ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ڕاپۆرت و شیکاری

 (وێنه‌کانیان ببینه‌‌) ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی له‌ تۆپهێنانه‌وه بوون به‌‌ یاریزان له‌ یانه‌یه‌کی گه‌وره‌ !

خه‌ڵک سپۆرت

زۆرێکن ئه‌و یاریزانانه‌ی له‌ سه‌ره‌تاکانیانه‌وه‌ له‌ یاریگای یانه‌ گه‌وره‌کان تۆپهێنه‌ره‌وه‌ بوون‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبونی کات و هه‌وڵ و ماندوبونیاندا ئاستیان به‌شێوه‌یه‌ک هه‌ڵکشاوه‌ که‌ له‌ئێستادا مێژوو ناویان ده‌بات.

به‌پێی زانیارییه‌کانی ڕۆژنامه‌ی “ئاس”، چه‌ندین یاریزانی گه‌وره‌ له‌ نمونه‌ی پیپ گواردیۆلا سه‌ره‌تا له‌ یانه‌کانیان له‌ته‌مه‌نی منداڵیدا له‌نێو یاریگا تۆپهێنه‌ره‌وه‌ بوون و خه‌ونیان بینیوه‌ هاوشێوه‌ی نه‌وه‌کانی پێش خۆیان بگه‌نه‌ لوتکه‌، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی کاتدا به‌هه‌وڵ و ماندوبون نه‌ک به‌ته‌نها ئاستی نه‌وه‌کانی پێش خۆیان، به‌ڵکو چه‌ند هه‌نگاوێکیش پێشیان که‌وتون و له‌ئێستادا مێژوو به‌ ئاڵتون ناویان ده‌نوسێته‌وه‌.

  • براهیم دیاز: ئه‌م لاوه‌ به‌هره‌مه‌نده‌ له‌ گواستنه‌وه‌کانی ئه‌م زستانه‌دا له‌ مانچسته‌ر سیتیه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی ڕیاڵ مه‌دریده‌وه‌ کرد، له‌ ته‌مه‌نی منداڵیدا یاریزانی ئه‌کادیمیای یانه‌ی مالاگا بووه‌ و له‌هه‌ندێک ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌دا له‌یاریگای “لاڕۆزالیدا” کاری تۆپهێنانه‌وه‌ بووه‌ بۆ ئه‌ستێره‌کان.

  • نایجڵ دی یۆنگ: له‌ ئه‌مسته‌ردام له‌دایک بووه‌ و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی باوکی یاریزان بووه ‌له‌ یانه‌ی ئه‌یاکس ئه‌مسته‌ردام، به‌ڵام بۆخۆی تۆپهێنه‌ره‌وه‌ بووه‌ و چیرۆکی ئه‌م وێنه‌یه‌ش بۆ ساڵی ١٩٩٥ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ کلارنس سیدۆرف.

  • ئاردا توران: له‌ یاریگای یانه‌ی گه‌ڵاته‌سه‌رای تۆپهێنه‌ره‌وه‌ بووه‌ و ئه‌م وێنه‌یه‌ش له‌ ساڵی ٢٠٠٥ له‌ یه‌کێک له‌ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌کانی ئه‌و یانه‌یه‌دا چرکێنراوه‌.

  • دانی کارڤاخال: له‌ ڤاڵدیباس که‌ ناوچه‌ی مه‌شقه‌کانی یانه‌ی شاهانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ منداڵانی یانه‌ی ڕیاڵ مه‌درید یاریی کردووه‌، له‌هه‌ندێک له‌ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌کاندا تۆپهێنه‌ره‌وه‌ بووه‌، ئه‌م وێنه‌یه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ دی ستیفانۆی مه‌زن به‌ردی بناغه‌ی ناوچه‌ گه‌شتیاریه‌کانی چوارده‌وری یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ داده‌نێت.

  • ئه‌نخێل دی ئه‌لیساندرۆ: له‌ لاوانی یانه‌ی ڕیڤه‌رپله‌یت یاریی کردووه‌ و تۆپهێنه‌ره‌وه‌ی زۆرینه‌ی یارییه‌کانی ئه‌و یانه‌یه‌ بووه‌، له‌ ساڵی ١٩٩٠ ئه‌م وێنه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ئینزۆ فرانسکۆلی ئه‌فسانه‌دا گرتووه‌.

  • ئیاگۆ ئه‌سپاس: ئه‌م وێنه‌یه‌ له‌جامی ئه‌وروپا له‌یاریی ‌نێوان سێلتا ڤیگۆ و ڕۆما گیراوه‌، وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت ئیاگۆ ئه‌سپاس له‌و یارییه‌دا تۆپهێنه‌ره‌وه‌ بووه‌.

  • پاتریک کلایڤێرت: له‌م وێنه‌یه‌دا ده‌رده‌که‌وێت که‌ پاتریکی ئه‌فسانه‌ی هۆڵه‌ندا له‌ته‌مه‌نی منداڵیدا له‌یاریگای یانه‌ی ئه‌یاکس ئه‌مسته‌ردام تۆپهێنه‌ره‌وه‌ بووه‌ و وێنه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ مامۆستاکه‌یدا گرتووه‌ “ڤان باستن”.

  • کوکی: له‌م وێنه‌یه‌دا فێرناندۆ تۆریسی هێرشبه‌ری ئیسپانی له‌گه‌ڵ چوار منداڵی تیپی منداڵانی ئه‌تله‌تیکۆ مه‌درید وێنه‌ی گرتووه‌ که‌ له‌کاتی رووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی پێکهاته‌ی یه‌که‌مدا کاریان تۆپهێنه‌ره‌وه‌ بووه‌، ئه‌وه‌ی لای (ده‌سته‌چه‌پی تۆرێس له‌ناوه‌ڕاست) وه‌ستاوه‌ کۆکی ئه‌ستێره‌ی ئێستای یانه‌ی ئه‌تله‌تیکۆ مه‌دریده‌.

  • ماتیۆ کۆڤاسیچ: ئه‌م منداڵه‌ له‌یاریگای دینامۆ زاگریب تۆپهێنه‌ره‌وه‌یه‌ و به‌ جلوبه‌رگێکی شڕه‌وه‌‌ له‌ ستیڤن جێراردی ئه‌ستێره‌ی ئینگلیزی ده‌پاڕێته‌وه‌ درێسه‌که‌یی پێببه‌خشێت، ده‌زانن ئه‌و منداڵه‌ کێیه‌؟ ماتیۆ کۆڤاسیچ ئه‌ستێره‌ی پێشوی یانه‌کانی ئینته‌رمیلان و ڕیاڵ مه‌درید و ئێستای چێڵسی ئینگلیزی.

  • نایمار دا سیلڤا: وه‌ک له‌م وێنه‌یه‌دا ده‌رده‌که‌وێت مارادۆنا سه‌ردانی یانه‌ی سانتۆسی به‌رازیلی کردووه‌ و یه‌کێک له‌ تۆپهێنه‌ره‌وه‌کان له‌ ئامێزی گرتووه‌، ئه‌و منداڵه‌ش نایماری ئه‌ستیره‌ی ئه‌ستێره‌کانی ئێستای به‌رازیل و یانه‌ی پاریس سانت جێرمانه‌.

  • ڕائول گۆنزالێس: له‌ڕیزه‌کانی لاوانی ئه‌تله‌تی یاریی کردووه‌ و هه‌ندێک له‌ یارییه‌کانی وه‌ک تۆپهێنه‌ره‌وه‌ به‌ڕێکردووه‌، له‌م وێنه‌یه‌دا له‌پاڵ مانۆلۆی ئه‌فسانه‌ی یانه‌ مه‌دریدیه‌که‌دا وه‌ستاوه‌، ئێستا ڕائول ئه‌فسانه‌ی یانه‌ی شاهانه‌ی مه‌دریده‌ و ناوی له‌ ناوی نمونه‌که‌ی ژیانی گه‌وره‌تره‌.

  • پیپ گواردیۆلا: ڕاهێنه‌ره‌ فه‌یله‌سوفه‌که‌ که‌ پێشتر یه‌کێک بووه‌ له‌ ئه‌ستێره‌کانی بارسا له‌زۆرینه‌ی ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌کاندا تۆپهێنه‌ره‌وه‌ بووه‌، چیرۆکی ئه‌م وێنه‌یه‌ بۆ ساڵی ١٩٨٦ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و له‌دوای ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی نێوان بارسا و گۆتنبێرگ له‌ ڤیکتۆر مونۆزی ئه‌ستێره‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌پاڕێته‌وه‌ درێسه‌که‌یی پێبدات. وێنه‌ی دووه‌میش هه‌مان یارییه‌.

  • ویسلی شنایده‌ر: له‌م وێنه‌یه‌دا شنایده‌ر منداڵه‌ و تۆپهێنه‌ره‌وه‌ی یاریگایه‌، وێنه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ ڕیکاردی ئه‌فسانه‌ی وڵاته‌که‌ی چرکاندووه‌.

  • کارلۆس تیڤێز: ڕه‌نگه‌ به‌ ڕوخساریدا ڕاسته‌وخۆ بیناسنه‌وه‌، ئه‌و منداڵه‌ی تۆپهێنه‌ره‌وه‌ی یانه‌ی بوکا جونیۆرۆزه‌ تیڤێزی ناسراو به‌ “ئاپاچی”یه‌ و له‌گه‌ڵ ڕیکێلمی ئه‌فسانه‌ خه‌وتووه‌که‌ ئه‌م وێنه‌یه‌ی گرتووه‌.

ریکلام

ڕاپۆرت و شیکاری

باشترین ئەو ڕاهێنەرانەی بێکارن و چاوەڕێی ئۆفەری یانەیەکی گەورە دەکەن

خەڵک سپۆرت

قەیرانی کۆرۆنا بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی بواری تۆپی پێی لاوازکردووە، وایکردووە یانەکان زیاتر سەرقاڵبن بە کێشە داراییەکانەوە و گواستنەوەی یاریزانان و ڕاهێنەران لەبیربکەن.

هەندێک لە یانەکان بیر لە توندوتۆڵکردنەوەی پێکهاتەکانیان بە یاریزانی نوێ دەکەنەوە، هەندێکی تریشیان کێشەیان لە پڕۆژەی یانەدا بۆ دروستبووە و دەیانەوێت لەسەر ئاستی ڕاهێنەر گۆڕانکاری بکەن.

لێرەدا ناوی ئەو ڕاهێنەرانەمان بیردەکەوێتەوە، کە لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە و حاڵی حازر بێکارن و چاوەڕوانی ئۆفەر و داواکاری یانەیەک دەکەن تا دووبارە بگەڕێنەوە نێو یاریگاکان:

  • ماوریسیۆ پۆچتینۆ: دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی تۆتنهام پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی ترەوە نەکردووە، ناوبراو ڕاهێنەرێکی فەلسەفی بەتوانایە و پێکهاتەیەکی ئاگرینی بۆ یانە زەبەلاحەکەی لەندەن بونیادنا، دوو وەرز لەمەوبەر توانی بگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ و نازناوەکەی بەرامبەر لیڤەرپوڵ لەدەستدا.

 

  • ماسیمیلیانۆ ئالێگری: دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی یوڤانتۆس، پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی ترەوە نەکردووە، لەماوەی کارکردنی لە ئیتاڵیا توانی لەگەڵ یوڤانتۆس کۆنتڕۆڵی تەواوی خولە ناوخۆییەکان بکات، بەڵام لە خولی یانە پاڵەوانەکان نەیتوانی ئامانجەکانی بپێکێت، دووجار گەیشتە یاریی کۆتایی لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٧ و لەهەردوو فاینەڵەکەدا بە بەرشلۆنە و ڕیاڵ مەدرید دۆڕا.

 

  • ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی: دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی بەرشلۆنە پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی ترەوە نەکردووە، لەماوەی ڕاهێنانی لە بارسا توانی کۆنتڕۆڵی خولە ناوخۆییەکان بکات، بەڵام بەهۆی شکستی لە خولی یانە پاڵەوانەکان لەژێر فشاری هاندەرانی یانەدا دوورخرایەوە، شێوازی ڕاهێنانی بۆ زۆرینەی یانەکانی ئیسپانیا گونجاوە.

 

  • ئارسین ڤینگەر: دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی ئارسیناڵ پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی ترەوە نەکردووە، یەکێکە لە ڕاهێنەرە مێژووییەکانی خولی ئینگلتەرا و یانەی ئارسیناڵ، زۆرترین ماوە لە پۆستی ڕاهێنانی تۆپچییەکانی لەندەن بەردەوامبووە، سەرباری تەمەنە زۆرەکەی، بەڵام دوو وەرز زیاترە چاوەروانی ئۆفەری یانەیەکی گەورەیە.

 

  • ئونای ئیمیری: دوای دوورخستنەوەی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی ئارسیناڵ پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی ترەوە نەکردووە، یەکێکە لە ڕاهێنەرە بەتواناکان و سەرباری شکستی لە یانەکانی پاریس سانت جێرمان و ئارسیناڵ، بەڵام لەگەڵ یانەکانی ڤالانسیا و سڤیلیە باشترین ئەنجامەکانی تۆمارکردووە، سێجار نازناوی یوروپالیگی لەسەریەک بەدەستهێناوە.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ڕاپۆرت و شیکاری

کریستیانۆ دەگەڕێتەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید؟ گواستنەوەکە مەحاڵ نییە و کێشە لەبیرکردنەوەی یاریزانەکەدایە

خەڵک سپۆرت

ماوەیەکە دەنگۆی گەڕانەوەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی لە یانەی یوڤانتۆسی ئیتاڵییەوە بۆ ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی بەهێزبووە، سەرچاوەکان پێیان وایە گەڕانەوەی ئەفسانە پرتوگالییەکە بۆ مەدرید جوڵەیەکی مەحاڵ نییە.

کریستیانۆ لە هاوینی ٢٠١٨وە یانەی ڕیاڵ مەدریدی بەجێهیشتووە و پاش چنینەوەی چەندین نازناو و دەستکەوتی بەکۆمەڵ و تاکە کەسی لەئێستادا خەون دەبینێت لە ئیتاڵیا هەمان ئەو دەستکەوتانە بچنێتەوە.

خواستی جەمسەرەکان

ڕۆژنامەی “کۆرێری دێلۆ سپۆرت”ی ئیتاڵی ئاشکرای کردووە، کە گواستنەوەی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە یانەی یوڤانتۆسەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید مەحاڵ نییە.

چەندینجار ئادو ئاگێری ڕۆژنامەوانی مەدریدی و هاوڕێی نزیکی ئەفسانە پورتوگالییەکە ڕایگەیاندووە، کە کریس خەون دەبینێت دووبارە بگەڕێتەوە بۆ ڕیاڵ مەدرید، هەروەها کات و وادەی گواستنەوەکانی هاوینەی ٢٠٢٠ی بە گونجاو وەسفکردووە بۆ کۆتاییهێنان بەم پڕۆسەیە.

ئاگێری ڕایگەیاندووە :” هیچ شتێک لەبواری تۆپی پێدا مەحاڵ نییە، بەڵکو کریستیانۆ لە کۆتا کلاسیکۆدا بەگەڕانەوەی بۆ مەدرید پەیامێکی ئاڕاستەی ئیدارەی ڕیاڵ و هاندەرانی کرد، خەون دەبینێت بگەڕێتەوە و دۆخەکەش لەبارە بۆ ئیمزاکردنی بۆندەکەی، بەو مەرجەی یاریزانەکە و ئیدارەی ڕیاڵ ئامادەبن بۆ ئەم جوڵە مێژووییە”.

ڕووە داراییەکان

لەڕووی داراییەوە کریستیانۆ بەتەنها لەم وەرزەدا بڕی (٥٨) ملیۆن یورۆ لەڕێگەی سپۆنسەرەکانی و سپۆنسەرەکانی یانەی یوڤانتۆسەوە داهاتی هەبووە.

ئەگەر ئەم ڕێژەیەش لەگەڵ بڕی (٣٢) ملیۆنی موچەکەیدا یەکبخرێت (٩٠) ملیۆن یورۆ دەکات، ئەوەش ئەو نرخەیە کە یانەی شاهانە دەبێت پێشکەشی یاریزانەکەی بکات، یاخود زیاتر پێشکەشبکات ئەگەر بیەوێت لە چنگی یانەی یوڤانتۆس دەریبکەن.

بیرکردنەوەی کریستیانۆ

ئادو ئاگێری هاوڕێی کریستیانۆ دەڵێت :” کریستیانۆ لەو یاریزانانەیە کە لە یانەی ڕیاڵ مەدرید سەدان دەستکەوت و نازناوی بەدەستهێناوە، ئێستا دەیەوێت هەمان شت لە یوڤانتۆس دووبارە بکاتەوە، کێشەکە ئەوەیە ئەم یاریزانە لە جۆرە یاریزانانەیە کە لە نیوە ڕێگادا دەستبەرداری خەونەکانی نابێت، بەڵكو دەیگەیەنێتە ئەنجام پاشان هەنگاو دەنێت”.

بەپێی ووتەکانی ئاگێری، کریستیانۆ خەونی چنینەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و خەڵاتە تاکە کەسییەکانی وەک زە بێست و بالۆن دۆرە بەدرێسی یانەی یوڤانتۆسەوە.

بۆیە قورسە بە ئاسانی و لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بگەڕێتەوە بۆ مەدرید و لە نیوە ڕێگا یانەی یوڤانتۆس بەجێبهێڵێت.

هەروەها یانەی یوڤانتۆسیش خواستی لەسەر گواستنەوەی نییە، چونکە بەهۆیەوە سەدان ملیۆن دۆلار سودی داراییان کردووە و مەحاڵە بتوانن یاریزانێک بەو کێشە وەرزشیی و داراییەوە دابین بکەن، بۆیە چاودیڕی دۆخەکە دەکەن و لەهەر ساتێکدابێت دەرگا بەڕووی یانەی ڕیاڵ مەدرید دادەخەن.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ڕاپۆرت و شیکاری

کێ توشی کۆرۆنا بووە؟ ئەو یاریزان و ڕاهێنەرانەی خراونەتە ژێر چاودێری پزیشکییەوە

خەڵک سپۆرت

ڤایرۆسی کۆرۆنا لەوڵاتی چینەوە ڕووەو کیشوەری ئەوروپا جوڵەی کردووە و ماوەی مانگێکە وڵاتانی کیشوەری پیر بەدەست ڕێژەی توشبووانەوە دەناڵێنن.

بوارە وەرزشییەکان بەتایبەت تۆپی پێ یەکێکە لەو بوارانەی زیانی بازرگانی گەورەی بەرکەوتووە، بەوپێیەی چەندین خول و پاڵەوانێتی لەترسی تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگیراون و تەنانەت باس لە دواخستن و هەژمارنەکردنی ئەنجامەکانی ئەم وەرزە دەکرێت.

لەهەفتەی ڕابردوو بۆ کۆتاییەکانی ئەم هەفتەیە، چەندین یاریزان و ڕاهێنەر و کەسایەتی لە یانەکانی ئەوروپا توشی ڤایرۆسە کوشندەکە بوون و چەندین یانە و یاریزانیش خراونەتە کەرەنتینەوە.

کام خولانە ڕاگیراون؟

سەرجەم خولە ئەوروپییەکان لەنمونەی چامپیۆنزلیگ و یوروپا لیگ، هەروەها خولە ناوخۆییەکانی ئینگلتەرا، ئیسپانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا پەکیانکەوتووە و ڕاگیراون.

هەندێک لە خولەکان لەنمونەی بۆندزلیگی ئەڵمانیا ئاماژە بە دەستپێکردنەوەی یارییەکان دەکەن لەسەرەتای مانگی داهاتوو، لە خولی ئیسپانیاش ماوەی دوو هەفتە دیاریکراوە و لە خولەکانی دیکەش کاتێک دیارینەکراوە.

کام یاریزانانە توشبوون؟

دانێلی ڕوگانی بەرگریکاری یانەی یوڤانتۆس، مانۆلۆ گابیادینی یاریزانی یانەی سامپدۆریا و چوار یاریزانی دیکەی ئەو یانەیە کە پێکهاتوون لە: عومەر کولی، ئالبی ئاکدال، ئانتۆنیۆ لاگۆمینا، مۆرتن تۆرسبی  لە یانەی فیورنتیناش دوسان ڤلاهۆڤیچی سڕبی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

لە ئەڵمانیا سێ یاریزانی یانەی هانۆڤەر کە لە خولی پلە دوو یاریی دەکات، بەهەمان شێوە تێستەکانیان پۆزەتیڤ دەرچووە.

لە ئیسپانیا یاریزانێکی باسکەی یانەی ڕیاڵ مەدرید و مارتن ئۆرتیگای بەڕێوەبەری یانەی لیگانێس، بەڵام لە خولی ئینگلتەرا بارودۆخەکە هاوشێوەی ئیتاڵیا بەشێوەیەکی کتوپڕ قورسبوو.

مایکڵ ئارتێتا ڕاهێنەری ئارسیناڵ و هۆدسۆن ئۆدۆی یاریزانی چێڵسی و دەنگۆی توشبوونی چەندین یاریزانی دیکەش هەیە، کە لەچەند کاتژمێری داهاتوودا یەکلایی دەبێتەوە.

ئەو یانانەی چالاکییەکانیان وەستاندووە

یانەکانی لیڤەرپوڵ، ڕیاڵ مەدرید، بەرشلۆنە، فیۆرنتینا، سامپدۆریا، ئینتەرمیلان، یوڤانتۆس چالاکییەکانیان بەفەرمی وەستاندووە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و یوڤانتۆس و ئینتەرمیلان یاریزنانیان خستۆتە کەرەنتینەوە، یانەکانی (NBA) ئەمریکاش بەهەمان شێوە چالاکییەکانیان ڕاگرت بەتایبەت دوای توشبوونی گۆبێرتی یاریزانی فەرەنسی تیمی یوتاجاز.

وەرزشەکانی تر

هەردوو جەولەی یەکەمی پێشبڕکێی جیهانی فۆرمولا ١ دواخراون، خولی یانە پیشەگەرەکانی ئەمریکاش بەهەمان شێوە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ چالاکییەکانیان وەستاندووە.

خولەکانی تێنسی سەرزەوی ئیندیانا وێلس و مەیامی و چەندین خول و پاڵەوانێتی تر لەو بوارەشدا ڕاگیراون.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان