ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

عێراق

كۆمپانیای دەرمانی سامەڕا دۆزینەوەی چارەسەری كۆرۆنا ڕادەگەیەنێت

 

خەڵك- بەشی هەواڵ

كۆمپانیای گشتی پیشەسازی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان لە سامەڕا كە یەكێكە لە پێكهاتەكانی وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵ، بەرهەمهێنانی گیراوەی “سامافیری نوێ‌” ڕادەگەیەنێت كە دەبێتە مایەی چارەسەری ڤایرۆسی كۆرۆنا، خواستی خۆشی بۆ ڕەوانەكردنی دەرمانەكە بۆ وەزارەتی تەندروستی دەردەبڕێت.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، عەبدولحەمید عەبدولڕەحمان سالم، بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند:”وەك جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی وەزیری پیشەسازی و كانزاكان و بە ڕێكەوتن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و ژینگە، كادرە زانستی و تەكنیكییەكانی بەشی توێژینەوە و پەرەپێدان، وەجبەیەكی نوێژینەوەی تایبەتی لە گیراوەی سامافیری نوێ‌ بەرهەمهێنا كە وەك دژە ڤایرۆسی كۆرۆنا پۆلێن دەكرێت و كاریگەریی زۆری هەبووە لە چارەسەركردنی تووشبوان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمەش دوای ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی تایبەت بۆ چارەسەری تووشبوان”.

بە وتەی، بەرپرسەكەی كۆمپانیای دەرمانی سامەڕا”كۆمپانیاكەیان بەنیازە لەو گیراوە نوێیە بڕی پێویست بۆ وەزارەتی تەندروستی ڕەوانە بكات، ئەمەش وەك پاڵپشتی كۆمپانیاكەیان بۆ سوپای سپی و هاوبەشیكردن لە بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە”.

سالم دەڵێت”كۆمپانیای دەرمانی سامەڕا لە سەرەتای دەستپێكردنی تەنگژەی پەتای كۆرۆنا، هەوڵەكانی پۆ پشتیوانی لە وەزارەتی تەندروستی خستۆتەگەڕ، لەپێناو بەرگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتاكە لەڕێی بەرهەمهێنانی گیراوەی (ئەزترۆسام) و مەوادی پاككەرەوەى كهولی پزیشكی و سبتۆڵ، وێڕای بەردەوامبوونی كارەكان لە كارگەی بەغدا كە سەر بە كۆمپانیای سامەڕایە، تا بڕی پێویست لە ئۆكسجینی پزیشكی بۆ هاووڵاتیان لە نەخۆشخانەكاندا بەرهەمبهێنێت”.

عێراق

د.بەرهەم ساڵح سامانی خۆی ئاشكرادەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆك كۆماری عیراق، فۆڕمی ئاشكراكردنی سامانی خۆی بۆ دەستەی دەستپاكی پڕ كردەوە.

دەستەی دەستپاكی لە عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، د.بەرھەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق لە فۆڕمێكدا كە ئاڕاستەی دەستەكەی كردووە، تیایدا سامانی دارایی خۆی ئاشكراكردووە.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، لە كۆتایی ساڵی 2019دا وردەكاری ھەمواری یەكەمی یاسای دەستەی دەستپاكی ژمارە 30ی بۆ ساڵی 2011 خراوەتەڕوو ئەوەش دوای ئەوەی كە، ھەمواركردنەوەكە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران بەپێی بەندی یەكەم لە ماددەی 61 و بەندی سێ لە ماددەی 73ی دەستوور پەسەندكرابوو.

لە كۆتایی ڕاگەیاندراوەكەدا ھاتووە:”لە ماددەی (61/یەكەم/ج) لە یاسای دەستەی دەستپاكی ئاماژە بەوەدراوە كە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیرەكان لەگەڵ لێپرسراوانی تر ناچاركراون لەوەی دەبێت سامانی دارایی خۆیان ئاشكرا بكەن”.

پێشتر، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، فۆڕمی ئاشكراكردنی سامانی خۆی بۆ دەستەی دەستپاكی عیراق پڕ كردبووەوە و سامانی دارایی خۆی بۆ دەستەكە ئاشكراكردبوو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

نوێنەران داوا دەكات نرخی نەوت لە بودجەدا زیادبكرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی ئەو نرخەی كە لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021دا بۆ بەرمیلێك نەوت دانراوە زیادبكرێت.

دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاند، جیاوازییەكی زۆر لە نێوان ئەو نرخەی كە لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021دا بۆ بەرمیلێك نەوت دانراوە هەیە لەگەڵ ئەو نرخەی كە بەشێوەیەكی پراكتیكی دەفرۆشرێت و دەگاتە نزیكەی 15 دۆلار، بۆیە ناكرێت پڕۆژە یاسای بودجە بەو نرخەی حكومەت دیاریكردووە تێپەڕێنرێت.

عیساوی ئاماژە بەوەشدەكات، كە پێویستە لیژنەی دارایی نوێنەران بەڕاوێژكردن لەگەڵ حكومەت ئەو جیاوازییە زۆرەی لە نرخی دیاریكراوی نەوتدا هەیە كەمی بكەنەوە بۆ 5 تا 6 دۆلار.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ڕوونیشی كردووەتەوە، بەرزكردنەوەی نرخی نەوت لە پڕۆژە یاسای بودجەدا دەبێتەهۆی كەمكردنەوەی ئەو ڕێژە زۆرەی لە كورتهێنانی بودجەدا هەیە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

عێراق

تەرمی 55 سەربازی شەڕی عیراق- ئێران ڕەوانەی وڵاتەكەیان كرانەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

حكومەتی عیراق لە دەروازەی (شەلامچە)ەوە تەرمی 55 سەربازی ڕادەستی كۆماری ئیسلامی ئێران كردەوە، كە لە شەڕی 8 ساڵەی نێوان عیراق- ئێران لە كۆتایی ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا كوژرابوون.

كازم یاسری، بەرپرسی دەروازەی شەلامچەی نێوان عیراق و ئێران لە سنووری پارێزگای بەسرا بە (ئەنادۆڵو)ی ڕاگەیاند، لایەنی عێراقی ئەمڕۆ بە شێوەیەكی فەرمی تەرمی 55 سەربازی كوژراوی ئێرانی، كە لە شەڕی عیراق- ئێران لە كۆتایی ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا كوژرابوون ڕادەستی دەسەڵاتدارانی تاران كردەوە.

ڕاشیگەیاند، ئەم تەرمانە بەم دواییانە لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان هەردوو وڵاتدا، كە جەنگەكانی تێدا ڕوویداوە دۆزراونەتەوە.

یاسری ئاماژەی بەوەشكردووە، نوێنەرانی مانگی سووری نێودەوڵەتی بەشدارییان لە پڕۆسەی ڕادەستكردنەوەی تەرمی سەربازە ئێرانییەكاندا كردووە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان