ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

کوردستان

ژمارەیەك پەرلەمانتار؛ هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی پەڕلەمانی كوردستان لەم دۆخە ڕزگار بكەین

خەڵك – بەشی هەواڵ

ژمارەیەك پەرلەمانتار ڕەخنە لە ئەدای دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان دەگرن و پێیان وایە دەستەی سەرۆكایەتی لەدەرەوەی خواستی خەڵك و لە پێناو ڕازیكردنی دەسەڵاتی جێ بەجێكردندا، بە پێچەوانەی چەند دەقێكی یاسایی هەڵس و كەوت دەكات.

ژمارەیەك پەرلەمانتار كە لە 23 ئەندام پێكهاتوون لە پەڕلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنە جیاوازەكان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویانكردۆتەوە، كە دوا بەدوای كۆبوونەوەی ژمارە (١٠)ی خولی ئاسایی پایزەی ڕۆژی چوارشەممە، كە تیایدا پێشێلی ژمارەیەك ماددە و بڕگەی پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمانی كوردستان كرا، لەدەرەوەی خواستی خەڵك و لە پێناو ڕازیكردنی دەسەڵاتی جێ بەجێكردندا، بە پێچەوانەی چەند دەقێكی یاسایی هەڵس و كەوتی كرد.

دەشڵێن ،”هەموو هەوڵ و ڕێكارە پەیڕەوی و یاسایی و دەستوریی و دیبلۆماسییەكان و بنەمای متمانەدانی گەل بەكاردەهێنن بۆ ئەوەی پەڕلەمان لەم دۆخە ڕزگار بكەین، تا لەوە زیاتر خەڵك بێ ئومێد نەكرێت و كەلێنی نێوان خەڵك و دامەزراوەكان زیاتر نەبێت”.

دەقی یاداشتەكە:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ڕاگەیەنراوی (٢٣) ئەندام پەرلەمان بۆ ڕایگشتی خەڵكی كوردستان
هاووڵاتیانی بەڕێز:
دوا بەدوای كۆبوونەوەی ژمارە (١٠)ی خولی ئاسایی پایزەی ڕۆژی چوارشەممە، (٢٥ی ١١ی ٢٠٢٠)، كە تیایدا پێشێلی ژمارەیەك ماددەو بڕگەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان كرا، و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەدەرەوەی خواستی خەڵك و لە پێناو ڕازیكردنی دەسەڵاتی جێ بەجێكردندا، بە پێچەوانەی چەند دەقێكی یاسایی هەڵس و كەوتی كرد، بە پێویستی دەزانین هەڵوێستی خۆمان بۆ ڕایگشتی ڕوون بكەینەوە كە ئێمە ئەو پەرلەمانتارانەی لە خوارەوە ناومان هاتووە، پێمانوایە پەرلەمان باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریكردنە لە هەرێمی كوردستاندا و مەرجەعی سیاسی و یاسایی خەڵكی كوردستانە، و ڕێگە نادەین دەستەی سەرۆكایەتی ئەم دەسەڵاتە باڵایە بە پێی بەرژەوەندی و خواست و ویستی دەسەڵاتی جێبەجێكردن یان لایەنێكی سیاسی بەكاربهێنێت و ئەم دەزگا گەورەو گرنگەی گەل لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی لا بدات و ئیرادەی نوێنەرانی خەڵك لەوە زیاتر پێشێل بكات.
لە داهاتووشدا هەموو هەوڵ و ڕێكارە پەیڕەوی و یاسایی و دەستوریی و دیبلۆماسییەكان و بنەمای متمانەدانی گەل بەكاردەهێنین بۆ ئەوەی پەرلەمان لەم دۆخە ڕزگار بكەین، تا لەوە زیاتر خەڵك بێ ئومێد نەكرێت و كەلێنی نێوان خەڵك و دامەزراوەكان زیاتر نەبێت و لانیكەم پەرلەمانتار بتوانێت نوێنەرایەتی گەل بكات و دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی هاووڵاتیانی ستەم لێكراوی كوردستان بێت لە دۆخێكدا كە دەسەڵاتی جێبەجێكردن شكستی هێناوە لەوەی بتوانێت تەنانەت مووچەی مووچەخۆران دابین بكات.
نمونەی ژمارەیەك پێشێلكاری یاسایی و پەیڕەویی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان:
١ـ بە پێی خاڵی (چوارەم) لە ماددەی (٤٨) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی فراكسیۆن یان نوێنەری پێكهاتەیەك، یان لانیكەم (١٠) ئەندام بەر لە (٢٤) سەعات لە وادەی دانیشتنەكە، دەتوانێت داوای زیادكردنی بابەتێك بۆ بەرنامەی كار بكات، بابەتەكە گشتی و بە پەلە بێت و دواخستنی ببێتە هۆی لە دەستدانی گرینگی داواكارییەكە، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی پشتیان كردە داوای گفتوگۆی كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان، و بە پێچەوانەی ئەم بڕگەیە ڕەفتاریان كردو واژۆی (٢١) ئەندام پەرلەمانیان لە فراكسیۆنە جیاجیاكان فەرامۆش كرد، كە لە كاتی یاسایی خۆیدا پێشكەش كرابوو.
٢ـ بە پێی خاڵی (یەكەم)، لە ماددەی (٦٦)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، (١٠) ئەندام دەتوانن داوایەك پیشكەش بكەن بە دەستەی سەرۆكایەتی، بۆ ئەوەی بابەتێكی گشتی بخرێتەڕوو بۆ گفتوگۆ لە نێوان حكومەت و پەرلەماندا بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی گشتی، بە پێی خاڵی (سێیەم) لە هەمان ماددە، دەبێت دەستەی سەرۆكایەتی لە ماوەی (١٤) ڕۆژدا ئەو بابەتە بخاتە بەرنامەی كارەوە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو ماددەیەوە، دەستەی سەرۆكایەتی یاداشتی (١٦) پەرلەمانتاریان فەرامۆش كرد كە لە ڕۆژی (٢ی ١١ی ٢٠٢٠) پێشكەشكرا بوو بۆ گفتوگۆی بابەتی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاكەوانان لە پارێزگای دهۆك بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ.
٣ـ بە پێی بڕگەكانی (یەكەم) و (سێیەم) لە خاڵی (دووەم)ی ماددەی (٥٦)ی پەیڕەو، ئەندامی پەرلەمان بۆی هەیە بۆ ماوەی یەك دەقیقە لەهەر كاتێكی دانیشتنی پەرلەماندا لە ڕێی خاڵی پەیڕەوییەوە ئاخاوتن بكات، كاتێك بینی پێشێلی یەكێك لە ماددەو بڕگەكانی دەستور یان یاسایەكی بەركار كرا، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی و خودی سەرۆكی پەرلەمان لە دانیشتنی ڕۆژی (٢٥ی ١١ی ٠٢٠٢٠) بە پێچەوانەوە ڕێگەی نەدا ئەندامان بە پێی ئەم مافە پەیڕەوی و یاساییە بۆچوونەكانیان دەربڕن و ئەركی خۆیان جێ بەجێبكەن و ڕێگەی لێگرتن و مایكی لەسەر كوژاندنەوە.
٤ـ بە پێی بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (٦٠)ی پەیڕەو، پێویستە ئەو پرسیارانەی كە بە نووسراو یان زارەكی لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ئاراستەی حكومەت دەكرێن لە ماوەیەك لە (٧) ڕۆژ تێپەڕ نەكات وەڵام بدرێنەوە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەم بڕگە پەیڕەویی و یاساییەوە، بەهۆی لاوازی دەستەی سەرۆكایەتی و بێبایەخ تەماشاكردنی داوای پەرلەمانتاران كە داوای خەڵكی كوردستانن، زۆرینەی زۆری پرسیارو بەدواداچوونەكان لەو ماوەیەدا ناگەڕێنەوەو هێندێك لە پرسیارو بەدواداچوونەكان زیاتر لە چوار مانگ دوا دەكەون و هێندێكیان هەر وەڵام نادرێنەوە، و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش هیچ هەڵوێست و ڕێكارێكی نییە بۆ ئەم یاساشكێنیەی دامەزراوەی جێ بەجێكردن.
٥ـ لەبەر گرنگی بەرنامەو پلانی حكومەت لە بواری خەرجی و داهاتدا، لە پەیڕەوی ناوخۆدا بەشێكی سەربەخۆ تەرخانكراوە بۆ بابەتی بودجەو ژمێرەی كۆتایی، بەڵام ئەوە دوو ساڵە دەسەڵاتی جێ بەجێكردن زۆر بە ئاشكرا سەرجەم ماددەكانی (٩٨ تا ١٠٩) پێشێل دەكات و دەستەی سەرۆكایەتیش هیچ هەڵوێستێكی نییە لە پابەندكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، لە كاتێكدا حكومەت لە پەرلەمانەوە متمانەی وەرگرتووە.
٦ـ بە پێی ماددەی (١١١) لە پەیڕەوی ناوخۆ، پێویستە دەستەی سەرۆكایەتی ئ
ازادی كاری پەرلەمانی بۆ فراكسیۆن و ئەندام پەرلەمانە ئۆپۆزسیۆنەكان دەستەبەر بكات، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ڕەچاوی ئەم مافە ناكات كە لەم ماددەیەدا هاتووە و جیاوازی دەكات.
٧ـ بە پێی خاڵی (یەكەم) لە ماددەی (٩)ی پەیڕەوی ناوخۆ، پێویستە دانیشتنەكانی پەرلەمان بە ئاشكرا بەڕێوە بچن، و بۆ خەڵكی كوردستان پەخش بكرێن، بەڵام بە پێچەوانەی ئەم بڕگەیەوە، دەزگای ڕاگەیاندنی پەرلەمان كە لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆكایەتیدایە جیاوازی دەكات لە پەخشكردنی دەنگ و ڕەنگی پەرلەمانتاراندا، بەتایبەت ئەو كاتانەی پەرلەمانتاران بۆچوونیان لە بۆچوونی دەسەڵات جیاوازەو بە دڵی دەزگای جێ بەجێكردن و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ئاخاوتن ناكەن دەنگ و ڕەنگیان بەجۆرێك دەبڕدرێت و لا دەدرێت كە خەڵك لە ڕاستییەكان تێ نەگات، هەركەسێكیش بیەوێت دەتوانێت تەماشای پەخشی دانیشتنەكان بكاتەوە تا دەیان نمونەی لەو جۆرە ببینێت.
٨ـ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی دانراوو ڕاگەیەنراوی پەرلەمان لەسەر داواو ویستی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، وەك هەڵوەشاندنەوەی كۆبوونەوەی ڕاگەیەنراوی ڕۆژی (١٧ی ١١ی ٢٠٢٠)، كە بڕیاربوو گفتوگۆ سەبارەت بەپێشهاتی پەسەندكردنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی فیدراڵی بە ئامادەبوونی حكومەت، بەڕێوە بچێت.
ناوەكان:
1. عەبدولستار مەجید.
2. عەلی‌ حەمەساڵح تەها.
3. د.شێركۆ جەودەت.
4. سیروان بابان.
5. د.موحیەدین حەسەن یوسف.
6. ئەبوبەكر هەڵەدنی.
7. ڕووپاك ئەحمەد ڕەحمان.
8. دیاری ئەنوەر حەمەڕەحیم.
9. بەدریە ئیسماعیل مەحمود.
10. هڵز ئەحمەد موحەممەد.
11. عوسمان كانی‌ كوردەیی‌.
12. ئاشنا عەبدوڵڵا قادر.
13. شیرین ئەمین عەبدولعەزیز.
14. د.شایان كاكە ساڵح.
15. د.هەورامان گەچێنیەیی.
16. دابان موحەممەد حسێن.
17. موسلیم عەبدوڵڵا قەصری.
18. جەلال موحەممەد ئەمین.
19. عومەر عەبدوڵڵا گوڵپی‌.
20. د.كازم فاروق
21. سیپان سالم ئامێدی‌.
22. كاوە عەبدولقادر حەسەن.
23. مژدە مەحمود موحەممەد.
لەگەڵ ڕێزدا
٢٦ی ١١ی ٢٠٢٠

ئابوری

نوێنەرێك سێ‌ پێشنیار بۆ حكومەتی هەرێم دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانى عيراق لە فڕاكسیۆنی یەكێتی دەڵێت:”مەلەفی نەوت زۆر هەڵدەگرێت و زۆریشی لەسەر نووسراوە، بەڵام دەرەنجام نەوت نەبووە بە مایەی خێر و خۆشی بۆ خەڵكی كوردستان”.

هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فڕاكسیۆنی یەكێتی لە نووسینێكدا ئاماژەی بەوەداوە:”بەداخەوە ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت بینیمان سەبارەت بە داهات و خەرجیيەكانی نەوت، مـرۆڤ تووشی شۆك دەبێت”.

ئەو نوێنەرە لە نووسینەكەشیدا سێ‌ پێشنیاری بۆ حكومەتی هەرێم كردووە بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی دارایی و ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران.

 

دەقی نووسینەكەی هەرێم كەمال ئاغا:

 

مەلەفی نــەوت زۆر هـــەڵدەگـرێت زۆریش لەسەری نوسراوە بەڵام دەرئــەنجــام نــەوت نەبوو بە ماییەی خێر و خۆشی بۆ خـــەڵكی كوردســتان .

لەســـەرەتادا كاتێـــك سەركردایـــەتی سیــاسی كوردستان لە حوزەیرانی ســـاڵی 2009 بـریاری رەوانەكردنی نەوتی دا بۆ دەرەوە ئـەمە هەنــگاوێكی گرنـگ بوو لەرووی ئابووریەوە بۆ هەرێمی كوردســتان ، چونكە نەوت بۆ ژێرخانی ئابووری هەر ولاتێك سێكتەرێكــی داهـــاتی بــەهێزە ، ئەو ولاتـانەی نەوت تیاندا بە درووستی بەكارهێنراوە هەمیــشە نەوت بۆیان بووە بە مایــیەی ئارامـــی و خۆشـــگوزەرانی و بـــەهێز بــوون و پاراســـتنی ئاســـایشی سیــادەی دەولەت .

یەكێتی نیشتیمانی كوردســـتان ســـەرباری كێــشمە كێشــمی زۆر و ئاڵنـــگاریـــەكان بـــەردەوام پشتــگیری بـــازاری ئـــازاد و هەناردەكـــردنی نـــەوت بـــووە ، بەشێـــوەیەكی شـــەفاف و تەندرووست ، چونكە یەكێـتی خۆیی بە خاوەنی بیرۆكەی دەرهێنانی نەوت دەزانێت لە پێناو دەستەبەركردنی ژێرخانی ئابـــوریەكی بەهێـز بۆ هەرێمـــی كوردســــتان.

بەڵام بەداخـــەوە ئەوەی لە چــەند رۆژی رابـردوو لە راپۆرتی كۆمــپانیایی دیــلۆیــت ـ مــان بــینی ســـەبارەت بە داهات و خەرجیـــەكانی نـــەوت ، مـرۆڤ توشی شۆك دەبـــێت، ئەگەر بێت و سەیری شــیكاری داهـــات و خـەرجیەكانی دەرهێنانی نەوت و جیـاوازی نێـــوان هـــەناردەكـــردن و بــەبازار كردنی نــەوت لەگـــەڵ عیراق بكەیـــن لەساڵـــی 2019 دەبینـــین:

[ كـــرێی بـــۆری نـــەوتی كـوردستــــان و تـــوركیــا ( 13%)

قـــەرزی تـــوركیاو كۆمپــــانیاكانی كـــریاری نـــەوت( 16%)

قــــەرزی كۆمپانیا ناوخۆییەكان كـــارەبا و پاڵاوگەكان(9% )

حەقدەستی كۆمپانــــیاكانی بەرهەمــهێنانی نـــەوت (30%)

خــــەرجـــی گــــۆریـــنــــەوەی دۆلار بــــۆ دیـــنــــار ( 2%)

پوختەی داهاتی ماوە بۆ مووچە وخەرجی حكومەت(30%)

كـــۆی گـــــشتـــی دەكـــات بــــە (100%) ]

ئەمـــە تـــەواو بـــە مـــانـایی بە هەدەردانی ئابووری هەرێمی كوردســـتانە ، بەتـــەواوی پێچەوانەی بەهێز بوونی ئابوریە ، دەتوانـــین بڵـــێن نـــەوت لە ئێســتادا بەم شێوەیە نە دەبێتە ماییەی خۆشگوزەرانی بۆ خـــەلكی كوردســـتان و نــە بۆ ژێر خـــانی ئابــــوریەكـــی بەهـــێز ، بەڵكـو سودی تەنها بۆ چەند كۆمپانیایەك و هەندێــــك وڵاتە ، دەرئـەنجام بـۆتە ماییەی سـزادانی خەلكی هەرێمی كوردستان بە هۆیی هەناردەكردنی نەوت وە رێك نەكـــەوتنی حكـومەتی هـەرێم لەگـەڵ بەغدا.

بۆیە پــێویستە لــە ئَێستـــادا ئەم خاڵانە تیشكی بخرێتە سەر

① ـ هەنـــاردەكــردنی نەوت بەم شێوەیە كۆمەڵێك رهەندی تری ترسنـــاك لەخۆیی دەگرت پێویســتە لە داهاتوودا لە گەڵ بەغـــدا لەســـەری رێكبـكەویــن .

②ـ كـــاركردن لــەســـەر پرۆژە یاسایی نەوت و گاز كە وەك نەخشە رێگایەكە بۆ چارەسەری بنەرەتی كێشەكان و دووبارە نەبوونەوەی كە بەردەوام بۆتە مایـــیەی ترس و دڵەراوكێ .

③ ـ پێـــویستە هەرێمــی كوردستان پابەندی رێكەوتنەكانی بێت لە گەڵ بەغدا هەروەكو لە رێكەوتنی ئۆكتۆبەری 2020 باسی لێوەكراوە ، ئەویش بە رادەست كردنی نەوت و نیوەیی داهاتە نا نــەوتیـــەكان ، بـــۆ وەرگرتنــی شایستــە دارایەكانی لە مانـــگی 1 ئەم ســـاڵ بۆ خۆشگوزەرانی هاولاتیان و دابین كـــردنی موچـــەی موچە خۆران .

لە كۆتاییـــدا دەتـــوانم بڵێـــم ، ئەگەر حكــــومــەتی هەرێمی كوردســـتان ســــیاســـەتێـــكی حەكیــمانەو ژیــرانە و تەواو زانستیـــیانە و شەفـــاف بگرێتـە بەر و نەوت رادەست بكات بەپێی رێـــكەوتــن و پشـــكی خـــۆیی بكـــات بــە داینەمۆی بــــوژانەوە‌ی هەرێمی كوردستان ئەوا ساڵێكی پر لە ئاسودەی و خۆشگوزەرانـــی بۆ هـــاولاتیان و موچـــە خۆران فـەراهەم دەكات ، لەهـــەمان كــاتدا حكومەتی فیدراڵ مولزەم دەكرێت بە دابـــین كـــردنی شایســـتە دارایەكـــانی حكومـەتی هەرێم و دانەوەی قەرزی جوتیاران و دابین كردنی موچـــەی مــوچە خـــۆران ، بـــە پـێچەوانەوە ئەگەر هەروەكو ئێستا بەردەوام بێت، ئـەوا بـەدڵنییایەوە ئەم نەوتە دەبێتە ماییەی زیاتر ئازار دان و سزادانــنێكی تــر بــۆ گـــەلەكـــەمان .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

گەرمیان.. هەوڵێكی سووتاندنی زیندانی گرتن و گواستنەوە شكستی پێهێنرا

خەڵك – بەشی هەواڵ

لەگرتن و گواستنەوەی گەرمیان ،ھەوڵی سوتاندنی زیندانەكەیاندا و پۆلیس كۆنتڕۆڵی زیندانەكەی كردووە.

ڕائید سلێمان عەزیز بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان بە كەناڵی فەڕمی یەكێتی ڕاگەیاند، گۆڕینی سیستمی پێدانی مۆبایل بەزیندانیەكانیانمان گۆڕیوە، بەشێك لە زیندانییەكان ئەمەیان پێ ناخۆش بووە، بەشێكی تری زیندانیەكان ئەمەیان بەھەل زانیوە، ھەوڵیانداوە چەند بەتانیەكی ناو ھۆڵی ژوورەكەیان بسوتێنن، ھەرزوو پۆلیسی زیندان چوونەتە ژورەوە و توانیویانە كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بكەن.

ڕائید سلێمان عەزیز ئاماژەی بەوەشدا، بیانووی ئەو ھەوڵەی زیندانییەكان بۆ ئەوەبووە كە داوادەكەن دادگایی بكرێن، چونكە پێیان واییە ماوەیەكی زۆرە لەزیندانن و دادگاییكردن و یەكلایكردنەوەی كەیسەكانیان دواكەوتووە.

بەڕێوەبەری بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان ڕوونیشی كردەوە، تەنھا لەیەك ھۆڵی زیندانەكە ئەم ھەوڵە دراوە لەلایەن چەند ئاژاوەگێڕێكەوە، بەلام ڕێگەنەدراوە بەتانی و كەلوپەلەكان بسوتێنرێن و ئەو زیندانیانەش لەلایەن دادوەرەوە كەیسی تریان بۆ كراوەتەوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان

ئەمریكا پێداویستی سەربازی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت: ئەمریكا پێداویستی سەربازی ڕەوانەی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاندووە، كاروانێكی نوێی هاوكاری لۆجستی و سەربازیی هێزەكانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە خاكی عیراقەوە بەرەو ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێكەوتوون.

ڕوانگەكە باسی لەوەش كردووە، كاروانەكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە 35 بارهەڵگری باركراو بە كەلوپەلی لۆجستی و سەربازیی و تانكەری سووتەمەنی پێكهاتوون و لە دەروازەی سنووری وەلیدی نێوان عیراق و سوریا و عیراق و ئوردنەوە بەرەو شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێكەوتوون، دواتر ڕوویان كردووەتە بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە حەسەكە و دێرەزوور.

جێی ئاماژەیە، ڕۆژی 10ی ئەم مانگەش كاروانێكی تری هێزەكانی سەربە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی كە لە 25 بارهەڵگر پێكهاتبوو و كەلوپەلی لۆجستی و چەكی قورسی وەك تۆپ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشیان پێبووە لە هەرێمی كوردستانەوە ڕوویان كردبووە بنكە سەربازییەكانی هاوپەیمانان لە شاری حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان كرد، دواتر بەرەو كێڵگەی نەوتیی (عومەر و كۆنیكۆ) لە دێرەزوور بەڕێكەوتبوون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان