ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

لیژنەی ڕۆشنبیری پەرلەمان ڕوونكردنەوە لەبارەی پڕۆژە یاسای ڕێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی دەدات

خەڵك – بەشی هەواڵ

لیژنەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایدەگەیەنێت: یاسای میدیای ئەلیكترۆنی دوو ڕاوێژكار ئامادەیان كردووە ١٦ ئەزموونی میدیایان هەیە.

لیژنەكە ئاماژە بەوەشدەدات، ئەوەی دەوترێت گوایا بەپێی ئەم پێشنیازە یاسایە نووسینی “كۆمێنتێك” لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەپێی “یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) لە هەرێمی كوردستان-عیراقدا/ یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2006” مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، قسەیەكی ناڕاستە.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

 

راگەیاندراوێك لە لیژنەی رۆشنبیریی پەرلەمانی كوردستان-ەوە

لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لەپەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بەپێشنیازەیاسای “رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی لەهەرێمی كوردستان-عێراق”، كەنیگەرانیی بەشێك لەنووسەران و میدیاكارانی لێكەوتووەتەوە، بڵاوكردنەوەی ئەم راگەیاندراوەی بۆ رای گشتیی كوردستان بەپێویست زانی:

‏‎1- ئەم پێشنیازە یاسایە لەلایەن دوو راوێژكاری پەرلەمانەوە گەڵاڵەكراوە كەپێشتر هەریەكێكیان ئەزموونی زیاتر لە 15 ساڵ كاری میدیاییان هەبووەو بڕوانامەی بەرزی ئەكادیمییان لەو بوارەیشدا هەیەو بڕوای تەواوەتیشیان بەپرەنسیپەكانی ئازادیی بڵاوكردنەوەو بەرپرسیارێتیی لەبڵاوكردنەوەدا هەیە.

‏‎2- ئەم پێشنیازەیاسایە كە بەئیمزای (53) پەرلەمانتار لەفراكسیۆنەكانی بەشدار لەحكومەت و دەرەوەی حكومەت ئیمزاكراوە، پڕۆژەی هیچ حزب و كەس و لایەنێك نییە، بەڵكو بووەتە پێشنیازەیاسای (53) پەرلەمانتار كەئیمزایان لەسەر كردووەو لەدانیشتنی تایبەت بەخوێندنەوەی دووەمی پێشنیازەیاساكەیشیاندا بەشداردەبن لەزیاتر باشكردنی پێشنیازەیاساكەیان.

‏‎3- لەبەر نەبوونی یاسای تایبەت بەمیدیای ئەلیكترۆنی دادگاكان لەبەشێكی تاوانەكانی بڵاوكردنەوەی ئەلیكترۆنیی بەپێی “یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لەهەرێمی كوردستان-عێراق/ یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2008″، یان یاسای عقوباتی عێراقی لێپێچینەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووس دەكرێت كەتاوانكار حوكمی حەپسكردن دەیگرێتەوە، بەڵام لەم پێشنیازەیاسایەدا هیچ حوكمێكی حەپسكردن، یان تەنانەت دەستبەسەركردنی رۆژنامەنووسانی میدیای ئەلیكترۆنی رێگەپێنەدراوەو تەواوی ئەو ئەندامانەی ئیمزایان لەسەر كردووە دژی زیندانیكردنی رۆژنامەنووسانن و پێداگری دەكەن لەسەر فراوانكردنی رووبەری ئازادیی بڵاوكردنەوە، سەرەڕای پاراستنی كەرامەت و ئابڕووی هاونیشتیمانییان بۆئەوەی لەمیدیاو سۆشیالمیدیاوە چیتر بەناوی خوازراوەوە سوكایەتی بەپیرۆزییەكان و كەرامەتی هاونیشتیمانییان نەكرێت و لەبەرانبەردا تاوانكار تەنها “غەرامە”ی دارایی بكرێت، نەك حەپسكردن، وەك چۆن لەیاسا بەركارەكانی دیكەدا جێگیركراون كەئەمە ئامانجی سەرەكیی پێشنیازەكەو خواستی ڕۆژنامەنووسانە.

‏‎4- بۆ ئەم پێشنیازەیاسایە دەرفەتێكی زۆرو كراوەمان لەبەردەستە بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرت و ئەم پێشنیازەیاسایە خوێندنەوەی دووەمی بۆ ناكرێت تائەوكاتەی بەبەشداریی میدیاكارانی خاوەن ئەزموون و پسپۆڕانی بواری میدیاو نوخبەی یاساناسانی بواری میدیا، “وۆركشۆپ”ی لەهەولێر و سلێمانی بۆ دەكرێت بۆ زیاتر دەوڵەمەندكردنی پێشنیازەیاسایەكەو بەهێندوەرگرتنی رەخنەو پێشنیازەكانی پسپۆڕانی ئەم بوارە، كەدواتر لەنێو راپۆرتی هاوبەشی لیژنەكانی “رۆشنبیری”و “شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن”و لیژنەی “كاروباری یاسایی” پەرلەماندا پێشنیازەكانیان جێگیر دەكرێن.

‏‎5- ئەم پێشنیازەیاسایە بۆ بەرتەسەككردنەوەی ئازادیی میدیا نییە، هیچ جۆرە چاودێرییەكی پێش وەختە ناخاتەسەر سۆشیاڵمیدیاو ئازادیی ڕادەربڕینی تەواوی تێدا فەراهەمكراوە ئەم پێشنیازەیاسایە بۆ پاراستنی كەرامەتی هاونیشتیمانییانە لەسووكایەتیكردن پێیان لە”سۆشیالمیدیا”و هەروەها گەڕاندنەوەی بەرپرسیارێتیی نووسین و قسەكردن لەسۆشیالمیدیاو میدیای ئەلیكترۆنییەوە لەپێناو دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و هاوبەرپرسیار، نەك كۆمەڵگەیەك كەخەڵكانێكی “پۆپۆلیست”و نابەرپرسیار بەناوی خوازراو و پەیجی “فەیك”ەوە سووكایەتی بەتەواوی هاونیشتمانییان بكەن و لەدادگایش كەیسەكانیان یەكلایی نەكرێتەوە.

‏‎6- ئەوەی دەگووترێت گوایا بەپێی ئەم پێشنیازەیاسایە نووسینی “كۆمێنتێك” لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەپێی “یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تێرۆر) لەهەرێمی كوردستان-عێراقدا/ یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2006” مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، قسەیەكی ناڕاستەو تەنها لەنێو پێشنیازەیاساكەدا ئاماژە بەوەكراوە: هەر پرسێك پەیوەندیی بەتێرۆر هەبێ لەبڵاوكراوە ئەلیكترۆنییەكان ئەوا بەیاسای تیرۆر كاری لەسەر دەكرێت كەئەو یاسایە بەركارەو كاری پێدەكرێت ئەگەر ئەو بڕگەیە لابدەین یان ئاماژەشی پێنەدەین ئەو یاسایە هەر بەركارە، بۆیە بەلامانەوە سەیرە ئەو بڕگەیە بەلاڕێدا دەبرێت بۆئەوەی شەقامی پێ چەواشە بكەن، ئەگەر ئەم بڕگەیەش بەمەترسی دەزانن ئەوا لەپێشنیازەیاساكە لایدەبەین بۆئەوەی دڵنیایی زیاتر بەهاونشتیمانییانمان بدەین.

‏‎نووسەران و میدیاكارانی خۆیشەویست دڵنیادەكەینەوە ئەم پێشنیازەیاسایە خوێندنەوەی دووەمی بۆ ناكرێت تائەو كاتەی پێشنیازو بۆچوونەكانی ئێوەی بۆ زیاد دەكرێت، بەشێوەیەك كەخزمەتی ئازادیی كاری بڵاوكردنەوەو رێكخستنەوەو پاراستنی كەرامەتی هاونیشتیمانییان بكات.
‏‎
لیژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان لەپەرلەمانی كوردستان
2020/8/16

ئابوری

نوێنەرێك سێ‌ پێشنیار بۆ حكومەتی هەرێم دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانى عيراق لە فڕاكسیۆنی یەكێتی دەڵێت:”مەلەفی نەوت زۆر هەڵدەگرێت و زۆریشی لەسەر نووسراوە، بەڵام دەرەنجام نەوت نەبووە بە مایەی خێر و خۆشی بۆ خەڵكی كوردستان”.

هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فڕاكسیۆنی یەكێتی لە نووسینێكدا ئاماژەی بەوەداوە:”بەداخەوە ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت بینیمان سەبارەت بە داهات و خەرجیيەكانی نەوت، مـرۆڤ تووشی شۆك دەبێت”.

ئەو نوێنەرە لە نووسینەكەشیدا سێ‌ پێشنیاری بۆ حكومەتی هەرێم كردووە بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی دارایی و ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران.

 

دەقی نووسینەكەی هەرێم كەمال ئاغا:

 

مەلەفی نــەوت زۆر هـــەڵدەگـرێت زۆریش لەسەری نوسراوە بەڵام دەرئــەنجــام نــەوت نەبوو بە ماییەی خێر و خۆشی بۆ خـــەڵكی كوردســتان .

لەســـەرەتادا كاتێـــك سەركردایـــەتی سیــاسی كوردستان لە حوزەیرانی ســـاڵی 2009 بـریاری رەوانەكردنی نەوتی دا بۆ دەرەوە ئـەمە هەنــگاوێكی گرنـگ بوو لەرووی ئابووریەوە بۆ هەرێمی كوردســتان ، چونكە نەوت بۆ ژێرخانی ئابووری هەر ولاتێك سێكتەرێكــی داهـــاتی بــەهێزە ، ئەو ولاتـانەی نەوت تیاندا بە درووستی بەكارهێنراوە هەمیــشە نەوت بۆیان بووە بە مایــیەی ئارامـــی و خۆشـــگوزەرانی و بـــەهێز بــوون و پاراســـتنی ئاســـایشی سیــادەی دەولەت .

یەكێتی نیشتیمانی كوردســـتان ســـەرباری كێــشمە كێشــمی زۆر و ئاڵنـــگاریـــەكان بـــەردەوام پشتــگیری بـــازاری ئـــازاد و هەناردەكـــردنی نـــەوت بـــووە ، بەشێـــوەیەكی شـــەفاف و تەندرووست ، چونكە یەكێـتی خۆیی بە خاوەنی بیرۆكەی دەرهێنانی نەوت دەزانێت لە پێناو دەستەبەركردنی ژێرخانی ئابـــوریەكی بەهێـز بۆ هەرێمـــی كوردســــتان.

بەڵام بەداخـــەوە ئەوەی لە چــەند رۆژی رابـردوو لە راپۆرتی كۆمــپانیایی دیــلۆیــت ـ مــان بــینی ســـەبارەت بە داهات و خەرجیـــەكانی نـــەوت ، مـرۆڤ توشی شۆك دەبـــێت، ئەگەر بێت و سەیری شــیكاری داهـــات و خـەرجیەكانی دەرهێنانی نەوت و جیـاوازی نێـــوان هـــەناردەكـــردن و بــەبازار كردنی نــەوت لەگـــەڵ عیراق بكەیـــن لەساڵـــی 2019 دەبینـــین:

[ كـــرێی بـــۆری نـــەوتی كـوردستــــان و تـــوركیــا ( 13%)

قـــەرزی تـــوركیاو كۆمپــــانیاكانی كـــریاری نـــەوت( 16%)

قــــەرزی كۆمپانیا ناوخۆییەكان كـــارەبا و پاڵاوگەكان(9% )

حەقدەستی كۆمپانــــیاكانی بەرهەمــهێنانی نـــەوت (30%)

خــــەرجـــی گــــۆریـــنــــەوەی دۆلار بــــۆ دیـــنــــار ( 2%)

پوختەی داهاتی ماوە بۆ مووچە وخەرجی حكومەت(30%)

كـــۆی گـــــشتـــی دەكـــات بــــە (100%) ]

ئەمـــە تـــەواو بـــە مـــانـایی بە هەدەردانی ئابووری هەرێمی كوردســـتانە ، بەتـــەواوی پێچەوانەی بەهێز بوونی ئابوریە ، دەتوانـــین بڵـــێن نـــەوت لە ئێســتادا بەم شێوەیە نە دەبێتە ماییەی خۆشگوزەرانی بۆ خـــەلكی كوردســـتان و نــە بۆ ژێر خـــانی ئابــــوریەكـــی بەهـــێز ، بەڵكـو سودی تەنها بۆ چەند كۆمپانیایەك و هەندێــــك وڵاتە ، دەرئـەنجام بـۆتە ماییەی سـزادانی خەلكی هەرێمی كوردستان بە هۆیی هەناردەكردنی نەوت وە رێك نەكـــەوتنی حكـومەتی هـەرێم لەگـەڵ بەغدا.

بۆیە پــێویستە لــە ئَێستـــادا ئەم خاڵانە تیشكی بخرێتە سەر

① ـ هەنـــاردەكــردنی نەوت بەم شێوەیە كۆمەڵێك رهەندی تری ترسنـــاك لەخۆیی دەگرت پێویســتە لە داهاتوودا لە گەڵ بەغـــدا لەســـەری رێكبـكەویــن .

②ـ كـــاركردن لــەســـەر پرۆژە یاسایی نەوت و گاز كە وەك نەخشە رێگایەكە بۆ چارەسەری بنەرەتی كێشەكان و دووبارە نەبوونەوەی كە بەردەوام بۆتە مایـــیەی ترس و دڵەراوكێ .

③ ـ پێـــویستە هەرێمــی كوردستان پابەندی رێكەوتنەكانی بێت لە گەڵ بەغدا هەروەكو لە رێكەوتنی ئۆكتۆبەری 2020 باسی لێوەكراوە ، ئەویش بە رادەست كردنی نەوت و نیوەیی داهاتە نا نــەوتیـــەكان ، بـــۆ وەرگرتنــی شایستــە دارایەكانی لە مانـــگی 1 ئەم ســـاڵ بۆ خۆشگوزەرانی هاولاتیان و دابین كـــردنی موچـــەی موچە خۆران .

لە كۆتاییـــدا دەتـــوانم بڵێـــم ، ئەگەر حكــــومــەتی هەرێمی كوردســـتان ســــیاســـەتێـــكی حەكیــمانەو ژیــرانە و تەواو زانستیـــیانە و شەفـــاف بگرێتـە بەر و نەوت رادەست بكات بەپێی رێـــكەوتــن و پشـــكی خـــۆیی بكـــات بــە داینەمۆی بــــوژانەوە‌ی هەرێمی كوردستان ئەوا ساڵێكی پر لە ئاسودەی و خۆشگوزەرانـــی بۆ هـــاولاتیان و موچـــە خۆران فـەراهەم دەكات ، لەهـــەمان كــاتدا حكومەتی فیدراڵ مولزەم دەكرێت بە دابـــین كـــردنی شایســـتە دارایەكـــانی حكومـەتی هەرێم و دانەوەی قەرزی جوتیاران و دابین كردنی موچـــەی مــوچە خـــۆران ، بـــە پـێچەوانەوە ئەگەر هەروەكو ئێستا بەردەوام بێت، ئـەوا بـەدڵنییایەوە ئەم نەوتە دەبێتە ماییەی زیاتر ئازار دان و سزادانــنێكی تــر بــۆ گـــەلەكـــەمان .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

گەرمیان.. هەوڵێكی سووتاندنی زیندانی گرتن و گواستنەوە شكستی پێهێنرا

خەڵك – بەشی هەواڵ

لەگرتن و گواستنەوەی گەرمیان ،ھەوڵی سوتاندنی زیندانەكەیاندا و پۆلیس كۆنتڕۆڵی زیندانەكەی كردووە.

ڕائید سلێمان عەزیز بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان بە كەناڵی فەڕمی یەكێتی ڕاگەیاند، گۆڕینی سیستمی پێدانی مۆبایل بەزیندانیەكانیانمان گۆڕیوە، بەشێك لە زیندانییەكان ئەمەیان پێ ناخۆش بووە، بەشێكی تری زیندانیەكان ئەمەیان بەھەل زانیوە، ھەوڵیانداوە چەند بەتانیەكی ناو ھۆڵی ژوورەكەیان بسوتێنن، ھەرزوو پۆلیسی زیندان چوونەتە ژورەوە و توانیویانە كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بكەن.

ڕائید سلێمان عەزیز ئاماژەی بەوەشدا، بیانووی ئەو ھەوڵەی زیندانییەكان بۆ ئەوەبووە كە داوادەكەن دادگایی بكرێن، چونكە پێیان واییە ماوەیەكی زۆرە لەزیندانن و دادگاییكردن و یەكلایكردنەوەی كەیسەكانیان دواكەوتووە.

بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان ڕوونیشی كردەوە، تەنھا لەیەك ھۆڵی زیندانەكە ئەم ھەوڵە دراوە لەلایەن چەند ئاژاوەگێڕێكەوە، بەلام ڕێگەنەدراوە بەتانی و كەلوپەلەكان بسوتێنرێن و ئەو زیندانیانەش لەلایەن دادوەرەوە كەیسی تریان بۆ كراوەتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ئەمریكا پێداویستی سەربازی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت: ئەمریكا پێداویستی سەربازی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاندووە، كاروانێكی نوێی هاوكاری لۆجستی و سەربازیی هێزەكانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە خاكی عیراقەوە بەرەو ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێكەوتوون.

ڕوانگەكە باسی لەوەش كردووە، كاروانەكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە 35 بارهەڵگری باركراو بە كەلوپەلی لۆجستی و سەربازیی و تانكەری سووتەمەنی پێكهاتوون و لە دەروازەی سنووری وەلیدی نێوان عیراق و سوریا و عیراق و ئوردنەوە بەرەو شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێكەوتوون، دواتر ڕوویان كردووەتە بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە حەسەكە و دێرەزوور.

جێی ئاماژەیە، ڕۆژی 10ی ئەم مانگەش كاروانێكی تری هێزەكانی سەربە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی كە لە 25 بارهەڵگر پێكهاتبوو و كەلوپەلی لۆجستی و چەكی قورسی وەك تۆپ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشیان پێبووە لە هەرێمی كوردستانەوە ڕوویان كردبووە بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانان لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان كرد، دواتر بەرەو كێڵگەی نەوتیی (عومەر و كۆنیكۆ) لە دێرەزوور بەڕێكەوتبوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان