ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

د.کاوە فەرەج هەندێک زانیاری لەسەر دووبارە تووشبوونەوە بەکۆرۆنا ئاشکرادەکات

خەڵک – بەشی هەواڵ

 

د.كاوه‌ فه‌ره‌ج پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی سنگ و هه‌ناسه‌دان له‌م وتووێژه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا باس له‌ تووشبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا بۆ جاری دووه‌م ده‌كات هه‌روه‌ها ماوه‌ی مانه‌وه‌ی به‌رگری له‌شی مرۆڤی چاكبوه‌وه‌ له‌كۆرۆنا و چه‌ند پرسیارێكی تر سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌ی كۆرۆنا ده‌خاته‌ڕوو.

“به‌ڵێ له‌ڕووی زانستیه‌وه‌ ده‌كرێت بۆ دووه‌مجار تووشی كۆرۆنا ببیته‌وه‌”

له‌سه‌ره‌تای وتووێژه‌كه‌دا د.كاوه‌ فه‌ره‌ج سه‌عدون ده‌رباره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ بۆجاری دووه‌مه‌ تووشی كۆرۆنا ده‌بنه‌وه‌ ده‌ڵێت” له‌ڕاستیدا بابه‌تی نه‌خۆشی كۆرۆنا كۆڤید 19كه‌ به‌هۆی ڤایڕه‌سی كۆرۆنای نوێوه‌ تووشی مرۆڤ ده‌بێت له‌چه‌ندین شوێنی جیهاندا تۆماركراوه‌ و توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ركراوه‌ و بینیویانه‌ كه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ هه‌یه‌ له‌وانیه‌ كه‌سێك كه‌پێشتر ئه‌م نه‌خۆشیه‌ی گرتبێت ئێستا جارێكی تر تووش ببێته‌وه‌، وه‌كو بابه‌ته‌كه‌ و وه‌كو بۆچوونه‌كه‌ به‌ڵێ بوونی هه‌یه‌ و له‌كوردستانیش لای خۆمان له‌و باوه‌ڕه‌دام تۆمارمان كردووه‌ كه‌چه‌ندین حاڵه‌ت هه‌یه‌ پێشتر تووشی كۆرۆنا بووه‌ و ئێستا ده‌بینیین جارێكی تر دوای چه‌ند مانگێك تووشی نه‌خۆشیه‌كه‌ بۆته‌وه‌.”

“هۆكاره‌كانی تووشبوونه‌وه‌ به‌كۆرۆنا”

ده‌رباره‌ی هۆكاره‌كانی تووشبوونه‌وه‌ به‌ كۆرۆنا ئه‌و پزیشكه‌ پسپۆڕه‌ ده‌ڵێت” ئێمه‌ ئه‌گه‌ر بچینه‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هۆكار چیه‌ كه‌مرۆڤ تووش ده‌بێته‌وه‌ به‌م ڤایڕه‌سه‌، له‌ڕاستیدا دژی هه‌موو میكرۆب و به‌كتریا و ڤایڕه‌سه‌كان له‌شی مرۆڤ به‌رگریه‌ك په‌یداده‌كات كه‌سه‌ره‌نجام ده‌بێته‌ هۆی چاكبوونه‌وه‌ی كه‌سه‌كه‌ له‌نه‌خۆشیه‌كه‌ به‌ڵام له‌بابه‌تی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا و له‌خێزانی كۆرۆنا چه‌ند جۆرێكی تریش هه‌ن كه‌ده‌بێته‌ هۆی تووشبوون به‌ هه‌ڵامه‌تی ئاسایی، ساڵانه‌ ئه‌مه‌ هه‌یه‌ له‌ناو مرۆڤه‌كاندا وه‌كو حاڵه‌تی هه‌ڵامه‌ت ده‌بینیین ئه‌و به‌رگریه‌ی دژی ئه‌و ڤایڕه‌سه‌ هه‌تا ئێستا كه‌تێبینی كراوه‌ شتێكی هه‌میشه‌یی و به‌رده‌وام نییه‌ ده‌بیینین چه‌ند مانگێك ده‌خایه‌نێت و پاشان به‌رگریه‌كه‌ نامێنێت ئه‌مه‌ ده‌توانیین بڵێین هۆكاری تووشبونه‌وه‌ی مرۆڤه‌ به‌ڤایڕه‌سی كۆرۆنا.”

“ماوه‌ی مانه‌وه‌ی به‌رگری دژی كۆرۆنا، ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر باسی كرابێت له‌ شه‌ش مانگ زیاتر نییه‌ “

د.كاوه‌ فه‌ره‌ج سه‌عدون ڕونیكرده‌وه‌” ڤایڕه‌سی كۆرۆنا له‌و خێزانه‌یه‌ كه‌ساڵانه‌ چه‌ند جۆرێكی له‌مرۆڤدا هه‌یه‌ ئه‌مه‌ی كه‌ئێستا هه‌یه‌ ئه‌مه‌ نوێیه‌كه‌یه‌تی به‌ڵام ئه‌وانه‌ی پێشتر هه‌بووه‌ و بۆته‌ هۆی تووشبونی مرۆڤ به‌هه‌ڵامه‌ت ده‌بینیین ساڵانه‌ هه‌ریه‌كێك له‌ئێمه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌مان تووشبووه‌ واته‌ هه‌ر هه‌مان هه‌ڵامه‌ت ساڵی داهاتووش ده‌یگریته‌وه‌، ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئه‌و به‌رگریه‌ی له‌دژی ئه‌و ڤایڕه‌سه‌ هه‌یه‌ شتێكی هه‌میشه‌یی و به‌رده‌وام نییه‌ به‌ڵكو به‌تێپه‌ڕبوونی كات كه‌م ده‌بێته‌وه‌، ئێستاش له‌ ڤایڕه‌سی كۆرۆنای نوێدا به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ تۆمار كراوه‌و و توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، له‌توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێدا بینم ده‌ڵێت” 25% ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌پشكنینیان بۆ كراوه‌ پێشتر به‌رگرییان هه‌بووه‌ دژی ڤایڕه‌سه‌كه‌ ده‌بینیین دوای چه‌ند مانگێك كه‌ له‌سێ مانگ كه‌متر نه‌بووه‌ پشكنین كراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌و به‌رگریه‌ی كه‌ له‌ڕێگه‌ی پشكنینێكی تایبه‌تییه‌وه‌ ده‌دۆزرێته‌وه‌ ده‌بینن كه‌ئه‌و به‌رگریه‌ نه‌ماوه‌.”

 

هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند” وه‌كو ماوه‌كه‌ی بۆچوونی جیاواز هه‌یه‌ هه‌ندێك ده‌ڵێن له‌دوای سێ مانگ ، ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر باسی كرابێت له‌ شه‌ش مانگ زیاتر نییه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌و به‌رگریه‌ له‌له‌شدا نه‌مێنێت ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی كه‌سه‌كه‌ جارێكی تر تووشببێته‌وه‌.”

 

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئه‌گه‌ر كه‌سێك بۆ دووه‌مجار تووشی كۆرۆنا ببێته‌وه‌ ئایا مه‌ترسیدار نیه‌؟ د.كاوه‌ فه‌ره‌ج وتی” له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ش توێژینه‌وه‌ی جۆرا و جۆری له‌سه‌ركراوه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باس ده‌كرێت تووشبوونه‌وه‌كه‌ له‌وانه‌یه‌ یان وه‌كو یه‌كه‌مجار قورس نه‌بێت یان وه‌كو شێوه‌ی یه‌كه‌مجار قورس بێت چونكه‌ ئه‌و به‌رگریه‌ی كه‌ له‌له‌شدایه‌ جارێكی تر دروست ده‌بێته‌وه‌ له‌دژی ڤایڕه‌سه‌كه، ده‌بینین كه‌سه‌كه‌ وه‌كو جاری پێشوو ده‌یگرێته‌وه‌ نیشانه‌كانی یان له‌وانه‌یه‌ سوكتریش بێت چونكه‌ به‌شێكی به‌رگریه‌كه‌ له‌وانه‌یه‌ ڕێژه‌یه‌كی كه‌م بمێنێته‌وه‌ و ببێته‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌شێوازێكی قورس نه‌بێت له‌گرتنه‌وه‌كه‌ی ڤایڕه‌سه‌كه‌، ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یگرێته‌وه‌ وه‌كو كه‌سێكی ئاسایی پێشتر چۆن بووه‌ هه‌ر ئاوا ده‌یگرێته‌وه‌.”

 

“لێره‌ ئه‌وه‌ی كه‌ باسی مه‌ترسی بكه‌ین له‌سه‌ر ژیانی كه‌سه‌كه‌ (ئه‌و كه‌سه‌ی بۆ دووه‌مجار تووشی كۆرۆنا ده‌بێته‌وه‌) ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌چه‌ند حاڵه‌تێكه‌وه‌ هه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌ڕه‌وشی ته‌ندروستی كه‌سه‌كه‌ خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌و كه‌سه‌ جۆره‌ نه‌خۆشیه‌كی هه‌بوو بێت كه‌ نه‌دۆزرابێته‌وه‌ یان له‌ماوه‌یه‌كدا كێشه‌یه‌كی ته‌ندروستی بۆ دروست بووبێت ئه‌مه‌ ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌به‌شێوه‌یه‌كی قورستر نه‌خۆشیه‌كه‌ بگرێت واته‌ به‌شێوه‌یه‌ی گشتی ناتوانیین بڵێن كه‌سێك كه‌پێشتر ته‌ندروست بووبێت ئێستا ئه‌گه‌ر تووشببێته‌وه‌ به‌ڤایڕه‌سی كۆرۆنا ئه‌مجاره‌ قورستربێت و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی هه‌بێت ئه‌وه‌ی كه‌ من بینیومه‌ له‌توێژینه‌وه‌كاندا باسی ئه‌و بابه‌ته‌ ناكرێت تووشبوونه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیان په‌یوه‌ندی به‌حاڵه‌تی ته‌ندروستی كه‌سه‌كه‌ و بوونی نه‌خۆشی تره‌وه‌ هه‌یه‌.”د.كاوه‌ فه‌ره‌ج سه‌عدون پسپۆڕی نه‌خۆشیه‌كانی سنگ و هه‌ناسه‌دان وایوت.”

“چۆنیه‌تی جیاوازی كردن له‌نێوان كۆرۆنا و هه‌ڵامه‌ت “

د.كاوه‌ فه‌ره‌ج سه‌عدون وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌شی دایه‌وه‌ ئایا ڤایره‌سی كۆرۆنا و ئه‌نفۆنزای وه‌رزی له‌هه‌مانكاتدا ده‌توانرێت له‌ له‌شی كه‌سێكدا یه‌كبگرن و كارلێك بكه‌ن؟ له‌وه‌ڵامدا د.كاوه‌ وتی” وه‌كو كارلێك نه‌خێر هه‌ر دانه‌یه‌ك له‌وانه‌ كاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌ ڤایڕه‌سی هه‌ڵامه‌ته‌كه‌ ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ مرۆڤه‌كه‌ ناڕه‌حه‌ت ده‌كات واته‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌مه‌ شتێكی كه‌مه‌ ئه‌گه‌ر له‌ڕووی زانستیه‌وه‌ باسی بكه‌ین كه‌ كه‌سێك هه‌ڵامه‌ت بگرێت و له‌هه‌مان كاتیشدا تووشی ڤایڕه‌سی كۆرۆنا ببێت یان ئه‌نفلۆنزای ساڵانه‌ بگرێت ئه‌مه‌ شتێكی كه‌مه‌ و له‌وانه‌یه‌ مه‌ترسیداریش بێت به‌ڵام یه‌كگرتنی ئه‌م ڤایڕه‌سانه‌ له‌یه‌ك كاتدا له‌وانه‌یه‌ شتێكی زه‌حمه‌ت بێت، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین له‌نه‌خۆشه‌كاندا ئایا ئه‌م كه‌سه‌ ئه‌م نیشانانه‌ی كه‌هه‌یه‌تی كه‌ ئێستا وه‌زی پایزه‌ و به‌ره‌و وه‌رزی زستان ده‌ڕۆین ئایا نیشانه‌كانی كه‌سه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌په‌تای وه‌رزی و هه‌ڵامه‌ت یان نیشانه‌كانی كۆرۆنایه‌ به‌هۆی ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی كه‌ له‌بواری پشكنیندا به‌ده‌ستهاتووه‌ ده‌بینیین تاڕاده‌یه‌ك ده‌توانیین جیای بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئایا ئه‌مه‌ هه‌ڵامه‌تێكی ئاساییه‌ یان توشبووه‌ به‌كۆرۆنا ئه‌مه‌ش پێویست ده‌كات هه‌ر كه‌سه‌ و چاره‌سه‌رێكی جیاواز وه‌ربگرێت.”

 

ئه‌و پسپۆڕه‌ی نه‌خۆشیه‌كانی سنگ و هه‌ناسه‌دان ده‌شڵێت” لێره‌دا بۆ كه‌سێكی ئاسایی له‌وانه‌یه‌ قورس بێت هه‌ركه‌سێك له‌مكاته‌دا نیشانه‌كانی هه‌ڵامه‌تی هه‌بێت كه‌ زیاتر له‌به‌شی سه‌ره‌وه‌ی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌ توشی ده‌بێت وه‌كو خورانی قوڕگ و لوت ئاوكردن و پژمین و كۆكه‌و تا، واته‌ ئه‌مانه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ هه‌ریه‌كێك له‌ ڤایڕه‌سه‌ وه‌رزیه‌كاندا هه‌بێت وه‌كو ئه‌نفلۆنزا و هه‌ڵامه‌تی ئاسایی و یاخود كۆرۆنا ئه‌مانه‌ هه‌مووی نزیكن له‌یه‌كه‌وه‌ كه‌باسیان بكه‌ین به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بۆیه‌ لێره‌دا له‌وانه‌یه‌ قورس بێت بۆ كه‌سێكی ئاسایی خۆی جیای بكاته‌وه‌ و بۆی ده‌ربكه‌وێت كه‌ ئایا ئه‌مه‌ كۆرۆنایه‌ یان ڤایڕه‌سێكی ئاساییه‌ واته‌ پێویسته‌ سه‌ردانی پزیشكی پسپۆڕ بكات ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نیشانه‌ی هه‌ڵامه‌تیان هه‌یه‌ و بیانه‌وێت له‌ته‌ندروستی خۆیان دڵنیابن به‌ڵام له‌هه‌موو حاڵه‌تێكیشدا، هه‌ر كه‌سێك كه‌ به‌ سووكی ئه‌گه‌ر كۆرۆنا بێت یان هه‌ڵامه‌تێكی ئاسایی بێت له‌چه‌ند نیشانه‌یه‌ك و چه‌ند ماكێكی سووك تێنه‌په‌ڕێت پێویست به‌وه‌ ناكات كه‌سه‌كه‌ خۆی سه‌غڵه‌ت بكات و خۆی بخاته‌ ناڕه‌حه‌تیه‌وه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ی كه‌ گرنگه‌ له‌و كاته‌دا ئه‌مانه‌ گرنگه‌، پشوودان، شله‌مه‌نی زۆر، دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌خه‌ڵكانی تر ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێك نیشانه‌ی سووك بێت ته‌نها به‌و كرداره‌ ئاساییانه‌ چه‌ند ڕۆژێكه‌ و خۆی تێده‌په‌ڕێت له‌وانه‌یه‌ له‌هه‌فته‌یه‌ك تا ده‌ ڕۆژ هه‌تا ئه‌گه‌ر كۆرۆناش بێت.”

“له‌وانه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تای 2021 ئه‌گه‌ر هاتوو خۆپارێزی باش بكرێت له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌، ورده‌ ورده‌ ئه‌م ڤایڕه‌سه‌ به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ و له‌ناوچوون بچێت “

د.،كاوه‌ فه‌ره‌ج ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات” پێشبینی كردن قورسه‌ به‌ڵام سه‌باره‌ت ئه‌م ساڵ پیشبینی ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئه‌م ڤایڕه‌سه‌ به‌هه‌مان قورسی خۆی بمێنێته‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تای 2021 ئه‌گه‌ر هاتوو خۆپارێزی باش بكرێت له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌، ورده‌ ورده‌ ئه‌م ڤایڕه‌سه‌ به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ و له‌ناوچوون بچێت، به‌ڵام وه‌كو ئه‌مساڵ له‌وانه‌ی هه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ قورسیه‌ به‌رده‌وام بێت وه‌كو باس ده‌كرێت له‌جیهاندا هه‌تا ئێستا نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌وه‌ی بڵێین كه‌ ئه‌م ڤایڕه‌سه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ به‌تایبه‌تی له‌كوردستاندا ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌كیش خاوبوونه‌وه‌ی پێوه‌ دیار بووبێت ده‌بینین دوای ماوه‌یه‌ك به‌گوڕێكی به‌هێزتره‌وه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌ بۆیه‌ له‌مساڵدا گرنگترین شت خۆپارێزیه‌ تاكه‌كان ئاگاداری خۆیان بن، هه‌ركه‌سێك نیشانه‌كانی هه‌بوو پێویسته‌ به‌دواداچوون بۆ خۆی بكات ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌كات خۆی جیابكاته‌وه‌ و كارێك بكات نه‌بێته‌ هۆی خه‌ڵكانی تر به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌ ئه‌م ڤایڕه‌سه‌ بگرن و ئه‌م نه‌خۆشیه‌ به‌رده‌وام بێت.”

هه‌روه‌ها وتیشی” ئه‌مساڵ له‌وانه‌ نییه‌، ساڵی داهاتووش وه‌كو باس ده‌كرێت له‌وانه‌یه‌ تاناوه‌ڕاستی 2021 یش هه‌ر له‌بڵاوبوونه‌وه‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌گه‌ر هاتوو ڤاكسینێكی كاریگه‌ر و چالاك و بێ زیان نه‌دۆزرێته‌وه‌ كه‌بتوانرێت به‌رگریه‌كی گشتی له‌كۆمه‌ڵگه‌دا دروست بكات و ڕێگری لێ بكات.”

“دروست بوونی به‌رگری گشتی “

د.كاوه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كات” سه‌باره‌ت به‌به‌رگری گشتی له‌تاكه‌كاندا به‌رگری گشتی كاتێك دروست ده‌بێت كه‌به‌شی هه‌ره‌ زۆری كۆمه‌ڵگه‌ تووشبووبێت به‌م ڤایڕه‌سه‌ كه‌ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێكیش بێت ئه‌م به‌رگریه‌ دروست ببێت له‌تاكه‌كاندا وه‌ ڕێگری بكات له‌وه‌ی كه‌به‌رده‌وام ئه‌م ڤایڕه‌سه‌ له‌بڵاوبوونه‌وه‌دا بێت بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ 2/3 دانیشتووان به‌لانی كه‌مه‌وه‌ ئه‌م ڤایڕه‌سه‌ بگرن، ئه‌و كاته‌ به‌رگری گشتی دروست ده‌بێت ئاماری وردمان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ له‌م بابه‌ته‌ ئه‌وه‌ی له‌جیهاندا باس ده‌كرێت ده‌ڵێت چه‌ندێك له‌وڵاتی خۆتدا توشبوو هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر لێكدانی 10 ی بكه‌یت له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ بێت بۆ توشبوون به‌ڤایڕه‌سه‌كه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا، له‌كوردستان تائێستا له‌سه‌رو 70 هه‌زاره‌وه‌ تۆماركراوه‌ به‌نزیكه‌یی ئه‌مه‌ 1/5 كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات كه‌ ڤایڕه‌سه‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام ده‌بێت ڕێژه‌یه‌كی زۆر دانیشتووان ڤایڕه‌سه‌كه‌ وه‌ربگرن بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری گشتی دروست ببێت كه‌ئه‌مه‌ شتێكی باشیش نییه‌ چاوه‌ڕێ ئه‌وه‌ بكه‌ین چونكه‌ ڕێژه‌ی مردنیش به‌رز ده‌بێته‌وه‌ واته‌ ڕێژه‌ی گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی ڤایڕه‌سه‌كه‌وه‌ ڕێژه‌یه‌كی كه‌م نییه‌ بۆیه‌ ئه‌وه‌ی باس ده‌كرێت، زیاتر هه‌وڵبدرێت خۆپارێزی بكرێت وه‌ به‌رگریه‌كی ده‌ستكرد كه‌ له‌ڕێگه‌ی ڤاكسینه‌وه‌ بێت و بڵاوبكرێته‌وه‌ له‌جیهاندا كه‌ بتوانرێت بڵاوبكرێته‌وه‌ له‌جیهاندا كه‌ ڕێگری له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایڕه‌سه‌كه‌ بكات.”

هه‌روه‌ها زیاتر ڕوونیكرده‌وه‌” له‌كۆمه‌ڵگه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌تا به‌رگریه‌كی گشتی دروست نه‌بێت وه‌كو له‌ئه‌زموونه‌كانی پێشووی ڤایڕه‌سه‌ جیاوازه‌كاندا ئه‌وه‌ بینراوه‌ كه‌ئه‌گه‌ر هاتوو ڕێگری ته‌واوی لێ نه‌كرێت له‌شێوازی بڵاوبوونه‌وه‌كه‌ی كه‌ئه‌مه‌ شتێكی زه‌حمه‌ته‌ كۆنتڕۆڵ كردنی به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو لایه‌نی په‌یوه‌ندی نێوان تاكه‌كان و دووركه‌وتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و خۆپارێزییه‌كان تۆكمه‌ بكرێت وه‌ له‌هه‌مان كاتیشدا ئه‌گه‌ر هاتوو ڤاكسینێكی كاریگه‌ر نه‌دۆزرێته‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌تا ساڵی داهاتووش ئه‌م شه‌پۆله‌ به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ربه‌رده‌وام بێت.”

“هیچ ساڵێك ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ له‌ جیهاندا ملیۆنێك كه‌س به‌هۆی ڤایڕه‌سی ئه‌نفلۆنزاوه‌ گیانله‌ده‌ست بدات “

له‌كۆتایی وتووێژه‌كه‌ی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا د.كاوه‌ فه‌ره‌ج سه‌عدون سه‌باره‌ت به‌به‌راوردی ڕێژه‌ی مردن به‌ كۆرۆنا له‌چاو ئه‌نفلۆنزا دا وتی” نه‌خێر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ئه‌نفلۆنزای ئاسایی دا هه‌یه‌ ناگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی كه‌ خه‌ڵك به‌هۆی ڤایڕه‌سی كۆرۆناوه‌ گیان له‌ده‌ستده‌دات له‌ جیهاندا، هیچ ساڵێك ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ له‌ جیهاندا ملیۆنێك كه‌س به‌هۆی ڤایڕه‌سی ئه‌نفلۆنزاوه‌ گیانله‌ده‌ست بدات، له‌ڕاستیدا له‌ ڤایڕه‌سی كۆرۆنادا ڕێژه‌ی گیانله‌ده‌ستدان زیاتره‌ وه‌ هێزی بڵاوبوونه‌وه‌كه‌ی زیاتره‌ ئێستا له‌ڕووی زانستیه‌وه‌ بۆمان ده‌ركه‌وتووه‌، به‌راوردناكرێت به‌ڤایڕه‌سه‌ ئاساییه‌كانی تری هه‌ڵامه‌ت و په‌تاكانی تر كه‌ساڵانه‌ له‌ناو مرۆڤه‌كاندا بڵاو ده‌بێته‌وه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌تێبینی كراوه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌ر شه‌پۆلێك بێت و ئه‌گه‌ر به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ و كزبوون بڕوات له‌وانه‌یه‌ جارێكی تر دروست نه‌بێته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌م شه‌پۆله‌ی كه‌ هه‌یه‌ به‌ته‌واوه‌تی ڕێی لێ نه‌گیراوه‌ له‌ بڵاوبوونه‌وه‌.”

ریکلام

چاوپێکەوتن

ئەمەل جەلال: نابێت توندوتیژی بەرامبەر گەشتیاران بكرێـت

خەڵك-ئارام سەردار

سەرۆكی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەردەوام كاردەكەن لەگەڵ كەرتی گشتی و تایبەت بۆ پێشبردنی ئەو كەرتە و پێشخستنی بەپێی خواستی بازاڕ، ڕێنماییەكانی گەشتو گوزاریش هەموار دەكەینەوە تاوەكو بەلایەنی كەم كەرتی تایبەت لە٥٠٪ی دەستی كاری ناوخۆیی بەكاربێنن و گەنجانی كورد بن لەم ڕێژەیەش دەبێ لە٢٥٪ كچان و ژنان بن.

لەم دیمانەیەدا لەگەڵ (خەڵك) ئەمەل جەلال ڕایگەیاند، دەمارگیری كەسێك لەبازگەكان یان مامەڵەی نەشیاوی دوكاندارێك یاخوود فێڵكردن لەگەشتیار بەزیانی شوناسی گەلی كورد تەواو دەبێت.

خەڵك؛ بۆ ئەمساڵ پلانتان چیە بۆ پەرەپێدانی گەشت و گوزار؟
ئەمەل جەلال؛ هاوكاری وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان نەبێت، دەستەی گەشت و گوزار بەتەنها ناتوانێ وەڵام دەرەوەی پێویستەكانی گەشت و گوزاربێت، بەردەوام كاردەكەین لەگەڵ كەرتی گشتی و تایبەت بۆ پێشبردنی ئەو كەرتە و پێشخستنی بەپێی خواستی بازاڕ، هەموو تاكێك لەكۆمەڵگاش بە مامەڵەی بەرامبەر گەشتیاران دەبێت ببن بەبەشێك لەم كارە لەگشت چین و توێژەكان و پێشوازییەكی شارستانیانە لە گەشتیاران بكەن.

 

پلانمان هەیە ژمارەیەك لەدەرچووانی گەشت و گوزار ئامادە بكەین وەك ڕێبەری گەشتیاری

خەڵك؛ چەند جۆرە بواری گەشتیاری هەن؟

ئەمەل جەلال؛ لەجیهاندا زیاتر لە ٧٠ جۆری گەشت و گوزار هەیە، بەڵام ئەوەی لەهەرێمی كوردستان زیاتر هەیە و كاری لەسەر كراوە زیاتر تەرفیهی بووە و كەمتر ئاوڕ لەجۆرەكانی تر دراوەتەوە، هەرچەندە جێگای دەست خۆشییە ژمارەیەك گروپی خۆڕسكی شاخەوانی و كاری دەستی و كارەكانی تر هەن بوون بەبەشێك لە كەرتەكە بۆ ڕاكێشانی گەشتیاران، بۆیە ئێمە ماستەرپلانێكی ١٠ ساڵەمان هەیە كاری لەسەر دەكەین بەپێی پێویستی بازاڕ دەبێت چاكسازی ڕیشەیی بكەین، بەنموونە لەگەڵ خوێندنی باڵا چی بكەین كەوا دەرچووانی گەشت و گوزار لەڕووی زمان و كوالێتی و مەعریفەی گەشت و گوزار شارەزابن، ئەوەی تێبینی دەكرێت زۆر لەكچان و كوڕان نابینرێن، ڕێبەری گەشتیاری هاوكاری بۆ گەشتیار بۆ پێدانی زانیاری كە ئێمە لەوە زۆر هەژارین و پێویستمان پێی هەیە، پلانیشمان هەیە ژمارەیەك لەدەرچووانی گەشت و گوزار ئامادە بكەین وەك ڕێبەری گەشتیاری و پسپۆڕی دروست بكرێت، هاوكات لەڕووی ئاوەدانكردنەوە و ئاسایش گرنگە كاربكرێت و بەشێوازێكی مەدەنی پێشوازی بكرێت لەگەشتیاران دوور لەدەمارگیری نەتەوەیی، بۆ ئەوەش خول دەكەینەوە.

خەڵك؛ دەكرێت چۆن سوود وەربگیرێت لەگەشت و گوزار بۆ هەرێم؟
ئەمەل جەلال؛ كوردستان دەوڵەمەندە لەڕووی جۆرەكانی گەشتیاری ئایینی و چارەسەری و تەرفیهی بەتایبەت لەگەرمیان و دهۆك و شەقڵاوە چەندین سەرچاوەی ئاوی گەڕاو هەیە بۆ چارەسەر بەكاردێت، بۆئەمەش كاردەكەین وەك سەرچاوەی داهات لە گەشت و گوزار بەكاربێت، ناكرێت هاوڵاتی بەهۆی ڕاگەیاندنەوە بەلاڕێدا بڕوات كە ئێمە لەهەوڵ و ئامانجەكانمان پلانی ستراتیژیمان هەیە و بەوەی باوەڕمان پێی هەیە پانتایی كارەكانمان فروان دەبێت، ئێمەش كە باسمان لە رێبازە ئاینییەكان كردووە وەك سەرچاوەی گەشتیاری ئایینی بەكاربێنین، چونكە وڵاتانی ناوچەكە و دونیا داهات بەدەست دێنن لەم ڕێگاوە كەرنەڤاڵی ئایینی و كلتوری دەكەن، سەرنجی ئێمەش لەسەر ئەوەیە داهات زیادبكەین و هەوڵ بدەین دەستی كار زیاتر بكەین لەگەڵ كەرتی تایبەت، بەنموونە بوونی لالش سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام نەتوانراوە سوودی لێ وەربگیرێت بۆ خزمەتی خوشك و برا ئێزیدیەكان، كەوا شوێنی هەبێت گفتووگۆی ئایینەكان و مۆزەخانەی تایبەت بەخۆی و كۆنفڕانسی ساڵانە و میوانخانەی هەبێت، تاوەكو خەڵكانی ئەو ئایینە بانگهێشت بكرێن بۆی و ئەمەش ببێتە سەرچاوەی داهات كار بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ رێباز و ئایینەكانی تریش هەمان ئامانجمان هەبووە و كاریشیمان كردوە.

 

داوامان كردووە لەڕووی هونەر و فیلم و دراما شوێنەكانی كوردستان نیشان بدەن، داواش لەهونەرمەندان كراوە جوانی كوردستان بگوازنەوە

 

خەڵك؛ چی دەكەن بۆ بواری هەلی كار بۆ كوڕان وكچان؟
ئەمەل جەلال؛ لەهەر وڵاتێك دەبێت لە٥٠٪ی دەستی كار ناوخۆیی بێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی توانای مرۆیی ناتوانین ئەوە بكەین خولمان دەبێت تاوەكو ڕاهێنان بە كارمەندی ناوخۆیی بكەین و ڕێنماییەكانیش هەموار دەكەینەوە تاوەكو بەلایەنی كەم كەرتی تایبەت لە٥٠٪ی دەستی كاری ناوخۆیی بەكاربێنن و گەنجانی كورد بن لەم ڕێژەیەش دەبێ لە٢٥٪ كچان و ژنان بن، لەگەڵ ئەوەش دەبێت كچان و كوڕان زمانی بیانی بزانن هاوشێوەی وڵاتان، چونكە ئێستا لەزۆرێك لەشوێنەكان كاتێك دەچی هەست دەكەی لەهەرێمی كوردستان نییە، چونكە هیچ ئاماژەیەك نابینی بۆ پێشاندانی كلتوری ئێمە، لەڕووی هونەریشەوە داوامان كردووە لەڕووی هونەر و فیلم و دراما شوێنەكانی كوردستان نیشان بدەین، داواش لەهونەرمەندان كراوە جوانی كوردستان بگوازنەوە و هونەر بەهەموو جۆرەكانی بكەن بە بەشێك لە گەشت وگوزار، بۆ ئەمەش لەهەماهەنگین، لەهەمان كاتدا دەتوانین بە مامەڵە گەشتیارانی بیانی ڕابكێشین، چونكە دەمارگیری كەسێك لەبازگەكان یان ڕەفتاری نەشیاوی دوكاندارێك یاخوود فێڵكردن لەگەشتیار بەهۆی نەزانینی زمان لەزیادكرنی نرخ بەزیانی شوناسی گەلی كورد تەواو دەبێت، بەپێچەوانەوە دەبێت گەشتیار لەكاتی گەڕانەوەی هەست بەئاسایش و ئارامی بكات و بێڕێزی و توندووتیژیان بەرامبەر نەكرێت، بە ئەمە هاوڵاتیانی بیانی زیاتر ڕوو لەهەرێم بكەن و كۆمپانیا بیانییەكانیش ڕوو لەهەرێمی كوردستان بكەن.

 

گەشتیارانی عەرەب بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش و دوور لەفشاری سیاسی و توندوتیژی پێویستە هەست بەئارامی بكات

 

خەڵك؛ هێرشكردنە سەر گەشتیاران، ئەو كەرتە بەرەو كوێ دەبات؟
ئەمەل جەلال؛ ژمارەیەكی زۆر لەگەشتیارانی عەرەب بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش و دوور لەفشاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و توندووتیژی پێویستە هەست بەئارامی بكات و چاوی تێربكات لەشتەجوانەكان دوور لەم ترس و دڵەڕاوكێیەی لەناوچەكانی خۆیان هەیە، هەر شتێكی نەخوازراو ڕووبدات ئەوا كاریگەری خراپی دەبێت وەك ئەوەی لەهەولێر و ئاكرێ لەلایەن چەند گەنجێك كرا خزمەت بە كەرتی گەشتیاری ناكات و كاریگەری خراپ جێدەهێڵێت، هەندێ كۆمپانیا و گروپ ڤیدیۆی ناڕاستیان بڵاوكردەوە لەسەر ئەم ڕووداوانە كەوا باس لەكوشتن دەكەن، ئەمەش پەرچەكرداری هەیە لەناوچەكانی تر بەرامبەر بە گەشتیارانی كورد.

خەڵك؛ كاریگەرییەكانی سەر كەرتی گەشت و گوزار چین؟
ئەمەل جەلال؛ بابەتی كۆڕۆنا و قەیرانی سیاسی و دارایی كاریگەری لەسەر كەرتی گەشتیاری دەبێت، ئێمەش پێویستمان بەیاسایەكی تایبەت بەخۆمان دەبێت كە ڕاستەوخۆ سەر بەئەنجوومەنی وەزیران بین، بڕیاریشدراوە لە١٥٪ ی داهاتی گەشت و گوزار بۆ چالاككردن و نۆژەنكردنەوە و پڕۆژە بچووكەكانی كەرتی گەشتیاری بەكاربێنین، چونكە حكومەت لەدوای نەوت و گاز باسی گرنگی گەشت و گوزار و پیشەسازی كردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

ئەحمەد كەركوكی: خوێندن بەمەرجی مووچەی مانگانە دەبێت

خەڵك-ئارام سەردار

بەرپرسی ڕاگەیاندنی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایان ڕایدەگەیەنێت، پێشنیارمان ئەوەیە دەرگای قوتابخانەكان بكەنەوە، بەڵام بەمەرجی دابینكردنی مووچەی مامۆستا هەر ٣٠ ڕۆژ جارێك.

ئەحمەد كەركوكی، لەدیمانەیەكی لەگەڵ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەساڵانی ڕابردوو، ساڵانە ٣٠ هەزار خوێندكار وازیان هێناوە لەخوێندن.

خەڵك؛ بۆچوونی یەكێتی مامۆستایان لەسەر كردنەوەی قوتابخانەكان چیە؟

ئەحمەد كەركوكی؛ لە ساڵی٢٠١٤ەوە دوای بڕیاری پاشەكەوتی مووچە ڕۆژ بەڕۆژ پەروەردە بەرەو قەیرانی گەورەتر دەڕوات لەبوارەكانی باڵەخانە و سەرچاوەی مرۆیی و كتێب و بژێوی ژیانی مامۆستا و فەلسەفەی پەروەردە، بەتایبەت ئێستا دۆخی مووچە و كۆڕۆنا كەرتی پەروەردەی وەستاند، لەبەر ئەوەی ڕەوشی تەندروستی بەرەو جێگیری دەڕوات ئێمە داوا دەكەین و پێشنیارمان ئەوەیە دەرگای قوتابخانەكان بكەنەوە، بەڵام بەمەرجی دابینكردنی مووچەی مامۆستا هەر ٣٠ ڕۆژ جارێك.

خەڵك؛ پێشتریش داواتان كرد و پێشنیارتان كرد بەڵام بۆچی حكومەت جێبەجێی نەكرد؟
ئەحمەد كەركوكی؛ ئێمە پێشنیارمان كرد بەڕێكاری تەندرووستی و دەوامی سێ ڕۆژ بكرێت، بەڵام پێمان وایە بڕیارەكان لەهەرێم زیاتر سیاسین نەوەك پەروەردەیی، ئەگەر چەند هەفتەیەكی تریش دوابكەوێت پرۆسەی پەروەردە بەیەكجاری پەكی دەكەوێت، لەكاتێكدا لەعیراق دەوام دەستی پێكردووە لەقوتابخانەكان، لەبەر ئەوە بیانووەكانی حكومەت هۆكارنین بۆ ڕاگرتنی دەوام، چونكە نزیكەی ٨٠ مامۆستا بەهۆی كۆڕۆنا گیانیان لەدەستداوە كە زۆربەیان خانەنشینن و لەدەوام نەبوون، حكومەتیش لەبەڕێوەچوونی ئاهەنگەكان هیچ ڕێكارێكیان نەگرتۆتەبەر، بۆیە جەخت لەكردنەوەی دەوام و دابینكردنی بژێوی ژیانی مامۆستا دەكەینەوە، بۆ وەزارەتی پەروەردەش ئەوەمان وتووە.

 

“نابێت حكومەت باسی چاكسازی بكات كە لەساڵێكدا ٥ مووچەی داوە، حكومەتیش پێویستە بەرپرسیارەتی هەڵبگرێت لەدابینكردنی بژێوی”

خەڵك؛ حكومەت دەتوانێ مووچە ٣٠ ڕۆژ جارێك دابین بكات؟
ئەحمەد كەركوكی؛ بەڵێ دەتوانێ، ئێمە ڕەخنەمان هەیە یاسای چاكسازی جێبەجێ ناكرێت، تەنها بایۆمەتری جێبەجێ بكرێت دەتوانرێ مووچە بدرێ، بەتایبەت ئەگەر یاسای چاكسازی جێبەجێ بكرێت و خاڵەسنورییەكان ڕێكبخرێتەوە لەگەڵ داهاتی ناوخۆ، داواش دەكەین لایەنە سیاسییەكان ناوماڵی كورد ڕێكبخەنەوە، توانج لەیەكتر نەگرن بەتایبەت ئەوانەی لەحكومەتن، هاوكات نابێت حكومەت باسی چاكسازی بكات كە لەساڵێكدا ٥ مووچەی داوە، حكومەتیش پێویستە بەرپرسیارەتی هەڵبگرێت لەدابینكردنی بژێوی، دەبێ بەجدی هەوڵی ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا بدرێ تاوەكو چیتر بژێوی ژیانی مووچەخۆران دەستی دەستی پێ نەكرێت و پڕۆسەی پەروەردەش بەئاقارێكی باش بڕوات.

 

“ئێستا پەروەردە بەرەو فەشەلێكی گەورە ڕۆیشتووە، بابەتی خوێندنی ئەلیكتڕۆنیش فەشەلی هێناوە، ناشمانەوێت پڕۆسەكە بەپینەوپەڕۆ بچێتە ڕێوە”

خەڵك؛ گەر مووچە دابین نەكرێت و خوێندن دەست پێبكاتەوە، پڕۆسەی پەروەردە سەركەوتوو دەبێت؟
ئەحمەد كەركوكی؛ نەخێر سەركەوتوو نابێت، چونكە بەگیرفانی بەتاڵ پڕۆسەكە سەركەوتوو نابێت و ئێستاش پەروەردە بەرەو فەشەلێكی گەورە ڕۆیشتووە، بابەتی خوێندنی ئەلیكتڕۆنیش فەشەلی هێناوە، ناشمانەوێت پڕۆسەكە بەپینەوپەڕۆ بچێتە ڕێوە، حكومەتیش بەبێ بەغدا دەتوانێت مووچە بدات.

“ساڵانە پێویستە ٢٠ ملیۆن كتێب بۆ هەزار و ٢٠٠ ناونیشان چاپبكرێت، بەڵام ئەمساڵ یەك كتێب چاپ نەكراوە قەیرانی كتێب هەیە”

خەڵك؛ بەبێ كتێب پڕۆسەی پەروەردە بەڕێوەدەچێت؟
ئەحمەد كەركوكی؛ ساڵانە پێویستە ٢٠ ملیۆن كتێب بۆ هەزار و ٢٠٠ ناونیشان چاپبكرێت، بەڵام ئەمساڵ یەك كتێب چاپ نەكراوە قەیرانی كتێب هەیە، پێویستە وەزارەتی پەروەردە پێداچوونەوە بەخۆیدا بكات، قوتابخانەكان كەموكورتیان هەیە و لەكۆی ٧ هەزار قوتابخانە ٥٠٪ی پێویستی بەنۆژەنكردنەوە هەیە، جگە لەوەش كێشەی كەمی مامۆستا و وانەبێژان هەیە، لەم هەموو قەیرانانەش ڕەخنەمان لەپەڕلەمان هەیە كە دوو مانگ پشووی وەرگرتوە لەكاتێكدا دەبوایە قسەی هەبوایە، بەداخەوەش حكومەتیش هیچ هەڵوێستی نییە لەسەر دۆخەكە، پێویستە كەموكوڕیەكان چاكبكرێن و ئەگەر دەشڵێن منداڵان پێویستیان بەخوێندنە لە٣٥٪ی خوێندكاران منداڵانی مامۆستان، واتە لەكۆی ملیۆنێك و ٨٠٠ هەزار خوێندكار نزیكەی ٥٠٠ هەزار خوێندكار منداڵی مامۆستایانن، بۆیە مامۆستا بەگیرفانی خاڵی ناتوانێ پڕۆسەكە دەست پێبكات و فەشەل دێنێت.

“لەم هەموو قەیرانانە ڕەخنەمان لەپەڕلەمان هەیە كە دوو مانگ پشووی وەرگرتووە لەكاتێكدا دەبوایە قسەی هەبوایە، بەداخەوەش حكومەتیش هیچ هەڵوێستی نییە”

خەڵك؛ هیچ ئامارێك هەیە لەسەر وازهێنانی خوێندكاران؟

ئەحمەد كەركوكی؛ لەساڵانی ڕابردوو، ساڵانە ٣٠ هەزار خوێندكار وازیان هێناوە لەخوێندن، هەیە چۆتە هەندەران، خوێندكار هەیە بەهۆی بژێوی ژیان یاخوود هەر یەكجاری وازی هێناوە، مامۆستاكانیش ئێستا زۆرینەیان كاری تر ئەنجام دەدەن، ئەمەش زەنگێكی مەترسیدارە بۆ پڕۆسەی پەروەردە.

خەڵك؛ چەند مامۆستا مۆڵەتی وەرگرتووە؟
ئەحمەد كەركوكی؛ 15 هەزار مامۆستا زیاتر مۆڵەتی بێ مووچە وەرگرتووەو ئێستاش زیاتر بووە بەجۆرەها هۆكار، لەهەمان كاتدا ساڵانە ٥٠٠ مامۆستا خانەنشین دەبن بەبێ ئەوەی كەس لەشوێنیان دابمەزرێت، لە ٢٠١٤ەوەش دامەزراندن نییە كۆی گشتی ٣ هەزار مامۆستا خانەنشین بوون، جگە لەمامۆستایانی گرێبەست كەوا كران بەهەمیشەیی، ١٧ هەزار ٥٠٠ وانەبێژ هەن داوای دامەزراندنیان لێ كردون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

سەدان ملیۆن دۆلار لە هەرێمەوە بۆ خوێندن دەبرێتە وڵاتانی دەرەوە

خەڵک-ئارام سەردار
مامۆستایەکی زانكۆ پێشنیار دەکات حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ڕێگای زانكۆكانه‌وه‌ ڕێگا خۆشبكات بۆ هێنان و دروستكردنی هه‌لی خوێندن بۆ وڵاتانی ئیقلیمی و خوارو و ناوه‌ڕاستی عیراق و فێرخوازانی هه‌رێمی كوردستان، نه‌وزاد مجید هه‌مه‌وه‌ندی، شارەزایی ئابووری و پسپۆڕی ژمێریاری و دارایی لەدیمانەیەکی لەگەڵ تۆڕی میدیایی (خەڵک) ڕایدەگەیەنێت، چەندین ملیۆن دۆلار لەڕێگای خوێندنەوە چووە بۆ وڵاتانی دەرەوە، ئەمەش زیانی بۆ ئابووری هەرێم هەبووە.

خەڵک: وه‌به‌رهێنان له‌ ڕێگای خوێندنی باڵا چیە؟
نه‌وزاد مەجید هه‌مه‌وه‌ندی: له‌ زمانی ئابووریدا هه‌موو هه‌نارده‌كردنێك له‌ وڵاتان ده‌بێته‌ بووژانه‌وه‌ی ئابووری و زیاتر پێشخستنی خودی وڵاته‌كه‌ و زیاد كردنی هه‌لی كار، كه‌چی هه‌نارده‌كردن له‌ كوردستان بووه‌ به‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی سیوله‌ و سستی ئابووری و هه‌ندێك جار زیانی مرۆیی و له‌ده‌ستدانی فكری نوێ و هێزی گه‌نج، سه‌ڕه‌ڕای ده‌وڵه‌مه‌ندی خاك و كادری ئه‌كادیمی باش كه‌چی تا ئێستا نه‌مانتوانیوه‌ سیسته‌مێكی كوالێتی به‌رز و هه‌لی خوێندن بۆ فێرخوازانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ فه‌راهه‌م بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی فێرخوازه‌كانمان ناچار نه‌كه‌ین په‌نا به‌رنه‌ به‌ر خوێندن له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

خەڵک: بەڵام دەوترێت خوێندن لەدەرەوە هێنانەوەی زانستی سەردەمە بۆ وڵات؟
نه‌وزاد مەجید هه‌مه‌وه‌ندی: ڕاسته‌ خوێندن له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و عیراق چه‌ند كاریگه‌ریەكی ئه‌رێنی بۆ خودی فێرخواز به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ دروست ده‌كات، كه‌ ڕه‌نگه‌ زیاتر تیكه‌ڵبوون به‌ كه‌لتوری جیاواز و ژیانی نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان زۆرتر و زیاتر فێرخوازه‌كانمان شاره‌زاتر و چاوكراوه‌تر بكات له‌ ڕووی زانستیشه‌وه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ یان زیاتر. بەڵام وه‌ك ئاشكرایه‌ هه‌ر خوێندکارێک له‌ كوردستان كاتێك بۆ درێژه‌دان بۆ خوێندن ڕووده‌كاته‌ هه‌ر وڵاتێكی دراوسێ یاخود هه‌ر وڵاتێكی تری ئه‌م دونیایه‌ .
پێویستی به‌ خه‌رجیه‌كی زۆر ده‌بێت و ده‌بێته‌ بارگرانیه‌كی هه‌ستپێنه‌كراو بۆ سه‌ر ئابووری كوردستان و كاریگه‌ریه‌كانی به‌ شێوه‌ی پله‌به‌ندی ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌موو سێكته‌ره‌كانی گه‌شه‌سه‌ندنی بواری ئابووری.

خەڵک: پێتان وایە دەبێ چی بکرێت؟
نه‌وزاد مەجید هه‌مه‌وه‌ندی: پێویسته‌ زه‌مینه‌سازی و ئاسانكاری بكرێت له‌ بواری خویندن به‌تایبه‌تی خوێندنی باڵا، كه‌ من پێم وایه‌ زۆربه‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كه‌مته‌رخه‌مه‌ و درك به‌م به‌هه‌ده‌ردانه‌ ناكه‌ن، كه‌ له‌ ڕێگای خوێندنه‌وه‌ بڕێكی زۆری سه‌رمایه‌ و سیوله‌ی ئه‌م وڵاته‌ ده‌برێته‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، ‌ناكرێت هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی وردی دڵسۆزانه‌ی له‌سه‌ر نه‌كه‌ین و به‌ ووردی به‌دوای چاره‌سه‌ری ئه‌م دۆخه‌دا نه‌گه‌ڕێین.

خەڵک: هۆکار چیە خوێندکار پەنا بۆ دەرەوە دەبات؟
نه‌وزاد مەجید هه‌مه‌وه‌ندی: چوونی ئه‌م هه‌موو فێرخوازه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دروستكردنی ئه‌م ئاسته‌نگه‌ لاوه‌كیانه‌ی بۆ خودی فێرخوازان دروستی ده‌كه‌ن، تاوەكو نه‌توانێ به‌ ئاسانی درێژه‌ به‌خوێندن بدات له‌ ناوخۆی كوردستان و‌ زۆرجار ناهاوسه‌نگی ڕێژه‌ی كۆنمره‌كانی پۆلی دوانزه‌ به‌رامبه‌ر به‌ داواكارییه‌كانی خوێندکاران، بۆیە وا له‌ خوێندكار ده‌كات بیرۆكه‌ی خوێندنی ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌ڵبژێرێت، ڕه‌نگه‌ توانا ئابووری خانه‌واده‌كه‌شی ئەوە نەبێت ئه‌م ئه‌ركه‌ له‌ ئه‌ستۆبگرێت، به‌ڵام زۆرجار له‌ پێناوی دواڕۆژی ڕۆله‌كه‌یان دایك و باوك به‌ناچاری شان ده‌ده‌نه‌ به‌ر ئه‌م ئه‌ركه‌ قورسه‌ و خه‌رجی خوێندنه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن .دوای ته‌واوكردنی خویندنیان زۆرجار هه‌ندێك له‌ بواره‌كانی خوێندن توانای دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كاری بۆ ده‌ڕه‌خسێت، به‌ڵام زۆرینه‌یان دوای ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌یان ته‌نها چاوه‌رٍێی دامه‌زراندنن له‌ كه‌رتی گشتی کە ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا گرانتركردنی بوودجه‌ی گشتیه‌ .

خەڵک: پێتان وایە ساڵانە چەند پارە بەهۆی خوێندن دەچێتە دەرەوەی وڵات؟
نه‌وزاد مەجید هه‌مه‌وه‌ندی: به‌ پێی به‌دواداچونێكم بۆ خه‌رجیه‌كانی به‌شێك له‌ زانكۆكانی وڵاتانی توركیا و به‌ریتانیا، چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو پاره‌ نه‌قدیه‌ كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ئابووری كوردستان و ناوچه‌كه‌، كه‌ ئه‌مه‌ ڕێژه‌یه‌كی كه‌می ژماره‌ی خوێندكارانه‌ له‌ كۆی ئه‌م وڵاتانه‌ی ده‌ره‌وه‌ كه‌ فێرخوازان په‌نای بۆ ده‌به‌ن .

بەنموونە وڵاتی توركیا؛
ژماره‌ی خوێندکارانی كورد ته‌نها له‌ وڵاتی توركیا له‌ ساڵانی 2018 -2019 سه‌روی 6000 خوێندکاری تێپه‌راندوه‌، هه‌ر خوێندکارێک ئەگەر بۆ خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا ڕووی له‌م وڵاته‌ كردبێت له‌ ماوه‌ی دووساڵی خوێندنی پێویستی به‌ 20,000 هه‌زار تاوەكو 30,000 دۆلار بووه‌، وه‌ بۆ به‌كالۆریۆس زۆر زیاتر به‌هۆی زیاتر مانه‌وه‌یان له‌ وڵاته‌كه‌ .
بۆ نموونه‌ :- ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ر فێرخوازێكی خوێندنی ماسته‌ر بڕی 25,000 دۆلار وه‌ربگرین كه‌ ژماره‌یان 3,000 خوێندکار ده‌بێت له‌ كۆی ئه‌م شه‌ش هه‌زار خوێندکارە بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت له‌ ماوه‌ی دووساڵی خوێندنی ماسته‌ر بڕی 75,000,000 دۆلار پاره‌ی نه‌قدی له‌ كوردستانه‌وه‌ چۆته‌ وڵاتی توركیا .

ماسته‌ر: 3000 خوێندکار *25,000 $ = 75,000,000 دولار له‌ته‌نها ماوه‌ی دوو ساڵ پاره‌ له‌ كوردستان چووه‌ بۆ وڵاتی توركیا
هەروەها خوێندکاری دكتۆرا ژماره‌یان نزیك ده‌بیته‌وه‌ له‌ 500 قوتابی، كه‌ هه‌ر خوێندکارێک بڕی 35,000 دۆلاری خه‌رجی ده‌بێت بۆ ته‌واو كردنی دكتۆراكه‌ی، كه‌واته‌ بڕی 17,000,000 دۆلار پاره‌ی نه‌قدی له‌ كوردستانه‌وه‌ چوه‌ بۆ وڵاتی توركیا .
دكتورا 500 خوێندکار * 35000 دولار = 17,500,000 دولار له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی خوێندنی چۆته‌ ئه‌م وڵاته‌ .

ئه‌گه‌ر باس له‌ ڕێژه‌ی خوێندکارانی به‌كالۆریۆس بكه‌ین كه‌ هه‌میشه‌ ڕێژه‌ و ژماره‌ی فێرخوازه‌كانی زیاتر بووه‌ له‌ ڕێژه‌ی خوێندكارانی خوێندی باڵا به‌هۆی نزمی كۆنمره‌كانیانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئاره‌زووی خودی فێرخواز .
بۆ نموونه‌:- خوێندکارانی به‌شه‌كانی ده‌رمانسازی و پزیشكی و به‌شه‌ ئه‌ندازیاریه‌كان به‌ نموونه‌ وه‌ربگرین ڕێژه‌كه‌یان ده‌گاته‌ 2500 خوێندکار كه‌ بۆ هه‌ر خوێندکارێک 5000 دۆلار ته‌نها پاره‌ی خوێندنه‌كه‌یه‌تی و خه‌رجی ساڵێكی هه‌ر خوێندکارێک نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ 5000 دۆلار به‌ خه‌رجی كرێی خانوو و خواردن و كرێی كاره‌با و ئاوو هاتووچۆ وه‌ ماوه‌ی خوێندنی به‌شه‌ پزیشكیه‌كانیش شه‌ش ساڵه‌ هه‌ربۆیه‌ ئه‌گه‌ر كۆیان بكه‌ینه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م شه‌ش ساڵه‌ی خوێندنیان بڕی 150,000,000 دۆلار پاره‌ی نه‌قدی (كاش) له‌ كوردستانه‌وه‌ چۆته‌ وڵاتی توركیا . كه‌ ڕه‌نگه‌ خه‌رجیه‌كان له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكیتر زۆر جیاوازبێت .
2500 قوتابی * 5000 دۆلار خوێندن + خه‌رجی ساڵێكی 5000 دۆلار بیت * 6 ساڵ = 150,000,000 دۆلار له‌ ماوه‌ی ئه‌م شه‌ش ساڵەی خوێندنی له‌م وڵاته‌ خه‌رجی كردوه‌ جگه‌ له‌ هه‌ندیك خه‌رجی زیاتر كه‌ به‌پێی كه‌سه‌كه‌ ده‌گۆڕێت
كوی گشتی = 242,500,000 دۆلار پاره‌ی نه‌قد له‌ كوردستانه‌وه‌ چووه‌ بۆ وڵاتی توركیا.

هاوکات وڵاتی به‌ریتانیا به‌ نموونه‌ وه‌ربگرین :-
به‌ پێی به‌دواداچونه‌كانم بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ژماره‌ی خوێندکاران له‌م وڵاته‌ له‌ نێوان ساڵانی 2010 – 2020 نزیكه‌ی 2300 خوێندکاری تێپه‌راندوه‌.

خه‌رجی خوێندنی به‌كالۆریۆس بۆ هه‌ر ساڵێك 10,000 دۆلار تاكو 22000 دۆلاره‌
خه‌رجی خۆیندنی ته‌نها ساڵێكی خوێندنی ماسته‌ر له‌ وڵاتی به‌ریتانیا 16,000 دۆلار تاكو 21,300 دۆلاره‌، دكتورا بۆ هه‌ر ساڵێك له‌ نێوان 11,500 دۆلار تاكو 20,000 دۆلارە

2300 قوتابی × 17,000 دۆلار خوێندنی یه‌ك سال × 4 سال = 156,400,000 ملیون دولار ته‌نها باره‌ی خوێندن 4 ساڵی خوێندن له‌ كوردستانه‌وه‌ چووه‌ته‌ وولاتی به‌ریتانیا، كه‌ كۆی گشتی خه‌رجی خوێندکاران له‌م دوو وڵاته‌ ده‌كاته‌ سه‌روی 290,900,000 دۆلار

وه‌ شایه‌نی باسه‌ هه‌ندێك له‌ خه‌رجی تر هه‌یه‌ كه‌ خویندكار پێویسته‌ له‌پاڵ خه‌رجی زانكۆ ئه‌ركی ئه‌م خه‌رجیانه‌ش له‌ ئه‌ستۆ بگرێت بۆ نموونه‌
خه‌رجی ڕسوماتی ته‌ندروستی بۆ ماوه‌ی 9 مانگ 533 دۆلاره‌ كه‌ ئیجباریه‌ هه‌ر ده‌بێت ئه‌نجامی بدات، خه‌رجی نیشته‌جێبوون له‌ شارێك بۆ شارێكیتر گۆرانكاری به‌سه‌ر دادێت
بۆ نموونه‌ كه‌سێك سینگل واتا به‌ته‌نها بژیێت كرێی خانوه‌كه‌ی له‌ 260 دۆلاره‌وه‌ ده‌سپێده‌كات تاكو 1000 دۆلار به‌گوێره‌ی كه‌سه‌كه‌ گۆرانكاری به‌سه‌ر دادێت. بۆ خێزانیش له‌ 650 دۆلار تاكو 2100 دۆلار هه‌ڵده‌كشێت.

خەڵک: کەواتە پێویستە چی بکرێت؟
نه‌وزاد مەجید هه‌مه‌وه‌ندی:‌ پێشنیار ده‌كه‌م حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ڕێگای زانكۆكانه‌وه‌ ڕێگا خۆشبكات بۆ هێنان و دروستكردنی هه‌لی خوێندن بۆ وڵاتانی ئیقلیمی و خواروو ناوه‌ڕاستی عیراق و فێرخوازانی هه‌رێمی كوردستان، چونکە به‌ هاتنی فێرخوازی بیانی هه‌م حكومه‌ت داهاتی زیاد ده‌بێت و هه‌م هه‌لی كار به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو زیاد ده‌كات له‌ هه‌مان كاتدا له‌ بڕی ئه‌وه‌ی سیوله‌ و پاره‌ی نقد بڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ سیوله‌ و نقد له‌ ناوخۆ زیاد ده‌كات .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان