ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

بەرپرسێك بۆ سەرۆك كۆمار و سەرۆكی هەرێم: بیرتانەچێت عیراق تەنها بەغدا نیەو هەموو هەرێمیش تەنها هەولێر نیە

خەڵك-بەشی هەواڵ

بەرپرسێكی باڵای حزبی لە پارێزگای كەركوك نامەیەك ئاڕاستەی سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەنێرێت و ڕایدەگەیەنێت، وەك ئەركێكی مێژووی و لەئاستی بەرپرسیارێتی ئەو دوو پۆستە باڵایەی وەرتان گرتووە دەبێت یەكەم كارێ ئەنجامی بدەن یەكخستن و ڕێكخستنی ماڵی كوردە و دەبێت لەهەرێمی كوردستانەوە دەستپێبكەن، چونكە مەترسی ئێستا لەسەر قەوارەی هەرێم بەزەقی دەردەكەوێت.

دەقی نامەكە…
ڕێزدار سەرۆكی كۆماری عێراق د بەرهەم ئەحمەد صالح
ڕێزدار سەرۆكی هەرێمی كوردستان نیچیرڤان بارزانی
سڵاوو ڕێزمان …
وەك ئاگادارن، بەڕیزان ئێستا ناوچەكە بە چی دۆخێكدا تێدەپەڕێ لەسەختی ژیان دوای كۆرۆنا و ناسەقامگیری ناوچەكەو ناڕونی ئایندەی باری ژیان و گوزەرانی خەڵكی و نەبوونی ئاسۆیەكی ڕوون بۆ هەموو بابەتەكان بەتایبەت بۆ كوردانی جێناكۆكییەكان و بەتایبەت تر كەركوكییەكان، بۆیە دەمەوێت ئەم پەیامە ئاڕاستەی هەردوو بەڕێزتان بكەم كە خۆی لەچەند خالێكدا دەگرێتەوە :
یەكەم: وەك ئەركێكی مێژووی و لەئاستی بەرپرسیارێتی ئەو دوو پۆستە باڵایەی وەرتان گرتووە دەبێ یەكەم كارێ ئەنجامی بدەن یەكخستن و ڕێكخستنی ماڵی كوردە وەدەبێ لەهەرێمی كوردستانەوە دەست پێ بكەن جونكە مەترسی ئێستا لەسەر قەوارەی هەرێم بەزەقی دەردەكەوێ .
دووەم : بەحوكمی كاركردنتان پێكەوە لە كابینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهەموو كەس زیاتر پەیوەندیتان باشترە وە نزیكترین كەسن لەهەڵویست و ڕاوبۆچونتان وە پەیوەندییەكی زۆر باشتان هەیە لەگەڵ ئەمریكییەكان و وڵاتانی ڕۆژئاواو وڵاتانی ئیقلیمی و هەموو حزب و لایەنەكان بۆیە دەبێ فاكتەرێكی تەواو بن بۆ یەكهەڵویستی بۆ پرسە چارەنووسازەكان و گوێبیستی ڕاوبۆچوونەكانی هەموو لایانەكان بن بێ پەراویزخستن جارێ بەبیانوی ئۆپۆزسیۆن بوون و جارێ بەبیانووی لە بەغدا كورسییان نیە و ئۆمێدەوارین ئێوە ببنە دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی هەموو لایەنەكان نەك حزب و لایەنێكی دیاری كراو .
سێهەم: وەك وەبیرهێنانەوەیەك بۆتان كاتی خۆی مام جەلال روحی شاد سەرۆك كۆمار بوو ڕۆڵیكی زۆر باشی دەبینی لە چارەسەری كێشەكان بەتایبەت كاتی سەردانی شاری كەركوكی دەكرد لەگەڵ هەموو پێكهاتەكان كۆبوونەوەی دەكرد و گوبێستی تەواوی هەموو لایەنەكان دەبوو .
وەكاتێك كاك مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بوو سەردانی زۆری كەركوكی دەكردو بەرەكانی سەنگەری پێشمەرگەی بەسەر دەكردەوە و كۆبوونەوی لەگەڵ پێكهاتەكان و لایانە سیاسییەكان دەكردو هاوسەنگی تەواویان پاراستبوو لە كەركوك و بەغدا و هەرێم لەچاو ئێستا، بەڵام لەوەتەی هەدوو بەڕێزتان ئەو دوو پۆستە باڵەیەتان وەرگرتووە بە ووشەیەكیش باسی كەركوك یان سەردانی كەركوك یان دوزخورماتوو و ناوچەكانی دیكەتان نەكردووە .
وە بینیمان (كازمی) یەكەم سەردان كە كردی بۆ شاری كەركوك بوو وەزیاتر سەردانێكی سەربازی بوو و پەیامەكەی لەمكاتەدا زۆر خراپدا لەو سەردانەیدا، لەبیرتان نەچێت ئێوە سەركردەن، بەڵام نوێنەری كوردن هەموو عیراق تەنها بەغدا نیەو هەموو هەرێمیش تەنها هەولێر نیە .
چوارەم: ئەزموونی چەن ساڵەتان لە ئیدارە دانی هەرێم و ململانێی ناتەندروست و ناسروشتی ڕەنگدانەوەی خراپی هەبووە لە كەركوك و بەغدا بۆ قۆرغكاری پۆستەكان و شێوازی دەنگدان و یەكلاكردنەوەی كێشەكانی هەرێم و گواستنەوەی بۆ كەركوك و بەغداو ناوچە دابڕێنراوەكان ئەزموونێكی خراپە .
هەوڵدەن ئەو كێشانە كەوا زیاتر كارەساتی بۆ كەركوكییەكان دروست كردووە چارسەر بكرێت . ئەگینا ئێستا پاریزگارێكی كورد دەست بەكاربوو لە كەركوك و هەڵمەتی تەعریب و ڕاودوونانی كەركوكییەكان نەدەبوو و تاكو بگاتە ئاستی مەترسی لەسەر ژیانیان .
كەركوكییەكانتان پەراوێز خستووە زۆر توڕەن لێتان، چونكە هەست دەكەن حكومەتی فیدراڵ و هەرێم كێشەكانیان زۆرن ئەوانتان لەبیر كردووە .
پێنجەم : گومانم لەوە نیە ئەمە داواكاری هەموو حزبە كوردستانییەكانە لەكەركوك، چونكە من زیاتر لە ١٠ ساڵە لەو كۆبوونەوانە بەشدارم دەزانم ووردەكاری و ئەجێنداو و داواكاری ئەو كۆبوونەوانە چین .وە پشكی بەرپرسیارێتی زۆر دەكەوێتەسەر ئەستۆی ئێوە لەم قۆناغەدا .
شەشەم: دەبێت ئەجێندای وەفدی هەرێم كەبڕیارە لەگەڵ بەغدا و ئەمریكییەكان پێنج شەممە كۆببنەوە بۆ هەمواركردنەوەی ڕێكەوتنامەی بەغداو واشنتۆن نوێنەری كەركوك لەناو وەفدی ناوبراو هەبێت ئەو خاڵانە تایبەت بەهەرێمی كوردستانن لەگەڵ خاڵەكانی چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچە دابڕێنراوەكان یەك پاكیج بن و یەك دۆسی چارەسەر بكرێن .
حەوتەم: پشتگیری هەردوو بەرێزتان بۆ یاسای جاكسازی لە هەرێمی كوردستان ڕۆڵیكی گرنگی دەبێت دوای ڕێكەوتن لەگەڵ بەغدا چونكە گەندەڵی بەسستم و یاسا كراوە دەبێت سەراتاپا گۆڕانكاری ڕیشەیی بكرێت و دامودەزگا فەرمییەكان ڕۆڵی خۆیان ببینن بۆ ئەم مەبەسەتە .
ئەمەش دەستەبەر نابێت تاكو چارەسەری قەیرانی دارایی نەكرێت لەبەغداوە پێش هەموو شتێ و شەفافیەتی دۆسێی داهاتوو خەرجییەكان لە هەرێمی كوردستان بنە بر كردنی گەندەڵی .چونكە تورە بونی خەڵك زۆر بووە خەریكە دۆخەكە لەدەست دەردەچێت و نائۆمیدی ڕوویكردۆتە تاك بەتاكی خەڵكی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان و كەركوكییەكان و دەبێت ئەولەویەتی كارتان هەرێم كەركوك بەغدا بێت نەك بە پێچەوانەوە.

سەید حەسەن ئەمین شێخانی
ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی بزووتنەوی ئیسلامی لە كەركوك
لە ٩ حوزەیرانی ٢٠٢٠

ئابوری

نوێنەرێك سێ‌ پێشنیار بۆ حكومەتی هەرێم دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانى عيراق لە فڕاكسیۆنی یەكێتی دەڵێت:”مەلەفی نەوت زۆر هەڵدەگرێت و زۆریشی لەسەر نووسراوە، بەڵام دەرەنجام نەوت نەبووە بە مایەی خێر و خۆشی بۆ خەڵكی كوردستان”.

هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فڕاكسیۆنی یەكێتی لە نووسینێكدا ئاماژەی بەوەداوە:”بەداخەوە ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت بینیمان سەبارەت بە داهات و خەرجیيەكانی نەوت، مـرۆڤ تووشی شۆك دەبێت”.

ئەو نوێنەرە لە نووسینەكەشیدا سێ‌ پێشنیاری بۆ حكومەتی هەرێم كردووە بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی دارایی و ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران.

 

دەقی نووسینەكەی هەرێم كەمال ئاغا:

 

مەلەفی نــەوت زۆر هـــەڵدەگـرێت زۆریش لەسەری نوسراوە بەڵام دەرئــەنجــام نــەوت نەبوو بە ماییەی خێر و خۆشی بۆ خـــەڵكی كوردســتان .

لەســـەرەتادا كاتێـــك سەركردایـــەتی سیــاسی كوردستان لە حوزەیرانی ســـاڵی 2009 بـریاری رەوانەكردنی نەوتی دا بۆ دەرەوە ئـەمە هەنــگاوێكی گرنـگ بوو لەرووی ئابووریەوە بۆ هەرێمی كوردســتان ، چونكە نەوت بۆ ژێرخانی ئابووری هەر ولاتێك سێكتەرێكــی داهـــاتی بــەهێزە ، ئەو ولاتـانەی نەوت تیاندا بە درووستی بەكارهێنراوە هەمیــشە نەوت بۆیان بووە بە مایــیەی ئارامـــی و خۆشـــگوزەرانی و بـــەهێز بــوون و پاراســـتنی ئاســـایشی سیــادەی دەولەت .

یەكێتی نیشتیمانی كوردســـتان ســـەرباری كێــشمە كێشــمی زۆر و ئاڵنـــگاریـــەكان بـــەردەوام پشتــگیری بـــازاری ئـــازاد و هەناردەكـــردنی نـــەوت بـــووە ، بەشێـــوەیەكی شـــەفاف و تەندرووست ، چونكە یەكێـتی خۆیی بە خاوەنی بیرۆكەی دەرهێنانی نەوت دەزانێت لە پێناو دەستەبەركردنی ژێرخانی ئابـــوریەكی بەهێـز بۆ هەرێمـــی كوردســــتان.

بەڵام بەداخـــەوە ئەوەی لە چــەند رۆژی رابـردوو لە راپۆرتی كۆمــپانیایی دیــلۆیــت ـ مــان بــینی ســـەبارەت بە داهات و خەرجیـــەكانی نـــەوت ، مـرۆڤ توشی شۆك دەبـــێت، ئەگەر بێت و سەیری شــیكاری داهـــات و خـەرجیەكانی دەرهێنانی نەوت و جیـاوازی نێـــوان هـــەناردەكـــردن و بــەبازار كردنی نــەوت لەگـــەڵ عیراق بكەیـــن لەساڵـــی 2019 دەبینـــین:

[ كـــرێی بـــۆری نـــەوتی كـوردستــــان و تـــوركیــا ( 13%)

قـــەرزی تـــوركیاو كۆمپــــانیاكانی كـــریاری نـــەوت( 16%)

قــــەرزی كۆمپانیا ناوخۆییەكان كـــارەبا و پاڵاوگەكان(9% )

حەقدەستی كۆمپانــــیاكانی بەرهەمــهێنانی نـــەوت (30%)

خــــەرجـــی گــــۆریـــنــــەوەی دۆلار بــــۆ دیـــنــــار ( 2%)

پوختەی داهاتی ماوە بۆ مووچە وخەرجی حكومەت(30%)

كـــۆی گـــــشتـــی دەكـــات بــــە (100%) ]

ئەمـــە تـــەواو بـــە مـــانـایی بە هەدەردانی ئابووری هەرێمی كوردســـتانە ، بەتـــەواوی پێچەوانەی بەهێز بوونی ئابوریە ، دەتوانـــین بڵـــێن نـــەوت لە ئێســتادا بەم شێوەیە نە دەبێتە ماییەی خۆشگوزەرانی بۆ خـــەلكی كوردســـتان و نــە بۆ ژێر خـــانی ئابــــوریەكـــی بەهـــێز ، بەڵكـو سودی تەنها بۆ چەند كۆمپانیایەك و هەندێــــك وڵاتە ، دەرئـەنجام بـۆتە ماییەی سـزادانی خەلكی هەرێمی كوردستان بە هۆیی هەناردەكردنی نەوت وە رێك نەكـــەوتنی حكـومەتی هـەرێم لەگـەڵ بەغدا.

بۆیە پــێویستە لــە ئَێستـــادا ئەم خاڵانە تیشكی بخرێتە سەر

① ـ هەنـــاردەكــردنی نەوت بەم شێوەیە كۆمەڵێك رهەندی تری ترسنـــاك لەخۆیی دەگرت پێویســتە لە داهاتوودا لە گەڵ بەغـــدا لەســـەری رێكبـكەویــن .

②ـ كـــاركردن لــەســـەر پرۆژە یاسایی نەوت و گاز كە وەك نەخشە رێگایەكە بۆ چارەسەری بنەرەتی كێشەكان و دووبارە نەبوونەوەی كە بەردەوام بۆتە مایـــیەی ترس و دڵەراوكێ .

③ ـ پێـــویستە هەرێمــی كوردستان پابەندی رێكەوتنەكانی بێت لە گەڵ بەغدا هەروەكو لە رێكەوتنی ئۆكتۆبەری 2020 باسی لێوەكراوە ، ئەویش بە رادەست كردنی نەوت و نیوەیی داهاتە نا نــەوتیـــەكان ، بـــۆ وەرگرتنــی شایستــە دارایەكانی لە مانـــگی 1 ئەم ســـاڵ بۆ خۆشگوزەرانی هاولاتیان و دابین كـــردنی موچـــەی موچە خۆران .

لە كۆتاییـــدا دەتـــوانم بڵێـــم ، ئەگەر حكــــومــەتی هەرێمی كوردســـتان ســــیاســـەتێـــكی حەكیــمانەو ژیــرانە و تەواو زانستیـــیانە و شەفـــاف بگرێتـە بەر و نەوت رادەست بكات بەپێی رێـــكەوتــن و پشـــكی خـــۆیی بكـــات بــە داینەمۆی بــــوژانەوە‌ی هەرێمی كوردستان ئەوا ساڵێكی پر لە ئاسودەی و خۆشگوزەرانـــی بۆ هـــاولاتیان و موچـــە خۆران فـەراهەم دەكات ، لەهـــەمان كــاتدا حكومەتی فیدراڵ مولزەم دەكرێت بە دابـــین كـــردنی شایســـتە دارایەكـــانی حكومـەتی هەرێم و دانەوەی قەرزی جوتیاران و دابین كردنی موچـــەی مــوچە خـــۆران ، بـــە پـێچەوانەوە ئەگەر هەروەكو ئێستا بەردەوام بێت، ئـەوا بـەدڵنییایەوە ئەم نەوتە دەبێتە ماییەی زیاتر ئازار دان و سزادانــنێكی تــر بــۆ گـــەلەكـــەمان .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

گەرمیان.. هەوڵێكی سووتاندنی زیندانی گرتن و گواستنەوە شكستی پێهێنرا

خەڵك – بەشی هەواڵ

لەگرتن و گواستنەوەی گەرمیان ،ھەوڵی سوتاندنی زیندانەكەیاندا و پۆلیس كۆنتڕۆڵی زیندانەكەی كردووە.

ڕائید سلێمان عەزیز بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان بە كەناڵی فەڕمی یەكێتی ڕاگەیاند، گۆڕینی سیستمی پێدانی مۆبایل بەزیندانیەكانیانمان گۆڕیوە، بەشێك لە زیندانییەكان ئەمەیان پێ ناخۆش بووە، بەشێكی تری زیندانیەكان ئەمەیان بەھەل زانیوە، ھەوڵیانداوە چەند بەتانیەكی ناو ھۆڵی ژوورەكەیان بسوتێنن، ھەرزوو پۆلیسی زیندان چوونەتە ژورەوە و توانیویانە كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بكەن.

ڕائید سلێمان عەزیز ئاماژەی بەوەشدا، بیانووی ئەو ھەوڵەی زیندانییەكان بۆ ئەوەبووە كە داوادەكەن دادگایی بكرێن، چونكە پێیان واییە ماوەیەكی زۆرە لەزیندانن و دادگاییكردن و یەكلایكردنەوەی كەیسەكانیان دواكەوتووە.

بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان ڕوونیشی كردەوە، تەنھا لەیەك ھۆڵی زیندانەكە ئەم ھەوڵە دراوە لەلایەن چەند ئاژاوەگێڕێكەوە، بەلام ڕێگەنەدراوە بەتانی و كەلوپەلەكان بسوتێنرێن و ئەو زیندانیانەش لەلایەن دادوەرەوە كەیسی تریان بۆ كراوەتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ئەمریكا پێداویستی سەربازی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت: ئەمریكا پێداویستی سەربازی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاندووە، كاروانێكی نوێی هاوكاری لۆجستی و سەربازیی هێزەكانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە خاكی عیراقەوە بەرەو ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێكەوتوون.

ڕوانگەكە باسی لەوەش كردووە، كاروانەكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە 35 بارهەڵگری باركراو بە كەلوپەلی لۆجستی و سەربازیی و تانكەری سووتەمەنی پێكهاتوون و لە دەروازەی سنووری وەلیدی نێوان عیراق و سوریا و عیراق و ئوردنەوە بەرەو شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێكەوتوون، دواتر ڕوویان كردووەتە بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە حەسەكە و دێرەزوور.

جێی ئاماژەیە، ڕۆژی 10ی ئەم مانگەش كاروانێكی تری هێزەكانی سەربە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی كە لە 25 بارهەڵگر پێكهاتبوو و كەلوپەلی لۆجستی و چەكی قورسی وەك تۆپ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشیان پێبووە لە هەرێمی كوردستانەوە ڕوویان كردبووە بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانان لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان كرد، دواتر بەرەو كێڵگەی نەوتیی (عومەر و كۆنیكۆ) لە دێرەزوور بەڕێكەوتبوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان