ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

چاوپێکەوتن

ئیتۆ: هه‌ڵبژاردنی مۆدریچ هیچ له‌ڕاستیه‌که‌ ناگۆڕێت و وه‌رزی داهاتو مباپێ تۆپی ئاڵتونی به‌ده‌ست ده‌هێنێت

خه‌ڵک سپۆرت – لایت فوتباڵ کله‌پ

ساموێل ئیتۆی کامیرۆنی ئه‌ستێره‌ی پێشوی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ به‌شداری به‌رنامه‌ی “لایت فوتباڵ کله‌پ”ی تایبه‌ت به‌ که‌ناڵ پله‌سی فه‌ره‌نسی ده‌کات، له‌وه‌ڵامه‌کانیدا ئاماژه‌ به‌چه‌ندین بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار ده‌کات به‌ ژیانی تایبه‌تی و وه‌رزشی خۆی، هه‌روه‌ها په‌یام ئاراسته‌ی یانه‌ی پاریس سانت جێرمان و به‌تایبه‌ت نایماری به‌رازیلی ده‌کات.

ئه‌مه‌ش کورته‌یه‌که‌ له‌چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

ساموێل ئیتۆ ژیانێکی له‌بواری تۆپی پێ به‌ڕێکرد و چه‌ندین یانه‌ و خولی کرد، بۆچی هه‌رگیز په‌یوه‌ندیت به‌‌ یانه‌یه‌کی فه‌ره‌نسیه‌وه‌ نه‌کرد؟

کاتێک به‌رشلۆنه‌م به‌جێهێشت، ڕۆژێکیان براکه‌م هاته‌لام و پێی وتم که‌ سه‌رۆکی یانه‌یه‌کی فه‌ره‌نسی ده‌یه‌وێت قسه‌ت له‌گه‌ڵدا بکات، منیش داواکه‌م قبوڵکرد و قسه‌م له‌گه‌ڵ کرد، به‌ڵێ سه‌رۆکی یانه‌ی لیۆنی فه‌ره‌نسی بوو و پاره‌یه‌کی زۆری خسته‌ به‌رده‌ستم، ته‌نانه‌ت خۆشم سه‌رم سوڕما.

ئه‌ی بۆچی په‌یوه‌ندیت پێوه‌ نه‌کردن؟

زۆرینه‌ی بڕیاره‌کان دوای بیرکردنه‌وه‌ی یاریزانان خۆیان ده‌بێت، له‌و کاته‌دا له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی به‌رشلۆنه‌ خۆم گونجاندبوو، بۆیه‌ ده‌مویست په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌یه‌که‌وه‌ بکه‌م نازناوی خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌کانم بۆ مسۆگه‌ر بکات، پێش پاره‌ بیرم له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ بۆیه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئیته‌رمیلانه‌وه‌ کرد نه‌ک لیۆن.

یانه‌ی نیم به‌هه‌مان شێوه‌ پڕۆسه‌یه‌کیان ده‌ستپێکرد بۆ کۆکردنه‌وه‌ی پاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی تۆ بکڕن…

به‌ڵێ، منیش ئاماده‌بووم به‌شداری پڕۆسه‌که‌ بکه‌م (به‌پێکه‌نینه‌وه‌).

چۆن به‌شداریت ده‌کرد؟

له‌ڕاستیدا بیرۆکه‌ی پڕۆسه‌که‌ زۆر جوان بوو به‌لامه‌وه‌، بۆیه‌ ویستم خۆشم به‌شداری بکه‌م.

دوای یانه‌ی کۆنیا سپۆری تورکی په‌یوه‌ندیت به‌ یانه‌ی قه‌ته‌ره‌وه‌ کرد له‌ خولی قه‌ته‌ری، چۆن ئه‌م بڕیاره‌ت دا؟

زۆرێک له‌ وڵاتان گه‌ڕاوم و ئه‌زمونم به‌ده‌ست هێناوه‌، وه‌ک ده‌زانن وڵاتی قه‌ته‌ر ڕێکخه‌ری مۆندیالی ٢٠٢٢وه‌ و بیرم له‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ سود له‌و ئه‌زمونه‌ش وه‌رده‌گرم، بۆیه‌ کاتێک زانیم منیان ده‌وێت به‌بێ بیرکردنه‌وه‌ قایل بووم.

ته‌مه‌نت هه‌ڵکشاوه‌، که‌ی بڕیاری وازهێنان ده‌ده‌یت؟

لێره‌وه‌ بڕیاری خۆمتان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نم، تا وه‌رزی داهاتو به‌رده‌وام ده‌بم و له‌ ته‌مه‌نی ٣٩ ساڵیدا وازهێنان ڕاده‌گه‌یه‌نم، پێموانیه‌ هاوشێوه‌ی جۆرج ویا بچمه‌ بواری سیاسه‌ته‌وه‌، به‌ڵکو هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌بواری ڕاهێناندا جێگه‌ی خۆم بکه‌مه‌وه‌، به‌تایبه‌ت ڕاهێنانی یانه‌یه‌کی کیشوه‌ری ئه‌وروپا.

بۆچی ئه‌وروپا؟

له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ ئه‌وروپا هیچ راهێنه‌رێکی ئه‌فریقیتان نییه‌.

له‌ئاهه‌نگی (فیفا) لیۆ مێسی هاوڕێت به‌شداری نه‌کرد له‌به‌رئه‌وه‌ی پاڵێوراو نه‌بوو، ڕات چییه‌؟

که‌سه‌کان مافی خۆیانه‌ کێ هه‌ڵده‌بژێرن، مۆدریچ یان کریستیانۆ یان سه‌ڵاح وه‌رزی رابردوو ئاستیان باش بوو، به‌ڵام به‌نسبه‌ت من و هاوبیره‌کانمه‌وه‌ که‌س له‌ مێسی به‌تواناتر نییه‌ و له‌جیهاندا یاریزانێکی هاوشێوه‌ بونی نییه‌، دڵنیاین لیۆ باشترینی مێژووه‌ و هه‌ڵبژاردنی مۆدریچ هیچ له‌و ڕاستیه‌ ناگۆڕێت.

چ ئامۆژگاریه‌کت بۆ پاریس سانت جێرمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نازناوی چامپیۆنز لیگ بچنێته‌وه‌؟

له‌ناخی دڵمه‌وه‌ حه‌ز ده‌که‌م له‌م وه‌رزه‌دا پاریس سانت جێرمان نازناوی خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌کان به‌ده‌ست بهێنێت، ئاشکرایه‌ پێکهاته‌ی ئێستایان زۆر به‌توانایه‌ و هه‌موو خه‌سڵه‌تێکی پاڵه‌وانبونی تێدایه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ریان یه‌کگرتو بن و به‌ڕوحیه‌تی به‌ کۆمه‌ڵ یاریی بکه‌ن، هه‌موان بینیمان فه‌ره‌نسا چۆن به‌و ئه‌قڵیه‌ته‌ نازناوی مۆندیالی چنییه‌وه‌.

ئه‌ی چ ئامۆژگارییه‌کی نایمار دا سیلڤای به‌رازیلی و ڕابه‌ری پێکهاته‌که‌ ده‌که‌یت؟

هه‌مومان ده‌زانین نایمار له‌توانایدایه‌ لێسه‌ندن به‌هه‌موو یاریگا بکات، به‌ڵام ده‌شمانه‌وێت ببینین له‌گه‌ڵ هاوڕێکانی به‌رگری بکات، چونکه‌ به‌رگریکاران پێویستیان به‌ یارمه‌تی هێرشبه‌رانه‌، ئێمه‌ تائێستا ته‌نها کاڤانی-مان بینیوه‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ ده‌بینێت، ڕه‌نگه‌ له‌داهاتوشدا کیلیان مباپێ هه‌مان ئه‌رک بگرێته‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵام بێگومان سومبولی یه‌که‌می پاریس نایماره‌، ئه‌گه‌ر بۆ ١٠ جار یاریده‌ی هاوڕێکانی بدات ئه‌وانه‌ی تریش لاسایی ده‌که‌نه‌وه‌ و دوای ده‌که‌ون، به‌وشێوه‌یه‌ کاتێک یاریزانان ده‌بینن نایمار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و به‌رگری ده‌کات، یاریزانه‌کانی تر ده‌ڵێن ئه‌وه‌ نایماره‌ ئه‌و ئه‌رکه‌ جێبه‌جێ ده‌کات ئێمه‌ چین تا هه‌مان هه‌نگاو نه‌نێین؟!

باسی کیلیان مباپێ-ت کرد، ڕات چییه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و یاریزانه‌؟

پێموایه‌ وه‌رزی داهاتو خه‌ڵاتی تۆپی ئاڵتونی به‌ده‌ست ده‌هێنێت، به‌ڕای من مباپی له‌ماوه‌ی ١٥ ساڵی داهاتودا ده‌بێته‌ جێنشینی لیۆ مێسی، به‌و مه‌رجه‌ی داهاتوی به‌شێوه‌ی گونجاو به‌ڕێبکات، له‌وه‌ تێبگات چ ئه‌رکێکی له‌سه‌ره‌، چونکه‌ دڵنیام چه‌ندین بابه‌ت هه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئاست و هونه‌ری یاریزانانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵکو ژیانیان کاریگه‌ری دروست ده‌کات، هیوادارم له‌داهاتودا بتوانم قسه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌م.

چاوپێکەوتن

لوکا تۆنی: گابریال جیزوس باشترین یاریزانە بۆ یاریکردن لەگەڵ کریستیانۆ

خەڵک سپۆرت

لوکا تۆنی ئەستێرەی دێرینی ئیتاڵیا چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ماڵپەڕی “توتۆ سپۆرت”ی ئیتاڵی ئەنجام دەدات و وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ دەداتەوە.

لە وەڵامەکانیدا باس لە ئەگەرەکانی گواستنەوەی گابریال جیزوسی هێرشبەری یانەی مانچستەر سیتی بۆ یوڤانتۆس دەکات و بۆچوونەکانی خۆی بەم شێوەیە دەردەبڕێت:

 

ڕات بەرامبەر یوڤانتۆس و ئەگەرەکانی ئەنجامدانی گۆڕانکاری لەو یانەیە چییە بۆ وەرزی داهاتوو؟

بابەتێکی ئاساییە لەکاتێکدا یاریزانانی یوڤانتۆس تەمەنیان هەڵکشاوە، بۆنمونە هیگواین هێرشبەرێکی گەورەیە و تەمەنی ٣٣ ساڵە و کریستیانۆ کە دیاردەی تۆپی پێیە گەیشتووە بەتەمەنی ٣٥ ساڵ، کڕینی یاریزانی لاو و کۆکردنەوەی تێکەڵەیەک لە لاوان و ئەزمونداران بیرکردنەوەیەکی جوانە.

 

پێنج هێرشبەر کە پێکهاتوون لە: هالاند، ئیکاردی، گابریال جیزوس، هاری کەین و تیمۆ ڤێرنەر پاڵێوراون بۆ پەیوەندیکردن بە یوڤانتۆس، بەڕای تۆ کامیان باشترە؟

بەڕای من هاری کەین هێرشبەرێکی تێروتەسەلترە لەوانەی تر و هەمیشە لەنێو یاریگادا جیاوازی دروست دەکات، هەموو وەرزێک گۆڵی بێشومار تۆماردەکات و بۆندێکی گەورە و گونجاو دەبێت بۆ یوڤانتۆس.

 

پێتوایە کەین لە ئاستی ئیکاردیدا بێت؟

نەخێر، هاری کەین کەمێک باشترە، ئەگەر خاڵ بە هێرشبەرەکان بدەم ٩ بۆ کەین، هەشت بۆ ئیکاردی، ماورۆ هێرشبەرێکی بەتوانایە لەکۆتاییهێنان بەهێرشەکان، بەڵام ئێستا لەئاستی ئاسایی خۆیدا نییە.

 

ئەی ئەگەر ژمارە بدەیت بە هێرشبەرەکانی تر؟

جیزوس ٨.٥، هالاند ٧.٥ و ڤێرنەر ٧یان پێدەدەم، ڕاستە تیمۆ ڤێرنەری ئەڵمانی هێرشبەرێکی نێودەوڵەتی گەورەیە و یاریدەدەری لایپزیگ بووە لەسەرکەوتنەکاندا، بەڵام هێشتا ماویەتی ئەزمون پەیدابکات، هالاندیش یاریزانێکی لاوە و سەرەڕای ئەوەی توانیویەتی تواناکانی بسەلمێنێت لەماوەیەکی کورتدا، بابزانین لە داهاتوودا چی زیاتری پێدەکرێت.

 

بەڵام باسی گابریال جیزوست نەکرد؟

جیوزس هێرشبەرێکی خێرایە، لەڕووی هونەرییەوە بەتوانایە، لەگەڵ تۆماری گۆڵدا گۆڵیش دروست دەکات.

 

بەڕای تۆ کام لەو هێرشبەرانە باشترە بۆ یاریکردن لەگەڵ کریستیانۆ ؟

بێگومان گابریال جیزوس، ڕاستە لەوانەی تر گۆڵ کەمتر تۆماردەکات، بەڵام باشترین یاریزانە بۆ یاریکردن لەگەڵ کریستیانۆ.

 

بۆچی جیوزس باشترە لەوانی تر؟

هیچ هۆکارێکی تایبەتی نییە، بەڵکو مەسەلەکە ئەوەیە کە کریستیانۆ گۆڵکارە و هەموو وەرزێک گۆڵی بێشومار تۆماردەکات، بۆ ئەم کارەش پێویستی بە هێرشبەرێکی خێرایە مەودای بۆ دروست بکات، ئەوەش بە جیزوس دەکرێت، جگە لەوەش تەمەنی کەمە و زۆری دەبێت پێشکەشی یوڤانتۆسی بکات.

 

ئەندریا پێرلۆی هاوڕێت دەچێتە بواری ڕاهێنانەوە، پێتوایە سەرکەوتوو دەبێت؟

هەمیشە پێمانوابووە لە داهاتوودا پێرلۆ دەبێتە ڕاهێنەرێکی باش، هەمیشە خەونی ئەوەبوو چانسی خۆی لەبواری ڕاهێنان تاقیبکاتەوە، منیش پێموایە ئەو توانا و زیرەکی و لەسەرخۆییەی تێدایە کە بۆ ڕاهێنەرێک پێویستە، دەتوانێت ببێتە ڕاهێنەری یانەیەکی گەورە، بەڵام من پێمباشە لە تیمی لاوانی خوار تەمەن ٢٣ ساڵانی یوڤانتۆسەوە دەستپێبکات.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

بارزانی: جوگرافیا سته‌مێكی گه‌وره‌ی له‌ ئێمه‌ كردووه‌

خەڵك – بەشی هەواڵ

 مه‌سعود بارزانی، سەرۆكی پێشووی هەرێم و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ديدارێكی تایبەت دا، لەگەڵ كه‌ناڵی “MBC”، رایگەیاند، جوگرافیا سته‌مێكی گه‌وره‌ی له‌ ئێمه‌ كردووه‌‌،ئه‌و كه‌سه‌ی سته‌مكاری به‌رامبه‌ر كراوه‌ و خۆشی سته‌مكاری به‌رامبه‌ر خه‌ڵك بكات، شایانی ئه‌وه‌یە سته‌مكاری زیاتری به‌رامبه‌ر بكرێت.

“MBC”: بەڕێز كاك مەسعود، پێتخۆشە بە مام یان كاك بانگ بكرێیت؟

بارزانی دەڵێت، حەزدەكەم بە كاك مەسعوود بانگ بكرێم، خەڵك و گەلی كوردستان هەر بەوشێوەیە ناوم دەبەن، بابەتەكە پێوەندی بە گەنجییەتی نییە.

“MBC”: زۆر به‌دەگمه‌ن ده‌بینین كاك مه‌سعود جیا لە جلی كوردی جلی دیكە بپۆشێت، ئه‌مه‌ بۆچی؟

سه‌رۆك بارزانی: جلی كوردی جلی پێشمه‌رگه‌یه‌، من له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌گه‌ر ئه‌م جلانه‌ نه‌پۆشم، شێوازێكی دیكه‌ پیشان ده‌دات، له‌وانه‌یه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ هه‌بێت.

پرسیارێكی ترى “MBC”  بریتییە لەوەی كە ئایا سەرۆك بارزانی ژیانی شاخ یان كۆشك زیاتر خۆشحاڵی دەكات، لە وەڵامدا سەرۆك بارزانی دەڵێت، ژیانی شاخ، بەلای منەوە ژیانی شاخ خۆشترە.

“MBC”: به‌ڵام ژیانی شاخ سه‌خته‌؟

سه‌رۆك بارزانی: به‌لای منه‌وه‌ پێچه‌وانه‌یه‌، ژیانی شاخ به‌لای منه‌وه‌ خۆشتره‌.

“MBC”: ده‌نگی ته‌قه‌ لای تۆ چی ده‌گه‌ینێت؟

سه‌رۆك بارزانی: بە پێكەنینەوە “میوزیك”.

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا جوگرافیا سته‌م و زۆرداری له‌ كورد كردووه‌؟  بارزانی جه‌ختی كرده‌وه‌‌: بێگومان جوگرافیا سته‌مێكی گه‌وره‌ی له‌ ئێمه‌ كردووه‌.

“MBC”: ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ سته‌مكاری به‌رامبه‌ر ده‌كرێت، له‌وه‌ ده‌ترسێت كه‌ سته‌مكاری به‌رامبه‌ر خه‌ڵك بكات؟

سه‌رۆك بارزانی: ئه‌و كه‌سه‌ی سته‌مكاری به‌رامبه‌ر كراوه‌ و خۆشی سته‌مكاری به‌رامبه‌ر خه‌ڵك بكات، شایانی ئه‌وه‌یە سته‌مكاری زیاتری به‌رامبه‌ر بكرێت.

“MBC”دوای چوونی بارزانی نه‌مر بۆ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و رووخانی رژێمی پاشایه‌تی له‌ عێراق، ئه‌و شه‌وه‌ی ته‌له‌فۆنێكی له‌ناكاو بۆ سه‌رۆك بارزانی دێت؟

سه‌رۆك بارزانی: من بچووك بووم، من ته‌له‌فۆنه‌كه‌م هه‌ڵگرت، پێی گوتم تۆ كێیت؟ منیش گوتم فڵانه‌ كه‌سم، پێی گوتم بانگی برا گه‌وره‌كه‌ت بكه‌، مه‌به‌ستی خوالێخۆشبوو لوقمان بوو، ئه‌و شه‌هید بوو، چووم بۆ لای پێم گوت كه‌سێك ته‌له‌فۆن ده‌كات و ده‌ڵێت من هه‌واڵێكی زۆر گرنگم پێیه‌، ئه‌ویش هات و ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت، به‌ بڕوای من دوا نیوه‌ڕۆ بوو، كاتێك پێی گوت “باوكت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌”، خۆتان ئاماده‌ كه‌ن و وه‌رن بۆ فڕۆكه‌خانه‌، ئێمه‌ش خۆمان ئاماده‌كرد و چووین بۆ فڕۆكه‌خانه‌. له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی موسه‌ننا پێشوازیمان لێكرد، رۆژێكی نه‌مر و گه‌وره‌ بوو، هه‌موو گه‌لی عێراق هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام، بۆ ئه‌وه‌ی پێشوازی لێ بكه‌ن، به‌لای ئێمه‌وه‌ رۆژێكی مه‌زن بوو.

“MBC”دوای ئه‌وه‌ی بارزانی نه‌مر چه‌كه‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرێت و له‌ دژی سته‌مكاریی عه‌بدولكه‌ریم قاسم، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاخ؟

سه‌رۆك بارزانی: عه‌بدولكه‌ریم قاسم رێگه‌ی به‌ باوكم دا بگه‌ڕێته‌وه‌ عێراق، ئه‌و كات كه‌ مامی من “شێخ ئه‌حمه‌د” له‌ زیندان بوو و به‌ له‌سێداره‌دان حوكم درابوو، له‌ زیندان ئازاد كرا، رێگه‌یان به‌ خانه‌واده‌كانماندا بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ی خۆمان له‌ بارزان، گرنگترین شت ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌ ده‌ستووری كاتیدا ئه‌وه‌ بوو كورد و عه‌ره‌ب هاوبه‌شن له‌و نیشتمانه‌دا، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و كات شتێكی زۆر گه‌وره‌ بوو. گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ كه‌ عه‌بدولكه‌ریم قاسم كردی ئه‌وه‌ بوو، كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌ری ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی، له‌ كاتێكدا ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی هه‌مووی ژه‌هراوی بوو، خه‌ڵكێك له‌ ده‌وری بوو، له‌ لووتكه‌ی شۆفێنیه‌تدا بوون.

“MBC”: ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌ری له‌ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب بوون؟

سه‌رۆك بارزانی: نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و غه‌یره‌ عه‌ره‌بیش بوون، ئه‌ویان هانده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ببڕێت كه‌ پشتگیریان ده‌كرد و به‌رگرییان لێ ده‌كرد، له‌وانه‌ش كورد، به‌ تایبه‌تیش بارزانییه‌كان، به‌ره‌و خاڵێك پاڵیان پێوه‌نا گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌نگاوێكی زۆر ئه‌سته‌م بوو، به‌رده‌وام هانیان ده‌دا، وایان لێكرد گومان له‌ باوكم بكات، به‌وه‌ی ده‌بێته‌ سه‌ركرده‌ و شوێنی ئه‌و ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڕاستی هه‌ندێك شتی خه‌یاڵییان خسته‌ مێشكییه‌وه‌، بۆیه‌ كه‌وته‌ ژێر كاریگه‌ری ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی و له‌ كۆتاییدا ناژیرانه‌ ره‌فتاری كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من ده‌ڵێم: پێویست بوو له‌گه‌ڵ عه‌بدولكه‌ریم قاسم به‌رده‌وام نه‌بێت، ده‌بوایه‌ به‌ هه‌رشێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان لێی دوور بكه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام روویدا.

“MBC”: مه‌سعود بارزانی بۆ یه‌كه‌م جار كه‌ له‌ مه‌یدانی جه‌نگ له‌ شۆڕشی ئه‌یلول به‌شداری كرد، له‌ ته‌مه‌نێك بوو كه‌ هێشتا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رانه‌هاتبوو!؟

سه‌رۆك بارزانی: كاتێك شۆڕشی ئه‌یلوول هه‌ڵگیرسا، به‌ ته‌واوی له‌ 11ی ئه‌یلوولی ساڵی 1961 بوو، كاتێك هێزی ئاسمانی عێراقی هێرشی چڕی هێنایه‌ سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كانی كوردستان، له‌ 16ی ئه‌یلوول ئێمه‌ له‌ شوێنێكی باكووری گوندی بارزان بووین له‌ چیای شیرین، من خۆم له‌ ناو چادرێك بووم، كاتێك “فڕۆكه‌ی مێك” ئێمه‌ی بۆردومان كرد، له‌ 20ی گوڵانی ساڵی 1962 په‌یوه‌ندیم به‌ شۆڕشه‌وه‌ كرد، ده‌ستم دایه‌ تفه‌نگ و تا ئێستاش به‌رده‌وامم.

“MBC”: بۆچی تۆ ده‌ڵێیت شۆڕشی ئه‌یلوول گه‌وره‌ترین شۆڕشه‌كانی كوردە، ئایا له‌ هه‌موویان گه‌وره‌تره‌؟

سه‌رۆك بارزانی: چونكه‌ راپه‌ڕین و شۆڕشه‌كانی پێشووتر ناوچه‌یی بوون و له‌ سنوورێكی دیاریكراودا هه‌ڵده‌گیرسان و بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراویش به‌رده‌وام ده‌بوون، ماوه‌كانیان كورت بوون، سنووری ساڵێك یان چه‌ند مانگێكیان تێپه‌ڕ نه‌ده‌كرد، هه‌رچی شۆڕشی ئه‌یلوول بوو به‌رده‌وام بوو، جه‌نگاوه‌ره‌كانی له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان به‌شدار بوون و په‌یوه‌ندییان به‌ شۆڕشه‌وه‌ كرد، ئافره‌تان خواردنیان پێشكه‌ش به‌ شۆڕش ده‌كرد، زۆر جه‌نگی دژوار روویاندا، ئه‌و شه‌ڕانه‌ له‌ هه‌موو رووداوێك زیاتر له‌ هزرم ماونه‌ته‌وه‌، بۆ نموونه‌‌ شه‌ڕی زاویته‌ له‌ 12ی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 1961، كه‌ شه‌ڕێكی مێژوویی بوو. شه‌ڕی هه‌ندرێن، شه‌ڕی حه‌وزی رواندز، شه‌ڕی چیای مه‌تین، شه‌ڕه‌كانی ساڵی 1963، سه‌ختترین ساڵ بوو له‌ ته‌مه‌نی شۆرشی ئه‌یلول، له‌و ساڵه‌دا نه‌فیرعام هه‌بوو و هه‌ریه‌ك له‌ ئێران و توركیا و سووریاش تێیدا به‌شداربوون.

“MBC”: هه‌موویان به‌شدار بوون؟

سه‌رۆك بارزانی: به‌ڵێ هه‌موویان به‌شداربوون. سوورییه‌كانیش ده‌ستیان به‌ كوده‌تا كرد، دوو لیوای سوپایان نارد، شه‌ڕی ئێمه‌یان كرد و سوپای سووریا رووبه‌ڕووی شكستێكی گه‌وره‌ش بووه‌وه‌. ئه‌و كات له‌ رێگه‌ی ئه‌فسه‌رێكه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان هێزه‌كانی توركیا و عێراقدا هه‌بوو و باره‌گاكه‌ی له‌ مووسڵ بوو، هه‌روه‌ها ئه‌فسه‌رێكی ئێرانیش له‌ كه‌ركووك بوو، هه‌ماهه‌نگی ته‌واو له‌ نێوان عێراق، ئێران، توركیا و سووریادا هه‌بوو. ئێمه‌ گه‌مارۆ درابووین، به‌ڵام سوپاس بۆ خودا، سه‌ركه‌وتین.

“MBC”: ئه‌و كات هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی عه‌ره‌بییتان پێ گه‌یشت پشتیوانیتان لێ بكات، یاخود به‌ گشتی عه‌ره‌ب هه‌مووی له‌ دژی ئێوه‌ بوون؟

سه‌رۆك بارزانی: ده‌توانم بڵێم زۆربه‌یان هاوسۆز بوون له‌گه‌ڵمان، به‌ڵام به‌ ئاشكرا هیچ كه‌سێك پشتگیری ئێمه‌ی نه‌كرد، ته‌نیا ئه‌و كاته‌ نه‌بێت كه‌ ناكۆكی كه‌وته‌ نێوان حزبی به‌عس و جه‌مال عه‌بدولناسر، كاتێك محەمەد حەسەن هه‌یكه‌ل له‌ رۆژنامه‌ی ئه‌هرام گوتاری ده‌نووسی و تێیدا پشتیوانی شۆڕشی ئه‌یلوولی ده‌كرد.

“MBC”: جگه‌ له‌ رووی میدیاییه‌وه‌، جه‌مال عه‌بدولناسر هیچ پشتیوانیه‌كی ماددی و چه‌كی پێشكه‌ش به‌ ئێوه‌ كرد؟

سه‌رۆك بارزانی: نه‌خێر هه‌رگیز، ته‌نیا پشتگیری مه‌عنه‌وی ئێمه‌ی ده‌كرد.

“MBC”: ئه‌و پشتگیرییه‌ مه‌عنه‌وییه‌ كاریگه‌ری هه‌بوو؟

سه‌رۆك بارزانی: تا راده‌یه‌ك به‌ڵێ، به‌ڵام له‌ڕووی مه‌یدانییه‌وه‌ هیچ كاریگه‌ریەكی نه‌بوو.

“MBC”: ئه‌و كات سعوودییه‌كان چیان به‌ ئێوه‌ ده‌گوت؟ هه‌ڵوێستی ئه‌وان چی بوو؟

بارزانی: بیرم نایەتەوە هیچ رۆژێك له‌ رۆژان سعوودیه‌كان دژی ئێمه‌ وه‌ستابنه‌وه‌، به‌شێك له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی پشتگیری عێراقیان ده‌كرد و چه‌پڵه‌یان بۆ سه‌ركه‌وتنه‌ وه‌همییه‌كانیان لێده‌دا و بروسكه‌ی پیرۆزباییان بۆ سه‌رۆك كۆمار ده‌نارد و پشتیوانی خۆیان پیشان ده‌دا، به‌ڵام هیچ كاتێك نه‌مانبینی سعوودیه‌، هه‌ڵوێستێكی‌ دژ به‌ كورد نیشان بدات.

لە بەشێكی تری دیدارەكەی كەناڵی”MBC” بارزانی، دەڵێت:  سەدام  وتوویەتی كەركووك شارێكی كوردییە، سەرۆك بارزانی دەڵێ، سەدام حوسێن خۆی ئەمەی پێگوتم و بەو شێوەیەیش وتی كە كەركووك شارێكی كوردییە، بەڵام سەرچاوەی سەرەكی ئابوورییە بۆ دامەزراندنی دەوڵەت، من لەسەر ئەوەیش ڕەزامەند نیم.

 

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

چاوپێکەوتن

پێریسیچ: ئامانجم بەردەوامبوونە بۆ ماوەی حەوت ساڵی تر لەنێو یاریگاکاندا

خەڵک سپۆرت – فوتباڵ ئیتاڵیا

ئیڤان پێریسیچی کرواتی ئەستێرەی نوێی یانەی بایرن میونشن چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ماڵپەڕی “فوتباڵ ئیتاڵیا” ئەنجام دەدات، لە وەڵامەکانیدا ئاماژە بە ئاست و بارودۆخی دەرونیی لە یانە باڤارییەکە دەکات.

هەروەها دانی پێدادەنێت، کە مانەوە لە بایرن میونشن خەونێکی گەورەیە، بەڵام داهاتووی لەدەستی خۆیدا نییە.

کەشی شاری میونشن چۆنە بەلاتەوە؟ خۆت گونجاندووە؟

تائێستا هەموو شتێکی میونشن لەبەرچاوی مندا جوانە و لەڕووەکانی وەرزشیی و ژیانی تایبەتی یاریزانانەوە شارێکی ناوازەیە.

لە بایرن ئامانجی داهاتووت چییە؟

هەنگاو بە هەنگاو هەوڵدەدەم و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پلان دادەڕێژم، دوای ئەوەی خۆم گونجاند سەیردەکەم بزانم چی ڕوودەدات، کاتێک تەمەنت ٣٠ ساڵ دەبێت واتای ئەوە نییە گەورەبوویت و سودت نەماوە، هەست دەکەم لە بارودۆخێکی باشدام و پلانم هەیە حەوت بۆ هەشت ساڵی تر لەنێو یاریگا ئەوروپییەکاندا بەردەوامبم.

دوای پەیوەندیکردن بۆ بایرنەوە چۆن ئاستی خۆت هەڵدەسەنگێنیت؟

هەموو شتێک لە میونشن جوان و ڕێکوپێکە، لەڕیزەکانی بایرن هەست بە ئارامی دەکەم، تائێستا بارودۆخەکە لەبارە و ئەوەش لەهەموو شتێک گرنگترە.

بیر لە بەردەوامبوون دەکەیتەوە، یان گەڕانەوە بۆ ئینتەرمیلان؟

بابەتەکە لەدەستی مندا نییە، لێرە خۆشحاڵم و بیر لەهیچ شتێک ناکەمەوە تەنها بەرژەوەندییەکانی یانەی بایرن میونشن نەبێت، لێرە هەموو شتێکیان پێداوم و لەوساتەوە پەیوەندیم پێوەکردون ژیانیان پێبەخشیوم، هاندەران و یاریزانان زۆر یارمەتیدەرم بوون.

دەتوانیت ڕوونکردنەوەی زیاتر بدەیت؟

لەبارەی داهاتوومەوە نازانم چی ڕوودەدات، لەئێستادا هیچ شتێک نازانم تا پێتان بڵێم، بڕیاری کۆتایی لەدەستی ئیدارەی یانەدایە و منیش تەنها دەمەوێت تاموچێژ لە تۆپی پێ وەربگرم و بەهەموو هێزمەوە هەوڵی بردنەوە بدەم.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان