ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ڕاپۆرت و شیکاری

چۆن ببم بە گۆڵپارێزێکی سەرکەوتوو ؟ ئه‌و مه‌رجانه‌ چییه‌ که‌ پێویسته‌ له‌ گۆڵپاریزێکدا هه‌بێت؟

خه‌ڵک – عیماد نوح سلێمان

گۆڵپارێز له‌ بواری تۆپی پێدا یەکێکە لە گرنگترین پێگه‌کان و ئەو پێگه‌یە لەنێوو یاریگادا به‌رده‌وام فشاری لەسەرە، ئەرکی گۆڵپارێزه‌کان ئەرکێکی قورسە، ئەو کەسەی دەیەوێت ببێت پارێزه‌ری گۆڵ دەبێت حەزی ئه‌وه‌ی هه‌بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ تاکتیکیه‌کاندا چه‌سپاو بێت به‌بێ جوڵه‌، ئه‌گه‌ر که‌سێک به‌وشێوه‌یه‌ بیربکاته‌وه‌ ئەوکات باشتر ده‌توانێت له‌گه‌ڵ پارێزه‌ری ده‌سته‌کانی و له‌نێو داری گۆڵه‌کاندا خۆگونجاندن دروست بکات.

له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه‌ ئه‌و که‌سه‌ی ده‌یه‌وێت ببێته‌ گۆڵپارێز باشتره‌ به‌رزی باڵای له‌ مەترێک و ٧٥ سانتیم که‌متر نه‌بێت، به‌وپێیه‌ی باڵای به‌رز ڕێگه‌خۆشکه‌ر ده‌بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی تۆپه‌ به‌رزه‌کان و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ گرفتت بۆ دروست ده‌بێت و دواتر ناچار ده‌بیت بیر له‌پێگه‌یه‌کی تر بکه‌یته‌وه‌، که‌سی شیاو بۆ ئه‌م پێگه‌یه‌ پێویسته‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بیر له‌ گۆڕینی پێگه‌که‌ی یاخود یاریی کردن لە مەرکەزەکانی تر نه‌کاته‌وه‌، ئه‌م شێوه‌ بیرکردنه‌وه‌یه‌ وادەکات پێیه‌کانت له‌نێو گۆڵدا جێگیر نه‌بێت و بێ هیوا ببێت، لێره‌وه‌ به‌ره‌و بێهیوابوون هه‌نگاو ده‌نێیت و سه‌رکه‌وتو نابیت.

به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ئه‌م خاڵانه‌ بۆ هه‌ر که‌سێک گرنگه‌ که‌ پێگه‌ی گۆڵپارێز هه‌ڵده‌بژێرێت:

بوێری و زاڵبون به‌سه‌ر ترسدا

دەبێت گۆڵپارێز بەهێز و بوێر بێت، ئەمەیان بناغەی ئامانجەکەته‌ و بۆ ئه‌وه‌ی ببیته‌ گۆڵپارێزیکی سەرکەوتو هەوڵبدە یاری له‌شجوانی و به‌رزکردنه‌وه‌ی قورسایی ئه‌نجام بده‌یت و باڵ و دەستەکانت بەهێز بکه‌یت، هەروەها ڕاهێنانی زۆر بکە لەگەڵ ڕاهێنەر یان هاوڕێیەک هەموو جۆرە ڕاهێنانێک تاقی بکەره‌وە تاوەکو به‌سه‌ر ترسدا زاڵ ده‌بیت، ئه‌وکات ده‌کرێت بڵێین سه‌ره‌تا یاخود بناغه‌یه‌کی پته‌وت داڕشتووه‌.

ئاماده‌کاری جه‌سته‌یی

لە ڕووی لیاقی و توانای جەستەییەوە هەمووکات ئامادەبە، چۆن ئاماده‌ ده‌بیت؟ بێگومان به‌ ئه‌نجامدانی مه‌شقی گونجاو له‌ یانه‌ و تیپی گونجاو، ڕاهێنانی زۆر بکە و هیچ کات ڕاهێنان به‌ گاڵته‌وگه‌پ و بابه‌تێکی ئاسایی وه‌رمه‌گره‌، ئه‌گەر تۆ وەک پێویست ڕاهێنانت ئەنجام دا ئەوا بێ هیچ کێشەیەک توانا جه‌سته‌ییه‌کانت تێروته‌سه‌ل ده‌بن و ئه‌وه‌ش خۆی له‌خۆیدا ئامه‌ده‌بونه‌ له‌ڕووی وه‌رزشی و هونه‌ریه‌وه‌.

ئاماده‌کاری ده‌رونی

هەوڵبدە ببە ڕاهێنەری دووەم، هەموو کات وەک سەرکردەیەک مامه‌ڵه‌ بکه‌ و هاوسەنگی دروست بکە لەنێو بەرگریکاراندا، یارمەتیدەربە و بۆشاییەکانی نێو یاریگایان پێ پڕ بکەرەوە، وایان لێبکە هەڵەکانیان چاره‌سه‌ر بکه‌ن، چونکه‌ تۆ ڕووت له‌ یاریگایه‌ و باشتر جموجۆڵه‌ دروست و هه‌ڵه‌کان له‌یه‌کتری جیاده‌که‌یته‌وه، له‌خاڵی یه‌که‌مدا باسمان له‌ڕووه‌ وه‌رزشیه‌کان کرد و ئه‌گه‌ر له‌ڕووه‌ ده‌رونیه‌کانیشه‌وه‌ به‌وشێوه‌یه‌ بیر بکه‌یته‌وه‌ بێگومان سه‌رکه‌وتنی زیاتر بۆخۆت مسۆگه‌ر ده‌که‌یت.

وره‌ی پۆڵایین و کۆڵنه‌دان

هەمووکات ئارامبە و وە بێهیوا مەبە کاتێک گۆڵێک و دووانت له‌سه‌ر تۆمار دەکرێت، هیواکارانت به‌ ده‌ست و بازوتدا هه‌ڵبواسه‌ و به‌ گاڵته‌جاڕیه‌وه‌ شکست قبوڵ مه‌که‌، به‌ڵکو بجەنگە لەگەڵ هەموو بارۆدۆخەکاندا. زۆربەی گۆڵپارێزەکانی جیهان بەهۆی ئارام نەگرتن و بێهیوا بوونەوە دەرکراون یان وازیان هێناوە، لێره‌دا ئاماژه‌ به‌نمونه‌یه‌ک ده‌که‌ین له‌ گۆڵپارێزی بوێر و کۆڵنه‌ده‌ر: لە خولی ئایسلەندا لە چەند ساڵی ڕابردو دوو تیپی ئەکادیمی یاریەک ئەنجام دەدەن، یاریەکە به‌ ئه‌نجامی چوار گۆڵی بێوه‌ڵام کۆتایی دێت، ئەو تیپەی شکستی هێناوه‌ گۆڵپارێزەکەی تا دوا سات هه‌وڵیدا و ماندوبوو و ورەی به‌ هاوڕێکانی بەخشی، بەڵام یاریزانەکان یاریان به‌باشی بۆ نه‌ده‌کرد و گرنگیان به‌ ئه‌نجامه‌که‌ نه‌دا، لەکۆتاییدا گۆڵپارێزەکە بانگێشتی ئەکادیمیایەکی گەورە کراو ئێستا لە تیپێکی سکۆتلەندی یاری دەکات، هاوڕێکانیشی له‌ پێگه‌ی خۆیان په‌له‌قاژه‌ ده‌که‌ن.

مه‌شقی تایبه‌ت به‌ قۆڵ و ده‌سته‌کانت

لەکاتی ڕاهێنان دا گرنگی بەو مه‌شقانه‌ بده‌ که‌ سود به‌ گۆڵپارێزه‌کان ده‌گه‌یه‌نێت، هەوڵبدە کاتژمێرێک پێش ده‌ستپێکی مه‌شق و یاریی ماوه‌ی ١٥ خولەک بە ١٥ خولەک له‌ پاڵ ڕاهێنانه‌ ئاساییه‌کاندا راهێنان له‌سه‌ر مه‌شقه‌کانی خۆهەڵدان و جەمپ بکه‌یت.

پشتگوێ نه‌خستنی قاچه‌کانت

ڕاهێنان کردن بە قاچ و پێیه‌کانت خاڵێکی گرنگە بۆ گۆڵپارێزەکان تاوەکو لێدانه‌کانت بەهێزتر بێت، دەبێت راهێنان لەسەر ئەم خاڵەش بکەیت که‌ جگه‌ له‌ خۆت سوودی به‌کۆمه‌ڵی بۆ تیمەکەشت ده‌بێت .

وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ ڕوخێنه‌ره‌کان

گوێنەدان به‌ڕه‌خنه‌ی ڕوخێنه‌ری خەڵک و هاندەران وادەکات زیاتر بەهێز بیت، هەوڵ بدە پەیوەندی تۆ و بەرگریکاران توندوتۆڵ بێت و لێکتێگەیشتنێک دروست بکەن .

ریکلام

ڕاپۆرت و شیکاری

باشترین ئەو ڕاهێنەرانەی بێکارن و چاوەڕێی ئۆفەری یانەیەکی گەورە دەکەن

خەڵک سپۆرت

قەیرانی کۆرۆنا بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی بواری تۆپی پێی لاوازکردووە، وایکردووە یانەکان زیاتر سەرقاڵبن بە کێشە داراییەکانەوە و گواستنەوەی یاریزانان و ڕاهێنەران لەبیربکەن.

هەندێک لە یانەکان بیر لە توندوتۆڵکردنەوەی پێکهاتەکانیان بە یاریزانی نوێ دەکەنەوە، هەندێکی تریشیان کێشەیان لە پڕۆژەی یانەدا بۆ دروستبووە و دەیانەوێت لەسەر ئاستی ڕاهێنەر گۆڕانکاری بکەن.

لێرەدا ناوی ئەو ڕاهێنەرانەمان بیردەکەوێتەوە، کە لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە و حاڵی حازر بێکارن و چاوەڕوانی ئۆفەر و داواکاری یانەیەک دەکەن تا دووبارە بگەڕێنەوە نێو یاریگاکان:

  • ماوریسیۆ پۆچتینۆ: دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی تۆتنهام پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی ترەوە نەکردووە، ناوبراو ڕاهێنەرێکی فەلسەفی بەتوانایە و پێکهاتەیەکی ئاگرینی بۆ یانە زەبەلاحەکەی لەندەن بونیادنا، دوو وەرز لەمەوبەر توانی بگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و نازناوەکەی بەرامبەر لیڤەرپوڵ لەدەستدا.

 

  • ماسیمیلیانۆ ئالێگری: دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی یوڤانتۆس، پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی ترەوە نەکردووە، لەماوەی کارکردنی لە ئیتاڵیا توانی لەگەڵ یوڤانتۆس کۆنتڕۆڵی تەواوی خولە ناوخۆییەکان بکات، بەڵام لە خولی یانە پاڵەوانەکان نەیتوانی ئامانجەکانی بپێکێت، دووجار گەیشتە یاریی کۆتایی لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٧ و لەهەردوو فاینەڵەکەدا بە بەرشلۆنە و ڕیاڵ مەدرید دۆڕا.

 

  • ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی: دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی بەرشلۆنە پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی ترەوە نەکردووە، لەماوەی ڕاهێنانی لە بارسا توانی کۆنتڕۆڵی خولە ناوخۆییەکان بکات، بەڵام بەهۆی شکستی لە خولی یانە پاڵەوانەکان لەژێر فشاری هاندەرانی یانەدا دوورخرایەوە، شێوازی ڕاهێنانی بۆ زۆرینەی یانەکانی ئیسپانیا گونجاوە.

 

  • ئارسین ڤینگەر: دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی ئارسیناڵ پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی ترەوە نەکردووە، یەکێکە لە ڕاهێنەرە مێژووییەکانی خولی ئینگلتەرا و یانەی ئارسیناڵ، زۆرترین ماوە لە پۆستی ڕاهێنانی تۆپچییەکانی لەندەن بەردەوامبووە، سەرباری تەمەنە زۆرەکەی، بەڵام دوو وەرز زیاترە چاوەروانی ئۆفەری یانەیەکی گەورەیە.

 

  • ئونای ئیمیری: دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی ئارسیناڵ پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی ترەوە نەکردووە، یەکێکە لە ڕاهێنەرە بەتواناکان و سەرباری شکستی لە یانەکانی پاریس سانت جێرمان و ئارسیناڵ، بەڵام لەگەڵ یانەکانی ڤالانسیا و سڤیلیە باشترین ئەنجامەکانی تۆمارکردووە، سێجار نازناوی یوروپالیگی لەسەریەک بەدەستهێناوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ڕاپۆرت و شیکاری

کریستیانۆ دەگەڕێتەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید؟ گواستنەوەکە مەحاڵ نییە و کێشە لەبیرکردنەوەی یاریزانەکەدایە

خەڵک سپۆرت

ماوەیەکە دەنگۆی گەڕانەوەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی لە یانەی یوڤانتۆسی ئیتاڵییەوە بۆ ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی بەهێزبووە، سەرچاوەکان پێیان وایە گەڕانەوەی ئەفسانە پرتوگالییەکە بۆ مەدرید جوڵەیەکی مەحاڵ نییە.

کریستیانۆ لە هاوینی ٢٠١٨وە یانەی ڕیاڵ مەدریدی بەجێهیشتووە و پاش چنینەوەی چەندین نازناو و دەستکەوتی بەکۆمەڵ و تاکە کەسی لەئێستادا خەون دەبینێت لە ئیتاڵیا هەمان ئەو دەستکەوتانە بچنێتەوە.

خواستی جەمسەرەکان

ڕۆژنامەی “کۆرێری دێلۆ سپۆرت”ی ئیتاڵی ئاشکرای کردووە، کە گواستنەوەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە یانەی یوڤانتۆسەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید مەحاڵ نییە.

چەندینجار ئادو ئاگێری ڕۆژنامەوانی مەدریدی و هاوڕێی نزیکی ئەفسانە پورتوگالییەکە ڕایگەیاندووە، کە کریس خەون دەبینێت دووبارە بگەڕێتەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید، هەروەها کات و وادەی گواستنەوەکانی هاوینەی ٢٠٢٠ی بە گونجاو وەسفکردووە بۆ کۆتاییهێنان بەم پڕۆسەیە.

ئاگێری ڕایگەیاندووە :” هیچ شتێک لەبواری تۆپی پێدا مەحاڵ نییە، بەڵکو کریستیانۆ لە کۆتا کلاسیکۆدا بەگەڕانەوەی بۆ مەدرید پەیامێکی ئاڕاستەی ئیدارەی ڕیاڵ و هاندەرانی کرد، خەون دەبینێت بگەڕێتەوە و دۆخەکەش لەبارە بۆ ئیمزاکردنی بۆندەکەی، بەو مەرجەی یاریزانەکە و ئیدارەی ڕیاڵ ئامادەبن بۆ ئەم جوڵە مێژووییە”.

ڕووە داراییەکان

لەڕووی داراییەوە کریستیانۆ بەتەنها لەم وەرزەدا بڕی (٥٨) ملیۆن یورۆ لەڕێگەی سپۆنسەرەکانی و سپۆنسەرەکانی یانەی یوڤانتۆسەوە داهاتی هەبووە.

ئەگەر ئەم ڕێژەیەش لەگەڵ بڕی (٣٢) ملیۆنی موچەکەیدا یەکبخرێت (٩٠) ملیۆن یورۆ دەکات، ئەوەش ئەو نرخەیە کە یانەی شاهانە دەبێت پێشکەشی یاریزانەکەی بکات، یاخود زیاتر پێشکەشبکات ئەگەر بیەوێت لە چنگی یانەی یوڤانتۆس دەریبکەن.

بیرکردنەوەی کریستیانۆ

ئادو ئاگێری هاوڕێی کریستیانۆ دەڵێت :” کریستیانۆ لەو یاریزانانەیە کە لە یانەی ڕیاڵ مەدرید سەدان دەستکەوت و نازناوی بەدەستهێناوە، ئێستا دەیەوێت هەمان شت لە یوڤانتۆس دووبارە بکاتەوە، کێشەکە ئەوەیە ئەم یاریزانە لە جۆرە یاریزانانەیە کە لە نیوە ڕێگادا دەستبەرداری خەونەکانی نابێت، بەڵكو دەیگەیەنێتە ئەنجام پاشان هەنگاو دەنێت”.

بەپێی ووتەکانی ئاگێری، کریستیانۆ خەونی چنینەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و خەڵاتە تاکە کەسییەکانی وەک زە بێست و بالۆن دۆرە بەدرێسی یانەی یوڤانتۆسەوە.

بۆیە قورسە بە ئاسانی و لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بگەڕێتەوە بۆ مەدرید و لە نیوە ڕێگا یانەی یوڤانتۆس بەجێبهێڵێت.

هەروەها یانەی یوڤانتۆسیش خواستی لەسەر گواستنەوەی نییە، چونکە بەهۆیەوە سەدان ملیۆن دۆلار سودی داراییان کردووە و مەحاڵە بتوانن یاریزانێک بەو کێشە وەرزشیی و داراییەوە دابین بکەن، بۆیە چاودیڕی دۆخەکە دەکەن و لەهەر ساتێکدابێت دەرگا بەڕووی یانەی ڕیاڵ مەدرید دادەخەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ڕاپۆرت و شیکاری

کێ توشی کۆرۆنا بووە؟ ئەو یاریزان و ڕاهێنەرانەی خراونەتە ژێر چاودێری پزیشکییەوە

خەڵک سپۆرت

ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوڵاتی چینەوە ڕووەو کیشوەری ئەوروپا جوڵەی کردووە و ماوەی مانگێکە وڵاتانی کیشوەری پیر بەدەست ڕێژەی توشبووانەوە دەناڵێنن.

بوارە وەرزشییەکان بەتایبەت تۆپی پێ یەکێکە لەو بوارانەی زیانی بازرگانی گەورەی بەرکەوتووە، بەوپێیەی چەندین خول و پاڵەوانێتی لەترسی تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگیراون و تەنانەت باس لە دواخستن و هەژمارنەکردنی ئەنجامەکانی ئەم وەرزە دەکرێت.

لەهەفتەی ڕابردوو بۆ کۆتاییەکانی ئەم هەفتەیە، چەندین یاریزان و ڕاهێنەر و کەسایەتی لە یانەکانی ئەوروپا توشی ڤایرۆسە کوشندەکە بوون و چەندین یانە و یاریزانیش خراونەتە کەرەنتینەوە.

کام خولانە ڕاگیراون؟

سەرجەم خولە ئەوروپییەکان لەنمونەی چامپیۆنزلیگ و یوروپا لیگ، هەروەها خولە ناوخۆییەکانی ئینگلتەرا، ئیسپانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا پەکیانکەوتووە و ڕاگیراون.

هەندێک لە خولەکان لەنمونەی بۆندزلیگی ئەڵمانیا ئاماژە بە دەستپێکردنەوەی یارییەکان دەکەن لەسەرەتای مانگی داهاتوو، لە خولی ئیسپانیاش ماوەی دوو هەفتە دیاریکراوە و لە خولەکانی دیکەش کاتێک دیارینەکراوە.

کام یاریزانانە توشبوون؟

دانێلی ڕوگانی بەرگریکاری یانەی یوڤانتۆس، مانۆلۆ گابیادینی یاریزانی یانەی سامپدۆریا و چوار یاریزانی دیکەی ئەو یانەیە کە پێکهاتوون لە: عومەر کولی، ئالبی ئاکدال، ئانتۆنیۆ لاگۆمینا، مۆرتن تۆرسبی  لە یانەی فیورنتیناش دوسان ڤلاهۆڤیچی سڕبی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

لە ئەڵمانیا سێ یاریزانی یانەی هانۆڤەر کە لە خولی پلە دوو یاریی دەکات، بەهەمان شێوە تێستەکانیان پۆزەتیڤ دەرچووە.

لە ئیسپانیا یاریزانێکی باسکەی یانەی ڕیاڵ مەدرید و مارتن ئۆرتیگای بەڕێوەبەری یانەی لیگانێس، بەڵام لە خولی ئینگلتەرا بارودۆخەکە هاوشێوەی ئیتاڵیا بەشێوەیەکی کتوپڕ قورسبوو.

مایکڵ ئارتێتا ڕاهێنەری ئارسیناڵ و هۆدسۆن ئۆدۆی یاریزانی چێڵسی و دەنگۆی توشبوونی چەندین یاریزانی دیکەش هەیە، کە لەچەند کاتژمێری داهاتوودا یەکلایی دەبێتەوە.

ئەو یانانەی چالاکییەکانیان وەستاندووە

یانەکانی لیڤەرپوڵ، ڕیاڵ مەدرید، بەرشلۆنە، فیۆرنتینا، سامپدۆریا، ئینتەرمیلان، یوڤانتۆس چالاکییەکانیان بەفەرمی وەستاندووە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و یوڤانتۆس و ئینتەرمیلان یاریزنانیان خستۆتە کەرەنتینەوە، یانەکانی (NBA) ئەمریکاش بەهەمان شێوە چالاکییەکانیان ڕاگرت بەتایبەت دوای توشبوونی گۆبێرتی یاریزانی فەرەنسی تیمی یوتاجاز.

وەرزشەکانی تر

هەردوو جەولەی یەکەمی پێشبڕکێی جیهانی فۆرمولا ١ دواخراون، خولی یانە پیشەگەرەکانی ئەمریکاش بەهەمان شێوە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ چالاکییەکانیان وەستاندووە.

خولەکانی تێنسی سەرزەوی ئیندیانا وێلس و مەیامی و چەندین خول و پاڵەوانێتی تر لەو بوارەشدا ڕاگیراون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە