ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

مەلا یاسین: بەپێی تاكتیكەكەی حكومەتی عیراق بێت مووچەی فەرمانبەران 25% كەم دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنەران لقی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: حكومەتی عێراق بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەكەی بە شێوازێكی ژیرانە و بەفێڵێكی سەردەمیانە بەتاكتیكێكی چاوەڕواننەكراو 25% مووچەی موچەخۆرانی كەمكردەوە، ئەویش بە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلاری ئەمریكی و دابەزاندنی نرخی دیناری عيراقی.

یاسین مەحمود ڕەشید سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنەران لقی سلێمانی لە میانی وتارێكدا ڕوونیدەكاتەوە: بەپێی ئەو پلانەی كە حكومەتی عیراقی دایناوە، تا ناوەڕاستی مانگی(3)ی ساڵی داهاتوو دۆلار لە بازاڕەكانی عیراقدا لەنێوان 145,000 بۆ 150,000دینار دەبێت، بەم جۆرە بێت مووچەی مووچەخۆرانی عیراق 25% كەمدەكاتەوە.

یاسین مەحمود ڕەشید ئاماژەی بەوەشداوە: مووچەخۆران ئەو مووچەیەی كە وەریدەگرن پاڵپشت بەنرخی دۆلار لەبانكی ناوەندی، كە ڕۆژانە یاریدەكرد كاتێك دۆلاری ئەمریكی لەنێوان 119,000 بۆ 120,000 دینار دەفرۆشرا، واتە ئەگەر مووچەخۆرێك مووچەكەی یەك ملیۆن دینار بوایە بەرامبەر 840 دۆلاری ئەمریكی بوو، بەڵام دوای ئەوەی كە ئێستا عيراق كورتهێنانی بودجەی هەیە یەكێك لەباشترین ڕێگا كە حكومەتەكەی كازمی هەڵیبژارد، تا ئەندازەیەك باشە ناڕەزایی زۆر كەمی لێ ئەكەوێتەوە لە شەقامدا ئەویش ئەوەیە دیناری عيراقی دادەبەزێنێت بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی كە ئەو دابەزینە دەگاتە ئاستی نزیكەی 16% بۆ 17% لە بەهای دینار.

 

دەقی وتارەكەی یاسین مەحمود ڕەشید:

 

تاكتیكەكەی حكومەتی عێراق چی لەبازاڕ دەكات؟

حكومەتی عێراق بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەكەی بە شێوازێكی ژیرانە و بەفێڵێكی سەردەمیانە بەتاكتیكێكی چاوەڕواننەكراو 25% مووچەی موچەخۆرانی كەمكردەوە، ئەویش بە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلاری ئەمریكی و دابەزاندنی نرخی دیناری عێراقی.

بەپێی ئەو پلانەی كە حكومەتی عێراقی دایناوە، تا ناوەڕاستی مانگی(3)ی ساڵی داهاتوو دۆلار لە بازاڕەكانی عێراقدا لەنێوان 145,000 بۆ 150,000دینار دەبێت، بەم جۆرە بێت مووچەی مووچەخۆرانی عێراق 25% كەمدەكاتەوە.

مووچەخۆران ئەو مووچەیەی كە وەریدەگرن پاڵپشت بەنرخی دۆلار لەبانكی ناوەندی، كە ڕۆژانە یاریدەكرد كاتێك دۆلاری ئەمریكی لەنێوان 119,000 بۆ 120,000 دینار دەفرۆشرا، واتە ئەگەر مووچەخۆرێك مووچەكەی یەك ملیۆن دینار بوایە بەرامبەر 840 دۆلاری ئەمریكی بوو، بەڵام دوای ئەوەی كە ئێستا عێراق كورتهێنانی بودجەی هەیە یەكێك لەباشترین ڕێگا كە حكومەتەكەی كازمی هەڵیبژارد، تا ئەندازەیەك باشە ناڕەزایی زۆر كەمی لێ ئەكەوێتەوە لە شەقامدا ئەویش ئەوەیە دیناری عێراقی دادەبەزێنێت بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی كە ئەو دابەزینە دەگاتە ئاستی نزیكەی 16% بۆ 17% لە بەهای دینار.

عێراق تا ئەندازەیەك لە كورتهێنانی بودجە ڕزگاری دەبێت بەڵام ئەوەی لێرەدا جێگای باسكردنە، دەبوو لە میدیاكاندا ئەم خاڵانەی خوارەوە زیاتر ڕوونبكرێنەوە؛

یەكەم: نرخی شتومەك و كاڵا و پێداویستی خەڵك بە ئەندازەی ئەو بیست بۆ سی هەزار دینارەی كە لەنرخی بەهای دیناری عێراقی كەمدەكرێتەوە و دۆلاری پێ بەرزدەكرێتەوە هەموو شتێك ئەگەر نرخی 120,000 دیناری عێراقی بێت لەمەو دوا دەبێت بە 150,000 دینار و كەمێك زیاترش، چونكە خەڵك ترسێكی زیاتری بۆ دروست دەبێت بەرامبەر دۆلار، ئەگەر عێراق ئەمساڵ بەمە بیەوێت كورتهێنانی بودجەی پڕ بكاتەوە دوور نییە ساڵێكی تر دۆلار نەبێت بە 200,000 دینار، بۆیە شت لەوە گرانتر دەبێت كە نرخی دۆلاری پێ بەرزكراوەتەوە.

دووە: زیانێكی گەورە لە توێژەكانی ناوەند و خوار ناوەند دەكەوێت، چونكە ئەو مووچەیەی وەریدەگرن وەك پێویست ناتوانن بژێوی ژیانی خۆیانی پێ دابین بكەن.

سێیەم: لە دوای مووچەخۆران ئەوانەی زیانی ئەم ئاڵوگۆڕەی بەهای دراویان بەردەكەوێت، پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و بازاڕی گەورەی عێراقە، بۆ ماوەیەك بازاڕ ناجێگیر دەبێت و شڵەژاوی پێوە دیار ئەبێت و خۆی بۆ خۆی دڵە ڕاوكێیەك دروست دەكات.

چوارەم: دۆخەكە كاریگەری نەرێنی زۆری دەبێت لەسەر هاوردە و هەناردە، بۆ ماوەیەك پڕۆژەكانی وەبەرهێنان خاو دەكاتەوە و تەنانەت پاشەكشەیش ڕوو دەدات.

پێنجەم: دراوی عێراقی لە ناوخۆو دەرەوەدا، بەرامبەر دراوەكانی تری جیهانییەكان بە ئەندازەیەكی زۆر متمانە لەدەست دەدات، بە داخەوە هەرچەندە ئێستا عێراق وڵاتێك نییە ئابڵوقەی ئابووری لەسەر بێت وەك ئێران و سووریا و هەندێك وڵاتی تر، بەڵام حكومەتی ئێستا بەم هەنگاوەی كارێكی وا دەكات، وەك ئەو وڵاتانە كە توشی ئابڵۆقەی ئابووری بوون یان لەوەدان توشی ئابڵوقە بن وەك توركیا، بۆیە دراوی عێراقیش لەمەو دوا متمانەی لەسەر نابێت، بە بۆچوونی من دراوی عێراقی لەمەو دوا لەنێوان 145,000 بۆ 155,000 دینار بەرامبەر دۆلار یاری دەكات ئەمەش دەبێتە لایەنێكی نەرێنی زۆر خراپ بۆ دراوەكەی.

شەشەم: لەمەودوا خەڵك زۆر خوازیار نابێت سامانەكەی بریتی بێت لە دراوی عێراقی، ئەوانەی كەمیان هەیە یان زۆر، خوازیارن دراوەكانیان بگۆڕن بۆ دراوێكی بیانی تر بە تایبەتی بۆ دۆلاری ئەمریكی كە ئەمەش بۆ دراوی عێراقی زۆر خراپە.

حەوتەم: ئەم هەنگاوەی حكومەتی عێراقی ئەگەر لە رووی زانستی ئابووری سەیری بكەین مادام بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەیە و لەسەر قوت و بەرژەوەندی چین و توێژەكانی ناوەند و خوار ناوەندە، كە ئەوانە زۆر كاریگەری ئەم بێ بەها كردنەوی دراویان لەسەر دەێت ئەگەر بە ویژدانەوە سەیری بكەین ئەمە فێڵە، فێڵێكی گەورەیە حكومەتی عێراقی لە هاووڵاتیانی خۆی دەكات.

هەشتەم: خاڵێكی تری نەرێنی ئەوەیە كە فەساد لە عێراقدا زیاتر بڵاو دەبێتەوەو فەرمانبەرانی حكومەت زیاتر ڕێگایان بۆ خۆش دەبێت بۆ وەرگرتی ڕەشۆ و ڕایینەكردنی مامەڵەكان، دوور نییە ئەمساڵ یاخود بۆ ساڵی داهاتوو عێراق لەڕیزبەندی یەكەمی ئەو وڵاتانە بێت كە گەندەڵترین سیستمن.

نۆیەم: تەنها نرخی پیداویستی و شتومەك لە عێراقدا گران نابێت لەمەو دوا نرخی خانوبەرە بەپێی پێشبینییەكان بە ڕێژەی 25% ، بە دراوی عێراقی واتە ئێستا لە هەر بەشێكی عێراق نرخی زەوی یاخود خانوو بە ڕێژەی 25% بە دراوی عێراقی زیا دەكات، واتە ئەوانەی خاوەن دیناری عێراقی بوون و خوازیار بوون یەكەیەكی نیشتەجێبوون بوون بكرن و چاوەڕێ بوون نرخەكان دابەزێت بەداخەوە ناتوانن ئەو ئامانجەی هەیان بووە بیپێكن.

دەیەم: ئەم هەنگاوەی حكومەتی عێراق، هەنگاوێكی چاوەڕوان نەكراو بوو لەماوەی 17 ساڵی دوای ڕژێمی پێشووتر، هەروەها لەماوەی لابردنی ئابڵوقەی ئابووری لەسەر عێراق كە بانكی ناوەندی بە هەماهەنگی و هاوكاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی نرخی دۆلاریان لە 120,000 دینار جێگر كردبوو، ئەمە یەكەم جارە حكومەتی عێراق بە هۆی ئەو هەموو گەندەڵییەی هەیەتی لە ڕووی ئابووریەوە دەست دەبات بۆ دراوەكەی كە تەنها 3% بۆ 5% لەوڵاتانی دنیا كە هیچ ڕێگەیە چارەیەكان بۆ نامێنێتەوە ئەم هەنگاوە بۆ حكومەتی ئێستا لە حوكمڕانییدا بۆ داهاتوویان بە شكست هەژمار دەكرێت.

ئابوری

نوێنەرێك سێ‌ پێشنیار بۆ حكومەتی هەرێم دەكات

خەڵك – بەشی هەواڵ

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانى عيراق لە فڕاكسیۆنی یەكێتی دەڵێت:”مەلەفی نەوت زۆر هەڵدەگرێت و زۆریشی لەسەر نووسراوە، بەڵام دەرەنجام نەوت نەبووە بە مایەی خێر و خۆشی بۆ خەڵكی كوردستان”.

هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فڕاكسیۆنی یەكێتی لە نووسینێكدا ئاماژەی بەوەداوە:”بەداخەوە ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ڕاپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیت بینیمان سەبارەت بە داهات و خەرجیيەكانی نەوت، مـرۆڤ تووشی شۆك دەبێت”.

ئەو نوێنەرە لە نووسینەكەشیدا سێ‌ پێشنیاری بۆ حكومەتی هەرێم كردووە بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانی دارایی و ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا و دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران.

 

دەقی نووسینەكەی هەرێم كەمال ئاغا:

 

مەلەفی نــەوت زۆر هـــەڵدەگـرێت زۆریش لەسەری نوسراوە بەڵام دەرئــەنجــام نــەوت نەبوو بە ماییەی خێر و خۆشی بۆ خـــەڵكی كوردســتان .

لەســـەرەتادا كاتێـــك سەركردایـــەتی سیــاسی كوردستان لە حوزەیرانی ســـاڵی 2009 بـریاری رەوانەكردنی نەوتی دا بۆ دەرەوە ئـەمە هەنــگاوێكی گرنـگ بوو لەرووی ئابووریەوە بۆ هەرێمی كوردســتان ، چونكە نەوت بۆ ژێرخانی ئابووری هەر ولاتێك سێكتەرێكــی داهـــاتی بــەهێزە ، ئەو ولاتـانەی نەوت تیاندا بە درووستی بەكارهێنراوە هەمیــشە نەوت بۆیان بووە بە مایــیەی ئارامـــی و خۆشـــگوزەرانی و بـــەهێز بــوون و پاراســـتنی ئاســـایشی سیــادەی دەولەت .

یەكێتی نیشتیمانی كوردســـتان ســـەرباری كێــشمە كێشــمی زۆر و ئاڵنـــگاریـــەكان بـــەردەوام پشتــگیری بـــازاری ئـــازاد و هەناردەكـــردنی نـــەوت بـــووە ، بەشێـــوەیەكی شـــەفاف و تەندرووست ، چونكە یەكێـتی خۆیی بە خاوەنی بیرۆكەی دەرهێنانی نەوت دەزانێت لە پێناو دەستەبەركردنی ژێرخانی ئابـــوریەكی بەهێـز بۆ هەرێمـــی كوردســــتان.

بەڵام بەداخـــەوە ئەوەی لە چــەند رۆژی رابـردوو لە راپۆرتی كۆمــپانیایی دیــلۆیــت ـ مــان بــینی ســـەبارەت بە داهات و خەرجیـــەكانی نـــەوت ، مـرۆڤ توشی شۆك دەبـــێت، ئەگەر بێت و سەیری شــیكاری داهـــات و خـەرجیەكانی دەرهێنانی نەوت و جیـاوازی نێـــوان هـــەناردەكـــردن و بــەبازار كردنی نــەوت لەگـــەڵ عیراق بكەیـــن لەساڵـــی 2019 دەبینـــین:

[ كـــرێی بـــۆری نـــەوتی كـوردستــــان و تـــوركیــا ( 13%)

قـــەرزی تـــوركیاو كۆمپــــانیاكانی كـــریاری نـــەوت( 16%)

قــــەرزی كۆمپانیا ناوخۆییەكان كـــارەبا و پاڵاوگەكان(9% )

حەقدەستی كۆمپانــــیاكانی بەرهەمــهێنانی نـــەوت (30%)

خــــەرجـــی گــــۆریـــنــــەوەی دۆلار بــــۆ دیـــنــــار ( 2%)

پوختەی داهاتی ماوە بۆ مووچە وخەرجی حكومەت(30%)

كـــۆی گـــــشتـــی دەكـــات بــــە (100%) ]

ئەمـــە تـــەواو بـــە مـــانـایی بە هەدەردانی ئابووری هەرێمی كوردســـتانە ، بەتـــەواوی پێچەوانەی بەهێز بوونی ئابوریە ، دەتوانـــین بڵـــێن نـــەوت لە ئێســتادا بەم شێوەیە نە دەبێتە ماییەی خۆشگوزەرانی بۆ خـــەلكی كوردســـتان و نــە بۆ ژێر خـــانی ئابــــوریەكـــی بەهـــێز ، بەڵكـو سودی تەنها بۆ چەند كۆمپانیایەك و هەندێــــك وڵاتە ، دەرئـەنجام بـۆتە ماییەی سـزادانی خەلكی هەرێمی كوردستان بە هۆیی هەناردەكردنی نەوت وە رێك نەكـــەوتنی حكـومەتی هـەرێم لەگـەڵ بەغدا.

بۆیە پــێویستە لــە ئَێستـــادا ئەم خاڵانە تیشكی بخرێتە سەر

① ـ هەنـــاردەكــردنی نەوت بەم شێوەیە كۆمەڵێك رهەندی تری ترسنـــاك لەخۆیی دەگرت پێویســتە لە داهاتوودا لە گەڵ بەغـــدا لەســـەری رێكبـكەویــن .

②ـ كـــاركردن لــەســـەر پرۆژە یاسایی نەوت و گاز كە وەك نەخشە رێگایەكە بۆ چارەسەری بنەرەتی كێشەكان و دووبارە نەبوونەوەی كە بەردەوام بۆتە مایـــیەی ترس و دڵەراوكێ .

③ ـ پێـــویستە هەرێمــی كوردستان پابەندی رێكەوتنەكانی بێت لە گەڵ بەغدا هەروەكو لە رێكەوتنی ئۆكتۆبەری 2020 باسی لێوەكراوە ، ئەویش بە رادەست كردنی نەوت و نیوەیی داهاتە نا نــەوتیـــەكان ، بـــۆ وەرگرتنــی شایستــە دارایەكانی لە مانـــگی 1 ئەم ســـاڵ بۆ خۆشگوزەرانی هاولاتیان و دابین كـــردنی موچـــەی موچە خۆران .

لە كۆتاییـــدا دەتـــوانم بڵێـــم ، ئەگەر حكــــومــەتی هەرێمی كوردســـتان ســــیاســـەتێـــكی حەكیــمانەو ژیــرانە و تەواو زانستیـــیانە و شەفـــاف بگرێتـە بەر و نەوت رادەست بكات بەپێی رێـــكەوتــن و پشـــكی خـــۆیی بكـــات بــە داینەمۆی بــــوژانەوە‌ی هەرێمی كوردستان ئەوا ساڵێكی پر لە ئاسودەی و خۆشگوزەرانـــی بۆ هـــاولاتیان و موچـــە خۆران فـەراهەم دەكات ، لەهـــەمان كــاتدا حكومەتی فیدراڵ مولزەم دەكرێت بە دابـــین كـــردنی شایســـتە دارایەكـــانی حكومـەتی هەرێم و دانەوەی قەرزی جوتیاران و دابین كردنی موچـــەی مــوچە خـــۆران ، بـــە پـێچەوانەوە ئەگەر هەروەكو ئێستا بەردەوام بێت، ئـەوا بـەدڵنییایەوە ئەم نەوتە دەبێتە ماییەی زیاتر ئازار دان و سزادانــنێكی تــر بــۆ گـــەلەكـــەمان .

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

نوێنەران داوا دەكات نرخی نەوت لە بودجەدا زیادبكرێت

خەڵك – بەشی هەواڵ

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی ئەو نرخەی كە لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021دا بۆ بەرمیلێك نەوت دانراوە زیادبكرێت.

دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگەیاند، جیاوازییەكی زۆر لە نێوان ئەو نرخەی كە لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021دا بۆ بەرمیلێك نەوت دانراوە هەیە لەگەڵ ئەو نرخەی كە بەشێوەیەكی پراكتیكی دەفرۆشرێت و دەگاتە نزیكەی 15 دۆلار، بۆیە ناكرێت پڕۆژە یاسای بودجە بەو نرخەی حكومەت دیاریكردووە تێپەڕێنرێت.

عیساوی ئاماژە بەوەشدەكات، كە پێویستە لیژنەی دارایی نوێنەران بەڕاوێژكردن لەگەڵ حكومەت ئەو جیاوازییە زۆرەی لە نرخی دیاریكراوی نەوتدا هەیە كەمی بكەنەوە بۆ 5 تا 6 دۆلار.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ڕوونیشی كردووەتەوە، بەرزكردنەوەی نرخی نەوت لە پڕۆژە یاسای بودجەدا دەبێتەهۆی كەمكردنەوەی ئەو ڕێژە زۆرەی لە كورتهێنانی بودجەدا هەیە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

خەڵك؛ چوار بژاردە بۆ لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران ئاشكرادەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق ئاشكرای دەكات، چوار بژاردە لە لیژنەكەیان سەبارەت بە دۆسیەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و دەشلێت: “تا ئێستا بەتەواوی هیچ بژاردەیەكیان یەكلایی نەبۆتەوە”.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لیژنەكەیان بەردەوامە لە كارەكانی و گفتوگۆكانی لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان درێژەی هەیە و كارەكانیان دابەشكردووە بەسەر سێ‌ بەشدا، كە یەكەمیان بۆ گوێ گرتنە لە بۆچوونی پەڕلەمانتاران دەربارەی پڕۆژە یاسای بودجە و دووەمیان گفتوگۆكانە لەناو لیژنەی دارایی و سێیەمیان لەڕێگەی لیژنە لاوەكییەكانەوە گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەت و فەرمانگەكان بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ بابەتی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران سێ‌ بژاردە هەیە، كە یەكەمیان ئەو بژاردەیەیە، كە حكومەت لەناو پڕۆژە یاساكە جێگیری كردووە و بژاردەی دووەم بریتیە لە بەرزكردنەوەی ئاستی ئەو مووچەیەی لێبڕین دەیگرێتەوە، كە ئێستا لە 550 هەزار دینارەوە دانراوە و بۆ ئەوەش گەیشتوینەتە ئەو بۆچوونەی بكرێتە سەرووی ملیۆنێك دینار.

ئاشكراشی كرد، بژاردەی سێیەم بریتییە لە جێبەجێ‌ كردنی یاسای باجی دەرامەتی ژمارە 113 و بژاردەی چوارەم ئەوەیە، كە بەتەواوی لێبڕین لاببرێت و ڕەتبكرێتەوە.

ئەو پەڕلەەمانتارە كوردە وتیشی، “ئەوانە بژاردەن و پەنا بۆ هیچ یەكێكیان نابرێت تاوەكو توێژینەوەی تەواوی لەسەر نەكرێت و بۆ ئەوەش ڕاوێژكارەكان ڕاسپێردراون لە لیژنەی دارایی تاوەكو وردەكارییەكەی ئامادە بكەن تاوەكو ئەنجامەكەیمان بۆ دەربچێت لە هەردوو ڕووەوە، چی لەڕووی ئەنجامی لێبڕینەكە بۆ حكومەت و هەروەها ئەو قورساییەی دەچێتە سەر فەرمانبەران بەهۆی لێبڕینەكەوە.

جەختیشی كردەوە، بەم ززوانە یەكێك لەو بژاردانە یەكلایی دەبێتەوە و بڕیاری پێویستی لەسەر دەدرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان