ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

راپۆرت

چەند لایەنێکی شاراوە دەربارەی ژیانی هونەرمەند (حەسەن زیرەک) لە ٤٨مین ساڵیادی کۆچیدا

خەڵک – توانا حەمە

 زیرەک وەک: ژەنیارێک، شێوەکارێک و ستەم لێکراوێک!

حەسەن زیرەک یەکێکە لە دیارترین هونەرمەندانی سەدەی ڕابردوو، بە هۆکاری ئەوەی  بەرهەمەکانی، زادە و ئاوێتە بە هەست و ئەندێشەی کۆمەڵگە و کلتوری کوردین، بە یەکێک لە کاریگەرترین هونەرمەندانی مێژووی موزیکی کوردی هەژمار دەکرێت. سەرەڕای پایە بڵندی (زیرەک)، بەڵام بەراورد بە خۆی، هێشتا کاری ئەو تۆ لە سەر ژیان و بەرهەمەکانی نەکراون. هەر بۆیە زۆر لایەنی شاراوەی ئەم کارەکتەرە دیارەی نێو دنیای موزیک و گۆرانی کوردی، ڕاڤەی بۆ نەکراوە و تا هەنووکە لە ڕوویەکی زانستی و لۆژیکی و مێژووی موزیکەوە، لێکدانەوە بۆ ئەو باس و خواسانە نەکراوە، کە دەربارەی ئەو لە بەرنامەی تیڤی و ڕادیۆکاندا، بەتایبەت لە ساڵیادەکانیدا دەربارەی باس دەکرێن.
ئەوەی جێی سەرنجە مێژووی ئەم هونەرمەندە بۆ نزیکەی سەد ساڵێك لەمەو بەر دەگەڕێتەوە، واتە مێژوویەکی زۆر دوور نییە، بۆیە کەسانێکی زۆر لە نزیکەوە کاریان لەگەڵدا کردووە، یان لە نزیکەوە هاوڕێ و ئاشنای ژیانی بوون.
 کەسانێکی زۆر لە ساتی گۆرانیگوتن و گۆرانی تۆمارکردن لە نزیکی بوون، گەرچی زۆرێک لە کەسانە زانیاری زۆریان دەربارەی هەیە. بەڵام زۆرینەی جار نایدرکێنن، یاخود خۆیان نایانەوێ دەربارەی لایەنە شاراوە و نادیارەکانی بدوێن.
بە نموونە:  تا چەند ساڵێک لەمەو بەر دەگوترا، ھێشتا چەندین گۆرانی تۆمارکراوی (حەسەن زیرەک) هەیە و بڵاونەبۆتەوە، بە هۆکاری ئەوەی، کە ئەزموونێکی باشم لەگەڕان بە دوای مێژووی موزیکی کوردیدا هەیە، وەک توێژەرێک بڕوام وایە: بەڵێ ڕاستە و ھێشتا زۆر گۆرانی کوردی، نەک تەنها حەسەن زیرەک بەڵکو زۆرێک لە هونەرمەندانی وەک: (حەمەساڵح دیلان، عەلی مەردان، مەحمود تۆفیق شلک، سێوە، تایەر تۆفیق… هتد) لە لای هەندێک خانەوادەی ماڵە دێرینەکانی شارەکانی کوردستان پارێزراوە.
بەداخەوە هەندێک لەم خانەوادانە، وەک لایەنێکی خاوەندارێتی کەسی و جۆرێک لە شانازی، جار بە جارێ بوونی ئەو بەرهەمانە وەک خاوەندارێتی خۆیان لەلای ئەوان پارێزراوە و بڵاونەکردنەوەی ئەدرکێنن.
بە بڕوای من ئەم جۆرە لە ئاکارە، ھیچ خزمەت بە مێژووی موزیکی کوردی و خودی ئەو گۆرانیبێژانە  ناکات، کە ئاماژەم بە ناویان کرد، بەڵكو تەنها لێڵی و ناڕونی دەربارەی مێژووی ئەوان و موزیکی کوردی دروست دەکات.
هەروەها هەندێک لە نوسەران بەڵگەی مێژووی گرنگیان بەردەستە، بەڵام دیسانەوە ئەوانیش لای خۆیان پاراستویانە، تەنها وەک زانیاری کەسی لەلای خۆیان ھێشتویانەتەوە، یاخود زۆر جار بەبێ ڕاڤە دەیانخەنەڕوو یان وەک چیرۆکێک لە سەربوردەی ژیانیاندا بە ڕاگوزەرێک باسی لێوە دەکەن.
بە بڕوای من لە دنیای لێکۆڵینەوەدا بەتایبەت لە بواری موزیکیدا، مەرج تەنها ئەوە نییە، کە چۆن دۆکیۆمێنت (بەڵگە) کۆدەکەیتەوە، بەڵکو مەرج ئەوەیە لە کوێدا بەکاری ئەھێنیت، چۆن لێکدانەوەی بۆ ئەکەیت، چۆن شیکاری و بەراوردکاری بۆ ئەکەیت؟! ئەگەر نا هەر وەک ئەوەیە: پارچە ئاسەوارێک بدۆزیتەوە لە مۆزەخانە دایبنێت بۆ سەیرکردن، بەبێ ھیچ ڕاڤەیەک، تەنها بڵێت: ئەمە ئاسەوارێکی کۆنە!
بە بڕوای من ئەم لایەنەی خستمەڕوو، گەورەترین گرفتی نێو دنیای موزیکی کوردییە، هەر بۆیە تا ئێستا مێژوویەکی ڕوونی موزیکی ئەم نەتەوەیە نەنوسراوەتەوە و هێشتا بەڵگەکان لە ئاستی زارەکی و بە نەنوسراوی ماونەتەوە.
 بۆیە لەم بابەتەدا بە پێویستم زانی سێ لایەنی شاراوەی ژیانی زیرەک بخەمەڕوو، کە دەشێت بە زۆر کەسی ئاسایی و هونەرمەندان و لێکۆڵەرەوانی موزیک دەربارەی (حەسەن زیرەک) ئاشنا نەبێت. بە ئامانجی دنەدانی توێژەران و کەسانی نزیکی دیکە، کە چیتر ئەو باس و خواسانە وەک زانیاری کەسی لە یادگەی خۆیاندا نەهێڵنەوە، بەڵکو بیانخەنە بۆتەی نوسین و لە ووتار و سەربردەی ژیانیاندا بیان نوسنەوە.
لایەنی یەکەم:
زیرەک تەنها گۆرانیبیژێک نەبوو، بەڵکو
 ژەنیاری ئامێرێکی (موزیکی)ش بوو؟
 
یەکێک لەو لایانەی، زۆرینەی کات، حەسەن زیرەک لە ڕووی زانستی موزیکەوە بە کەسێکی تەنها گۆرانیبێژ دەناسێنرێت، زۆرینەی کات لە راڤە و گفتوگۆکان دەربارەی ئەم هونەرمەندە، وەک جۆرێک لە سەرسوڕمان و پەیجوور ئاسا تواناکانی دەخەنەڕوو، کە ئایا زیرەک بەبێ هیچ زانستێکی موزیکی و بەبێ ئەوەی ژەنیاری هیچ ئامێرێکی موزیکی بووبێت، چۆن توانیویەتی سەدان بەرهەمی تۆمارکراوی هەبێت، کە زۆرینەی ئاواز و تێکستی خۆین، یان فۆلکۆرن و بە مۆرکی خۆی دووبارە چڕیونێتییەوە؟ چۆن توانیویەتی ئەو هەموو ئاوازە دانرا و فۆلکلۆرییانە، بە باشترین و سازترین شێوە بچڕێت؟
 ئەم پرسیارە لۆژیکییانە، وەڵامەکەی لەلایەن توێژەری دیاری کورد محەمەد حەمە باقی، لە فیلمێکی بەڵگەنامەیدا بە ناوی (گەروویەکی ناوازە)، کە (کەناڵی کوردسات بەرهەمی هێناوە) دراوەتەوە. توێژەر لەمەڕ ئاشنایی و پەیوەندی خۆی و (زیرەک)دا باس لەوە دەکات، کە لە تەمووزی ١٩٦٧دا بە هۆکاری سیاسی زیندانی کراوە، لە هەمان کاتدا حەسەن زیرەکیش بە تاوانی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ساواک (کە تەنها بیانوو یەک بوو)  دەستگیرکراوە. توێژەر دەڵێت:
«من و زیرەک لە زیندانەکانی (سلێمانی، بەعقوبە،
کەرکوک) پێکەوە بوون». ئەو لەو فیلمە بەڵگە نامەییەدا، ئاماژە بەوە دەکات، لە ساتی دەسگیرکردنیدا (زیرەک) ئامێرێکی عودی پێبووە، بۆیە لە زیندانیشدا ئامێرەکەی هەر پێ بووە. ئەو دەڵێت:
زۆر کەس نازانی بۆچی زیرەک هەمیشە ئاواز و گۆرانی تازەی هەبووە، هۆکارەکەی ئەوەیە، کە زیرەک عودژەن بوو، هەر بۆیە هەمیشە هەوڵی دەدا، ئەو گۆرانییانەی کە دەیان چڕێ، لە ڕووی هونەرییەوە ساز و لەبار بێت، ئەمە هۆکارێکی سەرەکی سەرکەوتنی زیرەک بوو».
گەرچی لێرەدا ئاست و توانای ژەنینی نازانرێت چۆن بووە، چونکە هیچ تۆمارێکی ژەنینی نییە، بەڵام ئەمە ئەو وەڵامەیە، کە زیرەک بەشێکی توانا دەنگییەکانی و ئاستی گۆرانیچڕینی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بەڵی: ئەو ژەنیار بووە و ئاشنای لایەنە موزیکییەکان بووە، بە پێچەوانەی ئەو بڕوایانەی هەن، کە پێیان وایە زیرەک گۆرانیبێژێکی بێ سەواد و هیچ ئاشنای موزیک و ئامێرژەنین نەبووە، بەڵکو تەنها بەهرەیەکی خۆڕسکی هەبووە و گۆرانی ووتووە. لەو فیلمە بەڵگەنامەییەدا توێژەری ناوبراو پێی وایە، کە (زیرەک) ئەو گۆرانییانەی لە دیوەخانی فەیزوڵا بەگییەکاندا لە زاری گۆرانیبێژانی پێش خۆیەوە گوێی لێ بووە، دووبارە نۆژەنی کردونەتەوە و دایڕشتونەتەوە و بەشێواز و مۆرکی تایبەت بەخۆی لە خۆشخوانی و رادیۆکانی ئەو سەردەمەدا پێشکەشی کردۆتەوە.
لایەنی دووەم: 
ڕۆڵی ژن لە ژیانی هونەری زیرەکدا! 
زیرەک وەک شێوەکارێک بوو؟
 
بۆ ئەمە پێویستە کەمێک مرۆڤناسانە لە کەسایەتی زیرەک وردبینەوە، ئاشکرایە (زیرەک)، کەسێکی عاشق و گیرۆدەی جوانی ژن بووە، هەر بۆیە لە تەمەنیدا چەندین جار هاوسەرگیری کردووە، بەشێکیان پەیوەستە بەوەی، کە کەسایەتی زیرەک بە جۆرێک بووە، لە شوێنێک جێگیر نەبووە، هەر بۆیە لەگەڵیاندا نەماوەتەوە، هەندێكیشایان خۆیان بە هۆی ژیان و کەسایەتی زیرەکەوە، توانای مانەوەیان لەگەڵ زیرەکدا نەبووە و بەجێیان هێشتووە.
بۆ نموونە:
تەنها لە شاری سلێمانیدا دووجار هاوسەگیری پێکهێناوە، تا ساڵانی ڕابردوو هەر لە ژیاندا مابوون، گەرچی وەک توێژەرێکی مەیدانی زۆر هەوڵمدا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام بدەم، بەڵام بەهۆکاری کۆمەڵایەتی بە هیچ شێوەیەک ئامادەنەبوون، لە بارەی ئەو ئەزمونەی ژیانیان لەگەڵ (زیرەک)دا بدوێن.
 زۆر عاشق بوون، نەسرەوەتن و نەمانەوە لەگەڵ کەسێک و لە شوێنێکی دیاریکراودا، هۆکاری شکستی خێزانی زیرەک بوون. هەر بۆیە دەبینرێت جوانی  ژن، پانتاییەکی فراوانی نێو بەرهەمەکانی داگیرکردووە. بە بڕوای من ئەگەر ژن لە گۆرانییەکانی زیرەک دەربهێنیت، گۆرانیەکانی ئەو پانتاییە فراوانەی نێو گۆرانی کوردی خاڵی دەبوو، کە لەموزیکی کوردیدا پڕی کردۆتەوە.
 لە سەربوردەی ژیانیدا زۆرجار دەگێرنەوە، زیرەک لە ساتی خۆشخوانی و گۆرانی گوتندا، ئەگەر ژنان و کچان لە دووریشەوە لێوەی دیار بوایە، خۆشتر و باشتر گۆرانی ووتووە، یان زۆرجار لە بەر نەبوونی ژنان و کچان، گۆرانی هەر نەووتوە، بۆیە چەندین جار لە سەر ئەوە توشی لێدان و ئازاردان بۆتەوە، یاخود بە هۆی گۆرانی ووتن و ناو بردنی ژن توشی گرفت و لێدان بۆتەوە.  تەنانەت خۆی چیرۆکی نەهامەتییەکانی بە دەنگ بۆ تۆمارکردووە، کە چۆن لە پایی دەسگیرۆیکردن و رێزگرتنی و خزمەتکردنی توشی سوکایەتی و ئازاردانی جەستەیی و رۆحی بۆتەوە. توێژەر محمەد حەمە باقی وەک شایەتحاڵیک دەگێڕیتەوە: «زۆر جار بە جۆرێک لێیان دەدا، بێهۆش دەبوو، دواتر خەڵک دەیانخستە ناو بەتانییەکەوە و  بۆ نەخۆشخانەیان دەبرد». واتە: بە جۆرێك توشی لێدان و ئازاردانی جەستەی بۆتەوە، کە نزیکی مەرگیان کردۆتەوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئەم لایەنە چ کاریگەرییەکی لە سەر هونەرەکەی هەبووە؟ هەر بۆیە دەبینین زۆرێک لە گۆرانییەکانی سەربوردەی ئازارەکانی خۆی و عەشقە و لە زمانی گۆرانییەوە دەیانگێڕێتەوە. تەنانەت لە ساڵی ١٩٦٦دا بەسەرهات و بەشێک لە گۆرانییەکانی خۆی بەشعری کێشی پەنجە نوسیونێتیەوە و نوسەری دیاری کورد د. محەمەد سدیق موفتیزادە، پێشەکی بۆ نوسیوە، بەڵام لەبەر ئەوەی مۆڵەتی فەرمی لە ساواک وەرنەگرتووە، کتێبەکەی قەدەغەکراوە و خۆشی بەرەو عێراق هەڵهاتووە. جگە لەم باسانە کە لەم لایەنەدا خرانەڕوو، ئەوەی لێرەدا دەمەوێت، باسی بکەم، ئەویە کە (زیرەک) نەک تەنها گۆرانێبیژ بووە، بەڵکو توانایەکی باشی شێوەکاریشی هەبووە. بەڵگە بۆ ئەمە، لە گەڕانێکی مەیدانیمدا دەربارەی موزیکی کوردی، دیدارێکم لەگەل هونەرمەندی کۆچکردوو، (جەمال جەلال) سازکرد، کە ئەو وەک هونەرمەندێکی موزسیان و گۆرانبێژێکی دیاری ئەو سەردەمە، لە ساڵانی ١٩٥٨ی ئیزگەی کوردی بەغداد کاری کردووە، لە هەمان کاتدا ئەو ساڵانیک بێژەر و بەڕێوەبەری بەشی کوردی ئیزگەکە بووە. ئەو وەک شایەتحاڵێکی گرنگی ئەو ڕۆژگارەیە و لە نزیکەوە ئاشنای زیرەک بووە. لەو دیدارەمدا  لە باسێکی ئەو رۆژگارەیدا دەربارەی زیرەک بەم جۆرە بۆم دوا:
«من کرابووم بە سەرۆکی بەشی کوردی، تورکمانی و سریانی لە ئێزگەی کوردی بەغداد، بەڵام پاش ماوەیەک بڕیارێکی تایبەتی سیاسی لە دەسەڵاتی ئەو سەردەمەی بەغدادەوە درا، کە ئیدی  پێویستە سەرجەم گۆرانیەکی کوردی وەربگێڕێتە  سەر زمانی عەرەبی و سانسۆر بکرێت. لەم بڕیارەدا زیرەک تووشی گرفت بوو، چونکە ئەو بەشێوەی لە خۆوەگوتن (ارتجال) گۆرانی دەچڕی، لە هەمان کاتدا خوێندەواریشی نەبوو تا بتوانێت گۆرانییەکانی خۆی بنوسێتەوە.  ئەو داوای لە من کرد، کە لەو بریارە بیبەخشن، بەڵام ووتم: ناتوانم ئەوە بکەم، چونکە  بڕیاری سەر و خۆمە. زیرەک ووتی: ڕێگەچارە ئەوەیە، تۆ هاوکاری من بکەیت، ووتم چۆن؟ زیرەک ووتی: من سەرەتا گۆرانییەکان تۆمار دەکەم و پاشان تۆ گۆرانییەکانم بۆم بنوسەرەوە و دواتر ئەگەر گرفتی تێدابوو بڵاویمەکەنەوە». بە هۆکاری ئەوەی کە (زیرەک) سلێمانییەوە دەهات و هونەرمەندێکی دیاری سەردەمەکە  بوو،  لە هەمان کاتدا هاونەتەوەم  بوو، دواجار گۆرانیگوتن سەرچاوەی بژێوی ژیانی زیرەک بوو، نەمتوانی داواکەی قبوڵ نەکەم. چونکە لەو کاتەدا، زیرەک مانگانە پێوست بوو چوار گۆرانی تۆمار بکات، پاداشتی هەر گۆرانییەک بڕی دە بۆ پازدە دیناری ئەو سەردەمەی وەردەگرت.
 بۆیە خۆم گۆرانییەکانم بۆ دەنوسییەوە و  پاشان وەرمدەگێڕایە سەر زمانی عەرەبی. بە چەند ڕۆژێک دوای ئەو بڕیارە زیرەک لە کاتی تۆمارکردندا کاغەزێکی بەدەستەوە بوو، لە کاتی گۆرانیوتندا زوو زوو تەماشای دەکرد، پاش کۆتایی هاتنی گۆرانیەکە و  تۆمارکردن، لە بەر ئەوەی گومانی لەسەر بوو، ئەم کاغەزەی کە کاتی گۆرانگوتن پێیبوو، جێی گومان  بوو.
بۆیە هەر زوو راپۆرتی لێدرا بوو، کە ئەو راست ناکات دەڵێت: خوێندەواریم نییە، بەڵکو ئەو خوێندەواری هەیە.
 ئەوەبوو لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا، بەڵام ئەو لە لێکۆڵینەوەکەدا بە شەرمەوە کاغەزەکەی پشانداین، کە بینیمان نوسین و هۆنراوەی گۆرانییەکەی نەبوو، بەڵکو  وێنەی ژنێکی بە قەڵەم رەساس کێشا بوو، بەڵام زۆر جوان وێنەکەی کێشا بوو، کاتێک کە لێمان پرسی کێ ئەم وێنەیەی کێشاوە؟
 زیرەک لە وەڵامدا ووتی :«خۆم کێشاومە».
ئیدی هەموومان توشی سەر سورمان بووین، لە توانای وێنەکێشانەکەی، ئەو ووتی:
«خۆتان ئەزانن من ئەگەر ژنم بەرامبەر نەبێت، ناتوانم گۆرانی بە باشی بچڕم، بۆیە ئەم وێنەیەم کێشاوە. ئەگەر نا من خوێندەواریم نییە».
ئیدی بەم ڕووداوە ئێمە هەموومان دەستمان کرد بە پێكەنین. گەرچی دیسانەوە هیچ بەڵگەیەکی دی یان وێنەیەکی لە پاش خۆی بە جێ نەهێشتوە، تا ئاستی تواناکانی شێوەکاری ئەو بزانرێت، بەڵام لەمەوە دیسانەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی، کە عەشق و جوانی ژن نەک تەنها سەرچاوەی سروشی گۆرانیگوتنی (زیرەک) بووە، بەڵکو سەرچاوەی سروشی جۆرێك لە شێوەکاریشی بووە. تەنانەت ئەگەر گۆرانیشی نەچڕیبێت، ئەوا وێنە و نیگاری ئەو ژنەی کێشاوە،  کە عەشقێتی بووە.
لایەنی سێیەم:

ستەم کردن و سڕینەوەی ئەرشیفی بەرهەمەکانی لە لایەن هونەرمەندانی ئەو ڕۆژگارەوە بۆچی؟
 
 ئاشکرایە زیرەک لە سەردەمی خۆیدا گوێگرانی بێشوماری لە ئیزگەی کوردی بەغداد و کرماشان و تاران هەبووە.  هەر ئەمە زۆر جار مایەی ئیرەی هونەرمەندانی سەردەمی خۆی بوون.
 زۆر جار دەبیستین، کە زیرەک  نەک بە تەنها لەلایەن خەڵکە ئاساییەکە ئازار دراوە، بەڵکو لەلایەن  هونەرمەندانی ئەو سەردەمەش توشی سوکایەتی و ئازاردان بۆتەوە. گەرچی زۆرینەیان نکۆڵی دەکەن و هۆکاری گرفتەکان بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە بەهۆی بەدمەستی زیرەکەوە بووە، بەڵام بە
خوێندنەوەی واقعی کۆمەڵگا و شایەتحاڵەکان، هۆکارەکە بۆ ئیرەی بەرامبەر تواناکانی زیرەک دەگەڕێننەوە.
زۆرجاریش دەشێت ئەو چیرۆکانە دروستکراوی هەوادارانی بێت و راستی نەبن. بۆ ئەمە زۆر جار هونەرمەندی دیاری کورد (مەزهەری خالقی) بە ئازاردانی زیرەک تۆمەتبار دەکرێت، بەڵام ئەو هەمیشە ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.
زۆر جاریش شەماڵ سائیب لە ئێزگەی بەغداد تۆمەتبار دەکرێت، کە بە هۆی کێشەی  نێوانیانەوە، بەرهەمەکانی زیرەکی لە ئەرشیفدا سڕیوەتەوە. بەڵگە بۆ ئەمە، نووسەر و بێژەر لە ئیزگەی کوردی بەغداد، کەمال رەئوف ناسراو بە (بابی لالۆ)، لە کتێبێکیدا دەربارەی مێژووی رادیۆی کوردی بەغداد، دەربارەی کێشەکانی نێوان زیرەک و شەمال سائیب لەگەل کامیل کاکە ئەمین دەدوێت. لەو دیمانەیەدا ئاماژە بەوە دەکات، کە (شەمال سائیب) کێشەی لەگەڵ زیرەک هەبووە، هەر بۆیە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی، کە شەماڵ سائیب، بە هاوکاری (ئەحمەد رەئوف – کارمەندی چاودێری شریتخانە) کاتێک، کە زیرەک لە ئیزگە گۆرانی تۆمارکردووە، دوای پەخشکردنی گۆرانییەکانی، پاشان راستەوخۆ بەرهەمەکانی لە ئەرشیفدا، لە سەر داوای شەماڵ سائیب و لەلایەن (ئەحمەد رەئوف)ەوە سڕاونەتەوە.
 هەروەها وەک بەڵگە بۆ قسەکانی، ئاماژە بەوە دەکات، زیرەک لە ماوەی سێ  ساڵ کارکردنی  لە ئیزگەی (بەغداد)دا، تەنها پەنجا و چوار گۆرانی لە ئەرشیفی ئیزگەی (بەغداد)دا هەیە، نوسەر ئاماژە بەوەدەکات، شەمال سائیب لە ڕێکەوتی ٣/٦/١٩٨٣ لە هەولێر خۆشی دانی بەو کارەدا ناوە، بەڵام ئەو ئاماژەی بەوەداوە، «تەنها یەک گۆرانی لە ئەرشیفدا سڕیوەتەوە، کە ئەویش گۆرانی ئالادەلعونە بووە، بەلام «دان بەوەدا ئەنێم کە من هۆکاری دەرکردنی زیرەک بووم لە ئیزگەی بەغدا، بە هۆکاری ئەوەی زیرەک لە گۆرانییەکانیدا ناوی ژنانی زۆر دەهێنا ئێمەش هەمیشە لەلایەن پیاوانی عەشایەر و ئاغایانی ئەو کاتەوە نامەی هەرەشەمان بۆ دەنێردرا دەیان گوت: کە زیرەک لە گۆرانییەکانیدا بۆ ناوی ژنی ئێمە دەهێنێت؟».  گەرچی لە وەڵامدا زیرەک وتویەتی: «من کاتێک ناوی ژنێک دێنم نازانم کێن، تەنها بەشێوەی لەخۆوەگوتن لە کاتی گۆرانی گوتندا دێنە سەر زارم». ئەگەر لێرەدا ئەم ووتانەی بابی لالۆ دەربارەی ئەرشیفی زیرەک، بەراورد بە ووتەکانی: موزسیان جەمال جەلال بکرێت و زیرەک مانگانە تەنها چوار گۆرانی تۆمار کرد بێت، ئەوا پێویستە ژمارەی گۆرانییەکانی لە ئەرشیفدا (سەد و چل و چوار) گۆرانی بێت، کەواتە: (٩٠) گۆرانی زیرەک ئەرشیف نەکراوە یان سڕاونەتەوە. هەرچی دەربارەی وەدەرنانی زیرەکە لە بەشی کوردی رادیۆی بەغداد، بۆ لایەنی نا ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی ئەو رۆژگارەی کورد، دەگەڕێتەوە، کە ئەو سەردەمە چ ئاستەنگ و دەردی سەرییەکی ژیانی زیرەک بوون.
لێرەدا دەرئەنجامی ئەم سێ لایەنە، ئەشێت ئەم چیرۆکانە بۆ هەندێک کەس و توێژەر جێی بایەخ  نەبن، بەڵام ئەگەر بڕوانرێتە ژیاننامەی زۆرینەی موزیسیانان و گەورە بیرمەندانی مێژووی گەلانی جیهان، گەرچی دەربارەی ژیانیان زۆر ورد و زانستیانە نوسراوە، کەچی هێشتا لە لێکۆڵینەوە و گەڕان بە دوای زانیاری نوێ دەربارەی ژیانیان بەردەوامن، بۆ ئەمە لە سەر ئاستی خوێندنی باڵادا سەرچاوەی وەرگرتنی بڕوانامەی زانستی توێژەرانی بوارە جیاوازەکانی زانستە مرۆڤایەتیەکانن.
ئەگەر بواری موزیک بکەینە نموونە، خوێندنەوەی مێژووی گەورە موزسیانان، پێویستییەکی گرنگی ڕانان و خوێندنەوەی پڕۆسەی موزیک و موزیک دروستکردنی ئێستا و ئایندەیانە. بەشێوەیەکی گشتی دەربارەی ئەم لایەنە ووتەیەکی بیرمەند و فەیلەسوف سلاوڤۆ ژەیژەک هەیە دەڵێت:
«کارەساتە ئاگات لە رابردوو نەبێت لەگەڵ ئەوەشدا بتوانیت کاریگەری لە سەر ئایندە دروست بکەیت». بە بڕوای من بۆ کۆتایی هێنان بە کارەساتی نەبوونی ڕۆشنبیری گشتی دەربارەی مێژووی موزیکی نەتەوەیی و کۆتایهێنان بە نەبوونی سەرچاوە و هەنگاونان بۆ ئایندەی موزیکی کوردی، پێویستە ئاوڕ لەو رابردووە فەرامۆشکراوەی موزیکی کوردی بدرێتەوە و بنوسرێتەوە، تا بتوانرێت بە پشت بەستن بە کۆڵەکەکانی رابردوو دیسانەوە ئایندەیەکی باشتر بۆ موزیکی کوردی بنیات بنرێت.

ئا  – توانا حەمە

بروانە کتێبی: موزیک چییە؟ نوسینی توانا حەمە، ٢٠١٩
سەرچاوە:
– محەمەد حەمەباقی، چاوپێکەوتن، فیلمی بەڵگەنامەی کەناڵی کوردسات، بە ناوی (گەروویەکی ناوازە) دەربارەی ژیانی حەسەن زیرەک.
– جەمال جەلال، چاوپێکەوتن، توانا حەمە، سارا لەتیف، سلێمانی، ٢٠/٩/٢٠١٣.
– دیمانەی تۆمارکراو، کامیل کاکە ئەمین، گەڵاکەر و تۆمارکردن: کەمال رەئوف محەمەد، ٦/٣/ ١٩٨٤. لە بەرگی یەکەمی مێژووی ڕادیۆی کوردی بەغداد، ١٩٣٩-١٩٥٨، چاپخانەی ڕۆشنبیری، ٢٠١٤.
ریکلام

راپۆرت

“12 منداڵی خوێندنگەی ئاسۆ شەهیدبوون”
ئەمڕۆ 34 ساڵ بەسەر تۆپبارانەكەی ساڵی 1987 تێدەپەڕێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەمڕۆ 17-1-2021 ماوەی 34 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تۆپبارانی شاری سلێمانی لەلایەن تۆپخانەكانی ئێرانەوە لە ماوەی شەڕی 8 ساڵەی عیراق-ئێران، كە تێیدا لەئەنجامی تەقینەوەی تۆپێك لە قوتابخانەی ئاسۆی شاری سلێمانی نزیكەی 40 منداڵ شەهید و برینداربوون.

خوێندنگەی ئاسۆی شەهیدان، كە لە دوای تۆپبارانەكەی ئێرانەوە ئەو ناوەی بەسەردا بڕا دەكەوێتە گەڕەكی مامۆستایان لە سەرووی پاركی ئازادی شاری سلێمانی و دوو دەوامی خوێندكارانی تێدا دەكرێت و بە یەكێك لە خوێندنگە جوان و دێرینەكانی شار دادەنرێت.

لە ڕۆژی 17-1-1987 و ڕێك 34 ساڵ لەمەوبەر ڕۆژێكی تاڵ و غەمگین، كارەساتێكی ناخۆش و جەرگبڕ بەهۆی شەڕی داسەپاوی تاقەتپڕوكێنی 8 ساڵەی نێوان عیراق – ئێران بۆ شاری سلێمانی و دانیشتووانەكەی بوو، كە بەجارێك پرسە و ماتەمینی باڵی بەسەر گەڕەكێكی شارەكەدا بەناوی (مامۆستایان) كێشا، كە لە یادەوەری كەسوكاری شەهیدان و هاوشارییان ناسڕدرێتەوە.

داناز عەبدولرەحمان، كە ئامۆزانی یەكێك لە منداڵە شەهیدەكانی ئەو كارەساتەیە دەڵێت: “لەو ڕۆژە جەرگبڕ و كارەساتبارییەدا چەند تۆپێك بەر گەڕەكی مامۆستایان كەوت و یەكێك لە گوللە تۆپەكان لە كاتژمێر ١١:١٥ خولەك بەر قوتابخانەی ئاسۆی سەرەتایی تێكەڵاو كەوت لە گەڕەكی مامۆستایان و لەئاكامدا كۆمەڵێك خوێندكاری منداڵی بێتاوانی ھەمان قوتابخانەی كردە ئامانج.

وەك داناز دەڵێت: لەو كارەساتەدا ١٢ منداڵ شەھید و زیاتر لە ٢٧ منداڵی دیكە بریندار بوون، كە بەداخەوە یەكێك لەشەھیدەكان ئامۆزای من بوو.

ناوی شەھیدەكانی تۆپبارانی ساڵی 1987ی خوێندنگەی ئاسۆی شەهیدان:
١- ڤیان حەمەئەمین
٢- بەرھەم حەمەسەعید
٣- تالیب ئەحمەد قادر
٤- كارزان عومەر
٥- تاڤگە ئەحمەد عارف
٦- كامەران عومەر
٧- ئاڤان عەلی
٨- سۆزان خالید
٩- بەھمەن خالید
١٠- تارا
١١- ئومێد عەزیز محێدین
١٢-ساسان عەبدولحەمید

دەشڵێت: “ھەربۆیە دواتر قوتابخانەكە ناونرا قوتابخانەی ئاسۆی شەھیدان و لێرەوە درود و سڵاو بۆ گیانی پاكی پەپوولەئاسای ئەم قوتابیە بێگەردانەی شارەكەم دەنێرم”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

شۆڕش چی بە گەلانی بەهاری عەرەبی بەخشی؟

خەڵك- ئامەد حەسەن

گەلانی وڵاتانی شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی نەك هیچیان لە شۆڕش نەچنیەوە، بگرە جگە لە زیادبوونی گەندەڵییەكان و نەبوونی حزمەتگوزاری، شەڕی نێوخۆیی و پەڵكێشكردنی دەستی بێگانە و كوشتن و برینداربوون و ئاوارەیی و ماڵوێرانیشی هاتەسەر.

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دوای 10 ساڵ لە شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی و روخاندنی رژێمەكەی بن عەلی، لە تونس دەستپیانپێكردەوە.

بەپێی ئاژانسەكانی دەنگوباس، پێكدادانی شەوانە لە نێوان پۆلیس و ناڕازییەكاندا لە شەش شاری تونس لەوانە تونسی پایتەخت دروستبووە.

هۆكاری سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكان لە تونس بەهۆكاری خراپی باری ئابورییە.

ناڕەزایەتییەكانی تونس هاوكاتی ساڵوەگەڕی شۆڕشی بەهاری عەرەبی و روخاندنی رژێمەكەی زێنەدین عابدین بن عەلییە لەسەر هەژاری و بێكاری.

حكومەتی تونس بە سەرۆكایەتی هیشام مەشیشی بڕیاری گۆڕانكاری وەزاری داوە كە ژمارەیەك وەزارەت دەگرێتەوە لەوانە ناوخۆ، داد، وزە.

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە چەند گەورە شارێك وگەڕەكەكانی تونسی پایتەخت هەیە، لەوێ هەندێك كاری ئاژاوەگێڕی و دزیكردن رووی داوە، ژمارەیەك كەس دوكانەكانیان بڕیوە، زیانیان بە دامەزراوە گشتییەكان گەیاندووە.

تونس لە 2011 یەكەم وڵاتی عەرەبی بوو لە دەستپێكی شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی و دوای رووخانی رژێمی پێشوو ئیخوان موسلیمین و دواتر لایەنە عەلمانییەكان هاتنەسەر دەسەڵات، بەڵام هیچكامیان نەیانتوانی خواستەكانی شۆڕش و خەڵك بەدیبهێنن، هێندەی ئەوانیش وەك دەسەڵاتی پێشوو خەریكی چنینەوەی بەرژەوەندییە كەسییەكانیان بوون وێڕای ململانێ ئایدۆلۆژییەكانی نێوانیان.

هاوكات بەرەی ئیخوان موسلیمین بووە پشتیوان و داردەستی قەتەر و توركیا و عەلمانییەكانیش بوونە داردەستی وڵاتانی كەنداو و میسر و هەردوولا هاوكاربوون لە پەڵكێشكردنی دەستی وڵاتانی دەرەوەیی بۆ كاروباری نێوخۆی تونس.

شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی لە تونس بە خۆسوتاندنی گەنجێك دەستیپێكرد بە ناوی محەمەد بوعەزیزی لە 2011 كە بووەهۆی رووخانى رژێمێكی گەندەڵ و سەركوتكاری تونس بە سەرۆكایەتی بن عەلی.

ئاگری ئەم شۆڕشە بە بن عەلیەوە نەوەستا، تا گەیشتە رووخانی رژێمەكانی حوسنی موبارەك لە میسر و موعەمەر قەزافی لە لیبیا و عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە یەمەن.

زێن عابدین بن عەلی سەرۆكی رژێمی پێشووی تونس. وێنە: ئاژانسەكان

رژێمەكەی بەشار ئەسەدیش لە سوریا لە لێواری روخان گەڕایەوە بەهۆی گۆڕینی ئاڕاستەی شۆڕش بۆ شەڕی نێوخۆیی و دروستبوونی گروپە تیرۆرستییەكان و دەستوەردانی وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە ملانێكانی سوریادا بەتایبەت هاتنی روسیا و ئێران بۆ بەرەی ئەسەد و گۆڕینی بەرەی شۆڕش بۆ بەرەی تیرۆرست و داردەستی وڵاتانی ناوچەكە.

نیگەرانی گەلانی وڵاتانی شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی لەكاتێكدایە، دوای 10 خواستەكانی شۆڕش بەدینەهاتوون، ئەوانەی هاتنە سەر دەسەڵات نەك نەیانتوانی ژیانێكی باشتر بەدی بهێنن، بگرە ژیانی خەڵك خراپتر بوو.

رەوشی مرۆیی سوریا لە ژێر كاریگەریی جەنگ و ماڵوێرانی دوای شۆڕشدا.. وێنە: ئاژانسەكان

گەلانی وڵاتانی بەهاری عەرەبی كە لەسەردەمی رژێمەكانی پێشوویاندا گەندەڵی و سەركوتكاریی هەبووبێت، ئەوا لە قۆناغی دوای شۆڕشدا سەرباری زیادبوونی گەندەڵی، ئاسایش و ئاشتیش نەمان، مەترسی لەسەر ژیانیان دروستبوو، بەهۆی پەڵكێشكردنی دەستی وڵاتانی دەرەوەیی و بیانی و شەڕ و ململانێكان بەتایبەت لە لیبیا و یەمەن و سوریا، كە خەڵكێكی زۆر كوژران و بریندار بوون و ئاوارە بوون.

رەنگە زۆرێك لە گەلی ئەو وڵاتانە، ئامانجی دەستپێكردنی شۆڕشێكی نوێیان هەبێت، بەڵام بێهیوابوون لە گۆڕانكاری و نوێبوونەوە و زیادبوونی نەهامەتییەكانی دوێنێ و گۆڕانی سەركردە شۆڕشگێڕەكان بۆ خۆسەپێنەكان چنینەوەی دەستكەوتەكان بۆ خۆیان و كەسوكاریان، وزەی شۆڕشێكی نوێیان پێنادات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

راپۆرت

ناسینەوەی ڕێکخراوەکان…. ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بە نموونە

 

ئامادەكردنی: سەروەت تۆفیق

پێناسەی رێكخراوی نێودەوڵەتی/ كیانێكی نێودەوڵەتییە لەنێوان چەندین دەوڵەت دروست دەبێت، بەنوسینی پەیماننامەیەكی نێودەوڵەتی بەشێوەیەك كە ئەم رێكخراوە ئیرادەیەكی تایبەت بەخۆی دروست دەكات، دەبێت بەشێوەیەكی هەمیشەیی بێت و ئامانجی روون و واقیعی و پێویستی خۆی هەبێ .

بەشێوەیەكی گشتی ئەو مەرجانەی، كە بۆ رێكخراوێكی نێودەوڵەتی پێویستە :

دەبێت معاهدەیەكی بە كۆمەڵ بێت لەنێوان دەوڵەتان. واتە سەرجەم مەرجەكانی معاهدەی تێدابێ.
قاعیدەی عام وایە دەبێت لایەنەكانی معاهدەكە دەوڵەت بێت، واتا هەرێم نابێت. بەومانایەی كە لایەنەكان دەبێ سیادەی كاملیان هەبێت، بۆئەوەی بتوانن لە وڵاتی خۆیان نوێنەرایەتی رێكخراوەكە بكەن، واتە هەركات ئەم رێكخراوە بڕیاریك دەردەكات لە وڵاتی خۆی جێبەجێی بكات. جگەلە (فەلەستین) كە خاوەن سیادەی كامل نییە، بەڵام لە رێكخراوی دەولیدایە.
دەبێ دروستكردنی رێكخراو لەپێناو ئامانجیكی هاوبەش و جێگرو بەردەوام بێت. واتە ئامانجی رێكخراوەكە لە معاهدەكە لە گەشەی بەردەوامدابێت، هەروەها ئامانجەكەی بە روونی بنوسرێت، كە بۆ چ ئامانجێك دامەزراوە، وەك (ئابووری، خێرخوازی، ئاینی، تەندروستی، … ) لەگەڵ ئەمانەشدا هەندێك رێكخراو خاوەنی ئامانجی فراوانە وەك (نەتەوەیەكگرتووەكان) هەرچەندە بۆ ئاشتی نێوان وڵاتانە، بەڵام لایەنی ئابووری، كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری گرتۆتەوە، لەلایەكی ترەوە هەندێك رێكخراو هەیە، بۆ چەند بوارێكی جیا (شائع)ە وەك (كۆمكاری عەرەبی)، هەندێك بۆیەك بواری دیاریكراوە وەك (ئۆپێك).
پێویستە هەر دەوڵەتێك كاتێك دەبێتە ئەندام ئیرادەی رێكخراوەكەی پێ گەورەتربێت لە ئیرادەی خۆی، رێكخراوەكە دەبێتە خاوەنی كەسایەتییەكی معنوی خۆی، رێكخراوەكە بەرپرسە لە هەموو بڕیارەكانی، نەك بە تەنها دەوڵەتان.
رێكخراو پێویستە بەشێوەیەكی بەردەوام كارەكانی بكات، مەرج نییە مەبەست لە بەردەوامێتی ئەبەدی بێت. بەڵكو زیاتر پەیوەستە بە ئامانجی رێكخراوەكەوە، گەر لە بوارێكی دیاریكراودا بێت و ئامانجەكە هاتەدی، ئەوا كۆتایی دێت.

پێناسەی رێكخراوی نێودەوڵەتی حكومی و رێكخراوی نێودەوڵەتی ناحكومی :

رێكخراوی نێودەوڵەتی حكومی: بریتییە لەو رێكخراوانەی كە تەنها دەوڵەتان لە پێكهێنانیدا دەبنە ئەندام .

رێكخراوی نێودەوڵەتی ناحكومی: بریتییە لەو رێكخراوانەی كە تاكەكان و رێكخراوەكان و موئەسەساتی ئەهلی دەبنە ئەندام تێیدا، لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵاتان .

جیاوازی رێكخراوی نێودەوڵەتی حكومی و رێكخراوی نێودەوڵەتی ناحكومی:
رێكخراوی نێودەوڵەتی حكومی تەنها دەوڵەتان تێیدا ئەندامن، بەڵام رێكخراوی نێودەوڵەتی ناحكومی تاكە كەسەكان و رێكخراوی ئەهلی و كەسانی ناسراو دەبنە ئەندام.
رێكخراوی نێودەوڵەتی حكومی بە كە سایەتییەكی یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت، واتە دەتوانن ماف وەربگرن و ئیلتزامات جیبەجێ بكەن، بەڵام رێكخراوی نێودەوڵەتی ناحكومی كەسایەتی نێودەوڵەتی گشتی نین و كاركردنیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نییە، بەڵكو پابەندن بەیاسای ئەو وڵاتەی كاری تێدا دەكەن و دەگەڕێنەوە بۆ یاسای وڵات.
رێكخراوی نێودەوڵەتی حكومی بەپێی پەیماننامەو میساقێك كە خۆیان رێك دەكەون دروست دەبێت، واتە رێكخراوی نێودەوڵەتی حكومی ناگەڕێتەوە سەر یاساو دەستوری وڵاتێكی دیاریكراو، بەڵام رێكخراوی نێودەوڵەتی ناحكومی دەگەڕێتەوە بۆ یاساو دەستوری ئەو وڵاتەی كاری تێدا دەكات، بە مەرجیك ئەو وڵاتە خۆی لە رێكخراوە ناحكومییەكەدا ئەندام بێ.
رێكخراوی نێودەوڵەتی حكومی بەشێوەیەكی گشتی سەرچاوەی میزانیەكەی بریتییە لە بەشی ئەندامان، بەشێوەی هاوبەشی. واتە لە میساقی رێكخراوەكە دیاریكراوە، گەر بەشدری نەكەی ئەوا سزا دەدرێت. بەڵام رێكخراوی نێودەوڵەتی ناحكومی بە پێشكەشكردنی تبرعاتی دەوڵەت و ئەندام، تاك، یان رێكخراوی نێودەوڵەتی سەرچاوەی داهاتەكەیانن .

هاوكاری نێوان هەردوو جۆری رێكخراوی نێودەوڵەتی حكومی و رێكخراوی نێودەوڵەتی ناحكومی :

جیالەوەی كە رێكخراوی نێودەوڵەتی حكومی بەشێوەی تبرعات هاوكاری پێشكەش بە رێكخراوی نێودەوڵەتی ناحكومی، هاوكاری لەنێوانیاندا هەیە، بەپێی مادەی (71) لە (میساقی نەتەوەیەكگرتووەكان مجلیسی ئابووری و كۆمەڵایەتی بۆیان هەیە، راوێژ لەگەڵ رێكخراوی ناحكومی بكەن، بە مەرجێك ئەو راوێژو پەیوەندی و كاركردنە لەبواری تایبەتمەندی رێكخراوە ناحكومییەكەدا بێت) .

لە نموونەی رێكخراوی نێودەوڵەتی ناحكومی (ڕێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی):

ڕێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی: بریتیە لە رێكخراوێكی جیهانی ناحكومی ئاكتیڤ كە لە بواری كاركردن لە سەر هەموو شێوازو جۆرەكانی گەندەڵی لەسەر ئاستی جیهان كاردەكات و بارەگای سەرەكی لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیایە. ئەم رێكخراوە بە نوسینی راپۆرتی ساڵانە بە شێوەیەكی تێرو تەسەل لەسەر ئەو دۆخەی لە ڕووی دارایی و ئابووریەوە لەناو وڵاتاندا دەگوزەرێت لەگەڵ دیاریكردنی هێماو ئاستەكانی گەندەڵی لە جیهاندا بەناوبانگەو پلەبەندی خشتەیەك بەراوردكاری و دەوڵەتەكان لە ڕووی ئاستی گەندەڵی لە سەرتاسەری جیهاندا.

رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە ساڵی 1993 وەك ڕێكخراوێكی ناحكومی جیهانی قازانج نەویست لەلایەن (پیتەر ئایگن)وە دامەزرێنراوە، كە ئەو سەردەمە بەڕێوەبەری هەرێمی بانكی نێودەوڵەتی بوو لە ئەفریقیا. لە ئێستادا (100) لقی لە ناوخۆی وڵاتەكاندا هەیە، لەگەڵ بارەگای سكرتایەتی نێودەوڵەتی سەرەكی لە شاری بەرلینە . ئەم رێكخراوە كە لە ئێستادا دەیەوێت ببێتە خاوەنی پێگەو بونیادێكی تەواو دیموكراسییانەو شەڕی لە دژی گەندەڵی لە سەرتاسەری جیهاندا دەستپێكردووەو هەوڵ و تەقەللاكانی لە ئاستێكی هەمئاهەنگی جیهانیی بەهێزدا پێكەوە گرێدەدات بۆ كاركردن لەسەر كۆتاییهێنان بە مەترسی و كاریگەریە وێرانكەر و كوشندەكانی گەندەڵی لە سەر كۆی كۆمەڵگاكانی مرۆڤایەتی لە هەموو جیهاندا. ئەركی سەرەكی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بریتیە لە ئەفراندنی گۆڕانكاری ڕاستەقینە بەرەو جیهانێكی خاڵی لە گەندەڵی و ئەو بیرۆكەیە ڕەتدەكاتەوە كە باس لە پێشكەوتنی باكوری كەمەرەی زەوی دەكات بەسەر بەشی باشوریدا لەڕووی ئاست و قەبارەی گەندەڵیەوە، بەڵكو تەواو پابەندی خۆی نیشاندەدات بۆ ئاشكراكردنی گەندەڵییەكان لە هەر سوچ و قوژبنێكی جیهان هەبێت.

ڕێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی یەكێكە لە گەورەترین رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە جیهانداو دیارترین كاروبارەكانی لەبواری بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و بەدیهێنانی ئاشكراگۆیی (شەفافیەت)دا چڕكردۆتەوە. پیتەر ئایگن دەڵێت: “لەماوەی ئەو 25 ساڵەدا كە لە كاركردن لە بانكی نێودەوڵەتیدا بەسەرم بردووە، چەندین پرۆژە هەبوون لە ئاستێكی زۆر خراپدا جێبەجێ‌ دەكران، هەرچەندە ئەوپەڕی پارەیان بۆ دابینكرابوو بە پاڵپشتی ئەو گەورە بەرپرسانەی كە پشتیوانی گەندەڵیەكانیان دەكرد”.

ئامانجی ئەم رێكخراوە ئاكتیڤە جیهانیە ئەوەیە كە بابەتی گەندەڵی بخرێتە ناو ئەجێندای بانكی نێودەوڵەتی و بەرنامەی پراكتیكی دەوڵەتە كۆمەكبەخشەكانەوە بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی. گەورەترین و بەناوبانگترین پرۆژەكانی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بریتیە لە خشتەی هێماكانی گەندەڵی كە راپۆرتێكی ساڵانەیە و لە ساڵی 1995وە لەلایەن رێكخراوەكەوە دەردەچێت و تیایدا بە تێروتەسەلی داتاكان و هێماكانی گەندەڵی تایبەت بە وڵاتانی جیهان باس دەكرێت، جگە لەوەش پرسیار ئاراستەی پیاوانی خاوەنكار دەكرێت سەبارەت بە تێڕوانین و بۆچوونەكانیان سەبارەت بە كاریگەری گەندەڵی لەسەر كایەی وڵاتەكانیان.

جگە لە خشتەی هێماكانی گەندەڵی، رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی هەڵدەستێت بە بڵاوكردنەوەی زنجیرەیەك راپۆرت و دۆكیۆمێنتی گرنگ دەربارەی زۆرێك بابەت و كێشەی جۆراوجۆری پەیوەست بە ئاشكراگۆیی (شەفافیەت). هەروەها ئەم رێكخراوە نێودەوڵەتیە پرۆگرامێكی نیشتمانی بە قۆناغ لە رێگەی لقەكانی لەناو (100) وڵاتی جیهاندا بەڕێوە دەبات. بەڵام سەبارەت بە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوین، رێكخراوەكە چەند لقێكی نیشتمانی لە فەلەستین و لوبنان و بەحرێن و كوێت و مەغریب هەیە، بەردەوامیش داوا دەكات شەفافیەت و پاكێتی (نەزاهە) لە ناوچەی عەرەبیدا بەهێز بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ماوەی (3)ساڵە سەرقاڵی جێبەجێكردنی پرۆژەیەكە لە (4) دەوڵەتی عەرەبیدا بریتین لە (میسر، مەغریب، لوبنان، فەلەستین) و لە ساڵەكانی ( 2009 ، 2010 ) راپۆرتی لەبارەی ئاستی گەندەڵی لەناو ئەو وڵاتە عەرەبیانەدا بڵاوكردۆتەوە.

لە ساڵی 1995دا دەستیكرد بە دەركردنی خشتەی هێماكانی ساڵانەی گەندەڵی بە زمانی ئینگلیزی (Corruption Perceptions Index CPI)، جگە لەوەش راپۆرتی تایبەت بە گەندەڵی جیهان بڵاودەكاتەوە كە بریتیە لە بارۆمەتری گەندەڵی جیهانی و رێبەری دەستیشانكردنی ئەوانەی كە بەرتیل دەدەن. لقی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكای رێكخراوی ئاشكراگۆیی نێودەوڵەتی لە سەرجەم راپۆرت و بڵاوكراوەكانیدا هەرگیز كۆمێنتی نەبووە لەسەر بوونی هیچ ئاماژەیەكی گەندەڵی لەو وڵاتەدا، بەڵام ئەو لقە پارەی لە كۆمپانیای بۆینگ وەرگرتووە كە بەڕێوەبەرە جێبەجێكارەكەی بەهۆی تێوەگلانی لە گەندەڵیەوە زیندانی كراوە.

ئەو رێكخراوە تەنها لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانی گەندەڵی دیاریكراو، یاخود گەندەڵی تایبەت بە تاكەكان ناكات، بەڵكو پەرە بە رێگەو میكانیزمەكانی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی دەدات و لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، حكومەتەكان و كۆمپانیاكاندا كاردەكات و هەماهەنگی بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكانی، ئامانجیشی لە كاركردندا ئەوەیە كە بێلایەنانە كار بۆ بنبڕكردنی دیاردەی گەندەڵی بكات. سەركەوتنی رێكخراوەكە بەندە بە دانانی بابەتی گەندەڵی لەناو ئەجێندای جیهانی دامودەزگا نێودەوڵەتیەكانی وەك بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی كە وەكو كۆسپێكی سەرەكی لەسەر رێگەی گەشەپێدان لە گەندەڵی دەڕوانن، لەكاتێكدا لەپێش ساڵی 1990 بابەتی گەندەڵی گرنگیەكی ئەوتۆی پێ نەدەدراو هیچ هەوڵێكی جدی نەبوو بۆ بنبڕكردنی.

رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی رۆڵێكی باڵاو سەرەكی هەبووە لە پێشخستنی كاری میساقی نەتەوەیەكگرتووەكان لە دژی گەندەڵی و رێكخراوی هاریكاری و گەشەپێدانی ئابوری (OECD) لە دژی بەرتیلخۆری .

پێوەری گەندەڵی نێودەوڵەتی (CPI):

پێوەری گەندەڵی نێودەوڵەتی كە بە (CPI) ناسراوە لەپاڵ پێوەری بانكی نێودەوڵەتیدا بۆ ئاشكراكردنی گەندەڵی لەو پێوەرانەن كە زۆرترین بەكارهێنانیان هەیە لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە بۆ پێوانەكردن و ئاشكراكردنی گەندەڵی. ئەو پێوەرە پشت بە توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی زۆر دەبەستێت و بەوردی ناسراوە. لەپێناو پێشكەشكردنی بەڵگەكاندا رێكخراوی ئاشكراگۆیی (شەفافیەت)ی نێودەوڵەتی هەڵدەستێ‌ بە ئەنجامدانی راپرسیەكانی لەگەڵ پیاوانی خاوەنكارو شارەزایان و لێكۆڵەرەوەكان لە ناوەوەو دەرەوەی ئەو وڵاتەی كە راپرسیەكەی تێدا ئەنجام دەدەن، پاشان تێبینیەكانیان سەبارەت بە ئاست و قەبارەی گەندەڵی لەو وڵاتەدا دەخەنەڕوو. هەندێكجار پشتبەستن بە كۆمەڵێك دۆسیەی گەندەڵی راستەقینە ئەنجامی تەواو نادات بەدەستەوە بەهۆی جیاوازی و ئاستی جێبەجێكردنی یاساكان كە لە وڵاتێكەوە بۆ یەكێكی دیكە زۆر جیاوازە. لەبەر دوو هۆی سەرەكی رەخنە لە پێوەری گەەندەڵی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی گیراوە:

یەكەم: مەترسییەكانی پەیبردن بە لێكۆڵینەوەی خۆیی، چونكە هەندێك لە وڵاتەكان لەوانەیە نیگەران ببن لە رێگەی هەڵدانەوەی رابردووی گەندەڵی ئەوەش رەنگدانەوەی گۆڕانكاری نیشان نادات.

دووەم: بەكارهێنانی بەهاكانی ئەو پێوەرە لە داتاو زانیارییەكاندا بەشێوەیەكی بەردەوام كارێكی قورسە بەهۆی رێگەو شێوازی ئەكاونتی ئەم پێوەرەوە.

لە ئایاری ساڵی 2008دا رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە رێگەی راپۆرتێكەوە بە ناونیشانی (شەفافیەتی زیادكردنی داهات) مشتومڕێكی گەورەی وروژاند. لە راپۆرتەكەیدا هاتووە كە كۆمپانیای نەوتی ڤێنزوێلا، كە دەوڵەت خاوەندارێتی دەكات شكستی هێنا لە ئاشكراكردنی چەندین زانیاری سەرەكی وەك قەبارەی زیادبوونی داهاتی كۆمپانیاكەو بڕی ئەو باجانەی كە داویەتی، جگەلەوەی كە زانیاری ژمێرەیی راستەقینەی ئاشكرا نەكردووە. لە ئەنجامی ئەمەدا رێكخراوەكە لەو راپۆرتەیدا لەنێوان كۆمپانیاكانی نەوتی (42) دەوڵەتدا، ریزبەندیەكی نزمی بەخشیە كۆمپانیای نەوتی ڤێنزوێلی لەڕووی هەڵسەنگاندنی ئاشكراگۆییەوە. لەراستیدا دوایی دەركەوت كە راپۆرتی رێكخراوەكە هەڵەبووەو سەرجەم زانیارییەكانی تایبەت بە كۆمپانیای نەوتی ڤێنزوێلا ئاشكرا و لەبەردەستدا بووە، ئەوەش هۆكارێك بوو بۆ تۆمەتباركردنی رێكخراوی ئاشكراگۆیی (شەفافیەت)ی نێودەوڵەتی بە هەوڵدان بۆ لەكەداركردنی ناوبانگی حكومەتی ڤێنزوێلا.

رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بەمجۆرە پێناسەی گەندەڵی دەكات: “بریتیە لە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتی پێبەخشراو لەپێناو بەدەستهێنانی بەرژەوەندی تایبەتیدا”.

لە ساڵی 1995وە ئەم رێكخراوە بە بەردەوامی هەڵدەستێت بە دەركردنی خشتەی هێماو پێوەری ساڵانەی نێودەوڵەتی تایبەت بە ئاستەكانی گەندەڵی لە سەرتاسەری جیهاندا كە بە (CPI) ناسراوە. رێكخراوەكە بەگوێرەی ئەنجامەكانی ئەم پێوەرەو تێبینی كردنی بوونی گەندەڵیەكان ریزبەندی و پۆلێنبەندی بۆ سەرجەم دەوڵەتانی جیهان دادەنێت. لەساڵی 2003 روپێویەكانی رێكخراوی شەفافیەت تایبەت بە دۆزینەوەو دەستنیشانكردنی بوونی گەندەڵی (133) وڵاتی گرتەوەو لە ساڵی 2007دا گەیشتە (180)وڵات. لە ریزبەندی پێوەری نێودەوڵەتی گەندەڵیدا بەگوێرەی سیستمی دە خاڵی، ژمارە (10) بەرزترین پلەیەو مانای بوونی كەمترین گەندەڵی دەگەیەنێت و ژمارە (1) مانای بوونی زۆرترین گەندەڵی دەگەیەنێت. ئەنجامەكان دەریانخستووە كە (7) لەنێوان (10) وڵاتدا نزمترن لە ئاستی (5/10) خاڵ، بەڵام رێژەكە دەگاتە (9) وڵات لەنێوان (10) وڵاتی تازە پێگەیشتوودا ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ ئاستی زۆریی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لەناو وڵاتانی تازە پێگەیشتوو یاخود (تازە گەشەسەندوو)دا.

رێكخراوی ئاشكراگۆیی (شەفافیەت)ی نێودەوڵەتی دەسەڵاتی بەخشیوە بە (جوان گراف) لە زانكۆی باساو تاوەكو كاربكات بۆ دروستكردنی پێوەری نێودەوڵەتی تایبەت بە گەندەڵی. لە ساڵی 2005دا ئەو پێوەرە لەسەر ئەنجامەكانی (16) راپرسی و روپێوی لە رێگەی (10) دەزگای سەربەخۆوە ئەنجامدرا. ئەو دامودەزگایانەی كە لەو ساڵەدا زانیاری و داتایان بەم پێوەرە بەخشی ئەمانە بوون :

زانكۆی كۆڵۆمبیا.
یەكەی هەواڵگری ئابوری لە گروپی (Economist).
خانەی ئازادی.
سەنتەری زانیای نێودەوڵەتی.
ئەنیستیتۆی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی كارگێڕی.
لیژنەی ئابوری ئەفریقیا لە نەتەوە یەكگرتوەكان
كۆڕبەندی ئابوری جیهان.
گروپی (مرشانت)ی نێودەوڵەتی
ناوەندی راوێژكاری تایبەت بە مەترسیە سیاسی و ئابورییەكان.
سەنتەری توێژینەوەكانی بازاڕی نێودەوڵەتی.

ئەو هێماو ئاماژانەی پێشوو بەكاردەهێنرێت بۆ روپێویكردن لەسەر بۆچوون و بیروڕا گشتیەكان، بەڵام ئێستا تەنها بۆچوونی شارەزایان بەكاردەهێنرێت. پێوەری نێودەوڵەتی گەندەڵی لانیكەم پشت بە(3) سەرچاوەی بەردەست دەبەستێت لەپێناوی هەڵسەنگاندنی دۆخی هەر وڵاتێك لەناو پێوەرەكەیدا.

رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە ماڵپەڕەكەیدا دەڵێت:لەماوەی رابردوودا سەرچاوەی زانیارییەكانی روپێوی و لێكۆڵینەوەكانی شارەزایان بۆ دروستكردنی پێوەری گەندەڵی بەگشتی بریتی بوو لە ئابوریناسانی دەوڵەتە پیشەسازییەكان، بەڵام بۆچوون و تێڕوانینی ئەو وڵاتانەی كە لە ئاستێكی پێشكەوتنی كەمتردان لەژێر ئاستی پێویستدا پشتیان پێ‌ بەستراوە، بەڵام ئەم شێوازە لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا گۆڕا لە رێگەی پێدانی دەنگێكی زیاتر بۆ ئەوەی لە بازاڕە ئابوریە هەڵكەوتووەكاندا نوێنەرایەتی زیاتریان پێ بدرێت.

پێوەری گەندەڵی لە بنەڕەتدا لەسەر راپرسییەكان بونیاتنراوە، هەرچەندە دەرئەنجامەكان گرنگیان زیاترە، بەڵام میسداقیەتیان كەمترە سەبارەت بەو وڵاتانەی كە خاوەنی سەرچاوەی زانیاری كەمترن. سەرەڕای ئەوەی گەندەڵی لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە دەگۆڕێت، دەبینین شێوازو دیمەنەكانی ئەنجامدانی گەندەڵیش تێیاندا جیاوازن: لەهەندێك وڵاتدا بەخششی سیاسی كارێكی یاساییە، بەڵام پێناچێت لە سایەی دەسەڵاتی هەندێك وڵاتی دیكەدا یاسایی بێت، بەڵكو دەچێتە خانەی گەندەڵیەوە، یاخود لە هەندێك وڵاتی دیكەدا بە بەخشیش دەدرێتە قەڵەم، لە هەندێك وڵاتی دیكەشدا بە لەوانەیە ناوی بەرتیلی لێبنرێت. داتاو ئاماری لەمشێوەیە هەمیشە ناڕوون و ناوردبینە، چونكە كەلێنێك بۆ گومان و نادروستی لە زانیارییەكاندا دەهێڵێتەوە.

سەرچاوەكان :

كتێبی گەندەڵی، وەرگێڕانی (سابیر عەبدوڵا كەریم)، لە چاپ و بڵاوكراوەكانی (دەزگای ئایدیا)بۆ فكرو لێكۆڵینەوە.
كتێبی (رێكخراوی نێودەوڵەتی) (د.عبداللە علی عبو). چاپی یەكەم ساڵی 2010 دهۆك .
ئاژانسی رۆیتەرز .
رۆژنامەی (الحیاە)http://alhayat.com/Details/578263
پێگەی (كتابات)http://kitabat.com/ar/page/03/12/2013/20138
ویكیپیدیhttp://ar.wikipedia.org/wiki
Bbc تۆڕی هەواڵی (الاقتصادیە)http://www.bbc.co.uk/arabic/worldnews/2013/12/131203_transparency_report_corruption.shtml
http://www.transparency.org/news/pressrelease/Corruption_around_the_world_2013_arabic
http://www.aleqt.com/2012/12/05/article_714817.htm
دەقی چەند وانەیەكی (د. سیروان حامید) تایبەت بە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان