستا سەركەوتوو بووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەستمان بە كاریگەری زۆر كردووە كە ئەم پەتایە لەسەر ئابووری دروستیكردووە و داواكارییەكان بۆ لێكدورخستنەوەی كۆمەڵایەتی بووە مایەی ئەوەی كە بەشێكی زۆر لە كەرتەكانی ئابووری بوەستێنێت، ھەروەھا بە گوێرەی هەڵسەنگاندنەكانی بانكی نێودەوڵەتی ژمارەی عێراقییەكان ئەوانەی لە ژێر هێڵی هەژاریەوەن كەمترە لە 20% لە ساڵی 2019 دا و وە بەرز بووەتەوە بۆ ٪40 لە ئێستادا، بۆیە عێراق ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێك بووەتەوە، كەمبوونەوەی داواكاری ناوخۆیی بەهۆی ئەو ئاستەنگانەی سەپێنراون بۆ بەرەنگاربوونەوەی Covid19، دابەزینی بێسنووری نرخی نەوت لە مانگی ئازارەوە، هەروەها دابەزینی تەواو لە بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق كە بە رێژەی 23% كەمیكردووە وەك بەشێك لە رێككەوتننامەی ئۆپێك لە مانگی نیساندا.

بۆیە پشتبەستنمان بە داهاتەكانی نەوت ئەوە دەگەیەنێت كە سەرچاوەی داهات و بودجەكەمان بە رێژەی 70% كەمیكردووە ئەگەر بەروارد بكرێت بە ئاستی پێش قەیرانەكە، بەو پێیە دەمانەوێ كە رێوشوێنی بەپەلە بگرینە بەر بۆ چارەسكردنی ئەو دۆخە، ھاوكات پێویستە وەك دەرەنجامێكی دیار كە خەرجییەكان كەمبكەینەوە و بە ئەگەری زۆرەوە لەمساڵدا كورتهێنانی بودجە دروست دەبێت، بۆیە بە راكێشانی پاشكەوت و زیادكردنی قەرز چاوەڕوان دەكرێت ئابووریەكەمان بە نزیكەی 10% بۆ 2020 كورتبهێنێ و چاوەڕوانیش دەكرێت لە ساڵی 2021 دا تا ڕادەیەك بگەڕێتەوە باری ئاسایی.

ئەم دۆخە هەمووی لە كاتێكدایە كە عێراق بە دۆخێكی هەستیاردا تێئەپەڕێت، عێراق تائێستا بە دۆخی راگوزەردا تێدەپەڕێت، توانیومانە بەسەر شەڕی ناوخۆ و توند و تیژی و تیرۆر زاڵ بین بە تایبەتیش بەسەر هەڕەشەی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام تا ئێستاش هەوڵەكان بۆ دووبارە بونیادنانەوە بەردەوامە.

خۆپیشاندانە میللییەكان لە بەھار و زستانی رابردوودا و ئەو هەموو قوربانییە زۆرە كە لێیكەوتەوە كارەساتباربوو، بیرهێنانەوەیەكی گەورەبوو كە دان بەخۆدا گرتنی گەلی عێراق سنووردارە.

خەڵك ئامادەیە قوربانی بدات بە ژیانی خۆی لەپێناو بەدیهێنانی داهاتوویەكی خۆشگوزەران و باشتر، بۆیە ئەركی ئێمە وەك سەركردایەتی كورت دەكەینەوە لە بەدیهێنانی داواكاریەكانیان كە ئەمەش ئەركێكی ئاسان نییە، وەك لێكدانەوە.

 

عێراق

د.بەرهەم ساڵح سامانی خۆی ئاشكرادەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆك كۆماری عیراق، فۆڕمی ئاشكراكردنی سامانی خۆی بۆ دەستەی دەستپاكی پڕ كردەوە.

دەستەی دەستپاكی لە عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، د.بەرھەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق لە فۆڕمێكدا كە ئاڕاستەی دەستەكەی كردووە، تیایدا سامانی دارایی خۆی ئاشكراكردووە.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لە كۆتایی ساڵی 2019دا وردەكاری ھەمواری یەكەمی یاسای دەستەی دەستپاكی ژمارە 30ی بۆ ساڵی 2011 خراوەتەڕوو ئەوەش دوای ئەوەی كە، ھەمواركردنەوەكە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران بەپێی بەندی یەكەم لە ماددەی 61 و بەندی سێ لە ماددەی 73ی دەستوور پەسەندكرابوو.

لە كۆتایی ڕاگەیاندراوەكەدا ھاتووە:”لە ماددەی (61/یەكەم/ج) لە یاسای دەستەی دەستپاكی ئاماژە بەوەدراوە كە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیرەكان لەگەڵ لێپرسراوانی تر ناچاركراون لەوەی دەبێت سامانی دارایی خۆیان ئاشكرا بكەن”.

پێشتر، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، فۆڕمی ئاشكراكردنی سامانی خۆی بۆ دەستەی دەستپاكی عیراق پڕ كردبووەوە و سامانی دارایی خۆی بۆ دەستەكە ئاشكراكردبوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

نوێنەران داوا دەكات نرخی نەوت لە بودجەدا زیادبكرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی ئەو نرخەی كە لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021دا بۆ بەرمیلێك نەوت دانراوە زیادبكرێت.

دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاند، جیاوازییەكی زۆر لە نێوان ئەو نرخەی كە لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021دا بۆ بەرمیلێك نەوت دانراوە هەیە لەگەڵ ئەو نرخەی كە بەشێوەیەكی پراكتیكی دەفرۆشرێت و دەگاتە نزیكەی 15 دۆلار، بۆیە ناكرێت پڕۆژە یاسای بودجە بەو نرخەی حكومەت دیاریكردووە تێپەڕێنرێت.

عیساوی ئاماژە بەوەشدەكات، كە پێویستە لیژنەی دارایی نوێنەران بەڕاوێژكردن لەگەڵ حكومەت ئەو جیاوازییە زۆرەی لە نرخی دیاریكراوی نەوتدا هەیە كەمی بكەنەوە بۆ 5 تا 6 دۆلار.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ڕوونیشی كردووەتەوە، بەرزكردنەوەی نرخی نەوت لە پڕۆژە یاسای بودجەدا دەبێتەهۆی كەمكردنەوەی ئەو ڕێژە زۆرەی لە كورتهێنانی بودجەدا هەیە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

تەرمی 55 سەربازی شەڕی عیراق- ئێران ڕەوانەی وڵاتەكەیان كرانەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

حكومەتی عیراق لە دەروازەی (شەلامچە)ەوە تەرمی 55 سەربازی ڕادەستی كۆماری ئیسلامی ئێران كردەوە، كە لە شەڕی 8 ساڵەی نێوان عیراق- ئێران لە كۆتایی ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا كوژرابوون.

كازم یاسری، بەرپرسی دەروازەی شەلامچەی نێوان عیراق و ئێران لە سنووری پارێزگای بەسرا بە (ئەنادۆڵو)ی ڕاگەیاند، لایەنی عێراقی ئەمڕۆ بە شێوەیەكی فەرمی تەرمی 55 سەربازی كوژراوی ئێرانی، كە لە شەڕی عیراق- ئێران لە كۆتایی ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا كوژرابوون ڕادەستی دەسەڵاتدارانی تاران كردەوە.

ڕاشیگەیاند، ئەم تەرمانە بەم دواییانە لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان هەردوو وڵاتدا، كە جەنگەكانی تێدا ڕوویداوە دۆزراونەتەوە.

یاسری ئاماژەی بەوەشكردووە، نوێنەرانی مانگی سووری نێودەوڵەتی بەشدارییان لە پڕۆسەی ڕادەستكردنەوەی تەرمی سەربازە ئێرانییەكاندا كردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان