ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

پارتی و یەكێتی ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە

خەڵك – بەشی هەواڵ

لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی هاوبەشی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەنجامدراو هەردوولا ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە، هەردوولا كۆكن، كە پێویستە پێكەوە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی هەرێم هەنگاوی جددی و كردەیی بنێن بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوانیان.

پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشیان لەسەر كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی هەرێم بڵاوكردەوە و ڕایانگەیاندووە، كە لە كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە سیاسی و ئیدارییەكانی نێوان هەردوولا كرا، لە نێویشیاندا بابەتی لامەركەزییەت لە هەرێمی كوردستان.

ئاماژەبۆ ئەوەشكراوە، كە هەردوولا پابەندن بە ڕێككەوتنی سیاسیی نێوانیان و بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم بۆ بەرجەستەكردنی لامەركەزییەت لە هەرێم و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتیی ھاوبەش و نەهێشتنی ڕۆتین لە ڕاییكردنی كاری هاووڵاتییان و پێشكەشكردنی پڕۆژە و خزمەتگوزارییە گشتیەكان.

ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی
پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
ئەمڕۆ دووشەممه ٢٠٢٠/٩/١١ لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی بەڕێز بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا وێڕای بەخێرهێنان و سوپاسكردنی شاندی هەردوولا لەلایەن بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، تیشك خرایە سەر بارودۆخی سیاسی بەگشتی و بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەو گیروگرفتانەی بەرۆكی خەڵكی هەرێمی كوردستانیان گرتووە، بەتایبەتی لەڕووی ئابووری و داراییەوە كە بەهۆی لێكەوتەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، جیهان و عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە.

بەڕێزیان جەختی لە گرنگیی كاری هاوبەشی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی نێوان پارتی و یەكێتی كردەوە و ئامادەییی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی نیشان دا بۆ پاڵپشتی و هاوكاریی سەرخستنی كاری پێكەوەیی و هەماهەنگیی نێوان هەموو لایەنەكان.

دواتر شاندی هەردوولا گفتوگۆی ڕاشكاوانە و بەرپرسانەیان لەسەر كۆی پرسەكان كرد و دووپاتی بەرپرسیاریەتیی هاوبەشیان بەرامبەر پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان كردەوە. هەردوولا كۆك بوون كە پێویستە پێكەوە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان هەنگاوی جددی و كردەیی بنێن بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوانیان و هەموو تواناكانیان بخرێنە گەڕ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخە و پشتیوانیی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان.

بارودۆخی ئەمنیی هەرێمی كوردستان و ڕێزگرتن لە قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێم تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەكە بوو. هەردوولا كۆك بوون كە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، ئەركی هەموو لایەكە.

هەردوولا پشتگیریی خۆیان بۆ ئامادەكارییەكانی حكوومەتی فیدراڵ و لایەنە پەیوەندارەكان بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دووپات كردەوە و لەم ڕووەوە هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بەرز هەڵسەنگێنرا و دووپاتی بەردەوامیی ئەو هەماهەنگییە كرایەوە.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە سیاسی و ئیدارییەكانی نێوان هەردوولا كرا، لە نێویشیاندا بابەتی لامەركەزییەت لە هەرێمی كوردستان. هەردوولا پابەندیی خۆیان دووپات كردەوە بە ڕێككەوتنی سیاسیی نێوانیان و بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم بۆ بەرجەستەكردنی لامەركەزییەت لە هەرێم و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتیی ھاوبەش و نەهێشتنی ڕۆتین لە ڕاییكردنی كاری هاووڵاتییان و پێشكەشكردنی پڕۆژە و خزمەتگوزارییە گشتیەكان. لەم ڕووەوە هەنگاوەكان بە ئەرێنی هەژمار كران و دووپاتی بەردەوامیی كاری هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی تەواوی ڕێككەوتنەكان كرایەوە و میكانیزمی گونجاو لەو ڕووەوە بڕیاری لێدرا.

لە كۆتاییی كۆبوونەوەكەدا، دووپاتی بەردەوامیی كاری هاوبەش و هەماهەنگی لەناو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستاندا كرایەوە كە ئامانج لێی خزمەتكردنی هاووڵاتیان و تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە سەختەی سەر شانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
٢٠٢٠/٩/١١

ئابوری

نوێنەرێك سێ‌ پێشنیار بۆ حكومەتی هەرێم دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانى عيراق لە فڕاكسیۆنی یەكێتی دەڵێت:”مەلەفی نەوت زۆر هەڵدەگرێت و زۆریشی لەسەر نووسراوە، بەڵام دەرەنجام نەوت نەبووە بە مایەی خێر و خۆشی بۆ خەڵكی كوردستان”.

هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فڕاكسیۆنی یەكێتی لە نووسینێكدا ئاماژەی بەوەداوە:”بەداخەوە ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت بینیمان سەبارەت بە داهات و خەرجیيەكانی نەوت، مـرۆڤ تووشی شۆك دەبێت”.

ئەو نوێنەرە لە نووسینەكەشیدا سێ‌ پێشنیاری بۆ حكومەتی هەرێم كردووە بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی دارایی و ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران.

 

دەقی نووسینەكەی هەرێم كەمال ئاغا:

 

مەلەفی نــەوت زۆر هـــەڵدەگـرێت زۆریش لەسەری نوسراوە بەڵام دەرئــەنجــام نــەوت نەبوو بە ماییەی خێر و خۆشی بۆ خـــەڵكی كوردســتان .

لەســـەرەتادا كاتێـــك سەركردایـــەتی سیــاسی كوردستان لە حوزەیرانی ســـاڵی 2009 بـریاری رەوانەكردنی نەوتی دا بۆ دەرەوە ئـەمە هەنــگاوێكی گرنـگ بوو لەرووی ئابووریەوە بۆ هەرێمی كوردســتان ، چونكە نەوت بۆ ژێرخانی ئابووری هەر ولاتێك سێكتەرێكــی داهـــاتی بــەهێزە ، ئەو ولاتـانەی نەوت تیاندا بە درووستی بەكارهێنراوە هەمیــشە نەوت بۆیان بووە بە مایــیەی ئارامـــی و خۆشـــگوزەرانی و بـــەهێز بــوون و پاراســـتنی ئاســـایشی سیــادەی دەولەت .

یەكێتی نیشتیمانی كوردســـتان ســـەرباری كێــشمە كێشــمی زۆر و ئاڵنـــگاریـــەكان بـــەردەوام پشتــگیری بـــازاری ئـــازاد و هەناردەكـــردنی نـــەوت بـــووە ، بەشێـــوەیەكی شـــەفاف و تەندرووست ، چونكە یەكێـتی خۆیی بە خاوەنی بیرۆكەی دەرهێنانی نەوت دەزانێت لە پێناو دەستەبەركردنی ژێرخانی ئابـــوریەكی بەهێـز بۆ هەرێمـــی كوردســــتان.

بەڵام بەداخـــەوە ئەوەی لە چــەند رۆژی رابـردوو لە راپۆرتی كۆمــپانیایی دیــلۆیــت ـ مــان بــینی ســـەبارەت بە داهات و خەرجیـــەكانی نـــەوت ، مـرۆڤ توشی شۆك دەبـــێت، ئەگەر بێت و سەیری شــیكاری داهـــات و خـەرجیەكانی دەرهێنانی نەوت و جیـاوازی نێـــوان هـــەناردەكـــردن و بــەبازار كردنی نــەوت لەگـــەڵ عیراق بكەیـــن لەساڵـــی 2019 دەبینـــین:

[ كـــرێی بـــۆری نـــەوتی كـوردستــــان و تـــوركیــا ( 13%)

قـــەرزی تـــوركیاو كۆمپــــانیاكانی كـــریاری نـــەوت( 16%)

قــــەرزی كۆمپانیا ناوخۆییەكان كـــارەبا و پاڵاوگەكان(9% )

حەقدەستی كۆمپانــــیاكانی بەرهەمــهێنانی نـــەوت (30%)

خــــەرجـــی گــــۆریـــنــــەوەی دۆلار بــــۆ دیـــنــــار ( 2%)

پوختەی داهاتی ماوە بۆ مووچە وخەرجی حكومەت(30%)

كـــۆی گـــــشتـــی دەكـــات بــــە (100%) ]

ئەمـــە تـــەواو بـــە مـــانـایی بە هەدەردانی ئابووری هەرێمی كوردســـتانە ، بەتـــەواوی پێچەوانەی بەهێز بوونی ئابوریە ، دەتوانـــین بڵـــێن نـــەوت لە ئێســتادا بەم شێوەیە نە دەبێتە ماییەی خۆشگوزەرانی بۆ خـــەلكی كوردســـتان و نــە بۆ ژێر خـــانی ئابــــوریەكـــی بەهـــێز ، بەڵكـو سودی تەنها بۆ چەند كۆمپانیایەك و هەندێــــك وڵاتە ، دەرئـەنجام بـۆتە ماییەی سـزادانی خەلكی هەرێمی كوردستان بە هۆیی هەناردەكردنی نەوت وە رێك نەكـــەوتنی حكـومەتی هـەرێم لەگـەڵ بەغدا.

بۆیە پــێویستە لــە ئَێستـــادا ئەم خاڵانە تیشكی بخرێتە سەر

① ـ هەنـــاردەكــردنی نەوت بەم شێوەیە كۆمەڵێك رهەندی تری ترسنـــاك لەخۆیی دەگرت پێویســتە لە داهاتوودا لە گەڵ بەغـــدا لەســـەری رێكبـكەویــن .

②ـ كـــاركردن لــەســـەر پرۆژە یاسایی نەوت و گاز كە وەك نەخشە رێگایەكە بۆ چارەسەری بنەرەتی كێشەكان و دووبارە نەبوونەوەی كە بەردەوام بۆتە مایـــیەی ترس و دڵەراوكێ .

③ ـ پێـــویستە هەرێمــی كوردستان پابەندی رێكەوتنەكانی بێت لە گەڵ بەغدا هەروەكو لە رێكەوتنی ئۆكتۆبەری 2020 باسی لێوەكراوە ، ئەویش بە رادەست كردنی نەوت و نیوەیی داهاتە نا نــەوتیـــەكان ، بـــۆ وەرگرتنــی شایستــە دارایەكانی لە مانـــگی 1 ئەم ســـاڵ بۆ خۆشگوزەرانی هاولاتیان و دابین كـــردنی موچـــەی موچە خۆران .

لە كۆتاییـــدا دەتـــوانم بڵێـــم ، ئەگەر حكــــومــەتی هەرێمی كوردســـتان ســــیاســـەتێـــكی حەكیــمانەو ژیــرانە و تەواو زانستیـــیانە و شەفـــاف بگرێتـە بەر و نەوت رادەست بكات بەپێی رێـــكەوتــن و پشـــكی خـــۆیی بكـــات بــە داینەمۆی بــــوژانەوە‌ی هەرێمی كوردستان ئەوا ساڵێكی پر لە ئاسودەی و خۆشگوزەرانـــی بۆ هـــاولاتیان و موچـــە خۆران فـەراهەم دەكات ، لەهـــەمان كــاتدا حكومەتی فیدراڵ مولزەم دەكرێت بە دابـــین كـــردنی شایســـتە دارایەكـــانی حكومـەتی هەرێم و دانەوەی قەرزی جوتیاران و دابین كردنی موچـــەی مــوچە خـــۆران ، بـــە پـێچەوانەوە ئەگەر هەروەكو ئێستا بەردەوام بێت، ئـەوا بـەدڵنییایەوە ئەم نەوتە دەبێتە ماییەی زیاتر ئازار دان و سزادانــنێكی تــر بــۆ گـــەلەكـــەمان .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

گەرمیان.. هەوڵێكی سووتاندنی زیندانی گرتن و گواستنەوە شكستی پێهێنرا

خەڵك – بەشی هەواڵ

لەگرتن و گواستنەوەی گەرمیان ،ھەوڵی سوتاندنی زیندانەكەیاندا و پۆلیس كۆنتڕۆڵی زیندانەكەی كردووە.

ڕائید سلێمان عەزیز بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان بە كەناڵی فەڕمی یەكێتی ڕاگەیاند، گۆڕینی سیستمی پێدانی مۆبایل بەزیندانیەكانیانمان گۆڕیوە، بەشێك لە زیندانییەكان ئەمەیان پێ ناخۆش بووە، بەشێكی تری زیندانیەكان ئەمەیان بەھەل زانیوە، ھەوڵیانداوە چەند بەتانیەكی ناو ھۆڵی ژوورەكەیان بسوتێنن، ھەرزوو پۆلیسی زیندان چوونەتە ژورەوە و توانیویانە كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بكەن.

ڕائید سلێمان عەزیز ئاماژەی بەوەشدا، بیانووی ئەو ھەوڵەی زیندانییەكان بۆ ئەوەبووە كە داوادەكەن دادگایی بكرێن، چونكە پێیان واییە ماوەیەكی زۆرە لەزیندانن و دادگاییكردن و یەكلایكردنەوەی كەیسەكانیان دواكەوتووە.

بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان ڕوونیشی كردەوە، تەنھا لەیەك ھۆڵی زیندانەكە ئەم ھەوڵە دراوە لەلایەن چەند ئاژاوەگێڕێكەوە، بەلام ڕێگەنەدراوە بەتانی و كەلوپەلەكان بسوتێنرێن و ئەو زیندانیانەش لەلایەن دادوەرەوە كەیسی تریان بۆ كراوەتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ئەمریكا پێداویستی سەربازی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت: ئەمریكا پێداویستی سەربازی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاندووە، كاروانێكی نوێی هاوكاری لۆجستی و سەربازیی هێزەكانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە خاكی عیراقەوە بەرەو ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێكەوتوون.

ڕوانگەكە باسی لەوەش كردووە، كاروانەكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە 35 بارهەڵگری باركراو بە كەلوپەلی لۆجستی و سەربازیی و تانكەری سووتەمەنی پێكهاتوون و لە دەروازەی سنووری وەلیدی نێوان عیراق و سوریا و عیراق و ئوردنەوە بەرەو شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێكەوتوون، دواتر ڕوویان كردووەتە بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە حەسەكە و دێرەزوور.

جێی ئاماژەیە، ڕۆژی 10ی ئەم مانگەش كاروانێكی تری هێزەكانی سەربە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی كە لە 25 بارهەڵگر پێكهاتبوو و كەلوپەلی لۆجستی و چەكی قورسی وەك تۆپ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشیان پێبووە لە هەرێمی كوردستانەوە ڕوویان كردبووە بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانان لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان كرد، دواتر بەرەو كێڵگەی نەوتیی (عومەر و كۆنیكۆ) لە دێرەزوور بەڕێكەوتبوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان