ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ڕاپۆرت و شیکاری

هۆكاره‌كانی دابه‌زینی ئاستی ئه‌ڵمانیا

خه‌ڵک سپۆرت –  هه‌وراز كاوه‌

ئه‌ڵمانیا جاری یه‌كه‌مه‌ تووشی ئه‌وه‌ بێت شه‌ڕی به‌ده‌ست هێنانی ڕووبه‌ری یاریگا بكات، یاخود له‌ ماوه‌ی یارییه‌كانی مۆندیالدا دوای (270) خوله‌ك له‌ ڕێگای تۆپی وه‌ستاو یه‌ك گۆڵیان كرد بێت، كه‌ ئه‌وه‌ش وایده‌كرد یواكم لۆفی ڕاهێنه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی شێتانه‌ هه‌ركات تیپه‌كه‌ی گۆڵ نه‌كات زیاتر له‌ شه‌ش یاریزانی هیرَشبه‌ر بخاته‌ یاریگاوه‌، كه‌چی دوای مۆندیالیش ئاستی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا هه‌ر ڕوو له‌ ڕووخانه‌ و ئه‌و تیپه‌ له‌ یارییه‌كانی ناشیه‌ن لیگ هه‌ر وه‌كو تیپێكی ئاسایی ده‌ركه‌وت.

دیاره‌ هۆكار هه‌یه‌ ئه‌ڵمانیا به‌و دۆخه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت، كه‌ ئێمه‌ په‌نجه‌ ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی.

له‌ ئێستادا تیپه‌كه‌ كێشه‌ی ڕابه‌رێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ وه‌كو (فلیپ لام و بالاك و كان)، تا به‌ته‌واوی هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر یاریزانه‌كاندا زاڵ بكات و یارمه‌تی تیپه‌كه‌ی بدات له‌كاتی یارییه‌كاندا.

دیاره‌ له‌مكاته‌دا ئاستی ئه‌ستێره‌ دیاره‌كانی تیپه‌كه‌ به‌ته‌واوی داڕووخاوه‌، یاخود ئه‌وه‌ی پێشتر ڕۆڵیان له‌ یانه‌كانیاندا هه‌بووه‌ ئێستا ئه‌وانیش یه‌ده‌گكران و به‌هیچ كلوجێك ناتوانن یارمه‌تی هاوڕێ‌ لاوه‌كانیان بده‌ن.

لایه‌نی به‌رگری تیپه‌كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی كه‌وتنی مانشافته‌ به‌ تایبه‌تی دوو یاریزانی قوڵایی به‌رگری (بواتینگ و هۆملیز) كه‌ به‌هیچ جۆرێك هه‌ماهه‌نگ و هاوكاری یه‌ك نین، هه‌روه‌ها ئاستیان به‌ ڕاده‌یه‌ك دابه‌زیووه‌، كه‌ بۆ ته‌نیا خوله‌كێك ناتوانن ڕابكه‌ن و زۆر خاو به‌رپه‌رچی ڕكابه‌ره‌كانیان ده‌ده‌نه‌وه‌، یان به‌ ئاسانی ده‌وترێت ئه‌و دووانه‌ كه‌رت ده‌كرێن و هه‌موو ئه‌و یاریزانانه‌ی هێرشی پێچه‌وانه‌ دروست ده‌كه‌ن به‌ خێرایی ده‌توانن ئه‌و دووانه‌ جێبهێڵن.

كێشه‌ی تیپه‌كه‌ ته‌نیا تاك یاریزان نییه‌، به‌ڵكو ئاستی هه‌ڵبژارده‌كه‌ به‌ كۆمه‌ڵ دابه‌زیووه‌، واته‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی وه‌كو (كیمچ) كه‌ ڕۆڵی به‌رگری و لایه‌نی هێرشبه‌ری ده‌بێت ببینێت، كه‌چی كه‌مترین ته‌ركیزی له‌سه‌ر هه‌ردوو ڕۆڵه‌كه‌ی هه‌بووه‌، یاخود كاتێك باسی ناوه‌ڕاستی مانشافت ده‌كه‌ی هه‌موو ئه‌ركه‌كان خراوه‌ته‌ سه‌رشانی تۆنی كرۆس، كه‌ هه‌م ده‌بێت پارسه‌نگی ناوچه‌ی به‌رده‌می به‌رگری ڕابگرێت، هه‌میش ڕاده‌سپێردرێت بۆ ئه‌وه‌ی سیانه‌ی پێشه‌وه‌ له‌یه‌ك نزیك بكاته‌وه‌، كه‌ له‌كاتی ئه‌وه‌ی دووه‌مدا كه‌س نییه‌ جێگای پڕ بكاته‌وه‌ و بۆشاییه‌كی ترسناك له‌ شوێنه‌كه‌یدا دروست ده‌بێت.

یواكم لۆفی ڕاهێنه‌ر به‌وه‌ ناسراوه‌ به‌یادی مۆندیالی (2014)ه‌وه‌ ئه‌ستێره‌كانی بانگی تیپه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ زۆربه‌ی كاتیش به‌و هۆیه‌وه‌ ناتوانێت پلانی ته‌كتیكی خۆی ڕێكبخاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی ئه‌ركه‌كانیان پێده‌دات زۆر به‌یان له‌ یانه‌كانیان به‌ ئاستێكی خراپی پڕ له‌ یه‌ده‌گنشینی به‌ڕێده‌كه‌ن، بۆیه‌ نوێری گۆڵچی یه‌كێك له‌وانه‌یه‌ ئاسانترین گۆڵه‌كانی لێده‌كرێت و هیچ په‌یوه‌ندی و كاردانه‌وه‌یه‌كی خێرایی به‌رامبه‌ر به‌ ڕكابه‌ر و به‌رگری تیپه‌كه‌یه‌وه‌ نه‌ماوه‌، كه‌ باشترین بژارده‌ش (تێرشتیگنه‌) كه‌ ئێستا عه‌قڵێتی بردنه‌وه‌ و به‌رگریكردن له‌ گۆڵه‌كه‌ی زیاتره‌، هه‌روه‌ها توانیوێتی ئاستی خۆی له‌ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ و به‌رامبه‌ر گۆڵكاره‌ گه‌وره‌كانی جیهان بپارێزێت.

گۆڕانكارییه‌كانی لۆف و یارییه‌ دۆستانه‌كان هیچی له‌ دۆخی تیپه‌كه‌ نه‌گۆڕیووه‌، چونكه‌ تیپه‌كه‌ جگه‌ له‌وه‌ی شوناسی یاریكرنی دیار نییه‌، له‌ هه‌مانكاتدا گۆڵكاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و ترسناكی بۆسه‌ر گۆڵی به‌رامبه‌ر نییه‌، ئه‌وه‌ی تا ئه‌مكاته‌ش لۆف باجی قورسی له‌سه‌ر ده‌دات نه‌بوونی ئه‌و ڕه‌گه‌زه‌یه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش پێویستی به‌ یاریزانی وه‌كو ئۆزێلی ژماره‌ (10)ه‌یه‌ له‌ سه‌نته‌ری یاریگادا، ئه‌ویش به‌ هیچ كلوجێك بوونی نییه‌، بۆیه‌ لۆف هاتووه‌ ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگای یاریزانه‌ لاوه‌كانه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ هه‌یكه‌لی پێكهاته‌كه‌ی به‌بێ‌ سه‌ركرده‌یه‌كی كارێزما دروست بكاته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ خولی ئه‌ڵمانی گۆڵكاری نموونه‌ی (فێرنر)ـی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆ تیپه‌كه‌ی لایپزگ گرنگه‌ و زیاتر له‌گه‌ڵ كه‌شی به‌رگری ئه‌و خوله‌دا ده‌توانێت بجووڵێته‌وه‌، به‌ڵام كاتێك دێته‌ سه‌ر خول و پاڵه‌وانێتییه‌كان شته‌كه‌ بابه‌تێكی دیكه‌یه‌.

ڕاپۆرت و شیکاری

باشترین ئەو ڕاهێنەرانەی بێکارن و چاوەڕێی ئۆفەری یانەیەکی گەورە دەکەن

خەڵک سپۆرت

قەیرانی کۆرۆنا بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی بواری تۆپی پێی لاوازکردووە، وایکردووە یانەکان زیاتر سەرقاڵبن بە کێشە داراییەکانەوە و گواستنەوەی یاریزانان و ڕاهێنەران لەبیربکەن.

هەندێک لە یانەکان بیر لە توندوتۆڵکردنەوەی پێکهاتەکانیان بە یاریزانی نوێ دەکەنەوە، هەندێکی تریشیان کێشەیان لە پڕۆژەی یانەدا بۆ دروستبووە و دەیانەوێت لەسەر ئاستی ڕاهێنەر گۆڕانکاری بکەن.

لێرەدا ناوی ئەو ڕاهێنەرانەمان بیردەکەوێتەوە، کە لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە و حاڵی حازر بێکارن و چاوەڕوانی ئۆفەر و داواکاری یانەیەک دەکەن تا دووبارە بگەڕێنەوە نێو یاریگاکان:

  • ماوریسیۆ پۆچتینۆ: دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی تۆتنهام پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی ترەوە نەکردووە، ناوبراو ڕاهێنەرێکی فەلسەفی بەتوانایە و پێکهاتەیەکی ئاگرینی بۆ یانە زەبەلاحەکەی لەندەن بونیادنا، دوو وەرز لەمەوبەر توانی بگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و نازناوەکەی بەرامبەر لیڤەرپوڵ لەدەستدا.

 

  • ماسیمیلیانۆ ئالێگری: دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی یوڤانتۆس، پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی ترەوە نەکردووە، لەماوەی کارکردنی لە ئیتاڵیا توانی لەگەڵ یوڤانتۆس کۆنتڕۆڵی تەواوی خولە ناوخۆییەکان بکات، بەڵام لە خولی یانە پاڵەوانەکان نەیتوانی ئامانجەکانی بپێکێت، دووجار گەیشتە یاریی کۆتایی لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٧ و لەهەردوو فاینەڵەکەدا بە بەرشلۆنە و ڕیاڵ مەدرید دۆڕا.

 

  • ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی: دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی بەرشلۆنە پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی ترەوە نەکردووە، لەماوەی ڕاهێنانی لە بارسا توانی کۆنتڕۆڵی خولە ناوخۆییەکان بکات، بەڵام بەهۆی شکستی لە خولی یانە پاڵەوانەکان لەژێر فشاری هاندەرانی یانەدا دوورخرایەوە، شێوازی ڕاهێنانی بۆ زۆرینەی یانەکانی ئیسپانیا گونجاوە.

 

  • ئارسین ڤینگەر: دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی ئارسیناڵ پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی ترەوە نەکردووە، یەکێکە لە ڕاهێنەرە مێژووییەکانی خولی ئینگلتەرا و یانەی ئارسیناڵ، زۆرترین ماوە لە پۆستی ڕاهێنانی تۆپچییەکانی لەندەن بەردەوامبووە، سەرباری تەمەنە زۆرەکەی، بەڵام دوو وەرز زیاترە چاوەروانی ئۆفەری یانەیەکی گەورەیە.

 

  • ئونای ئیمیری: دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی ئارسیناڵ پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی ترەوە نەکردووە، یەکێکە لە ڕاهێنەرە بەتواناکان و سەرباری شکستی لە یانەکانی پاریس سانت جێرمان و ئارسیناڵ، بەڵام لەگەڵ یانەکانی ڤالانسیا و سڤیلیە باشترین ئەنجامەکانی تۆمارکردووە، سێجار نازناوی یوروپالیگی لەسەریەک بەدەستهێناوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ڕاپۆرت و شیکاری

کریستیانۆ دەگەڕێتەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید؟ گواستنەوەکە مەحاڵ نییە و کێشە لەبیرکردنەوەی یاریزانەکەدایە

خەڵک سپۆرت

ماوەیەکە دەنگۆی گەڕانەوەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی لە یانەی یوڤانتۆسی ئیتاڵییەوە بۆ ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی بەهێزبووە، سەرچاوەکان پێیان وایە گەڕانەوەی ئەفسانە پرتوگالییەکە بۆ مەدرید جوڵەیەکی مەحاڵ نییە.

کریستیانۆ لە هاوینی ٢٠١٨وە یانەی ڕیاڵ مەدریدی بەجێهیشتووە و پاش چنینەوەی چەندین نازناو و دەستکەوتی بەکۆمەڵ و تاکە کەسی لەئێستادا خەون دەبینێت لە ئیتاڵیا هەمان ئەو دەستکەوتانە بچنێتەوە.

خواستی جەمسەرەکان

ڕۆژنامەی “کۆرێری دێلۆ سپۆرت”ی ئیتاڵی ئاشکرای کردووە، کە گواستنەوەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە یانەی یوڤانتۆسەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید مەحاڵ نییە.

چەندینجار ئادو ئاگێری ڕۆژنامەوانی مەدریدی و هاوڕێی نزیکی ئەفسانە پورتوگالییەکە ڕایگەیاندووە، کە کریس خەون دەبینێت دووبارە بگەڕێتەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید، هەروەها کات و وادەی گواستنەوەکانی هاوینەی ٢٠٢٠ی بە گونجاو وەسفکردووە بۆ کۆتاییهێنان بەم پڕۆسەیە.

ئاگێری ڕایگەیاندووە :” هیچ شتێک لەبواری تۆپی پێدا مەحاڵ نییە، بەڵکو کریستیانۆ لە کۆتا کلاسیکۆدا بەگەڕانەوەی بۆ مەدرید پەیامێکی ئاڕاستەی ئیدارەی ڕیاڵ و هاندەرانی کرد، خەون دەبینێت بگەڕێتەوە و دۆخەکەش لەبارە بۆ ئیمزاکردنی بۆندەکەی، بەو مەرجەی یاریزانەکە و ئیدارەی ڕیاڵ ئامادەبن بۆ ئەم جوڵە مێژووییە”.

ڕووە داراییەکان

لەڕووی داراییەوە کریستیانۆ بەتەنها لەم وەرزەدا بڕی (٥٨) ملیۆن یورۆ لەڕێگەی سپۆنسەرەکانی و سپۆنسەرەکانی یانەی یوڤانتۆسەوە داهاتی هەبووە.

ئەگەر ئەم ڕێژەیەش لەگەڵ بڕی (٣٢) ملیۆنی موچەکەیدا یەکبخرێت (٩٠) ملیۆن یورۆ دەکات، ئەوەش ئەو نرخەیە کە یانەی شاهانە دەبێت پێشکەشی یاریزانەکەی بکات، یاخود زیاتر پێشکەشبکات ئەگەر بیەوێت لە چنگی یانەی یوڤانتۆس دەریبکەن.

بیرکردنەوەی کریستیانۆ

ئادو ئاگێری هاوڕێی کریستیانۆ دەڵێت :” کریستیانۆ لەو یاریزانانەیە کە لە یانەی ڕیاڵ مەدرید سەدان دەستکەوت و نازناوی بەدەستهێناوە، ئێستا دەیەوێت هەمان شت لە یوڤانتۆس دووبارە بکاتەوە، کێشەکە ئەوەیە ئەم یاریزانە لە جۆرە یاریزانانەیە کە لە نیوە ڕێگادا دەستبەرداری خەونەکانی نابێت، بەڵكو دەیگەیەنێتە ئەنجام پاشان هەنگاو دەنێت”.

بەپێی ووتەکانی ئاگێری، کریستیانۆ خەونی چنینەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و خەڵاتە تاکە کەسییەکانی وەک زە بێست و بالۆن دۆرە بەدرێسی یانەی یوڤانتۆسەوە.

بۆیە قورسە بە ئاسانی و لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بگەڕێتەوە بۆ مەدرید و لە نیوە ڕێگا یانەی یوڤانتۆس بەجێبهێڵێت.

هەروەها یانەی یوڤانتۆسیش خواستی لەسەر گواستنەوەی نییە، چونکە بەهۆیەوە سەدان ملیۆن دۆلار سودی داراییان کردووە و مەحاڵە بتوانن یاریزانێک بەو کێشە وەرزشیی و داراییەوە دابین بکەن، بۆیە چاودیڕی دۆخەکە دەکەن و لەهەر ساتێکدابێت دەرگا بەڕووی یانەی ڕیاڵ مەدرید دادەخەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ڕاپۆرت و شیکاری

کێ توشی کۆرۆنا بووە؟ ئەو یاریزان و ڕاهێنەرانەی خراونەتە ژێر چاودێری پزیشکییەوە

خەڵک سپۆرت

ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوڵاتی چینەوە ڕووەو کیشوەری ئەوروپا جوڵەی کردووە و ماوەی مانگێکە وڵاتانی کیشوەری پیر بەدەست ڕێژەی توشبووانەوە دەناڵێنن.

بوارە وەرزشییەکان بەتایبەت تۆپی پێ یەکێکە لەو بوارانەی زیانی بازرگانی گەورەی بەرکەوتووە، بەوپێیەی چەندین خول و پاڵەوانێتی لەترسی تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگیراون و تەنانەت باس لە دواخستن و هەژمارنەکردنی ئەنجامەکانی ئەم وەرزە دەکرێت.

لەهەفتەی ڕابردوو بۆ کۆتاییەکانی ئەم هەفتەیە، چەندین یاریزان و ڕاهێنەر و کەسایەتی لە یانەکانی ئەوروپا توشی ڤایرۆسە کوشندەکە بوون و چەندین یانە و یاریزانیش خراونەتە کەرەنتینەوە.

کام خولانە ڕاگیراون؟

سەرجەم خولە ئەوروپییەکان لەنمونەی چامپیۆنزلیگ و یوروپا لیگ، هەروەها خولە ناوخۆییەکانی ئینگلتەرا، ئیسپانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا پەکیانکەوتووە و ڕاگیراون.

هەندێک لە خولەکان لەنمونەی بۆندزلیگی ئەڵمانیا ئاماژە بە دەستپێکردنەوەی یارییەکان دەکەن لەسەرەتای مانگی داهاتوو، لە خولی ئیسپانیاش ماوەی دوو هەفتە دیاریکراوە و لە خولەکانی دیکەش کاتێک دیارینەکراوە.

کام یاریزانانە توشبوون؟

دانێلی ڕوگانی بەرگریکاری یانەی یوڤانتۆس، مانۆلۆ گابیادینی یاریزانی یانەی سامپدۆریا و چوار یاریزانی دیکەی ئەو یانەیە کە پێکهاتوون لە: عومەر کولی، ئالبی ئاکدال، ئانتۆنیۆ لاگۆمینا، مۆرتن تۆرسبی  لە یانەی فیورنتیناش دوسان ڤلاهۆڤیچی سڕبی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

لە ئەڵمانیا سێ یاریزانی یانەی هانۆڤەر کە لە خولی پلە دوو یاریی دەکات، بەهەمان شێوە تێستەکانیان پۆزەتیڤ دەرچووە.

لە ئیسپانیا یاریزانێکی باسکەی یانەی ڕیاڵ مەدرید و مارتن ئۆرتیگای بەڕێوەبەری یانەی لیگانێس، بەڵام لە خولی ئینگلتەرا بارودۆخەکە هاوشێوەی ئیتاڵیا بەشێوەیەکی کتوپڕ قورسبوو.

مایکڵ ئارتێتا ڕاهێنەری ئارسیناڵ و هۆدسۆن ئۆدۆی یاریزانی چێڵسی و دەنگۆی توشبوونی چەندین یاریزانی دیکەش هەیە، کە لەچەند کاتژمێری داهاتوودا یەکلایی دەبێتەوە.

ئەو یانانەی چالاکییەکانیان وەستاندووە

یانەکانی لیڤەرپوڵ، ڕیاڵ مەدرید، بەرشلۆنە، فیۆرنتینا، سامپدۆریا، ئینتەرمیلان، یوڤانتۆس چالاکییەکانیان بەفەرمی وەستاندووە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و یوڤانتۆس و ئینتەرمیلان یاریزنانیان خستۆتە کەرەنتینەوە، یانەکانی (NBA) ئەمریکاش بەهەمان شێوە چالاکییەکانیان ڕاگرت بەتایبەت دوای توشبوونی گۆبێرتی یاریزانی فەرەنسی تیمی یوتاجاز.

وەرزشەکانی تر

هەردوو جەولەی یەکەمی پێشبڕکێی جیهانی فۆرمولا ١ دواخراون، خولی یانە پیشەگەرەکانی ئەمریکاش بەهەمان شێوە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ چالاکییەکانیان وەستاندووە.

خولەکانی تێنسی سەرزەوی ئیندیانا وێلس و مەیامی و چەندین خول و پاڵەوانێتی تر لەو بوارەشدا ڕاگیراون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان