ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

جیهان

ساڵی ڕووداوە دراماتیکیەکان… دیارترین ڕووداوەکانی 2020

 

خەڵک

ساڵ کۆتایی هات، کە پڕ بوو لەڕووداوەی هەمەجۆری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، کە بە شێوەیەکی بەربڵاو و ڕاستەوخۆ سەرجەمیان کاریگەری دیاریان لەسەر تەواوی جیهان بە گشتی هەبوو.

 

تیرۆرکردنی سلێمانی و موهەندیس هەڵکشانی گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران

لە ساڵی 2020 دا ئەمریکا و ئێران لە هەر کاتێکی تر نزیکتر بوون لەهەڵایسانی جەنگ و ئەگەری پێکدادانی نێوانیان کراوە بوو، ئەمەش بەهۆی کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی حەشدی شەعبی عێراق لە فڕۆکەخانەی بەغدا لە 3ی کانوونی دووەم.

لە 8ی کانوونی دووەم پەلاماری ئێران دژی هێزەکانی ئەمریکابۆ سەر بنکەی (عەین ئەسەد) لە عێراق دەستی پێکرد کاتێک ئێران چەند مووشەکێکی ئاڕاستەی ئەو بنکە سەربازییەی هێزەکانی ئەمریکا کرد، کە لە ئەنجامدا لانیکەم 109 بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەو هێرشە بریندار و لە هۆش خۆ چوون.

هەر لەو ڕۆژەدا ئێران بە هەڵە فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکرانی خستە خوارەوە، کە لە تارانەوە بۆ کیێڤ دەچوو، ئەنجام بە هۆیەوە، 176 کەس تیایدا گیانیان لە دەستدا.

وێڕای دامرکانەوەی گرژییەکانی نێوانیان بۆ ماوەیەک، بەڵام بە کوشتنی موحسین فەخریزادە زانای ئەتۆمی دیاری ئێرانی، لە مانگی تشرینی دووەمی 2020 دا ئەگەرەکانی پێکدادانی هەردوو وڵات سەوز بوونەوە.

 

مردنی چەند سەرکردەیەک دیاری عەرەب

ژمارەیەک لە سەرکردە دیارەکانی وڵاتانی عەرەبی لە سەرەتای ئەمساڵەوە گیانیان لەدەستدا، کە دیارترینیان سوڵتان قابوس بن سەعید، سوڵتانی سەڵتەنەتی عەمان بوو، کە لە 10 ی کانوونی دووەم کۆچی دوایی کرد.

هاوکات، ئەمیری کوێت سەباح ئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح لە( 29 ی ئەیلوول ) ، محەمەد حوسنی موبارەک سەرۆکی پێشووی میسر، خەلیفە بن سەلمان ئال خەلیفە سەرۆک وەزیرانی بەحرەین، ( 11 ی تشرینی دووەم )، وەزیری دەرەوەی سووریا وەلید موعەلیم کۆچی دواییان کرد .

 

کشانەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا

بەریتانیا بەفەرمی لە 31 ی کانوونی دووەم لە یەکێتی ئەوروپا کشایەوە.

 

ڤایرۆسی کۆرۆنا

سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری وۆهانی چین، ئەو پەتایەی کە تا ناوەڕاستی مانگی ئازار بووە پەتایەکی جیهانی و تا ئەمڕۆ بەپێی ماڵپەڕی وۆرڵد میتەر (Worldometer)، ژمارەی تووشبوانی كۆرۆنا گەیشتووەتە 83 ملیۆن و 100 هەزار كەس لە جیهاندا، نزیكەی ملۆنێك و 812 هەزار كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیانلەستداوە و زیاتر لە 58 ملیۆن و 890 هەزار كەسیش نەخۆشییەكەیان پەڕاندووە و چاكبوونەتەوە، ڤایرۆسەکە زەبرێکی گەورەی لە شێوازی ژیان و ئابووری وڵاتان داوە و بووە یەکێک لە کاریگەرترین ڕووداوەکانی جیهان لە سەدەی 21 دا .

 

ناجێگیری نرخی نەوت و بازاڕەکانی دارایی

بازاڕی نەوت و مامەڵە داراییەکان لەبەر ڕۆشنایی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جیاوازی بڕیار لە نێوان وڵاتانی هەناردەکارانی نەوت، ناجێگیرییەکی لەڕادەبەدەری بەخۆیەوە بینی .

بازاڕەکانی نەوت لە مانگی ئازاردا گەورەترین دابەزینیان تۆمارکرد، دوای ئەوەی ئۆپێک پڵەس شکستی هێنا لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەسەر کەمکردنەوەی قەبارەی بەرهەمهێنان و خستەنە بازاڕی نەوت.

 

 کوشتنی جۆرج فلۆید و خۆپیشاندان دژی ڕەگەزپەرستی

کوشتنی جۆرج فلۆیدی بەڕەگەز ئەفریقی – ئەمریکی لە لایەن ئەفسەرێکی پۆلیسی سپی پێستەوە لە کاتی دەستگیرکردنیدا لە مینیاپۆلیس لە 25 ی ئایاردا ناڕەزایی دژی ڕەگەزپەرستی لێکەوتەوە و ڕووداوەکە تەواوی ئەمەریکای هەژاند.

 

تەقینەوەی بەندەری بەیروت

پایتەختی لوبنان ڕۆژی 4 ی ئاب بووە مانشێتی میدیا جیهانییەکان بەهۆی ئەو تەقینەوە وێرانکەرەی کە بەندەری بەیروتی هەژاند و بەهۆیە204 کەس گیانیان لەدەستدا و 6 هەزاریش برینداربوون و زیاتر لە  300 هەزار کەسیش بێ ماڵ و حاڵبوون.

تەقینەوەکە بەهۆی عەمبارکردنی نایاسایی نیتراتی ئەمۆنیۆم بوو، کە بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەبەندەرەکە هەڵگیرابوو، ئەمەش بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی حەسەن دیابی سەرۆک وەزیران و هەنگاونانی ئەو وڵاتە بەرەو قەیرانێکی سیاسی نوێ .

 

ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل

بە هاوکاری ئیدارەی ئەمریکا، لە کۆتایی ساڵدا ئیسرائیل هەنگاوێکی گەورەی نا بەئاراستەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی عەرەبی دا، ئەویش بە ئیمزاکردنی ڕێکەوتننامەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین لە مانگی ئەیلول.

دوای ئەم دوو وڵاتە،ئیسرائیل لەگەڵ هەردوو وڵاتی سۆدان و مەغریبیش پەیوەندییەکانی ئاسایی کردەوە.

ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل دوای ئەوە هات، کە لە هاوینی ساڵی ڕابردوودا ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ وردەکاری پلانی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕاگەیاند، کە لە میدیاکاندا بە “مامەڵەی سەدە” ناسراوە، کە لایەنی فەلەستینی ئەم هەنگاوەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی بە خیانەت لە کیانی فەلەستینی ناوبرد.

 

قەرەباغ، سوتماکی جەنگی نێوان ئەرمەن و ئازەر

لە کۆتایی مانگی ئەیلوول، تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم، هەرێمی قەرەباغ لە قەفقاسی باشوور، بووە جێی گەرێکی نوێی ململانێی سەربازی لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا.

لایەنی ئازەربایجانی بە پاڵۆشتی تورکیا، توانی لە ماوەی پێکدادانەکاندا پێشکەوتنی مەیدانی بەرچاو بەدەست بهێینێ و دەست بە سەر ژمارەیەک ناوچە و شارۆچکەدا بگرێت.

لە 10 ی تشرینی دووەم هەریەکە لە سەرۆکی ئازەربایجان، ئیلهام عەلیێڤ ، سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمیر پوتین و سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستان نیکۆڵ باشینان بەیاننامەیەکی سێ لایەنەیان لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست و بڵاوبوونەوەی هێزی ئاشتی پارێز لە قەرەباغ ئیمزاکرد.

 

شکستی ترەمپ بەرامبەر بایدن

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڵبژاردنی 3ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، بەرامبەر، جۆ بایدنی ڕکابەری شکستیهێنا.

بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان توانی لەو ویلایەتانەی بۆ یەکلایی کردنەوەی سەرکەوتن لە پرۆسەکە گرنگ بوون، سەربکەوێت.

جیهان

گردبوونەوەی چەكداری لایەنگرانی ترەمپ دەستیپێكرد

خەڵك- بەشی هەواڵ

رۆژنامەی واشنتن پۆست ئاشكرایكرد گردبوونەوەی چەكداری لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە پێش باڵەخانەی كۆنگرێس لە شاری ئۆستن لە ویلایەتی تێكساس دەستیپێكرد.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامە ئەمریكاییەكە، بەشداربووانی گردبوونەوەكە چەكیان پێیە لە جۆری دەمانچە و بۆمب و ئەمەش ترس و دڵەڕاوكێی دروستكردووە.

ئەمە هاوكاتە لەگەڵ ئامادەكارییە ئەمنییەكان لە ویلایەتی تێكساس بۆ بەرەوڕوبوونەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان.

رۆژی هەینی نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی هۆشداری دا لە ئەگەری بوونی بۆمب لەنێو خۆپیشاندەرانی دژی دانانی جۆ بایدن بە سەرۆكی ئەمریكا لە رۆژی چوار شەممە.

بەپێی بڵاوكراوەی نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئێف بی ئای كە تۆڕی دەنگۆباسی ئەی بی سی نیوز بڵاویكردووەتەوە، مەترسیەكی گەورە لەسەر پیاوانی ئاسایش و رەوشی گشتی هەیە لە حاڵی بەركارهێنانی بۆمب لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لە كاتی رێوڕەسمی دەستبەكاربوونی جۆ بایدن لە 20ی ئەم مانگەدا.

بەپێی بڵاوكراوەیەكی دیكەی ئێف بی ئای كە تۆڕی سی ئێن ئێن بڵاویكردەوە، خۆپیشاندەران پلانیان داناوە بۆ گردبوونەوەی چەكداری لە نزیك نوسینگەكانی كۆنگرێس لە سەرانسەری ئەمریكا لە 17ی كانوونی دووهەم.

لە ئەمریكا رێوشوێنی توند گیراوەتەبەر بە تایبەت لە واشنتن بە هەزاران ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی بڵاوەیان پێكراوە.

هاوكات شەوی رابردوو چەكدارێكی لایەنگری دۆناڵد ترەمپ كە دەمانچەی پێبووە لە كاتی هەوڵی تێپەڕاندنی خاڵێكی پشكنینی كۆنگرێس دەستگیركرا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهان

ئێران مووشەكێكی ئاڕاستەی نزیك هێزە ئەمریكاییەكان كرد

خەڵك- بەشی هەواڵ

تۆڕی هەواڵی فۆكس نیوزی ئەمریكایی ئاشكرایكرد مووشەكێكی ئێرانی لە زەریای هیندی لە دووری 100 میل لە فڕۆكەهەڵگری ئەمریكایی نیمیتز كەوتووەخوارەوە.

كاربەدەستانی ئەمریكایی رونیانكردەوە كە مووشەكە ئێرانییەكە بە لای كەمەوە 20 میل لە دووری كەشتییەكی بازرگانی كەوتووەتەخوارەوە، بەڵام وردەكاری دیكەیان ئاشكرانەكردووە.

فڕۆكەهەڵگری ئەمریكایی نیمیتز نزیكەی 100 میل لە دووری شوێنی كەوتنەخوارەوەی مووشەكە ئێرانییەكە بووە كە لە جۆری بالیستی بووە.

كەوتنەخوارەوەی ئەو مووشەكە ئێرانییە لە نزیك فڕۆكەهەڵگرە ئەمریكاییەكە، هاوكاتی بەڕێوەچوونی مانۆڕێكی سەربازی ئێرانە لە ناوچەی بیابانی ئێران لە نێوەڕاستی وڵات.

ئەم رووداوە هاوكاتی توندكردنەوەی فشارەكانی ئەمریكایە لەسەر ئێران و زیادبوونی مەترسی بەریەككەوتنی هەردوو وڵات بەتایبەت لە رۆژەكانی كۆتایی بەڕێوەبەرایەتییەكەی ترەمپدا.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

جیهان

لە نزیكی كۆنگرێس چەكدارێك دەستگیركرا

خەڵك- بەشی هەواڵ

پۆلیسی ئەمریكا لەنزیك گۆنگرێس لە واشنتنی پایتەختی ئەمریكا چەكدارێكی دەستگیركرد.

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریكایی ئاشكرایكرد هێزەكانی پۆلیس پیاوێكیان دەستگیركردووە كە ویستوویەتی یەكێك لە خاڵەكانی پشكنینی كۆنگرێس ببڕێت.

ئاشكراشیكرد ئەو كەسە چەكێكی لە جۆری دەمانچە پێبووە و گومانلێكراو بووە.

چەند رۆژێكە نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریكا هۆشداری داوە بە هێزەكانی پۆلیس كە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێ جۆ بایدن لە ئەمڕۆ تا چوار شەممە ئەگەری دروستبوونی ناڕەزایەتی و جوڵانەوەی چەكداری هەیە لە سەرانسەری ئەمریكادا بەتایبەت لە پایتەختی ویلایەتەكان بەتایبەتتر واشنتن.

بۆ رێگری لە روودانی هەر رووداوێكی نەخوازراو لە بە هەزاران ئەندامی هێزەكانی پاسەوانی نیشتمانی لە واشنتن بڵاوەیانپێكراوە و باری نائاسایی راگەیەنراوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان