ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

جەلال جەوهەر: نابێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەرێم بە بەغداوە گرێ بدرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ
ئەندامێكی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت كە سەقامگیربوونی هەرێمی كوردستان دوو ڕێككەوتنی پێویستە و لەگەڵ ئەوەشدا نییە هەرێمی کوردستان نیم بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە بەغداوە گرێ بدرێت.

جەلال جەوهەر ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە بەشی دووەمی ئەو زنجیرە وتارەی دەربارەی هەڕەشە و مەترسییەكانی سەر هەرێمی كوردستان دەینووسێت، باس لە ھەڕەشە ومەترسیەكانی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان دەكات.

جەلال جەوهەر ڕوونیكردووتەوە كە ململانێ وشەڕی نێوان هێزولایەنە چەکدارەکان بەردەوام هەڕەشە و مەترسی بوون لەسەر هەرێم و دوو رێككەوتنی نێوان (پارتی-یەكێتی) و (پارتی- یەكێتی-لایەنەكانی دیكە) بە پێویست دەزانێت بۆ سەقامگیركردنی هەرێمی كوردستان.

ئەندامەكەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەشنووسێت: “من لەگەڵ گرێدانەوەی هەرێمی کوردستان نیم بە بەغداوە، بۆ چارەسەركردنی کێشەکان، لانیكەم لەبەر ئەم دوو ھۆیە:
یەکەم : زیاتر لە دە ساڵە دەوڵەتی عێراق یەکێکە لە دەوڵەتە هەرە فاسد (گەندەڵ) و فاشییلەکانی دونیا (دەوڵەتی دووفا) ،بە پێی راپۆرتی ساڵانەی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەڵەتی.
دووەم : دەولەت وحکومەتی عێراقیش )هی پێش بەڕێز مستەفا کازمی( فاشیل نەبوایە لە ئیدارەدان، دانیشتوانی دە پارێزگا )بەغداد + نۆ پارێزگای خوارووی عێراق( نە دەهاتە مەیدان و سەرشەقامەکان لە دژی حکومەتی عێراق بۆماوەی نزیكی دە مانگی . گەر حکومەتی عێراق بڕوای تەواوی بە دیموکراسیەت هەبوایە، بەو توندوتیژییە ڕوبەڕووی خۆپیشاندەران نەدەبووەوە، و ئەو هەموو قوربانییەیش نەدەبوو.

دەقی وتارەكەی جەلال جەوهەر:

بەشی دووەم : ھەڕەشە ومەترسیەكانی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان

٢-١: ململانێ وشەڕی نێوان هێزولایەنە چەکدارەکانی ھەرێمی كوردستان
چاكتر وایە لێرەدا بەم پرسیارە دەست پێبكەین : كەی وچۆن ھێز و لایەنەكانی كوردستان دەبن بە ھەڕەشە بۆ سەر میللەت و خاكی كوردستان ؟
وڵامی ئەم پرسیارە لە چەند نیشانەیەكی ئەو ھەڕەشە ومەترسیانە كورت دەكەمەوە :

١- كاتێك ھێز و لایەنەكان سەرقاڵ وسەرگەرمی ململانێ و شەڕی یەكتربن، وبە لاوازی بكەونە بەر دەستی نەیار و دوژمن، وبەناچاری سازشیان لەگەڵدا بكەن، لە پێناو مانەوە و پاراستنی خۆیان، ئەنجام دەبن بەبەشێك لە ئەجندا وھاوكاری نەیار ودوژمنانی گەلی كوردستان.

٢- كاتێك بەرژەوەندی حیزب ودەسەڵاتداران دەكەوێتە سەرووی بەرژەوەندی گەل ونیشتیمان، دەسەڵاتداران داھات وسەروەت وسامانی میللەت پاوان دەكەن و بەتاڵانی دەبەن، وگەندەڵیش دەگاتە ھەموو جومگەكانی دەوڵەت، ئەنجام میللەت ودەسەڵاتداران دەكەونە دوو بەرەی جیاواز ودژ بەیەك تاڕادەیەك.

٣- كاتێك ھێزولایەنەكانی كوردستان سەركەتوو نابن لە ھەڵسەنگاندن و ناسینی خۆیان وتوانای دوژمنەكانیان، وبەھەڵەدا دەچن ودەكەونە ململانێ وشەڕی نابەرامبەر لەگەڵ ھێزی دوژمن، ئەنجام لە دۆخی وادا میللەتەكە وجولانەوەكەشی تێكدەشكێ، بە ھۆی خوێندنەوەی نادروستی دۆخ و واقعی كوردستان ودۆست ودوژمنەكان.
میژوی سەد ساڵی ڕابردووی جوڵانەوەی سیاسی و چەکداری لە کوردستانی عێراق، پڕە لە شەڕو توندوتیژی و ململانێی حیزبی و ناوچەیی، لە پێناوی بەرژەوەندی تەسکی شەخسی و خێزان و بنەماڵەو حیزب، بەجۆرێ كەساڵانی ململانێی حیزبی وشەڕی نارەوا و نانیشتیمانیانە بەراورد ناکرێ لەگەڵ ساڵانی ئاشتەوایی و تەبایی و پێکەوەیی.
لەدوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە ئازارو بەهاری ساڵی (1991) ، وپێكھێنانی پەرلەمان و حکومەت و ئەم قەوارە سیاسیە، ناکۆکی و شەڕ لە نێوان هێزو لایەنە چەکدارەکانی کوردستان ھەڵگیرسا{(شەڕی پارتی وسوشیالیست لە ١١ /١٩٩٣/١٢)
و (شەڕی بزوتنەوەی ئیسلامی ویەكێتی لە ١٩٩٣/١٢/٢٠) و (شەڕی پارتی و یەکێتی لە ١٩٩٤/٥/١)} ، وزۆر پەرەی سەند ودرێژە كێشا، بەجۆرێک دەوڵەتانی هەرێمایەتی ڕاستەوخۆ بوون بە بەشێک لەو شەڕو ململانێیانە، و بەرژەوەندییەکانیشیان بەشێوەیەک گرێدرا بە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری دەوڵەتانی ناوچەکە… بەرژەوەندی حیزبی بە تەواوی جێگای بەرژەوەندییەکانی نیشتمانی و نەتەوەیی گرتەوە، دواجار ئەم شەڕە بەفشار ونێوەندگیری ئەمریكا كۆتایی ھات، بەڵام شوێنەوارەكانی تا ئەمڕۆ زۆر بەزەقی دیارە.
لەماوەی سەرەتای مانگی ئابی ساڵی (2014) ەوە، تا ناوەڕاستی تشرینی یەکەمی ساڵی (2017) ، دەسەڵاتدارانی کورد(پارتی و یەكێتی) زیاتر لەنیوەی خاکی کوردستانیان (شەنگال، رەبیعە، زممار، مەخمور، دوبز، کەرکوک، داقوق، دوزخورماتوو، جەلەولا و خانەقین) لە دەستدا، وناوچەكە بەتەواەی کەوتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ، وئێستا لە سایە ولە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵدا شێوازێكی نوێ لە پاكتاوكردنی كورد لەو ناوچانە جێبەجێ دەكرێ.
ئەمڕۆش ئەم ناکۆکی و ململانێیە لەنێوان هەردوولادا، ھەمیشە لە ھەڵچون وداچون وتوندبون وخابونەوەدایە، وبەجۆرێکە هیچ ئومێدی ئەوەی لێناکرێت بتوانن لە ئاستی ڕووداو و گۆڕانکاری وھەل و ھەڕەشە و ئاڵنگاریەکانی داهاتوو بن.
لە داهاتووشدا مەترسی ئەوە هەیە، ئەو هێزو لایەنانە بەپێی جوغرافیا وبەرژەوەندی سیاسی ئابوری وئەمنی دابەشبن بە سەر دوو بەرەی جیاواز، ودوو دەوڵەتی جیاوازدا، وئەگەر ئەوە ڕوو بدات، بێگومان ئەگەری دابەشبوونی تری خاک و میللەتەکەشمان لە کوردستانی عێراق لە ئارادا دەبێت.
بەم پێیە؛ لانیكەم سێ لە نیشانەكانی ئەو ھەڕەشە ومەترسیانە دەركەوتووە، وبەزقی لە ئارادایە، لەبەر ئەوە ململانێ وشەڕی لایەنە چەكدارەكانی ھەرێم ھەمیشە لە سەرپێیە.
چی بکەین بۆ نەهێشتنی هەڕەشەی لایەنە چەکدارەکان لەسەر هەرێم و ڕەواندنەوەی مەترسی دابڕانی جەماوەر لە لایەنە سیاسیەکان!؟
بە خوێندنەوەی سادەی من دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم دوو موساڵەحە وڕێکەوتنی ڕاستگۆیانە بکەن، گەر سەقامگیری تەواوی ئەم هەرێمەیان دەوێت.

یەکەم : سوڵح و ڕێکەوتن لە نێوان لایەنەكانی كوردستان :
ا/ رێكەوتن لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەسەر بنچینەی :

1- پاراستنی هەرێم وەک قەوارەیەکی سیاسی ودەستوری و سەربەخۆ لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ، و دروستکردنی هەرێمێکی یەکگرتوو، حکومەتێکی نیشتمانی یەکگرتوو، هێزی چەکداری نیشتمانی یەکگرتوو، ئابورێکی نیشتمانی یەکگرتوو و پەیوەندی سیاسی و دبلوماسی یەکگرتوو….

2- دانانی بنەمای دروست بۆ چاکسازی ڕاستەقینە، و بە کردەوە ڕوبەڕوی گەندەڵی ببنەوە، و کار بکەن بۆ سەرخستنی بەرژەوەندی هەرێم و میللەت بۆ سەر بەرژەوەندی حیزبی.

3- پەیوەندی هەرێم و عێراق، و پەیوەندی هەرێم و دەوڵەتان لەسەر بنچینەی دەستوری عێراق ڕێکبخرێتەوە بە مەرجی پابەندبوونی هەردوولا.

ب/ پارتی و یەکێتی ڕێکەوتنی سیاسی بکەن لەگەڵ لایەنەکانی تری کوردستان لەسەر بنەمای:

1- پابەندبونی پارتی و یەکێتی بە دیموکراسیەت و بنەماکانی دیموکراسیەت، و کۆتایی هێنان بە هەڵبژاردنی ساختە و پەرلەمان و حکومەتی یەک حیزب و ئیفلیج،….
2- دانانی ڕێوشوێنی تەندروست بۆ چاکسازی ڕاستەقینە لە هەموو بوارەکان.
ئاراستەیەکیش هەیە باسی بژاردەی گرێدانەوەی هەرێمی کوردستان دەکات بە حكومەتی ناوەندەوە، وەک چارەسەرێک بۆ کێشەکانی گەندەڵی و دیموکراسی، وەك ئەوەی لە حكومەتی ناوەند كێشەی گەندەڵی ودیموكراسی نەبێ،…!؟
من لەگەڵ گرێدانەوەی هەرێمی کوردستان نیم بە بەغداوە، بۆ چارەسەركردنی کێشەکان، لانیكەم لەبەر ئەم دوو ھۆیە:
یەکەم : زیاتر لە دە ساڵە دەوڵەتی عێراق یەکێکە لە دەوڵەتە هەرە فاسد(گەندەڵ) و فاشییلەکانی دونیا (دەوڵەتی دووفا) ،بە پێی راپۆرتی ساڵانەی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەڵەتی.
دووەم : دەولەت وحکومەتی عێراقیش )هی پێش بەڕێز مستەفا کازمی( فاشیل نەبوایە لە ئیدارەدان، دانیشتوانی دە پارێزگا )بەغداد + نۆ پارێزگای خوارووی عێراق( نە دەهاتە مەیدان و سەرشەقامەکان لە دژی حکومەتی عێراق بۆماوەی نزیكی دە مانگی . گەر حکومەتی عێراق بڕوای تەواوی بە دیموکراسیەت هەبوایە، بەو توندوتیژییە ڕوبەڕووی خۆپیشاندەران نەدەبووەوە، و ئەو هەموو قوربانییەیش نەدەبوو.

جەلال جەوهەر عەزیز

ئابوری

نوێنەرێك سێ‌ پێشنیار بۆ حكومەتی هەرێم دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانى عيراق لە فڕاكسیۆنی یەكێتی دەڵێت:”مەلەفی نەوت زۆر هەڵدەگرێت و زۆریشی لەسەر نووسراوە، بەڵام دەرەنجام نەوت نەبووە بە مایەی خێر و خۆشی بۆ خەڵكی كوردستان”.

هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فڕاكسیۆنی یەكێتی لە نووسینێكدا ئاماژەی بەوەداوە:”بەداخەوە ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت بینیمان سەبارەت بە داهات و خەرجیيەكانی نەوت، مـرۆڤ تووشی شۆك دەبێت”.

ئەو نوێنەرە لە نووسینەكەشیدا سێ‌ پێشنیاری بۆ حكومەتی هەرێم كردووە بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی دارایی و ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران.

 

دەقی نووسینەكەی هەرێم كەمال ئاغا:

 

مەلەفی نــەوت زۆر هـــەڵدەگـرێت زۆریش لەسەری نوسراوە بەڵام دەرئــەنجــام نــەوت نەبوو بە ماییەی خێر و خۆشی بۆ خـــەڵكی كوردســتان .

لەســـەرەتادا كاتێـــك سەركردایـــەتی سیــاسی كوردستان لە حوزەیرانی ســـاڵی 2009 بـریاری رەوانەكردنی نەوتی دا بۆ دەرەوە ئـەمە هەنــگاوێكی گرنـگ بوو لەرووی ئابووریەوە بۆ هەرێمی كوردســتان ، چونكە نەوت بۆ ژێرخانی ئابووری هەر ولاتێك سێكتەرێكــی داهـــاتی بــەهێزە ، ئەو ولاتـانەی نەوت تیاندا بە درووستی بەكارهێنراوە هەمیــشە نەوت بۆیان بووە بە مایــیەی ئارامـــی و خۆشـــگوزەرانی و بـــەهێز بــوون و پاراســـتنی ئاســـایشی سیــادەی دەولەت .

یەكێتی نیشتیمانی كوردســـتان ســـەرباری كێــشمە كێشــمی زۆر و ئاڵنـــگاریـــەكان بـــەردەوام پشتــگیری بـــازاری ئـــازاد و هەناردەكـــردنی نـــەوت بـــووە ، بەشێـــوەیەكی شـــەفاف و تەندرووست ، چونكە یەكێـتی خۆیی بە خاوەنی بیرۆكەی دەرهێنانی نەوت دەزانێت لە پێناو دەستەبەركردنی ژێرخانی ئابـــوریەكی بەهێـز بۆ هەرێمـــی كوردســــتان.

بەڵام بەداخـــەوە ئەوەی لە چــەند رۆژی رابـردوو لە راپۆرتی كۆمــپانیایی دیــلۆیــت ـ مــان بــینی ســـەبارەت بە داهات و خەرجیـــەكانی نـــەوت ، مـرۆڤ توشی شۆك دەبـــێت، ئەگەر بێت و سەیری شــیكاری داهـــات و خـەرجیەكانی دەرهێنانی نەوت و جیـاوازی نێـــوان هـــەناردەكـــردن و بــەبازار كردنی نــەوت لەگـــەڵ عیراق بكەیـــن لەساڵـــی 2019 دەبینـــین:

[ كـــرێی بـــۆری نـــەوتی كـوردستــــان و تـــوركیــا ( 13%)

قـــەرزی تـــوركیاو كۆمپــــانیاكانی كـــریاری نـــەوت( 16%)

قــــەرزی كۆمپانیا ناوخۆییەكان كـــارەبا و پاڵاوگەكان(9% )

حەقدەستی كۆمپانــــیاكانی بەرهەمــهێنانی نـــەوت (30%)

خــــەرجـــی گــــۆریـــنــــەوەی دۆلار بــــۆ دیـــنــــار ( 2%)

پوختەی داهاتی ماوە بۆ مووچە وخەرجی حكومەت(30%)

كـــۆی گـــــشتـــی دەكـــات بــــە (100%) ]

ئەمـــە تـــەواو بـــە مـــانـایی بە هەدەردانی ئابووری هەرێمی كوردســـتانە ، بەتـــەواوی پێچەوانەی بەهێز بوونی ئابوریە ، دەتوانـــین بڵـــێن نـــەوت لە ئێســتادا بەم شێوەیە نە دەبێتە ماییەی خۆشگوزەرانی بۆ خـــەلكی كوردســـتان و نــە بۆ ژێر خـــانی ئابــــوریەكـــی بەهـــێز ، بەڵكـو سودی تەنها بۆ چەند كۆمپانیایەك و هەندێــــك وڵاتە ، دەرئـەنجام بـۆتە ماییەی سـزادانی خەلكی هەرێمی كوردستان بە هۆیی هەناردەكردنی نەوت وە رێك نەكـــەوتنی حكـومەتی هـەرێم لەگـەڵ بەغدا.

بۆیە پــێویستە لــە ئَێستـــادا ئەم خاڵانە تیشكی بخرێتە سەر

① ـ هەنـــاردەكــردنی نەوت بەم شێوەیە كۆمەڵێك رهەندی تری ترسنـــاك لەخۆیی دەگرت پێویســتە لە داهاتوودا لە گەڵ بەغـــدا لەســـەری رێكبـكەویــن .

②ـ كـــاركردن لــەســـەر پرۆژە یاسایی نەوت و گاز كە وەك نەخشە رێگایەكە بۆ چارەسەری بنەرەتی كێشەكان و دووبارە نەبوونەوەی كە بەردەوام بۆتە مایـــیەی ترس و دڵەراوكێ .

③ ـ پێـــویستە هەرێمــی كوردستان پابەندی رێكەوتنەكانی بێت لە گەڵ بەغدا هەروەكو لە رێكەوتنی ئۆكتۆبەری 2020 باسی لێوەكراوە ، ئەویش بە رادەست كردنی نەوت و نیوەیی داهاتە نا نــەوتیـــەكان ، بـــۆ وەرگرتنــی شایستــە دارایەكانی لە مانـــگی 1 ئەم ســـاڵ بۆ خۆشگوزەرانی هاولاتیان و دابین كـــردنی موچـــەی موچە خۆران .

لە كۆتاییـــدا دەتـــوانم بڵێـــم ، ئەگەر حكــــومــەتی هەرێمی كوردســـتان ســــیاســـەتێـــكی حەكیــمانەو ژیــرانە و تەواو زانستیـــیانە و شەفـــاف بگرێتـە بەر و نەوت رادەست بكات بەپێی رێـــكەوتــن و پشـــكی خـــۆیی بكـــات بــە داینەمۆی بــــوژانەوە‌ی هەرێمی كوردستان ئەوا ساڵێكی پر لە ئاسودەی و خۆشگوزەرانـــی بۆ هـــاولاتیان و موچـــە خۆران فـەراهەم دەكات ، لەهـــەمان كــاتدا حكومەتی فیدراڵ مولزەم دەكرێت بە دابـــین كـــردنی شایســـتە دارایەكـــانی حكومـەتی هەرێم و دانەوەی قەرزی جوتیاران و دابین كردنی موچـــەی مــوچە خـــۆران ، بـــە پـێچەوانەوە ئەگەر هەروەكو ئێستا بەردەوام بێت، ئـەوا بـەدڵنییایەوە ئەم نەوتە دەبێتە ماییەی زیاتر ئازار دان و سزادانــنێكی تــر بــۆ گـــەلەكـــەمان .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

گەرمیان.. هەوڵێكی سووتاندنی زیندانی گرتن و گواستنەوە شكستی پێهێنرا

خەڵك – بەشی هەواڵ

لەگرتن و گواستنەوەی گەرمیان ،ھەوڵی سوتاندنی زیندانەكەیاندا و پۆلیس كۆنتڕۆڵی زیندانەكەی كردووە.

ڕائید سلێمان عەزیز بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان بە كەناڵی فەڕمی یەكێتی ڕاگەیاند، گۆڕینی سیستمی پێدانی مۆبایل بەزیندانیەكانیانمان گۆڕیوە، بەشێك لە زیندانییەكان ئەمەیان پێ ناخۆش بووە، بەشێكی تری زیندانیەكان ئەمەیان بەھەل زانیوە، ھەوڵیانداوە چەند بەتانیەكی ناو ھۆڵی ژوورەكەیان بسوتێنن، ھەرزوو پۆلیسی زیندان چوونەتە ژورەوە و توانیویانە كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بكەن.

ڕائید سلێمان عەزیز ئاماژەی بەوەشدا، بیانووی ئەو ھەوڵەی زیندانییەكان بۆ ئەوەبووە كە داوادەكەن دادگایی بكرێن، چونكە پێیان واییە ماوەیەكی زۆرە لەزیندانن و دادگاییكردن و یەكلایكردنەوەی كەیسەكانیان دواكەوتووە.

بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان ڕوونیشی كردەوە، تەنھا لەیەك ھۆڵی زیندانەكە ئەم ھەوڵە دراوە لەلایەن چەند ئاژاوەگێڕێكەوە، بەلام ڕێگەنەدراوە بەتانی و كەلوپەلەكان بسوتێنرێن و ئەو زیندانیانەش لەلایەن دادوەرەوە كەیسی تریان بۆ كراوەتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ئەمریكا پێداویستی سەربازی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت: ئەمریكا پێداویستی سەربازی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاندووە، كاروانێكی نوێی هاوكاری لۆجستی و سەربازیی هێزەكانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە خاكی عیراقەوە بەرەو ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێكەوتوون.

ڕوانگەكە باسی لەوەش كردووە، كاروانەكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە 35 بارهەڵگری باركراو بە كەلوپەلی لۆجستی و سەربازیی و تانكەری سووتەمەنی پێكهاتوون و لە دەروازەی سنووری وەلیدی نێوان عیراق و سوریا و عیراق و ئوردنەوە بەرەو شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێكەوتوون، دواتر ڕوویان كردووەتە بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە حەسەكە و دێرەزوور.

جێی ئاماژەیە، ڕۆژی 10ی ئەم مانگەش كاروانێكی تری هێزەكانی سەربە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی كە لە 25 بارهەڵگر پێكهاتبوو و كەلوپەلی لۆجستی و چەكی قورسی وەك تۆپ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشیان پێبووە لە هەرێمی كوردستانەوە ڕوویان كردبووە بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانان لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان كرد، دواتر بەرەو كێڵگەی نەوتیی (عومەر و كۆنیكۆ) لە دێرەزوور بەڕێكەوتبوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان